لیژنەیەكی هەمیشەیی بۆ پێداویستییەكانی پێشمەرگە پێكدەهێنرێت
نوچەنێت: تایبەت
لە یەكەمین كۆبوونەوەی كابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بڕیاری پێكهێنانی لیژنەیەكی هەمیشەیی بۆ دابینكردنی پێداویستییە لۆجستییەكانی پێشمەرگە درا، رێكخەری پەیوەندییەكانی نێوان پەرلەمان و حكومەتیش رایگەیاند، لەمەودا پێشمەرگە لە كاتی خۆیدا موچە وەردەگرێت.
لە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆدا، ئەنجومەنی وەزیران گوێیان لە راپۆرتی وەزیری پێشمەرگە گرت، كە تایبەت بوو بە رەوشی سەربازی هەرێمی كوردستان و ئامادەكارییەكانی وەزارەتی پێشمەرگە بۆ رووبەڕوو بوونەوە و پاراستنی سنوورەكانی هەرێمی كوردستان، هەروەها گوێیان لە راپۆرتی وەزیری ناوخۆیش گرت، كە تایبەت بە رەوشی ئەمنی هەرێمی كوردستان.
هەر لە كۆبوونەوەكە بڕیار لەسەر ئەوە دراوە، كە حكومەتی هەرێم درێژە بە سیاسەتی پاراستنی خەڵكی هەرێمی كوردستان و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستانیش دەدات و نایشبێتە لایەنێك لە هیچ پێكدادانێكی سەربازیدا، تەنها بەرگری لە خۆی دەكات، هەر لەو كۆبوونەوەیەدا بڕیاری درووستكردنی لیژنەیەكی هەمیشەیی بۆ دابینكردنی پێداویستیی لۆجستیی دراوە، بە سەرپەرشتیی وەزیری كاروباری پێشمەرگە و ئەندامیەتیی وەزیرانی سامانە سروشتییەكان، ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن، شارەوانی و گەشتوگوزار و تەندروستی.
لە لایەكی ترەوە، مەولود باوەموراد، رێكخەری پەیوەندیەكانی نێوان حكومەت و پەرلەمان، راگەیاند “ئەنجومەنی وەزیران یەكەم كۆبوونەوەی خۆی ئەنجامداو تیایدا لەبارەی هێزەكانی پێشمەرگەوە چەند بڕیارێكی دەركرد، لەوانەش بڕیاریدا موچەی هێزەكانی پێشمەرگە لەكاتی خۆیدا بدرێت و پێش هەموو وەزارەتەكانی تر موچەكەیان پێبدرێت، پاڵپشتی دارایی هێزەكانی پێشمەرگە بكرێت لەو ناوچانەی تێیدا جێگیربوون، ئەویش پاڵپشتی لۆجستی و شوێنی خەوتن و خواردن”.
باوەمورادا وتیشی “بڕیاردراوە هێزەكانی پێشمەرگە لەناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم كە جێگیركراون نەكشێنەوە، چونكە بەكشانەوەی ئەوان بۆشاییەكی ئەمنی و ئیداری دروستدەبێت”.