وڵاتانی کڕیاری نەوت فشار لەکوردستان دەکەن کەبڕی نەوتی هەناردەکراو بۆ بازاڕەکانی جیهان زیاد بکات
نوچەنێت . باسنیوز
شوان بەرزنجی
جێگری سەرۆکی لیژنەی سامانە سرووشتییەکانی پەرلەمان ئاشکرای دەکات بۆرییە نەوتییەکانی کوردستان لە ژێر کۆنتڕۆڵدان و هەناردەی نەوت بەردەوامە، ڕاشیدەگەیەنێت هەندێک لە وڵاتانی کڕیاری نەوت فیشاریان لە سەر هەرێمی کوردستان درووستکردووە.
دڵشاد شەعبان جێگری سەرۆکی لیژنەی سامانە سرووشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند نەوتی کوردستان بەردەوام لە رێگەی بۆرییەکان، هەناردەی تورکیا دەکرێت و هیچ کیێشەیەکی نیە.
ئەو پەرلەمانتارەی کوردستان جەختی لە سەر ئەوەش کردەوە، بۆرییە نەوتییەکانی کوردستان لە ڕووی ئەمنی پارێزراون و هیچ هەڕەشەیەکیان لە سەر نییە.
ههروهها گوتیشی: داعش ناتوانێت کاریگەری هەبێت بۆ سەر بۆرییە نەوتییەکانی کوردستان بکات، چونکە هەمووی لە ژێر کۆنترۆڵدایە و هەموو کێڵگە نەوتییەکان لە نێو هەرێمی کوردستانن و لە دەروەی هەرێم نین، بۆیە زۆر پارێزراون و هیچ مەترسییەکیان لە سەر نییە و دەڕۆنە عەمبارەکانی نەوت لە تورکیا، لەوێشەوە دەڕوات بۆ بازاڕەکانی جیهانی.
دڵشاد شەعبان هێمای بۆ ئەوەکرد رۆژانە 100 بۆ 120 هەزار بەرمیل نەوتی کوردستان بۆ تورکیا دەڕوات و گوتیشی: ئەو عەمبارەی نەوتی تورکیا، توانای هەیە ملیۆنێک و 500 هەزار بەرمیل هەڵبگرێت، لەوەش رۆژانە 100 بۆ 120 هەزار بەرمیل نەوتی کوردستانی بۆ دەچێت.
جێگری سەرۆکی لیژنەی سامانە سرووشتییەکان، ئەوەش ڕادەگەیەنێت هەندێک لە وڵاتانی کڕیاری نەوت، فشاریان بۆ سەر هەرێمی کوردستان هێناوە بڕی هەناردەکردنەکەی زیاتر بکات.