یەكێتی تا ئێستا كاندیدی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی دیاری نەكردووە
نوچەنێت: تایبەت
یەكێتی تا ئێستا كاندیدی خۆی بۆ پۆستی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان یەكلایی نەكردۆتەوە، ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی ئەو حیزبەیش دەڵێت، ئەو پرسە پەیوەستە بە كۆبوونەوەكانیان لەگەڵ پارتی.
بە گوێرەی زانیارییەكانی نوچەنێت، یەكێتی تا ئێستا نەیتوانیوە كاندیدێك بۆ پۆستی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان یەكلایی بكاتەوە، ئەمە لە كاتێكدایە كە فراكسیۆنەكەیان لە یەكلایی نەبوونەوەی كاندیدی ئەو پۆستە و پۆستی سەرۆكی فراكسیۆنەكەیش نیگەرانن، بەڵام سەعدی ئەحمەد پیرەی ئەندامی مەكتەبی سیاسی ئەو حیزبە دەڵێت، ئەو پرسە پەیوەستە بە كۆبوونەوەكانیان لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان، كە بە هۆی كێشەی ناوچەكانی موسڵەوە دواكەوتووە”.
لە بارەی دواكەوتنی ئەو پرسەیشەوە دەڵێت “جارێ كۆبونەوە لەگەڵ پارتی ماوە و دەبێت كۆبینەوە بۆ گفتوگۆكردن لەسەر كاندیدی یەكێتی لە دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان و ھەروەھا چەند سەرنج وتێبینەیەك لەسەر لیژنەكانی پەرلەمان و ناخۆی پەرلەمان وچەند مەسەلەیەكی تر، بەڵام كۆبونەوەكە دواكەوتووە بەھۆی ئەو دۆخەی ئێستا لە ناوچەكانی موسڵ و چەند قەزاو ناحییەكی عێراقدا روویداوە”.