وەزارەتی پێشمەرگە سەربڕینی دوو پێشمەرگەكە رەت دەكاتەوە
بەرێوەبەری راگەیاندنی رۆشنبیری و هۆشیاری وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، كە ئەفسەر و پێشمەرگەكە سەر نەبڕاون و لە رێی كەسایەتییەكان و خەڵكی عەشائیرەوە لە هەوڵی ئازاد كردنیاندان.
چەند رۆژێك لەمەوبەر دوو پێشمەرگە ك یەكێكیان ئەفسەرە، بە هەڵە چوونە سنووری داعش لە ناوچەی سەعدیە و لەلایەن چەكدارەكانی داعشەوە دەستگیر كران، چەكدارەكانی داعشیش چەند وێنەیەكیان بڵاو كردەوە، كە گوایە ئەو ئەفسەرە و پێشمەرگەكەیان سەربڕیون، بەڵام وەزارەتی پێشمەرگە ئەو وێنانە رەت دەكاتەوە.
عەمید هەڵگورد حیكمەت، بەڕێوەبەری راگەیاندنی رۆشنبیری و هۆشیاری وەزارەتی پێشمەرگە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاندوە كە ئەو وێنانە، كۆنن و بەپێی لێكۆڵینەوەی ئەوان، پێدەچێت ئەو وێنانە زیاتر لە 10 رۆژە بڵاوكراونەتەوە و هیچ پەیوەندییەكیان بەو ئەفسەرە و پێشمەرگەكەوە نیە، كە لای چەكدارەكانی داعشن، ئەوەشی وتوە كە زانیارییان لەسەر ئەو ئەو كەسانەی ناو وێنەكان نیە، كە چەكدارەكان سەریان دەبڕن.
عەمید هەڵگورد وتویەتی “لەرێگای كەسەیاتییەكان و خەڵكی عەشایرەوە خەریكی گفتوگۆین بۆ ئازادكردنی ئەو پێشمەرگانەی كە بەهەڵە چوونەتە لای داعش و ئێستا دەستبەسەر كراون، ئێمەش دیلی ئەوانمان لایە و هەوڵدەدەین بیانگۆڕینەوە”.
لە وێنەكەدا ئەفسەرێك بە پلەی نەقیب دەردەكەوێت، یەكێكیش لەو پێشمەرگانەی بەهەڵە چوونە نێو سنووری داعش هەمان پلەی هەیە. سەرچاوەیەكی نزیك لەو نەقیبە كە ناوی (عیرفان)ە، بە رووداوی راگەیاند “لەو كاتەی عیرفان دەستگیركراوە یەكجار پەیوەندی تەلەفۆنیمان لەگەڵی هەبووە”.
بەگوتەی ئەو سەرچاوەیە تاوەكو رۆژی (20-6) زانیارییان هەبووە كە ماون، بەڵام دەڵێ “ئەوە چەند رۆژێكە هیچ هەواڵێكیان نییە”.