کورد تاچەند پێویستی بە ئەنجوومەنی باڵا هەیە؟

0

نوچە

دروستكردنی ئەنجوومەنی پیران بۆ جێكردنەوەی سەركردە سیاسی و حكومییە باڵا‌كان تا ئەزموونەكانیان وون نەبێ و لە خزمەتكردندا بەردەوام بن و لە ئیمتیازاتی سەركردایەتیش بێبەش نەبن.
ئەوەش دەبێتە ھاندەر بۆ ئەوەی نەوە پێشكەوتووەكان بە رێزلێنانەوە دەستبەرداری دەسەڵات ببن و لە سیستەمیش دانەبڕێن.

سیستەمی فیدڕاڵ پیویستی بە جوت ژووریە،

بۆ ئەوەی ھاوسەنگیەك لە نیوان

فیدڕاڵەكاندا دروست بكات، (١)

ئەنجوومەنی پیران، كە رەنگە وەرگێڕانێكی گونجاوی سێنات یان لۆردات بێت، چونكە ئامانجی سەرەكی لێی جێكردنەوەی پیرەكانە، كە لە ئەنجامدا دەبێتە ھۆكاری ھاتنە ئارای جۆرێك لە جێرۆتۆكراسی. دروستكردنی ئەم ئەنجوومەنە سیستەمی پەرلەمانی كوردستان دەكات بە جوت-ژووری بایكامیڕاڵ. ئەم دەزگایە لە دونیادا بە شێوازی جیاواز بوونی ھەیە.

بە گشتی ئەنجوومەنی پیران بچووكترە، ژمارەی ئەندامانی كەمترە، ماوەی ئەندامێتی درێژترە و ھەروەھا دەسەڵاتی دەتوانرێت بوترێت كەمترە. لە مێژوودا ھۆكاری سەرەكی دروستبوونی ئەم ئەنجوومەنە ئەوەبووە، كە دەسەڵات بداتە نوخبەی كوێخا، ئیستەیت، خەڵكانی خاوەن موڵك. بەڵام بە گۆڕانی كۆمەڵگا و سیستەمی حوكم ھۆكاری تر ھاتنە ئاراوە، ھەرە دیاریان فیدڕالیزمە. سیستەمی فیدڕاڵ پیویستی بە جوت ژووریە، بۆ ئەوەی ھاوسەنگیەك لە نیوان فیدڕاڵەكاندا دروست بكات، ئەمە یەكێكە لە كەموكورتییەكانی فیدڕاڵیزمی عێراقی.

ھۆكاری تر ھەن وەك پێدانی پێگە بە كەسانێك كە پێویستن لە حوكمڕانیدا، بەڵام ناتوانن لە رێگای دیموكراسیەوە بێنە ناو كایەی حكومەتەوە، بە گشتی خەڵكانی شارەزا، ھەروەھا بۆ پێدانی دەرفەت بە بواری و شوناسی جیاواز.

پرسەكە ئەوەیە بۆ سیاسی ئێمە
ناتوانێت لە دەرەوەی كورسی
وێنای بوونی خۆی بكات

دەبێت زەمینە بڕەخسێنرێت ھەتا نوخبەی سیاسی ئێمە بە شێوازی دیموكراتی و بە شێوازی نادیموكراتی ھەمیشە لە دەسەڵاتدابن. شێوازە دیموكراتیەكەی خۆی لەوەدا دەبینێتەوە كە سەرۆكی حیزبەكان بۆیان ھەبێت بەردەوام خۆیان كاندید بكەن، ئەمە لە كاتێكدا، كە سەرۆكی حیزب پۆستێكی نەگۆڕە لە كوردستان، بە شێوازە نادیموكراتیەكەی لە رێگای ئەنجوومەنی پیرانەوە. بەمجۆرە نوخبەی سیاسی كوردی ھەتا لە رێگای دیموكراسی یان ھەڵبژاردنەوە بۆی بلوێت لە دەسەڵاتدا بێت، كە دەرفەتی نەما لە ئەنجومەنی پیراندابێت.

پرسەكە ئەوەیە بۆ سیاسی ئێمە ناتوانێت لە دەرەوەی كورسی وێنای بوونی خۆی بكات وەك كەسێكی خاوەن پێگەو رێز. زۆرێك لە نەوەی شاخ ھۆكاری ئاسایشییان ھەیە، كە بەبێ دەسەڵات ترسیان لە سەر ژیانی خۆیان ھەیە، ئەمە دەبێت لە بەرچاوبگیرێت، بەڵام ئەگەر ئەمە ببێتە نەریتێك كە نوخبەی سیاسی وازھێنانی نەبێت لە سیاسەت ھەتا مردن، دۆخێكی زۆر سەخت دروست دەكات.

پرسی نوخبەی سیاسی ئێمە لە دونیای ڕۆشنبیری كوردیدا تەنھا بە رەخنە لە ھەڵسوكەوت و رەفتار مامەڵەی لەگەڵدا كراوە، لە ئەنجامدا دۆخێكی پەرتەوازەیی پڕ لە كێشەی ناسیاسی و كۆمەڵایەتی و ئابووری و ئاسایشی ھاتووەتە ئاراوە، كە حكومەتی پەكخستەوە، كۆمەڵگەی تاروتوركردوە، ھەروەھا ھیچ كلۆجێكی بۆ چارەسەر نەدیوەتەوە.

ئه‌نجوومه‌نی پیران (سێنات) له‌ فه‌ره‌نسا(٢)

ئه‌نجومه‌نی پیران (سێنات) یه‌كێكه‌ له‌ دوو ئه‌نجوومه‌نی سه‌ره‌كی یاسادانان له‌ فه‌ره‌نسا، په‌رله‌مانی فه‌ره‌نسی دابه‌ش ده‌بێت بۆ دوو ژوور(هۆده‌)، هۆده‌ی سه‌ره‌وه‌ ئه‌نجوومه‌نی پیرانه‌، وه‌ هۆده‌ی خواره‌وه‌ ئه‌نجومه‌نی نه‌ته‌وه‌یی فه‌ره‌نسییه‌.

به‌ پێی ماده‌ی ٢٤ له‌ ده‌ستوری كۆماری پێنجه‌م، ئه‌نجومه‌نی پیران نوێنه‌رایه‌تی ده‌سه‌ڵاته‌ ناوخۆییه‌كان ده‌كات. ده‌سه‌ڵاتی هه‌مواركردن و گفتوگۆكردنیان هه‌یه‌ له‌سه‌ر یاساكان، ئه‌ركی سه‌ره‌كیان ده‌نگدانه‌ به‌ بودجه‌ و یاساكان. 

هه‌روه‌ها چاودێری ده‌سه‌ڵات و حكومه‌ت ده‌كه‌ن و گه‌ره‌نتی باڵانسی دامه‌زراوه‌كان ده‌كه‌ن. هه‌ر سێناتۆرێك بۆی هه‌یه‌ پێشنیاری یاسای نوێ بكات و بیخاته‌ به‌رده‌م سێنات.

هه‌ر ئه‌ندامێك ده‌توانێت شه‌ش ساڵ له‌ پۆسته‌كه‌یدا بمێنێته‌وه‌، كه‌ سێ ساڵ جارێك نوێ ده‌كرێته‌وه‌، وه‌ هه‌ر كاندیدێك بۆ ئه‌و پۆسته‌ ده‌بێت به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه‌ ته‌مه‌نی له‌ ٢٤ ساڵ كه‌متر نه‌بێت. ئه‌ندامانی سێنات له‌ ٣٤٨ سێناتۆر پێك دێت

ئه‌نجوومه‌نی پیران (سێنات) له‌ فه‌ره‌نسا

ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا، سینات (٣)

ئەنجوومەنی پیران , پەرلەمانی پیران، سینات (senate, senatus) بریتییە لە یەکێک لە دوو ئەنجوومەنی سەرەکی یاسادانان لە بڕێ وڵاتان (ئەنجوومەنی نوێنەران + ئەنجوومەنی پیران “سینات” ).

ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا لە کۆنگرێسی ئەو وڵاتەدایە و لە ئەنجومەنی نوێنەران بچووکترە.بۆ هەڵبژاردنی سیناتۆرەکان، ڕێژەی دانیشتووانی ویلایەتەکان لەبەر چاو ناگیردرێ و هەر ویلایەتێک ٢سیناتۆری هەیە و ئەنجومەنی پیران سەرجەم لە ١٠٠ ئەندام پێک دێت کە لە لە لایەن خەڵکەوە هەڵدەبژێردرێن. بەرابەری یاسا، نابێ تەمەنی هیچ ئەندامێک لە ٣٠ ساڵ کەمتر بێ و پتر لە ٩ساڵیش دانیشتووی ئەو ویلایەتە بێ کە خۆی بۆ دەپاڵێوێت. هەر خولێکی ئەنجومەنی پیران ٤ ساڵە.

دەسەڵاتی ئەنجوومەنی پیران بە هەندێک جیاوازی هەروەک ئەنجوومەنی نوێنەرانە و ڕۆڵێکی بەرچاو لە دانانی یاسادا دەبینێ. ئەم ئەنجوومەنە بەهۆی پێوەندی نزیک لەگەڵ سەرکۆمار، لەچاو ئەنجومەنی نوێنەران، لە بواری سیاسەتی دەرەکی دەسەڵاتێکی زیاتری هەیە. هەروەها جێگیرکردنی دامەزراندنەکانی سەرۆکایەتیی بۆ دادگای باڵای یەکگرتوو و دادگا فیدڕاڵییەکانی تر و پلە و پایە سەرەکییەکانی دیکە و هەروەها پەیماننامە نێودەوڵەتییەکانیش پەسند یان رەد دەکات.

ئەنجومەنی پێران/ سیناتی ئەمریکا

حیزبەکان ڕازی دەبن کە مەسعود بارزانی
سەرۆکایەتی ئەو ئەنجوومەنە بکات (٤)

سكرتێری حیزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان باس له‌ پرسی دامه‌زراندنی ئه‌نجوومه‌نێك بۆ هه‌رێمی كوردستان و رای حیزبه‌كان ده‌كات و دەڵێت، هەموو حیزبەکان له‌گه‌ڵ دامه‌زراندنی ئه‌نجوومه‌نێكن بۆ هه‌رێمی كوردستان و “کاک مەسعود بارزانیش لە قۆناغی یەکەمدا دەتوانێت سەرۆکایەتی ئەو ئەنجوومەنە بکات”.

محه‌مه‌دی حاجی مه‌حمود، سكرتێری حیزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان بە دەنگی ئەمریکای راگەیاندووە، “راستە لە کوردستان سەرۆکایەتی هەرێم و ئەنجوومەنی وەزیران و پەرلەمان هەیە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا کۆمەڵێک لە حیزبەکان لە حکومەتدا نین و کۆمەڵێکی تریشیان لە هیچیاندا نین، ئێستا زۆرێک لە حیزبەکان چوار ساڵە پێکەوە کۆنەبونەتەوە له‌كاتێكدا هەموویان ئامانجیان یەکە و بۆ کورد و دەزگا شەرعیەکان کاردەکەن ئەمانە خۆی بۆ هەموویان شتێکی پێویستە، کە کۆیان بکاتەوە، كه‌ ئەمە ئەنجوومەنێکە راوێژکاری سیاسیە، هەر ناوێکی هەبێت ئەم حیزبانە ماوە ماوە کۆبکاتەوە بۆ تاوتوێکردنی کێشەکان”.

لە کێشەی ئەمریکا و ئێران لەناوچەکە
کورد زیانمەند دەبێت

ئاماژەی بەوەشکردوە، ئێستا کێشەی ئەمریکا و ئێران لە ناوچەکەدا هەیە، کە کورد لەناوچەکەدا زیانمەند دەبێت، بۆ نموونە لە ئەمریکا ئەنجومەنی پیران هەیە لە بەریتانیا لۆردات هەیە لە وڵاتانی عەرەبی ئەعیان هەیە. خۆ ئەگەر لە کوردستانیشدا شتێکی وا هەبێت، کە بتوانێت راوێژکاری لە نێوان حیزبەکاندا هەبێت و نەخشەیەک دابنێن، کە بیخەنە بەردەم پەرلەمان و حکومەت رەنگە ئەوکات پەرلەمانی کوردستان بتوانێت بە بڕیارک چوارچێوەیەک بۆ ئەو ئەنجوومەنە دابنێت.

محەمەدی حاجی مەحمود لەبارەی بۆچوونی لایەنەکان لەسەر پێکهێنانی ئەنجومەنەکە وتی، “من پێموایە هەموو حیزبەکان پێیان باشە و کەس دژی نەبووە لەبارەی دامەزراندنی ئەو ئەنجوومەنە، من یەکەمجار لەگەڵ کاک کۆسرەت رەسوڵ عەلی دانیشتم و ئەو بابەتەم پێشنیار کرد ئەوانیش پێشوازییان لێکرد و وتیان شتێکی باشە”.
پێویستە سەرەتا یەکێتی و پارتی کۆببنەوە و لەسەری ڕێکبکەون پاشان لەگەڵ حیزبەکانی دیکە دابنیشن، کە کەسی یەکەمی حیزبەکان یان دووەم ببنە ئەندامی ئەو ئەنجومەنە

وتیشی، پێویستە سەرەتا یەکێتی و پارتی کۆببنەوە و لەسەری ڕێکبکەون پاشان لەگەڵ حیزبەکانی دیکە دابنیشن کە کەسی یەکەمی حیزبەکان یان دووەم ببنە ئەندامی ئەو ئەنجوومەنە، ئەم ئەنجوومەنە پەیوەندی لەگەڵ حکومەتەکان نەبێت، بەڵکو پەیوەندی لەگەڵ حیزبەکان هەبێت لەدنیادا”.

سەبارەت بەناوی ئەنجوومەنەکە، محەمەدی حاجی مەحمود دەڵێت “من پێم باشە ناوی ئەو ئەنجومەنە سیاسی بێت، بەڵام ئەو ڕۆژەی، کە لەگەڵ کاک کۆسرەت کۆبومەوە کۆمەڵێک لە برادەرانی مەکتەبی سیاسی یەکێتی ئاماژەیان بەناوی ئەنجومەنی ڕاوێژکاری کرد، بۆیە من ناوەکەم زۆر پێ گرنگ نییە بەڵکو ئامێرەکە گرنگە کەهەمووی کۆبکاتەوە”.

مەسعود بارزانی دەتوانێت
سەرۆکایەتی ئەو ئەنجوومەنە بکات

سەبارەت بە سەرۆکایەتی ئەنجومەنەکە محەمەدی حاجی مەحمود روونیکردەوە، “دوو حاڵەت هەیە، حاڵەتێکیان ئەوەیە، کە بەپێی دەوری بێت ئەگەر ئەوەش نەبێت دەتوانرێت بەپێی حیزبەکان، کە ئێستا ژمارەی حیزبەکان دیارە لە کوردستان، دەتوانرێت ڕێکبکەون، کە بەپێی پێگەو ڕێژەی دەنگەکانی حیزبەکان بێت یاخود کەسایەتیان بێت، کە کام کەسایەتی دەبێتە سەرۆکی ئەو دەزگایە”.

ئەوەشی خستەڕوو، “من پێموایە بەحوكمی ئەو دۆخی ئێستا هەیە لە ناوچەکە کاک مەسعود بارزانی دەتوانێت لە قۆناغی یەکەمدا سەرۆکایەتی ئەو ئەنجوومەنە بکات، من واقیعانە بیردەکەمەوە نە وەک حیزبی، نە بە رقی شەخسی بیردەکەمەوە. کوردستان ئێستا بەدۆخێکی هەستیاردا تێدەپەڕێت کێشەمان لەگەڵ عێراق و وڵاتانی هەرێمی هەیە شوێنەواری شەڕی داعش و قەیرانی ئابووریمان هەیە، جۆرەها کێشەی تریش؛ جا بۆیە ئەگەر ئەو ئەنجوومەنە بتوانێت ئەو حیزبانە هەموی کۆبکاتەوە ئەوا زۆرباشە”.

سكرتێری حیزبی سۆسیالیست دەشڵێت، “پێموانیە کاک مەسعود پێویستی بە پۆست هەبێت، خۆ کاک مەسعود ئێستا سەرۆکی هەرێم نییە پادشای هۆڵەندی و وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هاتن، هەموویان ئەویشیان بینی بەبێ ئەو نەیانتوانی بگەڕێنەوە لە کوردستان؛ واتە بڕواناکەم ئێستا ئەو پێویستی بەوە بێت، کە سەرۆکی ئەو ئەنجوومەنە بێت. بەڵام کورد ئێستا خۆی پێویستی بەچیە و بەکێیە بۆ سەرۆکی ئەو ئەنجوومەنە، من پێموایە ئەوکات حیزبەکان دەبێت خۆیان پێشنیار بکەن داوا لەکاک مەسعود بکەن بۆ سەرۆکی ئەو ئەنجوومەنە، ئێستا زۆر پێویستە سه‌رۆكایه‌تی كاك مه‌سعود بۆ ئه‌و ئه‌نجوومه‌نه‌”.

بەبۆچونی محەمەدی حاجی مەحمود زۆربەی زۆری حیزبەکان ڕازی دەبن کە مەسعود بارزانی، سەرۆکایەتی ئەو ئەنجوومەنە بکات و گوتی “پێموایە زۆربەی زۆری حیزبەکان بە سەرۆکایەتی کردنی کاک مەسعود لەو ئەنجومەنەدا ڕازی دەبن، هەروەک لە ڕاگەیاندنەکانەوە گوێمان لێیەتی بۆ یەکێتی کاتێک من دەستپێشخەریم کرد ئەوان وتیان ئێمە خۆمان لەسەرکردایەتی ئەو بابەتە تاوتوێ دەکەین، بەڵام لەگەڵی بون، بزوتنەوەی گۆڕان خۆیان پێش ماوەیەک داوایان کرد کە دەڵێن با کۆبوونەوەی هەمو حیزبەکان بکرێت”.

ئەنجام

ئەنجوومەنی پیران یان باڵاکان لە هەرێمی کوردستان ھاندەر بۆ ئەوەی نەوە کەسایەتییەکان بە رێزلێنانەوە دەستبەرداری دەسەڵات ببن و لە سیستەمیش دانەبڕێن و دەشتوانن لە خزمەت کردن بە شێووازی تر بەردەوام بن و چاودێری دەسەڵات و پەرلەمانیش بکەن.

ئایا ئێمە دەتوانێن بەدانانی ئەنجوومەنێکی لەو شێوەیە یەکگرتووى بھێنینە ئاراوە؟

سەرچاوەکان

١ـ https://xelk.org/1254

٢- https://www.france.gov.krd/sorani/info/rupel-724.html

٣ –https://ckb.wikipedia.org/wiki/%D8%A6%DB%95%D9%86%D8%AC%D9%88%D9%85%DB%95%D9%86%DB%8C_%D9%BE%DB%8C%D8%B1%D8%A7%D9%86

٤- https://www.dengiamerika.com/a/kurdistan/5067346.html

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com