كه‌وتنی كۆماری ترس، ده‌ركه‌وتنی وڵاتێك له ترس
نوچه‌نێت: كۆمێنت
له كۆتاییه‌كانی سه‌ده‌ی رابردوو، رژێمی به‌عس “كۆماری ترس”ی له ناو عێراقدا خولقاند، به‌ڵام رووداوه‌كانی سه‌ره‌تای ئه‌م سه‌ده‌یه، قه‌باره‌ی ترسه‌كانیان گه‌وره‌تركردن و خولقێنه‌ره‌كه‌یان له رژێمه سیاسییه‌كه وه‌رگرته‌وه و پێكهاته كۆمه‌ڵایه‌تی و ئاینییه جوداكانی ئه‌و وڵاته‌یان كرده خولقێنه‌ر، به‌مه‌یش وڵاتێك خولقا، كه ترس هه‌میشه تێیدا خۆی به‌رهه‌م ده‌هێنێته‌وه.
وڵاتێك له ترس.. مێژوویه‌كی خوێناوی
“ئێستا به‌ره‌نجامی دوێنێیه”، ئه‌م په‌نده ره‌نگه بۆ ئێستای عێراق، له‌جێی خۆی بێت، چونكه رووداوه‌كانی ئێستای عێراق، باكگراوندێكی مێژوویان هه‌ن و به‌ره‌نجامی ئه‌و مێژووه توندوتییژییه دوور و درێژه‌ن، كه له رۆژگاره‌كانی دۆڵی میزۆپۆتامیا و سۆمه‌رییه‌كان و بابلییه‌كانه‌وه درێژ ده‌بنه‌وه و له كاتی هاتنی ئاینی ئیسلام و ده‌ركه‌وتنی مه‌زهه‌به‌كانی شیعه و سوننه، ده‌گه‌نه لوتكه‌ی دڵڕه‌قی، هه‌روه‌ها پێكهێنانی ده‌وڵه‌تی عێراق و لكاندنی ناوچه كوردییه‌كان (هه‌رێمی كوردستان) به‌و ده‌وڵه‌ته‌وه، له‌سه‌ره‌تاكانی سه‌ده‌ی رابردوودا، ئه‌وه‌نده‌ی تر ئاگری توندوتیژی و ململانێكانی بڵێسه‌دارتر كرد.
هه‌موو ئه‌م ململانێیانه‌یش، فاكته‌ری یارمه‌تیده‌ر بوون، بۆ درووستبوونی رژێمێكی پۆلیسی وه‌ك رژێمی به‌عس، به‌عس له كۆتاییه‌كانی سه‌ده‌ی رابردوودا، توانی ده‌ست به‌سه‌ر عێراقدا بگرێت و پایه‌ی رژێمه پۆلیسییه‌كه‌ی خۆی به پته‌وی دابنێت، به درێژای (35) ساڵی حوكمڕانی به‌عس، ته‌واوی پێكهاته‌كانی عێراق ژێرده‌سته‌ی سوننه‌كانی ئه‌و وڵاته بوون، سوننه‌كانی ئه‌و وڵاته و له ناویشیاندا به‌عسییه‌كان، (كورد گوته‌نی) بكوژ و ببڕی عێراقییه‌كان بوون، به جۆرێك كه نووسه‌رێكی وه‌ك (كه‌نعان مه‌كییه) رژێمی به‌عسییه‌كان، به (كۆماری ترس) ناو ده‌بات، چونكه ئه‌و رژێمه به‌رهه‌مهێنه‌ری ترس بوو، له مێژووی (كۆماری ترس)دا، شیعه‌كان له ناو ده‌بران، له هۆڕه‌كاندا به كۆمه‌ڵ ده‌كوژران، له باكوریشدا كورده‌كان ئه‌نفال ده‌كران، كیمیاباران ده‌كران، گونده‌كانیان وێران ده‌كرا و پرۆسه‌ی گه‌وره‌ی سه‌ربازیان له دژ ئه‌نجام ده‌درا، بۆیه رژێمه‌كه به خۆی گه‌وره‌ترین مه‌ترسی بوو، له‌سه‌ر تاكی عێراقی، به‌ره‌نجامی ئه‌و رژێمه‌یش درووستكردنی یه‌ك دونیا رقی پێكهاته‌كانی تر بوو، به‌تایبه‌ت پێكهاته‌ی شیعه، له‌به‌رانبه‌ر سوننه‌كان و له هه‌لێك ده‌گه‌ڕان، تا تۆڵه‌ی ئه‌و هه‌موو ساڵه چه‌وساندنه‌وه‌یه بكه‌نه‌وه، هه‌روه‌ها كوردیش له به‌رانبه‌ر عه‌ره‌ب به گشتی و سوننه به تایبه‌تی نادڵنیایی بۆ درووستببوو و له هه‌لێك ده‌گه‌ڕا، كه لێیان جودا ببێته‌وه.
وڵاتێك له ترس… ئێستایه‌كی پڕ له ترس و غه‌مگینی
له ساڵی (2003) عێراق له‌لایه‌ن ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكاوه داگیركرا، ئه‌و ساڵه كۆتایی به ده‌سه‌ڵاتی (35) ساڵه‌ی حیزبی به‌عس و سه‌رۆكه‌كه‌ی (سه‌ددام حوسێن) هات، ئه‌و كۆتاییه‌ش به كه‌وتنی (كۆماری ترس) داده‌نرێت، به‌ڵام ئه‌و كه‌وتنه كۆتایی به‌و ترسانه نه‌هێنا، كه هه‌میشه وه‌ك مۆته‌كه‌یه‌ك، یه‌خه به تاكی عێراقی ده‌گرێت، چونكه ئه‌و ساڵه، خاوه‌ندارێتی به‌رهه‌مهێنانی ترس، له رژێمێكی پۆلیسی وه‌رگیرایه‌وه و درایه‌وه به پێكهاته كۆمه‌ڵایه‌تی و ئاینییه جوداكان، گرووپی توندڕه‌وی ئاینی درووست بوون، خه‌ونی تۆڵه‌كردنه‌وه‌ی چه‌ند ساڵه‌ی پێكهاته‌كان بوونه به راستی و شه‌ڕه ناوخۆییه‌كان درووستبوون، كوشتن و بڕین، ته‌قینه‌وه و ئه‌تككردنی یه‌كتر، ئه‌و رێیانه بوون، كه شیعه و سوننه‌كان ئه‌ژدیهای تۆڵه‌كردنه‌وه‌ی ناخیان پێ تێرخوێن ده‌كردن، به‌وه‌یش جارێكی تر ترس به‌هێز و قه‌باره‌یه‌كی گه‌وره‌تر و به‌رنامه‌یه‌كی وردتره‌وه به‌رده‌وامی به‌خۆی دایه‌وه و (وڵاتێك له ترس) درووست بوو.
له ساڵی (2003) به دواوه، كێشه‌كانی نێوان شیعه و سوننه، گه‌رم و گوڕتر ده‌ركه‌وتنه‌وه، شه‌ڕه‌كانی نێوانیان، هه‌موو پێوه‌ره‌كانی توندوتیژی تێپه‌ڕاند و ژماره‌ی قوربانییه‌كان خۆی له گه‌وره‌ترین ژماره دا، ژماره‌یه‌كی زۆر له خه‌ڵكی عێراق كوژران، ژماره‌یه‌كی زۆر ژن بێوه‌ژن كه‌وتن، ژماره‌یه‌كی زۆر، منداڵ بێباوك كه‌وتن و له‌و رۆژگاره ره‌شه‌دا كه وڵاته‌كه‌یان به ده‌ستییه‌وه گیرۆده ببوو، هه‌تیوی و نه‌بوونی و برسێتی یه‌خه‌ی پێ‌گرتن، نه‌وه‌یه‌ك درووستبوو، كه دووباره خه‌ون به تۆڵه كردنه‌وه و درێژه‌دان به به توندوتیژییه‌كانه‌وه ببینێت.
ئه‌و نه‌وه‌یه گه‌وره بوون، ئێستا به‌شێكی زۆریان ده‌ستیان داوه‌ته چه‌ك و رووبه‌ڕووی دوژمنه ناوخۆییه‌كانی خۆیان راوه‌ستاون، به‌ره‌یه‌كیان له ناو (داعش) و گروپه چه‌كدارییه توندڕه‌وه‌كانی تری سوننه‌دا رووبه‌ڕووی شیعه‌كان راوه‌ستاون، به‌ره‌یه‌كی تریشیان له ناو سوپا و داموده‌زگه ئه‌منییه‌كان وئه‌و گروپ و میلیشیا چه‌كدارانه‌دان، كه به فه‌توا و بڕیاری گه‌وره مه‌رجه‌عه‌كانی شیعه درووست بوون و رووبه‌ڕووی سوننه‌كان راوه‌ستاون، هه‌موویشیان یه‌ك شتیان ده‌وێت، له ناوبردنی نه‌یاره‌كانیان و باڵاكردنی قه‌ڵه‌مڕه‌وی ده‌سه‌ڵاتی خۆیان.
پریشكی ئاگری تووڕه‌ییه‌كانی ئه‌و دوو مه‌زهه‌به، به‌ر كورده‌كانیش كه‌وتوون، چونكه گروپه توندڕه‌وه سوننییه‌كان، ئه‌وانیشیان له‌و ته‌قینه‌وانه بێبه‌ش نه‌كردوون، كه هه‌نارده‌ی شاره‌كانی عێراقیان كردوون و ده‌كه‌ن، هه‌روه‌ها شییعه‌كانیش رێگرییان كردووه له گه‌ڕانه‌وه‌ی ناوچه دابرێنراوه‌كانی وه‌ك شه‌نگال و ره‌بیعه و گوێڕ و مه‌خموور و كه‌ركووك و خانه‌قین و سه‌عدییه و جه‌له‌ولا، بۆ سه‌ر سنووری هه‌رێمی كوردستان و له‌وه‌یش خراپتر، بڕینی به‌شه بودجه‌ی هه‌رێم و په‌نابردن بۆ نانبڕینی كورده‌كان.
به‌ره‌نجامی ئه‌و توندوتیژی و سیاسه‌ته دژ به یه‌كانه‌ی پێكهاته‌كان، بۆته هۆی ناسه‌قامگیری سیاسی و ئه‌منی و درووستكردنی رقێكی زۆری پێكهاته‌كان، له به‌رانبه‌ر یه‌كتری، كه ئه‌وه‌یش رێ ده‌گرێت له‌و پێكه‌وه ژیانه‌ی، كه سیاسییه‌كان هه‌میشه له‌سه‌ر زاریانه.
وڵاتی ترس… به‌رژه‌وه‌ندی یان هه‌ڵه‌كانی داگیركه‌ر
ئه‌مریكا كاتێك بڕیاری روخاندنی (كۆماری ترس)ی دا، ناسنامه‌ی داگیركه‌ری عێراقی بۆ خۆی هه‌ڵبژارد، به‌مه‌یش تێڕوانینی جیهان و گه‌لانی عێراقی بۆ خۆی گۆڕی، چونكه له دوای هه‌ڵگرتنی ئه‌و ناسنامه‌یه‌وه، چیتر ئه‌مریكا وه‌ك ئه‌و هێزه رزگاركه‌ره نه‌مایه‌وه، كه وه‌ك فریادڕه‌سێك به هانای گه‌لانی عێراقه‌وه ده‌چێت، به‌ڵكو وه‌ك هێزێكی داگیركه‌ر به دیاركه‌وت، كه ئه‌جێندای تایبه‌ت به خۆی هه‌یه، بیر له به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خۆی ده‌كاته‌وه، گه‌لانی عێراق له خشته ده‌بات و سه‌ره‌نجام له رێی ئه‌و له خشته‌بردنه‌وه، به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خۆی ده‌پارێزێت.
له‌مه‌یشدا دوو بۆچوون درووست بوون، بۆچوونێكیان له ناوخۆی عێراقه‌وه‌یه و پێیوایه داگیركه‌ر نه‌یتوانیوه پێكهاته‌كانی عێراق بناسێت، بۆیه دوای داگیركردنی عێراقه‌وه، سه‌ردابی كۆمه‌ڵێك كێشه‌ی جۆر به جۆری مێژووی هه‌ڵدراونه‌ته‌وه و گه‌لی عێراقیش باجه‌كه‌ی ده‌دات، چونكه ئه‌و كێشانه، وه‌ك برینێكی قه‌تماغه به‌ستوو وان، كه قه‌تماغه‌كه‌ی لاببرێت و برینه‌كه دووباره ده‌ربكه‌وێته‌وه و ئازار درووست بكاته‌وه، قه‌تماغه‌ی برینی عێراقییه‌كان لابران و ئێستا عێراقییه‌كان به ده‌ستییه‌وه ده‌ناڵێنیت، ئه‌و بۆچوونه كه تا راده‌یه‌ك به‌شێك له ئه‌مریكییه‌كانیش پشتیوانی ده‌كه‌ن، پێیوایه له دوای داگیركردنی عێراقه‌وه، ده‌بوایه بیر له سیستمێكی لامه‌ركه‌زی بكرابایه‌وه، كه وڵاته‌كه‌ی بۆ سه‌ر چه‌ند هه‌رێمێكی فیدراڵی دابه‌ش بكردبا و مۆته‌كه‌ی ده‌سه‌ڵاتێكی ناوه‌ندی به‌هێزی له كۆڵ وڵاته‌كه بكردبایه‌وه، چونكه به درێژایی مێژووی عێراق، هه‌میشه ده‌سه‌ڵاته ناوه‌ندییه‌كان، له به‌رژه‌وه‌ندی پێكهاته‌یه‌ك به دژی پێكهاته‌كانی تر به‌كارهێنراوه.
بۆچوونێكی تریش، كه ناڕاسته‌وخۆ له ناو سیاسه‌تی ئه‌مریكاوه خۆی به دیار ده‌خات، پێیوایه به‌رژه‌وه‌ندی وڵاته‌كه له ناسه‌قامگیری ره‌وشی سیاسی عێراقدا خۆی ده‌بینێته‌وه، چونكه له دۆخی ناسه‌قامگیریدا، سیاسییه‌كانی عێراق پێویستیان به ناوبژیوانێك هه‌یه و بۆ ئه‌و كاره‌یش، ئه‌مریكا باشترینه كه ئه‌و رۆڵه بگێڕێت، به‌وه‌یش هه‌م هه‌یمه‌نه‌ی ئه‌مه‌ریكا له‌و ناوچه‌كه وه‌ك خۆی ده‌مێنێته‌وه و هه‌م به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیشی پارێزراو تر ده‌بن.
ئه‌م دوو بۆچوونه هه‌ردوكیان تا راده‌یه‌ك سه‌رنجی واقیعقین و له‌سه‌ر ئه‌رزی واقیعیشدا به‌دیار كه‌وتوون، به‌ڵام به‌ره‌نجامه‌كانیان تا راده‌یه‌ك مه‌ترسیداره، چونكه گه‌لانی عێراق باجی ئه‌و هه‌ڵه و به‌ژه‌وه‌ندیانه‌ی داگیركه‌ر ده‌ده‌ن، كه به‌و هۆیه‌وه وڵاته‌كه‌یان بۆته مه‌نبه‌عی تیرۆر و توندوتیژی و مه‌یدانی ساغكردنه‌وه‌ی حیساباتی نه‌یاره ئیقلیمی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، سه‌روه‌ری عێراق بوونی نه‌ماوه، به‌ره‌ی شه‌ڕه‌كانیش تا دێت، فراوانتر و پڕ توندوتیژی و قوربانی زیاتر ده‌بێت.
سه‌ره‌نجام
عێراق له رووی پراكتیكییه‌وه به‌ره‌و دابه‌شبوون ده‌چێت، شیعه و سوننه هه‌ر یه‌كه‌یان خه‌ون به سیستمێكی حوكمڕانی ئاینییه‌وه ده‌بینن، كه مه‌زه‌هه‌به‌كانیان فه‌ڕمانڕه‌وا و داڕێژه‌ری شه‌رریعه‌ته‌كانی بن، به‌ڵام ئه‌م خه‌ونه بۆ هیچیان مه‌یسه‌ر نابێت، بۆیه ره‌نگه له ئه‌نجامدا، هه‌رێمێكی تری سوننی درووست ببێت و له‌و هه‌رێمه‌یشدا، بنه‌ماكانی شه‌ریعه‌تی ئیسلام_ سوننه په‌یڕه‌و بكرێن.
له خوارووی عێراقیش هه‌رێمێكی شیعه درووست ببێت و له‌و هه‌رێمه‌یشدا، شه‌ریعه‌تی ئیسلام_ شیعه په‌یڕه‌و بكرێت.
هه‌رچی هه‌رێمی كوردستانیشه، خه‌ونی زیاتری هه‌یه، ناوچه جێناكۆكه‌كانی ده‌ستكه‌وتوونه‌ته‌وه و هه‌نگاو به‌ره‌و سه‌ربه‌خۆی ده‌نێت، چونكه كورده‌كان نایانه‌وێت جارێكی تر به‌غدا حوكمیان بكات، ئێستا بێلایه‌نییان هه‌ڵبژاردووه و نایانه‌وێت به شه‌ڕه مه‌زهه‌بییه‌كانی نێوان شیعه و سوننه‌وه بگلێن، كه ئه‌وه‌یش تاڕاده‌یه‌ك سیاسه‌تێكی سه‌ركه‌وتووانه‌یه، به‌ڵام ره‌نگه له داهاتوودا، كێشه‌كان یه‌خه به كورده‌كان بگرنه‌وه، چونكه دراوسێ نوێیه‌كه‌یان، كه هه‌رێمێكی سوننه مه‌زهه‌به، دراوسێیه‌كی باش نابێت، دراوسێیه‌ك ده‌بێت، كه بڕوای ته‌واوی به ئاینی ئیسلام هه‌یه و له ناو ئه‌و ئاینه‌یشدا هه‌ڵگری بیری سه‌له‌فی جیهادییه و له‌و رێیه‌شه‌وه رێ به خۆی ده‌دات، ده‌ست له كاروباری دراوسێكانی تری وه‌ربدات، بۆیه چاوه‌ڕوان ده‌كرێت، كورده‌كان به هه‌مان ئه‌ندازه‌ی ئیسرائیلییه‌كان، به دراوسێی دوژمن ده‌وره بدرێن و رووبه‌ڕووی كێشه‌ی گه‌وره‌ی ئه‌منی و سیاسی ببنه‌وه.
كۆمێنت
پێویسته سیاسییه‌كانی عێراق، دان به‌و واقیعه نوێیه‌دا بنێن كه له وڵاته‌كه‌یاندا درووست بووه و مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ بكه‌ن، فاكته‌ری یارمه‌تیده‌ر بن، بۆ خیێراتر كردنی ئه‌و دابه‌شبوونه پراكتیكییه‌ی كه ئێستا له عێراق هه‌نگاوی بۆ ده‌نێت، شیعه‌كان بیر له هه‌رێمی ده‌وڵه‌مه‌ندی خۆیان به سامانی سرووشتی و مه‌زارگه پیرۆزه‌كانیان بكه‌نه‌وه و په‌ره‌ی زیاتری پێبده‌ن، هه‌روه‌ها سوننه‌كانیش به شێوه‌یه‌كی كرده‌یی، ده‌ست بكه‌ن به درووستكردنی هه‌رێمه‌كه‌یان، به جۆرێك ئه‌و باره سه‌پێنراوه‌ی سه‌ر ناوچه‌كانیان كاڵ بكه‌نه‌وه، چونكه ئه‌گه‌ر سه‌له‌فییه جیهادییه‌كان خۆیان وه‌ك ئه‌مری واقیع بسه‌پێنن، ره‌نگه گرفته‌كانی داهاتوویان زیاتر ببێت.
هه‌رچی كورده‌كانیشه له ئێستادا پێویستیان به یه‌كڕیزییه، به‌ڵام یه‌كڕیزییه‌كی سیاسییانه نا، كه هێزه سیاسییه‌كان به‌هۆی هه‌لومه‌رجه سیاسییه‌كان و جوڵاندنی عاتیفیانه‌وه بانگه‌شه‌ی بۆ بكه‌ن، به‌ڵكو كورد پێویستی به یه‌كڕیزییه‌كه، له ژێر چه‌ترێكی ده‌ستووریدا و ده‌ستوور بنه‌مای یه‌كڕیزی رێكبخات و گره‌نتی بكات.
بۆیه سه‌ره‌كی ترین كار بۆ ئه‌م قۆناغه‌ی ئێستای كوردستان، رێككه‌وتنی لایه‌نه سیاسییه‌كانه، له‌سه‌ر ده‌ستوورێكی هاوچه‌رخانه و تێیدا مافی هه‌موو لایه‌ك، به توركمان و كلدان و ئاشوورییه‌كانیشه‌وه پارێزراو بێت، ئه‌مه‌یش ده‌بێته فاكته‌رێكی یارمه‌تیده‌ر، بۆ به‌رگه‌گرتنی ئه‌و باهۆزانه‌ی كه ره‌نگه روو له كوردستانیش بكه‌ن.