پێداچونەوەیەک بە چەمکی “پارت/ حزب” دا

0

بەهرە حەمەڕەش

چەمکی “پارت/ حزب” لە وشەیەکی لاتینی/ یۆنانییەوە هاتووە، بە واتای بەشێک ــ پارچەیەک لە خەڵک. پەیدابوونی حزب لە سەرەتا وەک ئەلتەرناتیڤی عەشیرەت و قەبیلە دروست بوو، کە وەک پێکهاتەیەکی سەردەمیتر و فراوانتر خەڵک لە ژێر چەتریدا کۆبێتەوە و ئاراستە و پەروەردەی کۆمەڵ بکات.

دروستبوونی حزب، کەوتە دوای دروستبوونی پەرلەمان، چونکە لە سەرەتادا نوێنەرایەتی پەرلەمان لە سەر ئاستی ناودارەکان (ئاغا، بەگ، پیاوانی ماقۆڵ و ئاینی) بوو. ئەوان خۆیان بەربژێرکردووە و خەڵک دەنگی پێداون. ئەم کەسایەتییانەی کۆمەڵ و گروپی جیاجیایان دروستکرد، لە وێوە گەیشتە ئاستی دروستبوونی پارتی جیاجیا، کە ببێتە بنەمای بەربژێرکردن و کۆکردنەوەی نوێنەرانی پەرلەمان.

حزب بەرهەمی مۆدێرنێتەیە. واتە دروستبوونی پارت بەشێوە ئاسایی و تەندروستەکەی، دەرئەنجامی هوشیاربوونەوەی خەڵکە. وەکو ماڵباتێک ئەرک و ماف دەستنیشان دەکات و رۆڵ دەداتە ئەندامانی خیزان و ئەرکی ئاراستەکردن و پێگەیاندن لە ئەستۆ دەگرێت. هەربۆیە لە سەرەتای پەیدابوونی پارت وەک دامەزراوەیەک بۆ کۆکردنەوە و رێکخستنی خەڵک، سەندیکاکان، تەوژمی چەپ و پارێزگاران، رۆڵی گرنگیان بۆ پەرەپێدانی هەبووە، وەکو جێگرەوەی دیوەخان و عەشیرەت.

دروستبوونی زیاتر لە حزبێک لە کۆمەڵگەدا، خزمەتی زیاتر بەو کۆمەڵە دەکات، چونکە ئاستی ململانێکان لە دابینکردنی خزمەتگوزاری زیاتر و بەدەستهێنانی متمانەی خەڵک چڕدەبێتەوە، کە پێشکەوتن دێنێتە کایەوە.

بەرپرسانی حزب، دەتوانن لە رێگەی خزمەتکردنی خەڵکەوە خزمەت بە حزبەکەیان بکەن، چونکە لە رێگەی نزیکبوونەوە و خزمەتکردن لایەنگر و دۆستی زیاتر لە دەوری پارتەکەی کۆدەکاتەوە. بۆیە کاتێک بەرپرسان ئەم ئەرکە ون دەکەن، ئامانجی حزب لە ئامانجی خەڵک جیادەبێتەوە و مەودا و بۆشایی زۆر دەکەوێتە نێوان خەڵک و ئەم دامەزراوەیە، کە خۆی دەبێت لە خزمەتی بەرژەوەندی کۆمەڵدابێت. کاتێک دوورکەوتنەوە لە خەڵک روویدا، بەرەبەرە پاڵەوانی درۆینە و قارەمانی فوتێکراو بەرهەم دێت، کە بەر لە هەر کەس زیان بە خودی حزبەکە دەگەیەنێت.

لە بارە ئاساییەکەیدا، حزب پێکهاتەیەکە هەڵگری کۆمەڵێک پڕۆژەی گەورە و گرنگە، وەکو پڕۆژەی “ئابوری، رۆشنبیری، سیاسی…”، بەڵام ئەو کۆمەڵگایانە هێشتا لە ئاستێکی دواکەوتوون و نەتەوە و دەوڵەتیان نییە ئەرکی حزب قورستر دەبێت، چونکە جگە لە کارەکانی خۆی دەبێت هەم لە سەر ئاستی نەتەوە و هەمیش لە ئاستی دەوڵەت کار بکات.

فاکتەری هەرەگرنگی پیشاندانی ئاست و پڕۆژە و بەرهەم و بەرنامەی حزب، راگەیاندنەکەیەتی، چونکە لە رێگەی میدیاوە گشت ئاگاداری پڕۆژە و ئامانجیەتی. هەروەها هۆکاری پیشاندانی کلتور و ئاستی بەرپرسان و گرنگیدانی بە پێشکەوتنەکان دەردەخات. بۆیە زۆرجار هەبوونی کەسانی ناشارەزا لەو بوارە شکست و بێ بەرنامەیی خودی پارتەکە بۆ خەڵک ئاشکرا دەکات.

فاکتەرێکی تری بەهێزی حزب، خۆنوێکردنەوەیەتی لە رێگەی کۆنگرەکانەوە، کاتێک ئاست و تێگەیشتن و کەسایەتی جیاواز لەرێگەی کۆنگرەوە دەگەنە ئاستی بەرپرسیارێتی گیانێکی نوێ بەبەر حزبدا دەکەنەوە. لە رێگەی کۆنگرەوە حزب چەند ساڵ جارێک خۆی نوێ دەکاتەوە و پێداچوونەوە بە کەموکورتییەکانی دەکات. لە کۆنگرەدا دەستنیشانی خاڵی لاواز و بەهێز دەکرێت و رای ئەندامان بەهەند وەردەگیرێت. هەتا دەتوانرێ دەستکاری پەیڕەو و پڕۆگرام بکرێت، بەمەبەستی گونجاندن لە گەڵ سەردەمە جیاوازەکان.

 لە دامەزراوەی حزبدا، کار بۆ ئەوە دەکرێت کە خەڵک ئینتیمای بۆ نەتەوە و دەوڵەت هەبێت. لە وڵاتە پێشکەوتووەکان، میللەت لە حزب و ئامانجەکانی حزب لە رێبەر و سەرکردە گرنگترە. بەپێچەوانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە حزب بەباڵای سەرکردە دروست دەکرێت و لە جیاتی ئینتیما بۆ خاک و نەتەوە، بۆ سەرکردەیە. بۆیە بەرەبەرە سیاسەت لای خەڵک بە کایەکی قێزەوەن و پڕ لە فێڵ و درۆ دەناسرێت. هەنگاوەکانی پێچەوانەی بەرژەوەندی نەتەوە دەبێت.

شایانی ئاماژەپێکردنە، کە لە ئەوروپا رۆڵی حزب، لە رۆڵی زانکۆ و قوتابخانەکان بۆ پەروەردە و پێگەیاندن کەمتر نەبووە. بلۆکی سۆسیالیزم، بەرامبەر سەرمایەداری لە رێگەی حزبەوە بەهێزبوو. کاتێک ئێمە هێشتا لە قۆناخی عەقڵیەتی دیوەخان و عەشیرەتین، بەڵام خەڵکانێک هەیە پێیانوایە، مۆدیلی سۆسیالیزم و گرنگیدان بەنەتەوە نەماوە. بەر لە وەی نەتەوەیان هەبێت، باسی پۆست ناسیۆنالیزم دەکەن، نیشانەی سەرلێشێواوی و سەقەتی پەروەردەی حزبە، ئەو حزبانە کاڵایان بە باڵا بڕیوە و بەپێی بەرژەوەندی رێبەر و سەرکردە لە ناو حزبدا، ئەندام و لایەنگرانیان پەروەردە دەکەن. رەفتار و پڕۆگرامی ئەو حزبانە بۆ زیان گەیاندن بە قەوارەی نەتەوە و دەوڵەت، لە هی دیوەخان و پەرستگاکان کەمتر نییە.

لەبارە ئاساییەکەیدا حزب بەرهەمی کۆمەڵگەی سڤیل و پێشکەوتووە، لە ئەوروپا حزب وەک پێداویستی هاتە دامەزراندن بەڵام لە رۆژهەڵاتی ناوین وەک چاولێکەری. یان ئەلتەرناتیڤ بۆ ئیمپراتۆریەتەکان. ئەگەر لە دروشمی حزبەکوردییەکان وردبینەوە، دەبینین کە بە کەمترین رێژە وابەستەی دروشمەکانیان نین، چونکە سەردەمی دامەزراندنیان زیاتر وەک حەزو چاولێکەری دروشمیان هەڵبژاردووە نەک وەک ئامانج و وەک ئەوەی لە واقعی کۆمەڵگەی ئێمەدا هەبووە. هەتا ئێستاش کورد باجی نەبوونی یەکگرتن و دیموکراتیەت دەدات. لەبەرئەوە تا ئێستاش لە باشوری کوردستان، هەرچەندە لەدوای رزگاربوون ئامانج و کاری حزب بۆ بەشداربوون لە پەرلەمان و کاری حکومەتە، بەڵام تا ئێستا بەداخەوە رۆڵی حزب لەهی پەرلەمان و حکومەت زیاترو کاریگەرترە. گەیشتۆتە ئاستێک کە بەناردنی کەسانی ناشایستە بۆ پەرلەمان کراوەتە شوێنی خۆ دەولەمەندکردن و خۆڵکردنە جاوی خەڵک.

رەخنەو رەخنە لەخۆگرتن قسەی باوی زۆربەی حزبەکانە، بەڵام ئێستا یەک لە گرفتە هەرە گەورەکانە کە  حزب هەم خۆی رەخنەو پێداچوونەوەی خۆی ناکات. هەم رەخنەی بەرامبەر قبوڵ ناکات. لەبەرئەوەش زۆربەی کادرە باشەکان، پەراوێزخران و ناشارەزاو بەرژەوەندیخواز پاوانکاری لەناویاندا دەکەن و  حزبەکانیش لە بازنەیەکدا بە لاوازی خۆیان دووبارە دەکەنەوە.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com