لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بانگەوازێک ئاراستەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەن
نوچەنێت
ئەمڕۆ سێشەممە مەسعود بارزانی سەرۆكی كوردستان، لەپیرمام لەگەڵ سەركردەی لایەنە سیاسییەكانی كوردستان كۆبووەوە، لە کۆبونەوەکەدا رووداوەکانی سەر گۆڕەپانی عیراق خراپە بەر باس و بانگەوازێک ئاراستەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرا.
لایەنە سیاسییەکانی بەشدار لەکۆبونەوەکەی سەرۆکی کوردستان، لەراگەیاندراوێکدا “پەیڕەوكردنی نەهجێكی سیاسی دژ بەدەستوور و تەوافوقەكان و بنەماكانی دەستپێكی پرۆسەی سیاسی” بەهۆکاری تێکچوونی رەوشی عیراق راگەیادەگەیەنن.
هەر لە راگەیەنراوی کۆبونەوەکەدا لایەنە سیاسییەکانی کوردستان، بۆ چارەسەری رەوتی عێراق بەپوێستی دەزانن” سەر لە نوێ متمانە لە نێوان هێزە عێراقییەكان و پێكهاتە نیشتیمانییەكاندا بنیات بنرێتەوە و دەستپێشخەرییەكی نیشتیمانیانەی سیاسی بهێتە ئاراوە، كە ئیعتیبار بۆ كرۆكی پڕۆسەی سیاسی بگێڕێتەوە”.
بۆ بەهاناوەچوونی پەنابەرانی (عێراق) یش کە روویان لەکوردستان کردووە، بەشداربووانی کۆبونەوەکە، بانگەوازێكی بەپەلەیان ئاراستەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كرد “تا ئاوڕێك لە ڕەوشی مرۆیی دەیان هەزار پەنابەر بدەنەوە و یارمەتیان بدەن، بۆ ئەوەی كەمێك لە ئازارەكانی ئەوان كەم بێتەوە و باری هەرێمی كوردستانیش كەمێك سووك ببێت”.
دەقی راگەیەندراوی كۆبوونەوەكە:
دیداری ڕاوێژكاریی حیزبە كوردستانییەكان بەسەرۆكایەتیی بەڕێز سەرۆك مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، باسی پێشهاتە مەترسیدارەكانی كەوتنی شاری موسڵ و چەند شار و شارۆچكەی دیكەی پارێزگاكانی سەلاحەدین و دیالە و كەركووك كرد، ئەوەیش دوای پاشەكشەی سوپا و هێزە ئەمنییەكانی عێراق لەو ناوچانە و دوای شكستی چارەسەری سیاسییانە لە ئەنبار و فەللوجە. دیدارەكە، لە ئاست لێكەوتە سیاسی و سەربازی و ئەمنییەكانی ئەم ڕەوشە چەقبەستووەدا هەڵوەستەی كرد، هەروەها ئەو هۆكارانەی بوونە بنەما بۆ ئەوەی داعش بتوانێت ناوچەگەلێكی پڕ دانیشتووانی فراوان داگیر بكات و زیانی مرۆیی و ماددی و سەربازییش بەسوپا بگەیەنێت.
لە دیدارەكەدا، تەئكید لەوەكرایەوە پاشەكشەی پڕۆسەی سیاسی و بەتاڵكردنەوەی پڕۆسەكە لە ناوەرۆكە دیموكراسی و نیشتیمانییەكان، ڕۆڵی نەرێنی هەبووە و بووە هۆی داخوران و هەڵوەشانەوەی هاوپەیمانیی هێزە پەیوەندیدار و دامەزرێنەرانی پڕۆسەی سیاسی، هەروەها بووە هۆكاری پەیڕەوكردنی نەهجێكی سیاسی دژ بەدەستوور و تەوافوقەكان و بنەماكانی دەستپێكی پرۆسەی سیاسی، ئەو بنەمایانەی حكوومەتە یەك لە دوای یەكەكانی عێراقیان لەسەر دامەزراوە.
كۆبوونەوەكە جەختی لەوە كردەوە كە پێویستە سەر لە نوێ متمانە لە نێوان هێزە عێراقییەكان و پێكهاتە نیشتیمانییەكاندا بنیات بنرێتەوە و دەستپێشخەرییەكی نیشتیمانیانەی سیاسی بهێتە ئاراوە كە ئیعتیبار بۆ كرۆكی پڕۆسەی سیاسی بگێڕێتەوە، هەر لە نەهێشتنی سیاسەتی وەلانان و پەراوێزخستن و ئەو ئاراستانەی دەمارگیری و تاییفییەت دەچەسپێنن، هەتا جێهێشتنی دیاردەی تاكڕەویی دەسەڵات و بڵاوكردنەوەی كەشوهەوایەك كە خزمەت بە بەرژەوەندییە تاییفییە تەسكەكان دەكات و دەبنە هۆكاری تەنگاوكردنی پێكهاتە هاوبەشەكانی كاری نیشتیمانی.
هەر لەم ڕووەوە، دانیشتنەكە ئەوەی دووپات كردەوە كە چارەسەری سەربازی و ئەمنی بەتەنیا، عێراق ڕووبەڕووی لێكەوتەگەلێكی مەترسیدارتر دەكاتەوە كە هەڕەشە لە سەلامەتی نیشتیمانی دەكەن. بۆیە چارەسەرێكی سیاسی و چاكسازییانەی بنەڕەتیی گشتگیر پێویستە، كە پشت بەئیدارەیەكی هاوبەشی تێكڕای قەوارە و هێزەكان و هەموو نیشتیمانپەروەرە عێراقییەكان بەبێ جیاوازی ببەستێت. هەروەها جەختیش كرا لەسەر كاركردن بۆ چاككردنەوەی بارودۆخ و پاككردنەوەی ئەو شوێنەوارە سلبیانەی لە پڕۆسەی سیاسی عێراقدا كەڵەكەبوون و هەروەها گێڕانەوەی وڵات بۆ سەر ئەو ڕێگەیەی بەرەو بنیاتنانی دەوڵەتی دامەزراوە دیموكراتییەكان و جیاكردنەوەی دەسەڵاتەكان و تۆكمەكردنی پێگەی هاووڵاتیبوون دەچێت، ئەویش دوور لە هەر دیاردەیەكی دەستبەسەراگرتن و پێشێلكردنی دەستوور، هەروەها پتەوكردنی پەیوەندییە برایانەكانی نێوان پێكهاتەكانی گەلی عێراق.
بەشداربووانی دیدارەكە لەسەر ئیدانەكردنی تیرۆر بەهەموو كەرەسە و ناوەكانییەوە، هەروەها لەسەر نەرمینەنواندن و سازشنەكردن لەگەڵ ڕێكخستنە تیرۆریستی و تەكفیرییەكاندا كۆدەنگ بوون.
كۆبوونەوەكە ڕۆڵی قارەمانانەی پێشمەرگەی لە ڕووبەڕووبوونەوە و سووربوونیان لەسەر داكۆكیكردن لە هاووڵاتیان لە هەموو ناوچەكان كە هاوكاتیشە لەگەڵ پاڵپشتییەكی گەورەی میللی بەرز نرخاند.
دیدارەكە تەئكیدی كردەوە لەسەر ئامادەیی بەردەوام بۆ پێشوازیكردن لە پەنابەران و هاوكاریكردنیان، هەروەها بەشدارانی دیدارەكە بانگەوازێكی بەپەلەیان ئاراستەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كرد تا ئاوڕێك لە ڕەوشی مرۆیی دەیان هەزار پەنابەر بدەنەوە و یارمەتیان بدەن بۆ ئەوەی كەمێك لە ئازارەكانی ئەوان كەم بێتەوە و باری هەرێمی كوردستانیش كەمێك سووك ببێت.
پیرمام
17ـی 6ـی 2014
لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بانگەوازێک ئاراستەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەن
0
Share.