جەبار ئەمین بۆ سەرنەکەوت ؟
” جیاوازی کردار و گوتار”
رزگار رەزا چوچانی / سوید
جەبار ئەمین کوردێکی دڵسۆز و ئەندامی پەڕلەمای سویدە لەسەر پارتی ژینگە، پیاوێکی ماندووە بەباسکردنی پرسی کوردەوە لەسوید، بەڵام سیاسییەکی وردبین نییە.
ئەو لە هەڵبژاردن بۆ پەڕلەمانی ئەورپا، کە مانگی رابردوو بەڕێوەچوو، کاندیدی پارتەکەی خۆی بوو، بەڵام دەنگی پێویستی بەدەست نەهێنا، لەکاتێکدا لەسوید ژمارەیەکی گەورە خەڵکی کوردی لێیە و بۆ کورد گرنگ بوو کاندیدەکوردەکان سەربکەوتنایە، تا لەڕێیانەوە کەم تا زۆر پرسی کورد گرنگی پێدرایە، دۆستایەتی بۆ کورد لەناو پەڕلەمانتارانی ئەورپیدا دروستبکرایە.
چەند هۆکارێک هەبوون کە رێگربوون لە سەرکەوتنی جەبار ئەمین، بەدەستەوەدانی هۆکارە رێگرەکانیش، بەدڵنیاییەوە کەم ئەزموونی، یان تێنەگەشتنی خودی خۆی بووە لەکاری سیاسی، پێویست نییە لێرەدا بەدوای وردکردنەوەی هۆکارەکاندا بگەڕێین، بۆیە تەنها دوو وێسگەی ئێحراجبوونی سیاسی ئەو کاندیدە کوردە باس دەکەین، کە کاریگەری هەبووە بەسەر بەشێک لەدەنگدەری کورد لەم وڵاتە و لەسەر ژینگەدۆستانی سویدیش، تا دەنگی پێ نەدەن و متمانەی ناردنە پەڕلەمانی ئەورپای پێنەکەن، دەکرێ ئەو وێسگەی ئێحراجبونەش، وەک بەڵگەی کەم ئەزموونی، یان تێنەگەشتنی کاک جەبار لەسیاسەت وەربگیردرێن.
لەسەروبەندی هەڵبژاردنەکاندا هەواڵێک لەرۆژنامەی ئەفتۆنبلادێتی سویدی، لەسەر جەبار ئەمین بڵاوکرایەوە، تێیدا ئاشکرا کرا، تەنها لەساڵی 2013 دا، ئەمین 12 جار بەتەکسی چۆتە فرۆکەخانە، ئەوەش بووە مایەی ئیحراجبوونێکی گەورە بۆ ئەو کاندیدە کوردە، ئەکرێ لای خوێنەرێکی کورد هەواڵێکی بێ نرخ بێ، کە لەساڵێکدا کەسێک 12 جار بەتەکسی بچێتە فرۆکەخانە، بەڵام لای سویدییەکان ئەوە دەچێتە خانەی دووفاقییەوە، کە لەلایەک سەرکردە، یان پەڕلەمانتاری پارتی ژینگە بیت و لەلایەکی تریش بە تەکسی هاتوچۆ بکەیت، و زیان لەژینگە بدەیت، لەگفتار ژنگە دۆست و لەکردار دژ بە بڕواو دروشمەکانی خودی پارتەکەی خۆشت بیت.
رەنگە کاک جەبار لەوڵاتێکی وەکو سویددا، زۆر کوردیانە سیاسەتی کردبێت، بۆیە بیری نەبووە کە ئەو ناراستییە لەگەڵ شیعارەکانی خۆت، لەناو میللەتی زیندوودا کاردانەوە دروست دەکات، هەر بۆیە کاتێک پرسیاری لێ دەکەن، بۆ تەکسیت بەکارهێناوە، کە هەم گرانەو هەمیش لەگەڵ یاسای پارتەکەت یەکناگرێتەوە، بۆ لەجێی ئەوە بەشەمەندەفەری خێرا، یان بەپاس سەفەرت نەکرد؟، بیری دەکەوێتەوە چ هەڵەیەکی کردووە، و نازانێ چۆن خۆی دەرباز بکات لەو رەخنەیە، جارێک دەڵێت بەیانی زووبووە فریا نەکەوتوم، جارێکیش دەڵێت هەڵەمکردووە.
ئاشکرایە جەبار ئەمین نەک هەر هەڵە، بەڵکو بەوەی کردویەتی بەڵگەی ئەوەی داوە بەدەست سویدییەکانەوە، کە یان دوای ئەو هەموو ساڵەی نوێنەرایەتی پارتی ژینگە لەپەڕلەمان، تا ئیستاش تێنەگەشتووە لە ئامانجەکانی خودی پارتەکەی خۆی. یان ئەوەیە کردارو گوتاری زۆر لەیەک دوورن و سیاسییەکی ناڕاستگۆیە، بێگومان ئەوەش کاریگەری هەبوو لەسەر دەنگدەرانی پارتی ژینگە، بۆیە دەنگی پێویستیان پێنەدا لەرۆژی هەڵبژاردندا..
.
لەبەرانبەر ئەو هەڵە گەورەی جەبار ئەمین دا بەشێک لەو کوردانەی کە هاوبڕوای ئەو کاندیدە کوردەبوون، ( هاوبڕوایی بەرانبەر حزبە کوردییەکان، نەک بڕوای پارتی ژینگە)، زۆر هەوڵی ئەوەیان ئەدا، تەکسی گرتنەکەی ئەمین، بۆ دەنگدەرانی کورد بەوە پاساو بدەن، کە بەپارەی خۆی ئەوەی کردووە، نەک پارەی میللەت، بەراوردیان دەکرد لەنێوان کرێی تەکسییەکەی جەبار ئەمین و گەندەڵی هەندێ بەرپرسی کورد لەکوردستان.
لێ ئەوانیش وەک جەبار ئەمین، بەو هەوڵی پاساوە جگە لەوەی ماڵوێرانی تێنەگەشتنی خۆیان راگەیاند لە سیاسەت، نەیانتوانی هیچێک بۆ فریاکەوتنی ئەو کاندیدە کوردە بکەن، چونکە مەسەلەی تەکسیەکەی جەبار، پەیوەندی بەخەرجییەوە نەبوو، بەڵکو بریتی بوو لە کفری ئایدۆلۆژیا، کفری سیاسی، ئاخر ئەوە کفری سیاسییەو ناڕاستگۆییە، پیاوێک سەرکردە بێت لەپارتی ژینگە، و بۆخۆی پارە بدات بۆ پیسکردنی ژینگە، کە بەپێوەرەکانی دونیا و خودی پارتەکەی خۆشی، هاتوچۆ بەتەکسی دەچێتە چوارچێوەی هۆکارەکانی پیسکردنی ژینگەوە، ئەمە لای خەڵکی ئاگای سوید کارەساتە، بۆیە رەنگە نەک هەر بەوە نەوەستن کە دەنگیان پێ نەداوە، بەڵکو خۆشیان دادگایی بکەن بەوەی، چۆن ساڵانێک بڕوای ژینگەپارێزییان داوەتە جەبار ئەمین.
دەی کاتێک جەبار ئەمین کورد بێت و نوێنەری پارتی ژینگە بێت، دەنگدەرەکانیشی یان ژینگە دۆستانن لەسوید، یان کوردن، کاتێکیش شکاندنی یاساکانی ژینگە، لەلایەن جەبار ئەمینەوە، دەنگی ژینگەدۆستانی سوید لەو پیاوە ئەتارێنێ، بێگومان تەنها مەیدانێک کە بۆی بمێنێتەوە و هەوڵی کۆکردنەوەی دەنگەکانی بدات، رەوەندی کوردییە، کەلەم وڵاتەدا رەوەندێکی بەژمارە کەم نین و بێ کاریگەریش نین، بەڵام ئەم کانیدە کوردە، بەهەمان شێوەی هەڵە گەورەکەی بەرانبەر بەژینگە، لەماوەی پەڕلەمانتاریدا بەرانبەر بەکوردیش کەوتە هەڵەی هەڵوێست و سیاسەتەوە، کە نەک بەهۆیەوە تەنها دەنگی بەشێکی زۆر کوردی لەدەست دا ، بەڵکو وێسگەیەکی تری ئیحراجبوونیشی لەناو سویدییەکان بۆخۆی تۆمار کرد.
دوای ئەوەی روبەڕووی رەخنەی پارتی و یەکێتی بوەوە، لەسەر هەوڵوێستەکانی لەبارەی خۆپیشاندانەکانی کوردستان، کە بەرای پارتی و یەکێتی، پشتیوانی ڕاو هەوڵوێستەکانی ئۆپۆزسیۆنی کوردستان بووەو پەڕلەمانی سویدی بەکارهێناوە بۆ ئەو مەبەستە، جەبار ئەمین پشتیوانی خەڵکی لایەنگری پارتی و یەکێتی و تەنانەت هەندێ لەحزبەکانی تری کوردستانی لەدەستدا، لەجێی نوێنەرایەتی کورد، وەک نوێنەری پارتێکی ئۆپۆزسیۆنی کوردستان لێیان دەڕوانی، بۆیە ئامادە نەبوون دەنگی بدەنێ، هەر لەوکاتەدا کە ناڕەزایی پارتی و یەکێتی لەو پەڕلەمانتارەی کورد لەپەڕلەمانی سوید گەشتە ئاستێکی بەرز، جەبار ئەمین پڕۆژەیەکی بۆ پشتیوانی لە فیدڕالیەتی کوردستان بەرانبەر بە شۆڤێنی عەرەب دایە پەڕلەمانی سوید، لەپەڕلەمان گفتوگۆی لەبارەوە کرا، لێ کاتێک کاک جەبار داوای پشتیوانی لەپەڕلەمانتارانی سوید کرد، پەڕلەمانتارێکی سوید لەپێش چاوی هەموو راگەیاندنەکان، وەک ئاماژە بۆ دووفاقی سیاسی و هەڵویستی کاک جەبار لەسیاسەتدا، وتی، لەکاتی خۆپیشاندانەکان جەبار ئەمین داوای دژایەتی حکومەتی کوردستانی کردووەو ئێستاش داوای پشتیوانی دەکات. ئەوە وێستگەیەکی گەورەی ئیحراجبوونی سیاسی بوو بۆ جەبار ئەمین، کە سەلمێنەری ئەوە بوو، بێ بیرکردنەوە لەهەڵوێستەکانی داهاتووی، دوێنێ هەوڵێستی وەرگرتووە و بێ رەچاوکردنی هەڵوێستەکانی دوێنێی، هەڵوێستی ئەمرۆی راگەیاندووە، کە لەنێوانیادا جیاوازی زۆر گەورەو دژ بەیەک هەن.
بەداخەوە جەبار ئەمین بەهۆی هەڵەکانی خۆیەوە سەرنەکەوت، لەبەرانبەر گرنگی نەدان بەشیعارەکانی ژینگە دۆستی لەکرداردا، دەنگی ژینگە دۆستانی سویدی لەدەستدا، بەهۆی هەڵوێستەکانی بەرانبەر بەکوردستانیش، ( کە نەک هەر پارتی و یەکێتی بەتەنها، بەڵکو پەڕلەمانتارەکانی سویدیش، وەک ئەو پەڕلەمانتارەی بەرانبەر بەخۆی و راگەیاندنەکان وتی، بەدژایەتی کوردستان لەقەڵەم دەدرا)، دەنگی بەشێکی زۆر لەکوردی سوید و لایەنگرانی پارتی و یەکێتی لەدەستدا.
ناتوانین ئەوە باس نەکەین، کە ئەمین یەکێک لە سیاسی و پەڕلەمانتارە هەڵسوڕاوەکانی وڵاتی سوید بووە، بەڵام هەڵوێست و کارەکانی پێمان دەڵێن، هەڵسوڕاو بووە، بەبێ تێگەشتن لە ئامانجەکانی هەڵسوڕانی، سیاسی بووە بەبێ تێگەشتن لەکاری سیاسی، بۆ نمونە ئەگەر هەڵسوڕاوی ژینگە بوایەو تێبگەشتایە لە ئامانجەکانی خۆی و پارتەکەی، نەدەبوو مەبدەئەکانی ژینگەپارێزی بشکێنێ، نەدەبوو کاتێک بەناوی ژینگە پارێزییەوە لەپەڕلەمانە، لەپێش تەکسیدا کوردانە قۆڵ دەربێنێ، چونکە ئەوە تەواو پێچەوانەی بڕوای حزب و دروشمەکانی خۆشییەتی، یان ئەگەر کوردێکی دڵسۆزەو کوردایەتی مەبەستیەتی، نەدەبوو بیری بچێت ئەندامی پەڕلەمانی میللەتێکی زیندووە، کارێکی نەکردایە، کە کاتێک ویستی داکۆکی لەنەتەوەکەی خۆی بکات لەو پەڕلەمانەدا، پێی بڵێن تۆ خودی خۆت دوێنێ دژ بەکوردستانبویت.
یان ئەگەر سیاسییەکی تێگەشتوبایە، نەدەبوو بە دروشم و هوتافی هەندێ چالاکوانی کورد تێبکەوێت، قورسیەتی پارتی و یەکێتی و حزبەکانی تری کوردستان لەناو رەوەندی کوردی لەسوید لەبەرچاونەگرێت و بەشێوەیەک نزیک بێتەوە لەلایەنێک کە دەنگەکانی ئەوانی تر لەخۆی بتارێنێ، دەکرا بۆ بەدەستهێنانی پشتیوانی سوید بۆ کوردستان، بەراوردی پشکەوتن و سەرکەوتنی کوردستانی بەوڵاتانی دەوروبەری بکردایە، سەرکەوتنەکانی ئەو وڵاتەی بەسودییەکان بگەیاندایە، لەتەنیشتی ئەوەش رەخنەی جدی هەبوایە لە ئاستەنگەکانی بەردەم ئازادی لەکوردستان، لە تێنەگەشتنەکان لە دیموکراسی و مافی مرۆڤ، کاری بکردایە بۆ زیاتر شکاندنی کۆتەکانی بەردەم ئازادی وتن لەکوردستان. واتە لایەنی باش و خراپی وەکو خۆی بگەیاندایە.
تێبینی:ئەم بابەتە لە گۆڤاری سڤیل چاپکراوە.
پەیوەندیم بەبەرێز کاک جەبارەوە کرد، تا ئەم نوسینە بکەمە پرسیار لەخودی خۆی، بەڵام ئامادەی دیمانەی رۆژنامەوانی نەبوو، وتی” باشترە هۆکاری سەرنەکەوتنم لە پسپۆڕان بپرسی”.