نامەیەک بۆ هۆشیار عەبدوڵڵا

0

hoshyarنامەیەک بۆ هۆشیار عەبدوڵڵا

رزگار رەزا چوچانی
سڵاو ئەزانم ئەم ماوەیەک ماندوون بەو هەموو قسەی لەسەرتانکرا، بەڵام هەر پیویست بوو لام ئەم نامەیەت بۆ بنێرم.
من هیچ کارم پێت نییە، روانینی سیاسی من و تۆش زۆر لەیەک دوورن، رەنگە بۆ یەک رۆژیش نەتۆ بڕوا بەبڕوای من بهێنی، نەمن بەهی تۆ، بەڵام راستی ئەوەیە کە لەم دوورەوە خۆشم ئەوێن، چونکە بەجدی کەسێکی دڵسۆزی بڕواکەی خۆتانن، من نەک هەرتۆ کەهیچی ناخۆش لەنێوانمان نییە، بەڵکو ئەو دوژمنەی خۆشمم خۆش دەوێ، کە بەراستی لەگەڵ بڕواکەی خۆیەتی، دەی تۆش وەک گەنجێک بەراستی بڕواکەی خۆتت خۆش دەوێ.
ئاگام لێیە کەبوونە بەڕێوەبەری کەی ئێن ئێن و دواتریش کەبوونە کاندید بۆ پەڕلەمان، زۆر هێرشتان کرایە سەر، بەتەنها خۆت بویتە ئامانجی بەشێک لەگۆڕان، بەشێک لەپارتی، بەشێک لەیەکێتی، سوکایەتی زۆرتان پێکرا، زۆر نامەردانە قسەتان لەسەرکرا.
راستە تۆش وتاری زبرت هەبووە، بەڵام ئەو زبرییەش رەخنەبووە، نەک سوکایەتی، خەبات بووە بۆ ناساندنی راستی برواکەی خۆت، یان ئاراستەی کاری سیاسیت، جیا لەوە رۆژێک نەمدی لەزمانی رۆژنامەوانی زیاتر هیچ زمانێکی توند بەکاربهێنێ، ئەوەش رێزدارتری کردوی لەلام.
لەم رۆژانە دەنگێکی ئێوە بڵاوکرایەوە، کە خۆت لەرونکردنەوەکەدا دانت پێدانا دەنگی تۆیە، لەپەیامنێرێک توڕە دەبیت، بۆخۆت لەرونکردنەوەکەدا دەڵێیت، هەڵچوویت، تەحەمەلی ئەوەت نەکردووە، کەسێکی نزیک یان خۆ نزیککەرەوە، پەیجێکی خوازراوت لەسەر دروست بکات و ئەو هەموو سوکایەتییە بکات، دەڵێیت لەکاتی قسەکردنەکانیش، ئەو پەیامنیرە ئیستفزازی کردووی تا توڕەبیت.

ئەوەی لێرەدا بۆمن جێی قسەیە،توڕەبونەکەتە، دواتریش رونکردنەوەکەت.
بەڕای من ئەبوو هۆشیار، وەک ئەو هەموو ساڵە خۆڕاگر و ئارام بوایە، یان ئەزمونی ئەو هەموو ساڵەی کارکردن، هێزی زیاتری ئارامی پێ ببەخشیتایە، کەداخەوە لەمەیاندا نەمبینی ئەو هێزەت هەبێ، ئاخر ئێوە ئەزانن هەرکەس توانبێتی بڵێ هەم، بەرانبەر بەکۆمەڵێک خەڵک، کە بە کوتلەبازی و بە پاشقولی سیاسی دروستبوون، بەردەوام هێرشیکراوەتەوە سەر، بەڵام ئەگەر هەبونەکەی لەسەر ئەساسی داکۆکی بوبێ لەراستی، هەمیشە خۆراگریش بووە، بەرانبەر پەرچەکردارەکانی راستی وتنی.

لێ گەڕێ یادەوەرییەکی تاڵی خۆمت بۆ باسبکەم.
کاتێک پارتی بووم، تەنها بۆ ئەوەی قسەم لەسەر کۆمەڵێ دز دەکرد، کە ئەو حزبەیان ناشیرینکردبوو من کادربووم تێیدا، پێم قبوڵ نەدەکرا حزبێک من ئامادەبم گیانمی بدەمێ، ئاوا بەرۆژی روناک لەلایەن بەرپرسەکانی خۆیەوە، بەکار بێت بۆ تاڵانی، کەوتمە بەرهێرشی دزان و دەرباری دزان.

لەسایتی زبڵخانەی نیشتیمان نێت، بەراسپاردەی دەزگایەک، کە بەخەیاڵی ئەوان پیاوی بەرپرسێکی دژ بەوان بووم، کە بەختیار سەعید ” بەخە تلیلی” و کۆمەڵێ خەڵکی بودەڵەی دەرباری بەرپرسە دزەکان بەڕێوەیان دەبرد، سوکایەتی دونیا نەما بەمنی نەکەن.
لەیەک رۆژدا ٢٠ بابەت و لەهەفتەیەکدا ٤٠ وتاریان لەسەر من نوسی، تێیدا بەدز، بەحیز، بەخوێڕی و گەوادیش کراین، قسە لەسەر دایک و باوک و خوشک و برام کرا، تەنانەت سوکایەتی بەو ژنانەش کرا کە من یەک رۆژ سڵاوم لێیان کردووە، یان سڵاویان لێکردبووم، تۆمەتبارانکران، و ناشیرینیان پێکرا، بەڵام مادام راستبێژبوم و دەمزانی کوێیان دێشێ، خۆراگرانە وەستام و هەڵنەچووم. ئازارم خوارد بەوەی کە خەڵکێک بەهۆی راستی وتنی منەوە ناشیرینیان پێکرا، بەڵام هەڵنەچووم.
بۆ ئەوەی شێوەیەکی نوێ لە وەڵامی تەشهیر و رەخنە دروست بێ، کە ئەوکات مۆدی ئەوە نەبوو، بردنمە بەردەم دادگا، بەرپرس نەما نەینێرنە لام قبوڵم نەبوو، وتم من توڕە نیم و دەبێت دادگا قسەی خۆی بکات. یەكێک لەوانەش کەلەوێ دەینوسی و لەگەڵیان کاری دەکرد (بەشدار عوسمانی برای شەهید سەردەشت عوسمان) بوو یەکێکیش بوو لەوانەی هاتە رۆژنامە بۆلام و تکای دەکرد، کە لەگەڵ بەختیار و گروپەکەی کۆتا بەو باسە بهێنم و نەیاندەم بەدادگا، بەڵام وتم ئێمە کێشەی عەشایەریمان نییە تا سوڵح بکەین دادگا دەتوانێ کار بکات.
لەدادگاش هەر لەلایەن ئەو دەزگاوە کە هانی دابوون، تەداخولکرا بەسودی ئەوان، بەڵام من هەر ئارامم گرت. دۆسیەکە مایەوە تا من ناچارکرام وڵات جێبهێڵم، و رەنگە دوای من بەسودی جنێودەرەکان کۆتا هاتبێ.
هەر زنجیرەی ئەو هێرشانەش بوو بۆ سەرم، هەر ئەو گومانانەش بوو کەپێیان وابوو، من پیاوی بەرپرسێکم خۆشیی بەقسەو کارەکانی ئەوان نایەت، بەو هۆیەوە داومە لەبنی هەمانەی دزییەکەیان، وایکرد، زیندانیش ببینم و لەوڵاتیش دەرمبکەن. لێ هێشتاش توڕەنەبوم و جگە لەزمانی رۆژنامەوانی پەرچەکردارێکم نەبووە.
کاک کوردە ی خاوەنی رادیۆ نەوا رەنگە بیری مابێ، چەند ئیمەیلیان بۆ دەنارد و لای ئەویش بەجاسوس و دز و پیاوخراپیان دەکردم، کە ئەوکات کارم لەگەڵ دەکرد.
کەگەشتیشمە سوید، لەسەر راپۆرتێک زۆر شت وترا لەسەرم،زۆریش کرا، کەوا نەبوو، لێ ئەوەش کەیسێکە لای پۆلیس.
بەرانبەر هەموو ئەوانە هەر ئارامم گرت، راستە، رەنگە ئارامگرتنی هەموو ئینسانێک وەک یەک نەبێ، من و تۆش جیاواز بین، بەڵام هێشتاش رەخنەم لەوەت هەیە، کە ئەزمونت ئارامیی پێنەبەخشیوی، خۆڕاگر نەبوویت بەرانبەر ئەو سوکایەتیانەی دەڵێی پێتکراوە، ئەنجام تۆش کەوتیتە هەڵە.
زیاتر لەوە رەخنەم لەرونکردنەوەکەت هەیە، تۆ ئەتزانی توڕەبونەکەی تۆ، ئەگەر تاوانباریش بوبێت ئینسانێکی شکاندووە، کە رەنگە ئەگەر وردی بکەیتەوە، ئەویش قوربانی بێت، بۆیە دوای توڕەبونەکە دەبوو لەو رونکردنەوەدا داوای لێبوردن لەخودی ئەو گەنجە بکەی، نەک لەوانەی بەو قسانەی تۆ نیگەران بوون.
رەخنەم لەوە هەیە جیاوازی زۆر لەناو قسەکانت هەیە، لەدەنگەکەدا دەڵێی، پارتی ئەو گەنجەیان ناردووە پەیجی خوازراوت لەسەر دروست بکات، لەرونکردنەوەکەش دەڵێی، پەیجەکانی یەکێتی ناردویانە ئەوە بکات.
ئەمەجیاوازییەکی گەورەیە. کە دەکرێ بۆ سەلەماندی پێچەوانەی راستی قسەکانت بەکاربێت لەدژت.
بۆیە لەم دوورەوە هیواخوازم ، لەجێی داوای لێبوردن لەخەڵک، داوای لێبوردن لەخودی ئەو کوڕە بکەیت و دڵی ئەوان چاک بکەیتەوە، چونکە ئەگەر ئەو هەڵەشی کردووە بەرانبەرت، تۆش هەڵەت بەهەڵە وەڵامداوەتەوە ،غروری ئینسانیی گەنجێکی هەڵەت شکاندووە. هەر بۆیە رەخنەم لەهەموو ئەوانەش هەیە کەدەنگیان پێدای، ئەگەر هەست بەوە نەکەی، ئێستا ئەزمون و کارت پێمان دەڵێت تۆ کەبڕیارە نوێنەری دەیان هەزار کەس بیت دەبوو سەبر بگری و سەبرت نەتگرت.
رەنگە رەخنەم لەگەنجێکی کەم ئەزمون و بێئاگا لەداو و گەمە موخابەراتییەکان نەبێ هەرچی بکات، بەڵام رەخنەم لەتۆیەک هەیە، کە لەمێژە بەو دۆخە سیاسییەی کوردستان ئاشنایت، دەزانی راگەیاندن چۆن بۆتە تۆڕێکی موخابەراتی ناشیرین، کە خەریکە هەچی جوانییە تێیدا نغرۆی ناشیرینی دەبێت. دەشزانی بۆ زۆر کەس ئاسان نییە، بەرگەی تموحەکان بگرێ کەدەخرێتە بەردەمی، بۆ زۆر کەس ئاسان نییە خۆگربێت و زۆر شت نەکات لەپێناو دەستکەوتە چەورەکانی پشت راگەیاندنەکانەوە، بەڵام هێشتاش ئەو جۆرە کەسانە شایەنی بەزەیی و رێپیشاندانن، نەک شکاندن، چونکە تێ کەوتوون چونکە قوربانین.
من ئەو گەنجە ناناسم کە تۆ لێی توڕەیت، بەڵگەشم لا نییە کە ئەوە یان نا شتی لەسەر ئێوە وتووە، بۆیە قسەکانم بەگشتییە نەک روو لەئەو.
من لەسەر قسەکانی خۆت دەپرسم.
ئایا ئەگەر هاندرابێت ، هاندراو قوربانی نییە؟ قوربانی نەزانیی خۆی.
ئایا ئەگەر بۆ ئەوە بێت کە تۆ ئەڵێی نەکراوە بەبەپرسی نوسینگەو رەدفعلی هەبووە، قوربانی نییە؟ قوربانی حەزی پۆست و پایە.
ئایا پێت وانییە رەنگە هەڵە تێگەشتنێک لەکارێکی تۆ، ئەوەی پێکردبێت؟، ئەی قوربانی ئەوە نییە کەنەگەراوەتەوە لەگەڵ خۆت باسی بکات، یان قوربانی گوێنەگرتنی تۆ نییە لە ئەو؟
ئایا هۆکار پێویستییەک نییە کە بۆی دابینکرابێت و هەبوونی ئەو پێویستییە ئەوەی پێکردبێت، ئەی ئەوکات قوربانی ئەو پێویستییە نییە؟
هەر بەراست پێت وایە تاوانباریش بەشێک نییە لەقوربانی؟
راستە ناکرێ ئەوەی تاوانیکرد بڵێین قوربانییە و لێی خۆش ببین، و لێگەڕێن بەردەوام بێ لەسەر تاوان، بەڵام ئایا وەڵامدانەوەی هەڵە بەهەڵە تاوان نییە؟

ئایا ئەو زمانەی تۆ بۆ لێپرسینەوە، کاری رۆژنامەنوسە؟ ئایا کاری کەسێکە کەساڵانێک کاری کردووە و هەمیشە داکۆکی لە کەرامەتی ئینسان کردووە؟

راستە تۆش ئیسنانی و قابیلی هەڵچونیت، بەڵام ئەوەی کە ئێستا نوێنەری دەیان هەزاری کەسی، فەرزی ناکات لەسەرت خۆگرتربیت؟

بەراست لەدوای ئەوەش کەبیر لەوە بکەیتەوە قوربانییە، هێشتاش پێویست نەبووە لات بچیت و ئاشتی بکەیتەوە؟

ئالەوێوەیە من هەست بەتاوانی تۆ دەکەم و بەپێویستی ئەزانم داوای لێبوردن لەو گەنجە بکەی،وێڕای ئەوەی کەدەڵێی بەڵگەت هەیە و تاوانی کردووە.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com