نوچەنێت: تایبەت
ئەندامێكی لێژنەی ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركوك ڕایدەگەیەنێت، شۆڤێنییەكان هەوڵیان دا ناوچەكە بە تاكڕەوی بەڕێوەببەن و كوردستانیبوونی بگۆڕن، بەڵام پێیان نەكرا. دەشڵێت “دەبێ شۆڤێنییەكان هاوشێوەی هاوڵاتییەكی كەركوكی بە فرەیی و پێكەوەژیان ڕازی بن، یان دەبێ شارەكە بەجێ بهێڵن”.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، شاخەوان عەبدوڵڵا، ئەندامی لێژنەی ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركوك، ڕاگەیاند: عەقڵیەتی شۆڤێنی زیاتر لەلای داگیركەرانی كوردستانە، دەبوو ئەوانە سوودیان لە ئەزموونی ڕابردوو وەربگرتبا، چونكە ساڵانێكی زۆر هەوڵی قڕكردن و لەناوبردنی كوردیان دا، هەروەها ویستیان تاكڕەوانە ناوچەكان بەڕێوە ببەن و كوردستانیبوونی کەرکوک بگۆڕن، بەڵام پێیان نەكرا.
ئەو ئەندامەی لێژنەی ئاساییكردنەوەی بارودۆخی كەركوك، ئەوەشی خستەڕوو “كەركوك شارێكی فرە کولتوور و پێكەوەژیانە كە دەبێ هەموو پێكهاتەكان بە ئازادانە و سەربەرزانە تێیدا بژین، ئیدی عەقڵیەتی شۆڤێنی جێگای نەماوە، دەبێ شۆڤێنییەكان هاوشێوەی هاوڵاتییەكی كەركوكی بە فرەیی و پێكەوەژیان ڕازی بن، یان دەبێ شارەكە بەجێ بهێڵن و هیچ چارەسەرێكی دیكەیان نییە”.
شاخەوان عەبدوڵڵا ئاماژەی بەودا، کە “عەقڵیەتی شۆڤێنی سوود لە ناسەقامگیریی سیاسی دەبینێت، بۆیە هەر كاتێك ڕێككەوتن و لێكتێگەیشتن لە نێوان هەردوو هەولێر و بەغدا و پێكهاتەكان هەبێت، کە شۆفینییەکان دوور دەخرێنەوە، بۆیە هەوڵ دەدەن بە هەموو شێوەیەك دۆخەكە تێك بدەن”.
سەبارەت بە گفتوگۆكانی نێوان هەولێر و بەغدا بۆ ئاساییكردنەوەی ناوچەكان، شاخەوان عەبدوڵڵا جەخت دەكاتەوە، کە “دەبێ گفتوگۆکان بەردەوام بن و لەسەر كۆی پرسەكان بگاتە ئامانجی خۆی، چوونە پێشەوە لە پرسەكان هەیە و دەكرێ بیقۆزینەوە و ڕێككەوتنی لەسەر بكەین، ئەوكاتە كەس ناتوانێت ئاڵۆزی دروست بكات”.