ئەحمەد چەلەبی: ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌که دیاری ده‌کات ده‌بێ ئەمریکاو ئێران دەبێت پشتیوانی له کێ بکەن
کۆشکی سپی زۆر تووڕه‌یه له‌سه‌ر شێوازی کار کردنی ده‌وڵه‌تی عێراق
مالیکی له به‌ڕێوه‌بردنی وڵات تووشی شکستێکی گه‌وره هاتووه هیچ ڕێگایه‌کیشی نه‌هێشتۆته‌وه بۆ قه‌ره‌بووکردنه‌وه‌ی شکسته‌کانی
نوچەنێت. کوردپرێس
هه‌ڵبژاردنه‌کانی په‌رله‌مانی سێهه‌می عێراق ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه 30ی ئهیپڕێڵ/ 10ی گوڵان له سه‌رتاسه‌ری ئه‌و وڵاته به‌ڕێوه‌ده‌چێت. ئه‌م هه‌ڵبژاردنه به له‌به‌رچاوگرتنی ڕه‌وشی ئێستای عێراق هه‌ڵبژاردنێکی چاره‌نووس ساز داده‌نرێت که ده‌توانێت داهاتووی سیاسی عێراق بگۆڕێت و پۆسته‌کانی سه‌رۆک کۆماری و سه‌رۆک وه‌زیران و سه‌رۆکی په‌رله‌مان یه‌کلایی بکاته‌وه به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش شیمانه‌ی ئه‌وه ده‌کرێت ڕهکابهرییهکی قورس له نێوان لایه‌نه عێراقییه‌کان به‌هۆی به ده‌ست هێنانی ئه‌و پۆسته سیادییانه دروست ببێت.
دکتۆر ئه‌حمه‌د چه‌له‌بی، سیاسه‌توانی ناسراوی عێراقی به سیاسه‌توانێکی نوخبه و خاوه‌ن شرۆڤه‌ی سیاسی تایبه‌ت له‌و وڵاته داده‌نرێت. چه‌له‌بی له ساڵی 1965 له زانکۆی ئێم.ئای.تی ئه‌مه‌ریکا وه‌کوو مامۆستا وانه‌ی بیرکاری ده‌وته‌وه و زۆر لایه‌ن شرۆڤه سیاسییه‌کانی چه‌له‌بی ده‌گه‌ڕێننه‌وه بۆ ماتماتیک بوونی هزر و بیری ئه‌و و له‌م بواره به نوخبه‌یه‌ک داده‌نرێت.
چه‌له‌بی به‌رپرسیارێتی ڕه‌وتی سیاسی کۆنگره‌ی عێراقی له ئه‌ستۆ دایه و له هه‌ڵبژاردنه‌کانی په‌رله‌مانی سێهه‌می عێراق وه‌کوو دووه‌م که‌سایه‌تی له لیستی ئیئتیلافی مه‌واتن به‌شداری کردووه.
ماڵپه‌ڕی دیپلۆماسی ئێران به له به‌رچاوگرتنی گرینگایه‌تی هه‌ڵبژاردنه‌کانی په‌رله‌مانی عێراق و ئه‌وه‌ی که ئه‌م مژاره بۆته ڕۆژه‌ڤی میدیا و ڕاگه‌یێنه‌رییه‌کانی عێراق و ته‌نانه‌ت ناوچه‌که‌ش دیمانه‌یه‌کی له‌گه‌ڵ ئه‌حمه‌د چه‌له‌بی ئه‌نجام داوه و ئه‌مه‌ی خواره‌وه ده‌قی دیمانه‌که‌یه:
* گۆڕه‌پانی سیاسی عێراق له‌م دواییانه‌دا گه‌لێک گۆڕانکاری گرینگ به‌خۆوه ده‌بینێت و خه‌ڵکی عێراق وره‌یه‌کی زۆریان هه‌یه بۆ ئه‌م هه‌ڵبژاردنه، گۆڕه‌پانی سیاسی ئێستای عێراق چۆن ده‌بینن؟
– ئه‌حمه‌د چه‌له‌بی: ئه‌م ڕۆژانه به ڕۆژانی زێڕینی عێراق داده‌نرێت. گه‌رچی کێشه و گرفته‌کانی زۆرن و زۆر ناڕازین له‌سه‌ر ڕه‌وشی ئێستاکه‌ی وڵات به‌ڵام گوڕ و تینی هه‌ڵبژاردن خه‌ڵکی گرتۆته‌وه و له‌م دواییانه‌شدا خۆیان بۆ به‌شداری له‌م هه‌ڵبژاردنه ئاماده کردووه. پاش ساڵانێکی زۆری دیکتاتۆرییه‌تی به‌عسی و تووش کردنی عێراق له چه‌ندین شه‌ڕی بێ سوود که بوو به‌هۆی ئه‌وه‌ی گه‌لی عێراق بکرێته گه‌لێکی هه‌ژار و بێ ئیراده تا ڕاده‌یه‌ک که ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌یان بۆ نه‌بوو سه‌فه‌ر بکه‌ن یان ته‌نانه‌ت بتوانن نه‌خۆشییه‌کانی خۆیان ده‌رمان بکه‌ن ئێستا له زۆر بواره‌وه له دۆخی باشترداین. ئه‌م دۆخه‌ی ئێسته هه‌رچیش که بێت، سه‌رجه‌م که‌موکۆڕییه‌کانی زۆر باشتره له ڕابردوو. ئه‌گه‌رچی هێشتاش مه‌ترسییه‌کان هه‌ڕه‌شه‌مان لێده‌کات و که‌موکۆڕییه‌کان زۆرن به‌ڵام ده‌رفه‌تێکی زێڕینمان له‌به‌رده‌ستدایه بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین بناغه‌ی داهاتوویه‌کی باش بۆ خۆمان و جیله‌کانی داهاتوو بونیات بکه‌ین ئه‌و که‌سه‌ی که بڕوای هه‌بێت به عێراق و وڵات و خه‌ڵک و حکوومه‌ت و هه‌وڵ ئه‌دات له‌پێناو ئارمانجی دیموکراتیک و داهاتوویه‌کی باشتر بۆ خۆی و منداڵه‌کانی و وه‌ژینه‌وه‌ی عێراق و ڕزگارکردنی له‌م دژوارییه بێ ئه‌ژمارانه‌ی که پێوه ده‌ناڵێنێ، ده‌بێ ده‌رک به‌وه بکات که پێویسته به‌شدار بێت له هه‌ڵبژاردنه‌کان و له پڕۆسه‌ی سیاسی وڵات‌دا چالاکانه ده‌ور بگێڕێت بۆ ئه‌وه‌ی له‌م ڕێگایه‌وه زۆر خه‌ساره‌کان قه‌ره‌بوو بکرێته‌وه و وڵات بکه‌وێته ڕێڕه‌وی گونجاوی خۆی پێویسته عێراق له‌سه‌ر بنه‌مای پڕۆسه‌یه‌کی به‌رنامه‌ڕێژکراو بڕواته پێشه‌وه و بگاته دۆخێکی باشتر.
ئێمه ده‌بێ بتوانین به گوێره‌ی به‌رنامه‌یه‌کی مه‌زن و به بنه‌ماگرتنی ڕاستییه‌کانی ئێستا به شێوه‌یه‌ک کار بکه‌ین که نه‌ک ته‌نیا خۆمان پێشکه‌وتن به‌ڵکوو بگره بتوانین کاریگه‌ری ئیجابیمان هه‌بێت له‌سه‌ر داهاتووی ناوچه‌که‌ش.
* به‌ڕێزت پێشتر ڕه‌خنه‌ی زۆرت ئاراسته‌ی ده‌وڵه‌تی نووری مالیکی سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق ده‌کرد، به‌ڵام له‌م ڕۆژانه‌دا ڕه‌خنه‌ی که‌متر له زاری ئێوه ده‌بیسترێت به ڕاشکاوانه بڵێ که ڕای به‌ڕێزت له به‌رانبه‌ر سیاسه‌ته‌کانی مالیکی چییه؟
– ئه‌حمه‌د چه‌له‌بی: ئه‌من له هه‌مان ڕۆژێکه‌وه که سه‌رۆک وه‌زیران ڕێگای هه‌ڵه‌ی گرته‌به‌ر ته‌ڤلی ڕیزی ڕه‌خنه‌گرانی سیاسه‌ته‌کانی مالیکی بووم و ڕاشکاوانه ڕه‌خنه‌م گرت له سیاسه‌ت و هه‌ڵوێسته‌کانی. هه‌روه‌ک ئه‌و زمانه‌ش که به ڕێگای دروستدا ده‌ڕۆیشت له‌گه‌ڵ زۆر لایه‌ن پشتیوانیم لێوه ده‌کرد. لێدوانه‌کانی من له به‌رده‌ستدایه و ده‌کرێ نموونه‌ی بهێندرێته‌وه. له ئێستادا به داخه‌وه سیاسه‌ته‌کانی مالیکی شکستیان هێناوه و له به‌ڕێوه‌بردنی وڵات تووشی شکستێکی گه‌وره هاتووه به داخه‌وه هیچ ڕێگایه‌کیشی نه‌هێشتۆته‌وه بۆ قه‌ره‌بووکردنه‌وه‌ی شکسته‌کانی خۆی. له‌وانه‌یه ئاشکراترین هه‌ڵوێست له‌مباره‌وه له‌لایه‌ن مه‌رجه‌عه شیعه‌کانه‌وه ڕاگهیێندرابێت که ڕاشکاوانه شکسته‌کانی مالیکی باس کردووه. به داخه‌وه مالیکی له سیاسه‌ته‌کانی خۆی له‌سه‌ر تاکڕه‌وی و ئاره‌زووی شه‌خسی خۆی کار ده‌کات و ڕوانگه‌یه‌کی به‌رته‌سکی هه‌یه و ڕێ نادات له ڕوانگه‌یه‌کی جیاواز و ده‌لاقه‌یه‌کی دیکه‌شه‌وه چاو له هه‌لومه‌رجی وڵات بکرێت.
* ئایا شیمانه‌ی ئه‌وه ده‌که‌ن مالیکی دیسانه‌وه ببێته براوه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌کان؟
– ئه‌حمه‌د چه‌له‌بی: ڕاستییه‌که‌ی ئه‌وه‌یه که چاوه‌ڕوانی ئه‌و ناکه‌م خه‌ڵکی عێراق چاره‌نووسی خۆیان بخه‌نه ده‌ستی که‌سێکه‌وه له به‌ڕێوه‌بردنی وڵاتێکی وه‌کوو عێراق ناتوان بووه و لێهاتووه نییه. باش ده‌زانم ئه‌م وته‌یه‌م لای ئه‌و که‌سانه‌ی که مالیکی له به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان به‌کار ده‌هێنن ناحه‌زه به‌ڵام ئه‌م ڕاستییه و نکۆڵی لێ ناکرێت.
* ئایا شیمانه‌ی ئه‌وه ده‌که‌ن خۆت جێگای مالیکی بگریته‌وه؟
– ئه‌حمه‌د چه‌له‌بی: هه‌موو ئه‌گه‌رێک له‌ئارادایه. به‌ڵام ناکرێت له ئێستادا هیچ بڵێم. خه‌ڵکی عێراق سه‌رۆک وه‌زیرانی وڵات هه‌ڵده‌بژێرن و به هه‌مان شێوه سه‌رۆک کۆمار و سه‌رۆکی په‌رله‌مانیش له‌لایه‌ن خه‌ڵکه‌وه ده‌ستنیشان ده‌کرێت. من ناتوانم هیچ ڕایه‌کی دیکه‌م ببێت. جیاواز له ده‌نگی خه‌ڵک و ئه‌وه‌ی ئێستا بڵێم وته‌یه‌کی ناڕاست و به په‌له‌وه ده‌رده‌چێت.
* ده‌بێ یه‌که‌مایه‌تی ده‌وڵه‌تی داهاتوو چی بێت؟
– ئه‌حمه‌د چه‌له‌بی: وه‌ڵام زۆر سانایه. عێراق وڵاتێکه له کێشه‌ی بێ‌کاری، هه‌ژاری و نه‌بوونی خانووبه‌ره ده‌ناڵێنێ. ئه‌م کێشانه‌ش گرێدراوی ژیان و گوزه‌رانی خه‌ڵکی وڵاته و بۆیه پێویسته بخرێته یهکهمایهتییهوه. ئه‌وه ئه‌رکی هه‌موو ده‌وڵه‌تێکه چاره‌سه‌ری ئه‌م کێشانه بخاته یه‌که‌مایه‌تی کاره‌کانی خۆی چونکوو له‌و ڕێگایه ده‌توانێت هاودڵی و وابه‌سته‌یی خه‌ڵک بۆ وڵاته‌که‌یان به‌رز بکاته‌وه و پێوه‌ندی ده‌وڵه‌ت و خه‌ڵک تۆکمه‌تر بکات و هاوکاتیش ده‌توانێت سیاسه‌تی ئابووری ئێستای عێراق که له ڕه‌وشێکی خراپدایه دیسانه‌وه بونیاتبکاتهوه و پێشکه‌وتنێکی جیددی بۆ عێراق به‌دی بێنێت. به تایبه‌ت له به‌شی وهژینهوه و دانانی پیشه‌سازی که بناغه‌ی پێشکه‌وتنه بۆ هه‌موو وڵاتێک. ئه‌مڕۆکه عێراق ته‌نیا پشتی به‌ستۆته داهاتی نه‌وته‌وه و ئه‌وه‌ش جێ داخه بۆ ئه‌م وڵاته. ئێمه له فراکسیۆنی مه‌واتن پلانێکی مه‌زن و گشتگیرمان له‌مباره‌وه داڕشتووه.
* له ڕابردوودا باسی ئه‌وه‌تان ده‌کرد دابه‌ش کردنی پۆسته‌کانی له حکوومه‌تی عێراق له‌سه‌ر بنه‌مای تایفی گری سه‌رکه‌وتوو نابێت و ده‌بێ هه‌وڵ بده‌ین بۆ به‌شداری سیاسی. ئه‌مه چۆن ده‌کرێت له حاڵێکدا که گرژی تایفی له عێراقدا گه‌یشتۆته ترۆپک و ته‌نانه‌ت هاووڵاتیانی شیعه و سوننه ئاماده نین سه‌ردانی ناوچه‌کانی یه‌کتری بکه‌ن و جگه له‌وه‌ش ئه‌گه‌ر که‌سیشیان بیهه‌وێ قه‌ت ناوێرێ بڕواته ناوچه‌ی لایه‌نی به‌رانبه‌ر؟ هه‌موو ڕۆژێک به ده‌یان که‌س له خه‌ڵکی عێراق له شیعه و سوننه به‌هۆی هه‌مان ڕوانگه‌ی تایفی گری ده‌کوژرێن ئایا پێت وانییه له هه‌لومه‌رجێکی له‌م جۆره دابه‌ش کردنی تایفی گه‌رانه دیارده‌یه‌کی ناچاری ده‌بێت؟
– ئه‌حمه‌د چه‌له‌بی: به‌ڵێ ئه‌م وته‌یه ڕاسته. به داخه‌وه وڵات له پارچه بوونی تایفی ده‌ناڵێنێ به‌ڵام ئه‌و جۆره دابه‌ش کردنه هه‌ڵه‌یه. نابێت وڵات له‌سه‌ر خواستی تایفی گری به‌ڕێوه‌بچێت. ئێمه ئه‌نجامی نگریسی ئه‌م ڕوانگه‌یه‌مان بینیوه ئێمه پشتیوانی ده‌که‌ین له حکوومه‌تێکی زۆرینه‌ی دوور له دابه‌ش کردنه تایفهگرییهکان ئه‌و حکوومه‌ته‌ی که له‌سه‌ر بنه‌مای نه‌ته‌وه‌په‌ره‌ستی کار بکات و گرینگی بداته توانا و شاره‌زایی که‌سه‌کان نه‌ک پێوه‌ندی تایفی گری و به‌رژه‌وه‌ندی حزبی له لای ئێمه‌وه پشتیوانی لێوه ده‌کرێت.
هه‌روه‌ها داوا ده‌که‌ین ئۆپۆزسیۆنێکی به‌هێز له په‌رله‌مان چاوه‌دێری چالاکییه‌کانی حکوومه‌ت بکات. به گرتنه‌به‌ری سیاسه‌تی له‌م جۆره ده‌توانین کاری باشی زۆر له عێراق جێبه‌جێ بکه‌ین و ئه‌م وڵاته به‌ره‌و پێشکه‌وتن ببه‌ین. چالاکییه‌کانی په‌رله‌مانیش باش نییه له ئێستادا سیاسه‌ته‌کانی ده‌وڵه‌ت له زۆر بواردا تووشی شکست هاتووه و په‌رله‌مانیش کارنامه‌یه‌کی باشی بۆ خۆی دروست نه‌کردووه. ده‌بێ له په‌رله‌مانی داهاتوو چه‌ندین کۆمیته‌ی تایبه‌ت له‌لایه‌ن په‌رله‌مانتاران و فراکسیۆنه‌کانه‌وه دروست بکرێت و کۆمیته‌کان به وردبینییه‌وه چاودێری سه‌رجه‌م مه‌سه‌له‌کانی ئابووری، سیاسی، ئاوه‌دانکردنه‌وه، کۆمه‌ڵایه‌تی و فه‌رهه‌نگی وڵات بکه‌ن.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش پێویسته ده‌ست بکه‌ین به به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی دارایی. به داخه‌وه له ئێستادا به‌ره‌نگاری گه‌نده‌ڵی ناکرێت و ئه‌گه‌ریش بکرێت ده‌بێ له ڕێگای چه‌که‌وه بێت. کاتێک چوارچێوه‌یه‌کی کرده‌ییمان دانابێت بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی له وڵات، ئه‌وا به ناچار په‌نا ده‌به‌ینه به‌ر ئاسانترین ڕێگا واتا به‌کارهێنانی زه‌بری چه‌ک.
له حاڵێکدا ئه‌وه هه‌ڵه‌یه و کاریگه‌ریش نه‌بووه. ئێمه ده‌بێ چوارچێوه‌یه‌کی ڕوون و دیاریکراومان بۆ ئه‌و بابه‌ته و دیکه‌ی بواره‌کان هه‌بێت ئه‌و گه‌نده‌ڵییه‌ی که دزه‌ی کردۆته سه‌رجه‌م پێکهاته و خانه‌کانی ده‌وڵه‌ت و وڵات و کاری کردۆته سه‌ر هه‌لومه‌رجی عێراق
* وه‌کوو پیاوێکی ئابووری که چالاکی به‌ربڵاوی ئابووری هه‌بووه، خوێندنه‌وه‌تان چییه له‌سه‌ر داهاتووی ئابووری عێراق؟
– ئه‌حمه‌د چه‌له‌بی: داهاتوویه‌کی زۆر باش! به‌ڵام به‌و مه‌رجه‌ی که به‌ڕێوه‌بردنی وڵات سه‌رکه‌وتوو بێت و له ڕێگای پشت به‌ستن به زانست و توانای نوخبه و شاره‌زاکان و ئه‌ندیشه‌ی زانستی نوخبه‌کانی وڵاته‌وه کاروباره‌کان جێبه‌جێ بکرێت ته‌نیا ئه‌گه‌ر وا بڕوات ده‌توانین هیوامان هه‌بێت به وه‌ژینه‌وه‌ی عێراق و داهاتووه‌که‌ی.
* ئه‌مه‌ریکا ده‌ورێکی به‌رچاوی گێڕاوه له دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی نوێ عێراق له چالاکی سه‌ربازییه‌وه تا پشتیوانی کردن له هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ی دووباره‌ی مالیکی له ساڵی 2009، به گشتیی سیاسه‌تی ئه‌مه‌ریکا و به تایبه‌ت باراک ئۆباما، سه‌رۆک کۆماری ئێستای ئه‌و وڵاته له به‌رانبه‌ر عێراق چۆن لێکده‌ده‌یته‌وه؟ ئایا ئه‌م هه‌لومه‌رجه‌ی عێراق بۆ ئه‌وان جێ قبووڵ کردنه؟
– ئه‌حمه‌د چه‌له‌بی: کۆشکی سپی زۆر تووڕه‌یه له‌سه‌ر شێوازی کار کردنی ده‌وڵه‌تی عێراق به تایبه‌ت به‌هۆی شکست هێنانی ئه‌م ده‌وڵه‌ته له دابین کردنی باری ئه‌منی وڵات و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی نائه‌منی و هه‌روه‌ها به‌هۆی ئه‌و گه‌نده‌ڵییه به‌ربڵاوه که سه‌رتاسه‌ری عێراق ته‌نیوه‌ته‌وه و ئه‌وه‌ش که له‌م چه‌ند ساڵه هیچ چالاکییه‌کی ئاوه‌دانکردنه‌وه و ئابووری له عێراق ئه‌نجام نه‌دراوه و ئه‌وه‌ش سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی که ئه‌م وڵاته له ماوه‌ی ته‌نیا 8 ساڵ زیاتر له 800 میلیارد دۆلار ده‌ستکه‌وتووه داهاتی و ئه‌وه‌ش ئه‌مه‌ریکای زۆر تووڕه کردووه ئه‌و بڕه‌پاره زه‌به‌لاحه به ڕاستی ده‌توانێت عێراق به شێوه‌یه‌کی باش بونیات بکاته‌وه. ئه‌مه‌ریکا به هیچ له‌ونێک ڕازی نییه له‌م دۆخه‌ی ئێستای عێراق.
* ئایا ئه‌گه‌ری ئه‌وه له‌ئارادایه ئه‌مه‌ریکا دیسانه‌وه پشتیوانی له مالیکی بکات له هه‌ڵبژاردنه‌کان؟
– ئه‌حمه‌د چه‌له‌بی: سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌و ڕه‌خنانه‌ی که ئاراسته‌ی نووری مالیکی و سیاسه‌ته‌کانی ده‌کرێت و سه‌ره‌ڕای هه‌موو که‌موکۆڕییه‌کان ڕوانگه‌ی ئه‌مه‌ریکا له‌سه‌ر نووری مالیکی ئیجابییه. هۆکاره‌که‌شی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی که ده‌ڵێن ئه‌لته‌رناتیڤێکی جیددی بۆ مالیکی نابینن. به‌ڵام به‌وه‌شه‌وه ئه‌مه‌ریکاش دان به‌وه داده‌نێت که ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌کان هه‌موو شت یه‌کلایی ده‌کاته‌وه و ده‌بێ چاوه‌ڕوانی ئه‌وه بکه‌ین ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن چی ده‌بێت؟ ئه‌وه‌ی له هه‌ڵبژاردن یه‌کلایی بکرێته‌وه هه‌مووان ناچارن ملی پێ دانێن و قبووڵی بکه‌ن. ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌که دیاری ده‌کات ده‌بێ پشتیوانی له کێ بکرێت.
* ئایا ئه‌م وته‌یه ئێرانیش ده‌گرێته‌وه؟
– ئه‌حمه‌د چه‌له‌بی: به‌ڵێ بێگومان. ئه‌گه‌رچی باسی ئه‌وه ده‌کرێت که ئێرانیش پشتیوانی له نووری مالیکی ده‌کات و هۆکاره‌کانی ئه‌وه‌ش ئاشکرایه به‌ڵام ئێرانیش هه‌ندێ ڕه‌خنه‌ی له‌سه‌ر مالیکی هه‌یه. ئێران هه‌میشه هاوڕێ گه‌لی عێراق بووه و به گه‌وره‌ترین وڵاتی دراوسێ عێراق دێته ئه‌ژمار که له ماوه‌ی ساڵانی ڕابردوو یارمه‌تی زۆری داوه‌ته عێراقییه‌کان.
ئێران تاکه وڵاتێکه له‌پێناو سه‌قامگیری له عێراق هه‌وڵی داوه سه‌قامگیری و ئاسایشی عێراق پێوه‌ندی ڕاسته‌وخۆی هه‌یه به ئاسایش و سه‌قامگیری ئێرانه‌وه و ئێرانییه‌کانیش به باشی ئاگایان له‌و بابه‌ته‌یه و بڕواشیان پێ هه‌یه. ئێرانییه‌کان هاوڕێ ئیراده‌ی گه‌لی عێراقن. ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ئێرانیش پشتیوانی له مالیکی بکات دوا جار ڕێز له ئیراده‌ی گه‌لی عێراق ده‌گرێت و ئه‌گه‌ر ئیراده‌ی گه‌لی عێراق له ڕای ئه‌وان جیاواز بێت ئه‌وا ئێرانییه‌کان دژایه‌تی ئه‌و ئیراده‌یه ناکه‌ن.
ژێده‌ر: دیپلۆماسی ئێران
له فارسییه‌وه: شیوا فه‌کووریان