محەمەد ئیلخانی: نێچیرڤان بارزانی نوێنەری هەموو پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستانە

0

نوچەنێت-تایبەت

نێچیرڤان بارزانی، تەنیا کاندیدە بۆ سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان، ئەزمونێکی باشی لە پەیوەندی نێوان لایەنە سیاسییەکاندا ھەیە. ئایا چوارساڵی سەرۆکایەتی ئەو لەم پۆستە چۆن دەبێت؟ ئایا وەک ئەوەی دۆخی کوردستان پێویستی پێیەتی ئەزمونی رابردووی وا دەکات گەشبین بن پێی؟ ئەزمونی حکومەتداری و دیپلۆماسیەتی ئەو تاچەند یارمەتیدەری سەرکەوتنی دەبێ؟          

محەمەد سەعدەدین ئەنور شكور، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتى گه‌شه‌پێدانى توركمانی لە پەرلەمانی کوردستان، پێیوایە کاندیدکردنی نێچیرڤان بارزانی، بۆ پۆستی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، تەنها پەیوەندی بە ڕێککەوتنی پارتی لەگەڵ لایەنەکان نییە، بەڵکو هۆکاری سەرەکی کاندیدکردنەکەی دەگەڕێتەوە بۆ خودی کەسایەتی نێچیرڤان بارزانی، کە هەموو لایەنەکان هاوڕان لەسەر ئەوەی، کە کەسایەتییەکی زۆر بەهێزە و ئەزمونێکی باشی هەیە لە بەڕێوەبردنی هەرێمی کوردستان.

محەمەد ئیلخانی دەڵێت “لەو ڕۆژانەی دۆخی هەرێم باشبووە و ئەو سەرۆکی حکومەتی هەرێم بووە، توانیویەتی کاری باش بکات لە ڕووی پێشکەوتنی هەرێمی کوردستان بە تایبەتی لە پایتەخت، ئەو کاتانەش، کە هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی قەیرانی داریی بووەوە، توانی لەو کاتە سەختانەشدا بە شێوازێکی زۆر باش ئیدارەی هەرێمی کوردستان بکات”.   

هەروەها دەڵێت “ئێمە وەک پێکهاتەی تورکمانی بۆئەوەی سەقامگیری سیاسی هەرێمی کوردستان بە هێزتر بێت و بە شێوازێکی باش نوێنەرایەتی بکرێت، بۆئەوەی مافی پێکهاتەکان و ئەو پێکەوە ژیانەی برایەتی و تەبایی لەنێوان لایەنەکان هەیە بەردەوام بێت، لەبەر ئەوەی نێچیرڤان بارزانی، وەک کەسایەتییەکی سیاسی و نێودەوڵەتی پەیوەندی زۆرباشی هەیە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا، ئەمە فاکتەرێکی زۆر بەهێزە بۆئەوەی یارمەتی دەربێت بۆئەوەی کەسایەتییەکی زۆر بەهێز ببێتە سەرۆکی هەرێمی کوردستان”.                     

سەرۆکی پارتی پارتی گەشەپێدانی تورکمانی باسی لەوەشکرد، ئەگەر سەیری قۆناغەکانی پێشووتر بکەین هەرێمی کوردستان جیاوازی هەبوو لەگەڵ وڵاتانی تر، لەبەر ئەوەی پێشتر ڕێزدار مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێم بوو، بەهۆی بەهێزی، کەسایەتی بارزانی، هەرێمی کوردستان ڕۆڵێکی بەرچاوی هەبوو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و بەشێوازێکی زۆر باش نوێنەرایەتی دەکرا. دەشڵێت “بۆیە پێویستە پاش بارزانی، کە سایەتییەکی وەک نێچیرڤان بارزانی، نوێنەرایەتی هەرێمی کوردستان بکات، بۆ ئەوەی وەک جاران پارێزگاری لە قەوارەی هەرێمی کوردستان بکات. هەروەها ئەو نمونەی پێکەوە ژیانەی، کە لە نێوان نەتەوەکان و پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان هەیە بمێنێتەوە”.                                                                                                                 

ئیلخانی جەختیش دەکاتەوە لەوەی، کە هەرێمی کوردستان بووەتە نمونەی پێکەوە ژیانی پێکهاتە و نەتەوەکان و دەڵێت “ئێمە دڵنیاین لەوەی، کە مەسیرەکە بەردەوام دەبێت و نێچیرڤان بارزانییش دەتوانێت بەشێوازێکی زۆرباش نوێنەرایەتی هەرێمی کوردستان بکات و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان، وڵاتانی دراوسێ و جیهان پتەوتر بکات، لەلایەکی تریشەوە نێچیرڤان بارزانی، تەنها نوێنەری پارتی نییە، بەڵکو نوێنەری هەموو پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستانە”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com