نوچەنێت: تایبەت
سەرەڕای زیاتربوونی مەترسییەکانی روودانی شەرێکی گەورە لە نێوان ئێران و ئەمریکا، شرۆڤەکارێکی سیاسی کورد رایدەگەیەنێت، هێشتا هیچکام لەم دوو وڵاتە رەکەبەرە بەکردەیی نیازی شەڕ وپێکدادانیان نییە.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، حەسەن بارام، شرۆڤەکاری سیاسی، لەبارەی ئەگەری روودانی شەڕی ئێران و ئەمریکا رایگەیاند: سەرباری هەڕەشەوگوڕەشە وهێنان وکۆکردنەوە وئامادەسازی بۆ جەنگ، بڕوام وایە هێشتا هیچکام لەم دوو وڵاتە ڕەکەبەرە بەکردەیی نیازی شەڕ وپێکدادانیان نییە؛ ئەمریکا وهاوپەیمانەکانی لەناوچەکەدا هەموو پێوەر وئاماژەکان پێمان دەڵێن لەکاتی ڕوودانی جەنگ دا ئەمان براوە دەبن، بەڵام لەبنەڕەتدا زۆر ئارەزووی ڕوودانی ئەم جەنگە ناکەن، یەکەم تا ئەم چرکە ساتە ئەمریکا نەیتوانیوە کۆدەنگییەکی نیودەوڵەتی بۆ ئەم شەڕە دروست بکات، دووەم لە زیانە گیانی وداراییەکان دەڕدۆنگە و بەترسەوە مامەڵە دەکات. سێهەم، ترس لە دووبارەبونەوەی ئەزموونی عێراق لە ئێران. چوارەم، کۆماری ئیسلامی ئێران پێ وایە لە کاتی ڕوودانی ئەم شەڕەدا سەرئەنجام ئەو تێکدەشکێت و تێدا زیاندمەندی یەکەم دەبێت و کۆتایی بەهەژمون وبوونی دێت.
حەسەن بارام دەشڵێت، لەبەر ئەو هۆکارانەی باسکرا هەر یەک لە ئەمریکا و ئێران سەرەڕای هەڕەشە و گوڕەشەکانیان، لە ناخەوە حەز بە روودانی ئەم جەنگە ناکەن؛ ئەمەش بەو مانایە نایات ئەگەری شەڕ زۆر دور بێت، لەلایەک ترس وهەڕەشەکانی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل و کەنداو، لە لایەکی ترەوە هەژمونی سەپێندراوی ئێران بەسەر عێراق، یەمەن، لوبنان وسوریادا، سەرەڕای دۆسییەی چەکی ئێرانی وچەندین پرس وگرفتی ئابوری، پرسی گفتوگۆ و رێککەوتنیشی نەختێک ئەستەم بووە.
ئەو شرۆڤەکارە ئەوەشی خستەڕوو، کە لە ئێستادا ئێران مەحکومە بەوەی بگەڕێتەوە نێو سنوورەکانی خۆی و سەرجەم هەژمون و بوون وهەڕەشەکانی بۆ دەرەوەی خۆی کۆتایی پێ بهێنێت و رێککەوتنێکی نوێ لەبارەی چەکەکانییەوە واژۆ بکات، وەک ئەوەی ئەمریکا و رۆژئاوا دەخوازن؛ ئەو کاتە لانی کەم لەمەودای دوور و نزیکدا تارماییەکانی جەنگ تا ئەندازەیەک زیاتردەڕەوێتەوە.