عیرفان رهنمون: ئێران کارتێکی زۆری بۆ یاریکردن لەبەردەستدا نییە

0

نوچەنێت

عیرفان رهنمون، چالاکی سیاسی کورد (رۆژهەڵاتی کوردستان)، لە دیمانەیەکی تایبەت بە نوچەنێت دەڵێت “سوپای پاسداران پشکێکی گرنگی لە ئابووری ئێراندا هەیە و بە تیرۆریست ناساندنی، گەمارۆوە ئابوورییەکانی ئێران توندتر دەکاتەوە. هەروەها بە لاوازبوون و نەمانی ئەو رژێمە، بزاڤی ڕزگاریخوازی نەتەوەیی کورد گەشە دەکات و دەبێتە یەکێک لە ئەکتەرە گرنگەکانی شانۆی سیاسەت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا”.

نوچەنێت: لە روانگەی ئێوەوە خستنە لیستی تیرۆر (سوپای پاسداران) تاچەند قورسایی لەسەر دەسەڵاتی ئێران دروست دەکات؟

عیرفان رهنمون: بڕیاری زیادکردنی سوپای پاسدارانی رژێمی ئێران بە لیستی گروپە تیرۆریستییەکانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، گرنگترین بڕیاری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە، کە لەماوەی ٤٠ ساڵی تەمەنی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا، دژ بەو رژێمە داویەتی و ئەم بڕیارە گرنگە، دەتوانێ خاڵی وەرچەرخانی گرنگ بێ لە پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵات دا و گەلێ لێکەوتەی سەربازی، سیاسی و ئابووری لێ دەکەوێتەوە.

“ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان
زیاتر لە جاران دەبێ”

نوچەنێت: ئەو بڕیارەی ئەمریکا چ کاریگەرییەکی لەسەر ناوخۆی ئێران دەبێ؟

عیرفان رهنمون: بەو هۆیەوە، کە سوپای پاسدارانی ئێران گرنگترین بەش لە ناوکی سەختی رژیمی ئێران پێکدێنی و گرنگترین باڵی سەربازیی رژێمی ئیسلامی ئێرانە و لە راستیشدا یەکێ لە کارتێلە گەورەکانی ئابووری ئێرانیشە، بڕیاری ئاماژە پێکراو، کاریگەرییەکی دەرهەست لە هاوکێشە نێوخۆییەکانی ئێران دا، دادەنێ. بەو هۆیەوە، کە سوپای پاسداران پشکێکی گرنگی لە ئابووری ئێراندا هەیە، ئەو بڕیارە گەمارۆ ئابوورییەکانی ئێران توندتر دەکاتەوە و تەنگژەی ئابووریی زێدەتر بۆ رژیمی ئێران پێکدینێ و دەتوانێ ڕادەی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان زیاتر لە جاران بباتە سەرەوە.

“دەسەڵاتێکی بەتەواوی سەربازی لە ئێران
دێتە سەر شانۆی سیاسەت”

نوچەنێت: بەڕای ئێوە ئێران دەتوانێ چ کارتێک یان چ کردەوەیەکی هەبێ دژی ئەمریکا؟

عیرفان رهنمون: رژێمی ئێران لەم دۆخەدا، کارتێکی زۆری بۆ یاریکردن لەبەردەستدا نییە و دەتوانین بڵێین، کە لە ڕووی سیاسی و ئابوورییەوە بە تەواوی ئاچمەز کراوە. تەنیا کارتێ، کە دەتوانێ کەڵکی لێوەر بگرێ، کارتی دنەدانی گروپە تیرۆریستییەکانە دژ بە بەرژەوەندییەکانی ئامریکا و ئیسرائیلە؛ بەڵام رژیمی ئێران باش دەزانێ، کە ریسکێکی وا زۆر لەسەرەوەیە و پێشبینی دەکەم، کە تا هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری لە ئەمریکا، رژێمی ئێران، زۆر بە وریاییەوە بجووڵێتەوە و یاری بە کلکی شێر نەکات.

“ئێران کارتێکی زۆری بۆ یاریکردن
لەبەردەستدا نییە”

نوچەنێت: پێتانوایە بە مەبەستی فشار یان زیاتر بۆ شەڕ ئەو بڕیارە دراوە، کە بە دیاری کراوی سوپای پاسدارن بکرێتە ئامانج؟

عیرفان رهنمون: پێم وایە ئەو بڕیارە بۆ ئەوە دراوە، کە رژێمی ئێران زیاد لە قەبارەی خۆی پەلوپۆی لە رۆژهەڵاتی ناڤیندا کوتاوە و لە رێگەی سوپای پاسدارانەوە، نیمچە ئیمپراتۆرییەکی بۆخۆی لەو ناوچە هەستیارە گرنگە ژیئۆستراتیژیکەدا پێکهێناوە، ئەمەش واتە هەڕەشە لەسەر بەرژەوەندییە سیاسی و ئابوورییەکانی رۆژئاوا و هاوپەیمانەکانی، کە زیاتر خۆی لە ئیسرائیل و عەرەبستانی سعوودیە دا دەبینێتەوە. هەر بۆیە ئەمریکا بەم بڕیارە، دەیەوێ سنوورێکی تۆخ بۆ رژێمی ئێران دابنێ، تەنانەت ئەگەر لێکەوتەکەیشی جەنگێکی نوێ بێ لە ناوچەکەدا.

“ئێران بەخێرایی هەرەس دێنی”

ئامانجی سەرەکی ئەمریکا لەم بڕیارە ئەوەیە، کە ئێران بکاتەوە بە قاوغی خۆیدا و پەلۆپۆی بکات و بیکاتە تەیرێکی مەعقوول و ناچاری بکات، بێتە سەر مێزی وتووێژ و زەبوونانە و مەرجەکانی ئەمریکا قبوڵ بکات. واتە ئەمریکا بڕیاری خۆی داوە و بەخۆشی بێ یان ناخۆشی، پاشەکشە بە ئێران دەکات و ئەمەش بەو مانایەیەکە ئەو وڵاتە لە سیاسەتەکەی خۆیدا، ڕژد و پێداگرە و ئێستا تۆپەکە لە مەیدانی ئێران دایە. واتە ئەوە ئێرانە، کە دەبێ خۆی یەکلایی بکاتەوە یان دەبێ بێتە سەر مێزی وتوێژ یان دەبێ باجی سەرەڕۆییەکانی بدات. ئەڵبەت ئەوە بەو مانایە نییە، کە لە کورتخایەندا، هێرشی سەربازی دەکرێتە سەر ئێران، چونکە ئامانجی یەکەمی ئەمریکا وەک ئەوەی، کە خۆی رایگەیاندووە “گۆڕینی هەڵسوکەوتی ئێرانە، نەک گۆڕینی رژێمی ئێران”.

رژێمی ئێرانیش باش دەزانێ، کە لە ئەگەری ڕوودانی شەڕدا، تەنانەت ناتوانێ هەفتەیەکیش بەڕەڤانی بکات و بەخێرایی هەرەس دێنی؛ هەربۆیە پێم وایە سەرەڕای گڤاشە بێناوەرۆکەکانی رژێمی ئێران، بەکردەوە بیانووی گورزی سەربازی بە ئەمریکا نادات و تا “خامنەیی”(رێبەری شۆڕشی ئیسلامی ئێران) مابێ، دروشمی بێ ناوەرۆک و خۆپاراستن لە گورزی سەربازی، سیاسەتی سەرەکی رژێم دەبێ و بە دووری دەزانم، تا هەڵبژاردنی ئەمریکا و مردنی خامنەیی، ئاڵوگۆڕێکی گرنگ ڕوو بدات. بەڵام ئەوەی، کە ڕوونە ئەوەیە، کە رژێمی ئێران لە پاشەکشە دایە و بەرەو داڕووخان دەڕوات و لە درێژخایەن دا، شانسی مانەوەی نییە.

“مەترسی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست
کەمتر دەبێتەوە”

نوچەنێت: پێتانوایە مەترسی لەسەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروست دەبێ یان بووە بەهۆی ئەو بڕیارەی ئەمریکاوە؟

عیرفان رهنمون: پێم وایە ئەو بڕیارە، مەترسی رژیمی ئێران لە سەر ناوچەکە لە درێژخایەن دا کەم دەکاتەوە، چونکە رژێمی ئێران، ماکە و سەرچاوەی سەرەکی توندوتیژی، تیرۆریزم و ناسەقامگیرییە لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناڤیندا و تا ئەو رژێمە مابێ، ناوچەکە تەبایی و تەناهی بەخۆیەوە نابینێ. دیارە ململانێی زلهێزێکی وەک ئامریکا و رژێمێکی وەک ئێران، بێ تێچوو و بێ کاریگەری نابێ و ئەگەر ڕووبەڕووبوونەوەی تەکنۆلۆژیای سەربازی ببێتە بژاردەی سەرەکی، بوومەلەرزەیەکی بەهێزی سیاسی ناوچەکە دەهەژێنێ و لێکەوتەکانی ئەوەندە بەربڵاو دەبێ، کە پێشبینییان ئەستەمە.

“کورد دەبێتە یەکێ لە ئەکتەرە گرنگەکان
لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست”

نوچەنێت: بەگشتی دەرهاویشتەکانی، سوپای پاسداران لاوز دەکات، ئەگەر شەڕیش روونەدات؟ ئێوە چۆن دەیبینن؟

عیرفان رهنمون: دەرهاویشتەی ئەم بڕیارە، تەنیا لاوازکردنی سوپای پاسداران نییە، بەڵکو پێموایە لە درێژخایەن دا و بەئەگەری زۆر، تەفروتوناکردنی سوپای پاسدارانیشی لێدەکەوێتەوە. چونکە ئەم بڕیارە، بڕیارێکی ئاسایی نییە و ئەمە یەکەمجارە لە مێژوودا، کە هێزی چەکداری و فەرمی وڵاتێک لەلایەن وڵاتیکی دیکەوە بخرێتە لیستی تیرۆرەوە؛ بەڵام هەروەک پێشتر ئاماژەم پێکرد، هەموو ئەمانە بەندە بە هەڵبژاردنەوەی دووبارەی دۆناڵد ترامپەوە. چونکە دوور نییە بە هەڵبژاردنی سیاسەتڤانێکی دیموکراتەکان، ڕووداوەکان بە ئاراستەیەکی جیاواز دا بڕۆن. ئەم بڕیارە، ڕاستەوخۆش کارتێکەری و پەیوەندی بە هەموو نەتەوەی کوردیشەوە بەگشتی و کوردی رۆژهەڵاتی کوردستانەوە بە تایبەتی هەیە. لاوازبوون یان تەفروتوونابوونی سوپای پاسداران، بەمانای لاواز بوون و تەفروتوونا بوونی دوژمنی پلە یەک و پلانداڕێژەری دژە کوردە و بە لاوازبوون و نەمانی ئەو رژێمە، بزاڤی ڕزگاریخوازی نەتەوەیی کورد گەشە دەکات و دەبێتە یەکێک لە ئەکتەرە گرنگەکانی شانۆی سیاسەت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com