کوشتنی ژن/ مرۆڤ، دەرئەنجامی کوشتنی عەقڵە!

0

بەهرە حەمەڕەش

فەیلەسوفی ئەڵمانی فریدریش نیتشە دەڵێت، ئەگەر لە کۆمەڵگەیەک دا (ئستاتیکا) نەما، هێزی رەق سەردەست دەبێت.

هێزی رەق، لە کۆمەڵگەی نەریت سالار و پیاو سالاری دا، وەکو نیشانەی “پیاوەتی” باس و تێڕوانینی بۆ دەکرێت، چونکە لەم جۆرە کۆمەڵگەیە دا لە ئەنجامی زاڵبوونی عەقڵی کۆنەخواز و چەقبەستووی دژە نوێگەری کلتورێک دروست دەبێ، شانازی بە هێزی جەستە و چەوساندنەوەی ئەوانیتر لە سەر بنەمای رەگەز و ئایین نەتەوە دەکات. لەم سستمە دا عەقڵ هەمیشە لە پاشەکشێدایە و کێ بەهێزبێت ئەو ئاغا دەبێ. رەوشی کۆمەڵایەتی هەر کۆمەڵگەیەک دەرئەنجامی نەریت و رێزگرتن لە مرۆڤەکانە، بەهاو نۆرمە کۆمەڵایەتییەکان لە کۆمەڵگەی نەریت سالاری دا لە مرۆڤەکان پیرۆزتر دەبن. بە ئاستێک، کە لە جیاتی ئاین و سستم بخرێتە خزمەتی مرۆڤ، راستە ئاین بۆ مرۆڤ هاتووە، بەڵام لایی ئێمە مرۆڤەکان دەکرێنە قوربانی ئاین و بەرنامەکانی ژیان. بۆیە کۆمەڵگەیەکی شەڕئاشوب و پڕ لە کێشەی کۆمەڵایەتی دەخوڵقێت. ئاسایی دەبێت، کە مرۆڤەکان لە سەر (نامەیەکی مۆبایل، کۆتر و سەرچۆپی) یەکتر بکوژن، زمانی هێزی جەستە جێگەی زمانی لۆژیک دەگرێتەوە. لێبوردن و زمانی نەرم، وەکو شورەیی و خەسڵەتی مرۆڤی بێ دەسەڵات ئەژمار دەکرێت. لە وەها تێگەیشتن و عەقڵیەتێک دا، دروستبوونی تاکی ئازاد و هوشیار ئەستەم دەبێت، هەوڵەکان لە سەر ئاستی تاک و گروپی بچوک دەمێننەوە، چونکە هەموان چاوەڕوانن (ریش سپی و کەسانی خاوەن دەسەڵات) رێوشوێنیان بۆ دابنێن. ئەوەش کە روودەدا “ئەمری ئیلاهییە” و دەبێ هەموان پێی رازی بن، بۆیە پێویست بە لێکۆڵینەوە بیرکردنەوە لە روودانی تاوانەکان، بە پێویست نازانرێت.

لە کۆمەڵگەی ئێمەدا بەبیانووی جۆراوجۆر، هەوڵی کوشتن و پەردەپۆشکردنی جوانییەکان دەدرێت، لە جیاتی نەوەکان فێری ژیان دۆستی بکرێن، ساتەکان ژیان دەخرێنە خزمەت و چاوەڕوانی مردن، لە جیاتی چوونە سینەما و چێژ وەرگرتن لە فیلم و شانۆگەرییەک، چێژ لە دیمەنی شەڕە سەگ و شەڕە کەڵەباب، وەردەگرن، دیمەنی سەماکردن و ماچێک بە نامۆ و کوشتن و سەربڕین ئاسایی دەبێتەوە.

باسکردنی چەمکەکانی (شەرەف، پیاوەتی و ئەخلاق) هەمیشە گەرمە، وەکو پاساوی کەسانی تاوانکار دێنە بەرباس، بەڵام بەمانا و تێگەیشتنی هەڵە و وەک هەمیشە لە شوێنی هەڵە بەکاردەهێنرێن. ئاوەژووکردنەوە و ئاڵۆگۆڕی بەهاکان گەیشتۆتە ئاستێک، کە خیانەت لە خاک و هاوخوێنەکان ئاسایی کراوەتەوە، هەموان بە ژیان وەکو گەل و میللەتێکی ژێر دەستە رازی و بێ دەنگن، بەڵام بەرامبەر بە لادانێکی مێینەی خیزان یانیش دراوسێیەک خوێن دەڕێژرێت و پیاوەتی تەنیا لەم ئاستە دا خۆی دەنوێنێت.

باسکردنی شەرەف، وەک گەلێکی ژێر دەستە لە بەرگریکردن لە خاک دا نابیننەوە، ئەوەندەی لە خۆ زاڵکردن و چەوساندنەوەی کەسانی بێ دەسەڵاتدا نمایش دەکرێت.

ئەم عەقڵیەتە زاڵە ئامادەیە بە چەندان رۆژ باس لە ئافرەتێک بکات کە “تەنورەکی کورتی لە بەرکردووە”، بەڵام بۆی ئاساییە، عەرەب یان تورک و فارسێک لە بازگە یانیش ناو خاکەکەی خۆی سوکایەتی پێ بکات و هیچ کاتێکیش لای جێی باس نابێت.

کۆمەڵگەی کوردی وەک هەر کۆمەڵگەیەکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کار لە سەر رەگی کێشەکان ناکرێت، چاکسازی کۆمەڵایەتی لە کارە ناپێویستەکانە و کەس هەوڵی بۆ نادات، پرسیارکردن و دروستبوونی پرسیار لە سنوری حەرامەکانە، ئەگەر کەسێک لە هۆکار و بنچینەی کێشەکان بکۆڵێتەوە، بەهۆکارێک سەرکوت دەکرێت و بە کەسێکی گومڕاو لەرێ لادەر دەناسرێت. بەمجۆرە کەسێکی کۆمەڵایەتی و خۆشەویست نابێت، بۆیە هەمیشە لە مچۆرە کۆمەڵانە دا مرۆڤ لە پرسیارکردن خۆی لادەدات. بۆ ئەوەی ببنە کەسێکی خۆشەویست سەر بۆ هەمووکارێکی گەورەکان دەلەقێنن و ستایشی دەکەن. لەکاتێکدا پرسیارکردن نیشانەی جوڵانی هزر و بیرکردنەوەی مرۆڤە.

لە سستمی ئاغاوکۆیلەدا داننان بە هەڵەو داوای لێبوردن، دوو کاری نامۆن، لە جیاتی ئەوە تۆڵەسەندنەوە دەبێتە کاری باو، هزر لە پاشەکشێ دا دەبێت. قبوڵ نەکردنی هەڵە و نەبوونی عەقڵیەتێک، کە دەسەڵات لە لێبوردن داببینێت، زمانی گفتوگۆ بە ناپێویست دەزانرێت. لەم عەقڵیەتە نەریتییە دا رێساکان لە دینەوە دەربازی ژیان بوون “باوک، سەرۆک و رەمزەکان” هەڵەناکەن. بۆیە پەیوەندییەکان هەر لە یەکەکانی خێزانەوە تا گروپ و بازنەی گەورەتر تەندروست نین، مرۆڤە کەللەرەقەکان وەک پاڵەوان باس دەکرێن. لەکۆمەڵێکدا کوشتنی فیزیکی هەبوو، کەواتە بەر لەوە عەقڵ و هزر کوژراوە، شکستی کورد وەکو نەتەوەش لە هەموو قۆناغەکان دا، بەهۆی شکستی عەقڵەوە بووە، ئەگەرنا کورد جەنگاوەر و پاڵەوانی زۆرە. هەمیشە براوەی شەڕ و دۆڕاوی گفتوگۆیە. ئەم کلتورە لە ئەنجامی شکستی عەقڵە، لە کۆمەڵگە دا کە ئێمە لە مەیدانی شەڕ لە گەڵ دوژمن براوە و لە سیاسەتدا پاشەکشێ دەکەین.

لەو کۆمەڵگانەی، کە شۆڕش کراوە و ئێستا وڵاتی مۆدێرنن، هەمیشە جەخت لە سەر سەنتەربوونی مرۆڤ کراوەتەوە. دوای رێنسانس لە ئیتاڵیا/ سەدەی ١٥ کاریان لە سەر سێ تەوەر کرد (تاک، کۆمەڵگە و دەوڵەت)، ئێستا لە کۆمەڵگە و وڵاتە هەرە پێشکەوتووەکانە. کەواتە تاک سەنتەری بیرکردنەوەیە. لە سەر بنەمای تاکی هوشیار، کۆمەڵگەی هوشیار دروست دەبێت، کاردەکەن. بۆیە خەڵەتاندن و خورافە، جێگای نابێتەوە و ژیان لە ئاستێکی بەرزدایە. لەم کۆمەڵگەیە دا هیچ شتێ پیرۆز ناکرێت. مرۆڤەکان بەبێ فشاری کۆمەڵایەتی بڕیار دەدەن و بیردەکەنەوە.

کاتێک لە کۆمەڵگەیەک دا خەڵک دوای خورافە دەکەوێت، مانای ئەوەنییە، کە ئەو فکرە راست و دروستە، بەڵکو هۆکارەکەی ئەوەیە کە زەمینە بۆ باوەڕکردن و وەرگرتنی خورافە هەیە. دەبێ بەرچاومان روون بێت کە شکستە سیاسییەکانیش. دەرئەنجامی شکستی کۆمەڵایەتی و سەرمایەی مرۆیی ناکامڵە.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com