پارتی و یەکێتی، پرسی کورد لەباکور..
ئاشتی لە باکوور ….
بەهات حەسیب قەرەداخی
کێشە و پرسی کورد لەخۆرهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی و لە سایەی دەوڵەتی تورکیاشدا، بەشێکە لە کێشە و پرسی دیموکراسی و مافی چارەی خۆنووسینی گەلانی ناوچەکە. ئەم پرسە بەشێکە لەو میراتیە نا ئینسانییە پڕ لە کێشە و ئاڵۆزی و نا ڕەوایەتییەی بۆمان جێ ماوە لە کۆلۆنیالزمی کۆن و نوێ و دەرهاویشتەکانی هەردوو جەنگی جیهانیی یەکەم و دووەم و دواتریش جەنگی سارد و دابەشبوونی دنیا بەسەر دوو بلۆک و سێ جیهاندا !
هەموو ئەو فاکتەرە دەرەکی هەرێمایەتییانە و نائامادەگی ناوخۆیی لە ناو ماڵی کورددا، هەم لەڕووی نزمیی و ناڕوونیی ئاستی پەرەسەندنی پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و کەڵچەری باوو و هەم لەڕووی نەبوونی یەک دەنگی و یەک ئامانجیی لەناو دەستەبژێرە منەوەر و سیاسیەکەیدا، سەرباری هەموو ئەمانەش دڕندەیی و لووت بەرزیی ونەژادپەرستیی دەوڵەتانی سەردەست و خەمساردی و بێ ویژدانیی کۆمەڵگەی نێو دەوڵەتی، دەرهەق بە ئازار و مەینەتیی داواکارییە ڕەواکانی خەڵکی کوردستان، ئەمانە هەر هەموویان پێکەوە زەمینە سازکەر و درێژەپێدەری ئەو میراتییە سەختە بوون کە بۆمان ماوەتەوە .
ئێستاش هەم لە ئاستی نێو دەوڵەتی و هەرێمایەتیدا و هەم لە ئاستی ناوخۆدا، هەل و مەرجەکان، هاوکێشەو رایەڵەی بەرژەوەندییەکان، گۆڕانی گەورەیان بەسەردا هاتووە و یاسا و رێساکانی گەمە نێودەوڵەتییەکان، یاریکەرە سەرەکی و لاوەکییەکان، گۆڕەپانی گەمەکان، هەموویان بە رێژەیەکی بەرچاو گۆڕانیان بەسەردا هاتووە و لە هەندێ رووەوە گەیشتوون بە خاڵی وەرچەرخان. هەڵبەتە ئەم وەرچەرخانانە لەدایکبووی شەو و رۆژێک نین و ئازایەتی و قارەمانێتیەکەشیان ناگەڕێتەوە بۆ تەنیا فاکتەرێک لەو فرە فاکتەرییە.
ئەگەر بەتەنیا فۆکەس بخەینە سەر گرووپی فاکتەرە ناوخۆییەکان و هیچ بەهاو قورساییەک بۆ گروپی فاکتەرە دەرەکی و هەرێمایەتی و جیهانییەکان دانەنێین، ئەوا هەڵەیەکی ستراتیژیی گەورە دەکەین و ئاماژەیەکی ترسناکیش دەبێ بۆ کاڵفامی و هەرزەییمان لە سیاسەتدا .
بە بۆچوونی من ئەمەی لای ئێمە دەگوزەرێ، کە لەناکاو هەرچی راست دەبێتەوە خۆی دەکات بە تاقە سوپەرمانی پرۆسە و کاروانی ئاشتی و داننان بە مافە رەواکانی کوردی باکووردا، ئەم خۆ نمایشکردنە یان ئەوەتا گوزارشتێکی راست و رەوانە لەو هەرزەیی و کاڵفامیەی سیاسەت و هەندێ لە سیاسییەکانی هەرێم ، بەوەش ئەو زاتانە بە دەستی خۆیان هەم خۆیان و هەم هێز و لایەنە کاریگەرەکانی خۆیان فڕێ دەدەنە دەرەوەی چرکەساتێکی مێژووی زۆر گرنگ و یەکلاییکەرەوە ….
یان ئەوەتا لە گەمەیەکی پروپاگەندەی پێش هەڵبژاردن زیاتر نیە و هەرچی گوتراوە و دەگوترێ ، بنەمایەکی واقعیی نیە و زیاتر بە باڵۆنی فووتێکراوی بە ئاسماندا چوو دەچن. ئەگەر مێدیای کوردی لەوە قەبەتریان نەکات، ئەوا هێندە نابا ، ئەو بالۆنە بەرزەفرانە زۆر نزم دەنیشنەوە و هیچ کاریگەرییەکی راستەقینەش لەدوای خۆیان جێ ناهێڵن، بەڵام داخەکەم کە مێدیای کوردی ( بە حیزبی و ناحیزبییەوە) هەر لە بنەڕەتەوە خۆی پرۆژەی کاری نیە و لەسەر کاردانەوە دەژی. خۆی چارەسەری لا نیە و لەسەر قەیران دەژی. بۆیە هەرگیز چاوەڕوانی ئەوەی لێ ناکەم ئەم باڵۆنە فووتێکراوانەی سیاسییەکان بەتاڵکاتەوە یان بیاننیشێنێتەوە .. بگرە تا بۆی بکرێ زیاتر فوویان تێ دەکا و قەبەتریان دەکات . تا سنووری تەقاندن و هەپروون بە هەپروون بوون . بەوەش قەیرانێکی گەورەتر و گشتگیرتر دێتە ئاراوە و کەرەسەیەکی چەور بۆ درێژەدان بە وەگەڕخستنی ماشێنەکانی مێدیا وپروپاگەندە فەراهەم دەبێ !
٢٥/٣/٢٠١٣