پارتی و یەکێتی، پرسی کورد لەباکور.‌. ئارام ئەحمەد : یەکێتی و پارتی بەدرێژایی مێژوویان پەیوەندیان بە پرسی نەتەوەییەوە نەبووە

0

aram1پارتی و یەکێتی، پرسی کورد لەباکور.‌.

یەکێتی و پارتی بە درێژایی مێژوویان پەیوەندیان بە پرسی نەتەوەییەوە نەبووە

ئارام ئەحمەد . هۆڵەندا
لە بابەتێکی ترمدا، بە درێژی باسم لەسەر هەڵوەشانەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وسەرلەنوێ بنیاد نانەوە کردوە، لەوێشەوە چومەتە ناو دابەشبوونی هێزەکان لە پارتەکانی سەر ساحەی کوردستانەوە، بۆ دەوڵەتانی ناوچەکە بەسەر دەوڵەتە زلهێزەکاندا، ئەگەر بمانەوێ وەڵام بەم پرسیارەی ئێوە بدەینەوە دیسان دەبێت لێرەوە دەست پێبکەین.
بەرلەوەی بچمە ناو وەڵامدانەوە بەم پرسە پێویستە ئەوە بڵیم، یەکێتی و پارتی بە درێژایی مێژوویان پەیوەندیان بە پرسی نەتەوەییەوە نەبوەو هەمیشە لەسەر چەمکی”ئۆتۆنۆمی” وسازان لەگەڵ بەغدا کاریان کردوەو دانوستانەکانی مێژوویان لەگەڵ دەوڵەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق، گەواهی ئەو ڕاستیە دەدەن، لەوەش ڕاستر ئەوەیە، کە دەوڵەتی عێراق ڕوخا یەکەم کەسانێک سەرانی ئەم دوو پارتەی باشوور”یەکێتی وپارتی” بوون چونە بەغداو ئاوەدانیان کردەوە، زۆرجاران خۆیشیان شانازی بەوە دەکەن کە دەستیان هەبوە لە داڕشتنەوەی عێرا ق و هەتا نوسینەوەی دەستوریشدا، بەدەر لەمەش لەگەڵ هەر چوار پارچەی کوردستان شەڕیان کردوەو هەزارانیان لێکوشتون، بۆ مێژوو یەکەم بڕیاری پەڕلەمانەکەی هەولێر لە ساڵی 1992 دا، لێدان لە پارتی کرێکارانی کوردستان بوو، ئەگەر یەکێتی بیەوێت خۆڵ بۆچاومان هەڵبدات وباسی شیعاری”مافی چارەی خۆنوسین بکات” ئەم مافە ناکاتە دەوڵەت وحکومەتی سەربەخۆ، بە جۆرێک لاستیکییە دەتوانیت چەندین خوێندنەوەی بۆ بکەین، لای ئەمان هەمیشە چەمکی شوناس و نەتەوە سفر بووە، کەواتە هەرئیدعایەک ئەم دوو هێزە لەم پێودانگەوە هەیان بێت، جگە لە خۆ هەڵواسین بەسەر دابەش بونە ناوچەیی وجیهانیەکان و هاوكێشە سیاسیەکاندا هیچی تر نییە.
لە ناو کایە سیاسیەکانداو لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، شاهیدی چوار لوبی گەورەین، ئەمریکا، ئیسرائیل، چین، ڕوسیا، ئەگەر گشتگیرتری بکەین، دابەش بوونەکە لەسەر ئاستی دنیادا دوو هێزی گەورەن، ئەمریکا، ئیسرائیل و ئەوروپا، لەم بەریشەوە چین لەگەڵ ڕوسیادا ئەو دێوە گەورەن هەمیشە ئامادەن بە خەبەر بێن.
ئێران وعێراق سوریای ئەسەد لەگەڵ سیاسەتی چین و ڕوسیادا لەسەنگەرێکدان وعێراق بە حوکمی شیعە مەزهەبیەکەی لە هەمان سەنگەردایە، شان بەشانی ئێران، هەموومان دەزانین کە ئەمریکا عێراقی ڕزگار کرد، بەڵام ئێستا ئێران تێیدا حاکمە وبازاڕی ئابوری عێراق داپۆشراوە بە کاڵای چینی، قەتەرو سعودو تورکیا پا بەندن بەسیاسەتی ئەمریکاوەو تورکیا خەونی زیندوکرنەوەی دەوڵەتی عوسمانی دەبینێت، کینەی ئەو بەرامبەر بە ئەسەدو بەغداو تاران زیاتر زاڵبوونی مەیلە دینیەکەو فراوانکردنی قەڵەم ڕەوی خۆیەتی.

لە کوردستانیش پارتی بەتەواوی پابەندە بە تورکیاوەو خاڵی دەستپێکی دژەی بەغداو تارانی لێرەوە دەست پێدەکات، موفەسەڵ بڵێم ئەرکی تورکیا جێبەجێدەکات، هەڵەی پارتی ئەوە بوو کە لە سەر داوای تورکیا چوە ناوشەڕێکی مەزهەبییەوە، لەکاتێکدا کورد تەنها کێشەی نەتەوەیی هەبووە نەک دینی، چونە سەنگەری سعودیەو قەتەرو تورکیاو لیستی عێراقیەش، خۆ بە خۆ خزاندیە سەنگەری دژە ئێران و ڕوسیاو چینەوە، وەختێک مەسعود بارزانی داوا لە سەرۆکی ئەمریکا دەکات، چۆن لە %17 بودجەی عێراق دەدرێ بە کوردستان با %17 چەکیش بدرێت بە کوردستان، ئۆباما بە تووندی ئەمە ڕەد دەکاتەوەو داوا دەکات با بڕوات لە بەغدا داوا بکات و پابەند بێت بە بەغداوەو هەرچی زۆرتر لە تورکیا نزیک بێتەوە ئایندەی تاریک تر دەبێت، هەر ئەمەش بارزانی ناردە ڕوسیاو شتێکی ئەوتۆی بەدەست نەهێنا، بەڵکو داوای لێکرا یارمەتی ئۆپۆزسیۆنی سوریا نەدا و پشتیوانی بکات لە ئەسەد کە ناتوانێت کاری وا بکات، بەڵی لەئەگەری هەرجۆرە ڕیکەوتنێکی پەکەکەو تورکیاو چارەسەری کێشەی کورد لە باکور، نە پارتی ئەو ڕۆڵەی لای توکیا دەمێنێت نە پێویستیشیەتی دەبابەکانی لە بامەڕنی وکانی ماسی دەیان ساڵ بچەقێنێت، لێرەوەیە وەختێک بەرپرسێکی میت دەچێتە لای ئاپۆ پێیدەڵێت”مەسعود بارزانی زۆر دژی ئاشتییە” ئاپۆ لەمە ناڕەحەت دەبێت، ئەوە بوو، ئەو وەفدەی کە هاتنە کوردستان و پەیامەکەی ئۆجەلانیان پێبوو، لە ڕیگای یەکێتییەوە چوونە قەندیل نەک لە ڕێگای پارتییەوە،
یەکگرتوی ئیسلامی بە حوکمی دیدگا دینیەکەی وەک سونە مەزهەب لەگەڵ تورکیادا هاوجوتە، یەکێتی نیشتیمانی وەک خۆی ماوەتەوەو پابەندە بە سەنگەری ئێران و بەغداوە، بزوتنەوەی گۆڕان لەبەینی هەردو هاوکێشەکەدایە، بەڵام بەخوێندنەوەی من لا سەنگە بەلای یەکێتی و بەغداو ئێراندا، پارتی کرێکاران، لەبەرانبەر ئێراندا بێدەنگەو پەژەکیش کە پارتێکە لە ڕۆژهەڵات ولەسەر فکری ئاپۆ و پەکەکە دامەزراوە، لەسەر داوای ئەم پارتە، ماوەیەکە هەموو جموجوڵەکانی دژی ئێران ڕاگرتوە، ئەویش پەیوەستە بەم دابەش بوون و کێشمەکێشی هێزانەوە.
یەکێتی ئەگەر پێی وابێت گۆڕەپانی نەتەوەیی بەدەست ئەوەوەیە، لە باشترین حاڵەتدا خەونێکی داماوانەو خۆ گەورەکردنێکی کاڵ فامانەیە، ئەم بۆ چونەی یەکێتی لێرەوە سەرچاوەی نەگرتوە، بەڵکو خۆ بەخۆ دەرهاویشتەی هەناوی دابەش بوونی ‌هێزەکان و دەوڵەتە ناوچەیی و جیهانیەکانە، مادام پارتی تورکیا گرتووە، یەکێتی وگۆڕان دەبێت بچنە سەنگەری پارتی کرێکاران و پەدەپەو پەیەدەو کوردەکانی ڕۆژئاواو باکورەوە، ئەگەر سەیری میدیاکان و پەیوەندییە سیاسی و دیبلۆماسیەکانی گۆڕان ویەکێتی بکەین، زۆر لە کاتەکانی تەرخانە بۆ کوردەکانی باکورو ڕۆژ ئاوا واتە پەدەپەو پەیەدەو پەکەکە، ئەمەش بە بەشێک دژی پارتییە کە لەسەنگەری تورکیادایەو تورکیا بۆ قازانجە ئابوری وسیاسیەکانی خۆی بەکاری دەهێنیت، نەک فراوانکردنی گۆڕەپانی ئەقڵی نەتەوەیی، چونی سەرانی یەکێتی بۆ لای تورکیا زیاتر لە دەرۆزە کەر دەچوون، نەک هێزێک کە بەرامبەر هێزێک دابنیشن و ڕاکانی خۆیان لەسەر سیاسەتی مەوجوود بگۆڕنەوە، سەیرەکە لەوەدایە یەکێتی نیشتیمانی لە خۆرا وەک کەڵەشێری شامی خۆی گیڤ کردۆتەوە، وادەزانێت خۆیان و مامەکەیان شکێنەری شەقڵی شەوگاری باکورن.

ئەوەی کە تورکیای هێناوەتە ژێر بار بۆ گفتو گۆو دیاریش نییە چەندە بەڕاستیەتی، شەڕی دەیان ساڵە لەگەڵ کوردو سەرنەکەوتنی، نائارامی لە ناوچەکە، ڕزگارکردنی ڕۆژئاوای کوردستان و دەست گرتن بەسەر بیرە نەوتەکانی ڕۆژئاوا لەلایەن پەیەدەوە،هەوڵی ئیسلامیەکانی سەرحوکم بۆ گۆڕینی دەستووری تورکیاو زاڵکردنی ئەقڵی سەرۆکایەتی و تەسپیتکردنی لە دەستوردا، لەوێشەوە کارکردن بۆ ئاواکردنی دوبارە بوونەوەی مێژووی عوسمانیەکان لەبەرگێکی سەردەمیانەدا، بۆ ئەمەش یەکێک لە ڕێگریەکان پەکەکەو کێشەی کوردە، لە بارەی جیهانیشەوە، سەرمایەداری جیهانی بۆ قەرەبوکردنەوەی ئەزمەی جیهانیدا گرە ئابوریەکەی پێویستی بە ئارامی لەوناوچەیەدا هەیە، تورکیا لە پێش هەمویانەوە ئەم دیدگا ڕوونەی هەیە، کێشەی کورد چارەسەر نەکرێت وەک دەیان ساڵی ڕابردوو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئارامی بەخۆیەوە نابینێت، بۆ ئەوانیش بەقازانجە جۆرێک لە ئارامی بێتە ئاراوە بۆ کردنەوەو چونە ناوەوەی بازاڕەکانی ئەوروپا لەو ناوچەیە، بۆ ئەم مەبەستە مەسەلەی کورد دەبێت وەلام وەربگرێتەوە، جا وەڵامەکەی چۆنە؟، لە کام چوارچێوەدایە؟، ئەوە جارێ دیار نییە.

ئاخر هەموومان دەزانین دەوڵەتی تورک لەسەر باوەڕبوون و تەقەلادانی هەمەجۆرە بۆ لە ڕیشەدەرکێشانی کورد دروست بووە، هەرچی ڕێگا هەیە تاقیکردۆتەوە، کۆتاییەکەی پەنا بردن بوو بۆ گفتوگۆ لەگەڵ بەڕێز ئۆجەلان، تا لەم ڕێگایەوە بتوانن یاریەکی سیاسی نوێ دەست پێبکەن.
لێرەوە دەگەینە ئەو باوەڕەی کە ئەو قسەو باسانەی یەکێتی هیچ حەقیقەتێکی نییەو تەنها لەو دابەشبوون و سەنگەربەندیانەوە سەرچاوەی گرتوە ، نەک ئەوەی خۆیان ئیدعای دەکەن، یەکێتیش ئەمڕۆ زۆر لەوە بچکۆلەترە بتوانێت ئەم ئیدعا گەورانەی هەبێت، ئەمڕۆ یەکێتی هیچ نییەو دەیەوێ شت بێت، بۆ ئەم مەبەستەش هەرچی پەلەقاأییە دەیکات تا بەئەقڵی خۆی قەرەبوونی نەمانی تاڵەبانی بکاتەوە کە مەحاڵە.

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com