پارتی و یەکێتی، پرسی کورد لەباکور..
لوقمانی حاجی کەریم: لەغیابی تاڵەبانیدا، یەکێتی گرەو لەپارتی دەباتەوە
یەکێتی و پارتی، دو حیزبی هەڵقوڵاوی ناو گێرمەوکێشەی پرسی ڕزگاریی نەتەوەیەکن، کەتێیدا، هەرلایەنەو بەئاراستەیەکی پێچەوانە، بەدۆخی فراوانبوون و مانەوەیان لەدەسەڵاتدا تاو دەدەن. بۆ ئەمەش، هەرچییەکیان لەدەست هاتبێت، لەدژی یەکتری، وەك سواڵەیەکی لاخەرمانی نێوەندی فەرهەنگ و کولتووری ناوچەکانی میزۆپۆتامیا، درێغییان نەکردووە. تەنانەت ئەگەر لەڕێگەی لایەن یان ووڵاتێکی ئەوپەڕی دژ بەکوردیشەوە بوبێت کە نمونەی بەرچاومان زۆرە.
کۆمەڵگای کوردی، فەرهەنگێکی تایبەت بەخۆی هەیە. لەنێوان لق و پۆپەکانیدا، بەبچوك تەماشای یەکتر کردن و ووڵاتانی داگیرکەر بەگەورە. ئەمەش بەدرێژایی مێژوو، بەشێوەیەکی راستوخۆ، تۆوکراوەو گەشەی کردووە. چونکە، کۆمەڵگای کوردی، بەدرێژایی نزیکەی یەك هەزارساڵ و نیو، بەسەر چەندین خێڵ و تەوەری دەسەڵاتدا، وەك میرنشین و خێڵ، دابەش بوون. ئەمانە، هەریەکە و سەربە ووڵاتێك یان شانشینێك یان ئیمبراتۆریەتێك بوون. لەجێگای خۆیانەوە، باج و خەراجیان کۆکردۆتەوە و پێشکەشی ئەوپەری خۆیان کردووە. لەهەر هێرشکردنێکدا بۆ سەری، جا چ ناوخۆیی بووبێت یان دەرەکی، هێزە گەورە داگیرکەرە باجخۆرەکەی، پشتیوانی لێکردووە و لەلەناوچوون یان هێرشەکان پاراستویەتی. بەمەش، مەجبوور نەبووە، ڕێز یان هیچ حساباتێك بۆ میرەکانی تر بکات و لوتبەرز دەرچووە و بەرامبەر بە داگیرکەرەکەش، بچوك و خزمەتکار.
یەکێتی و پارتی، کە ئەوانیش لەو مێژووەوە سەرچاوەی وەرگرتووە و درێژکراوەی ئەو فەرهەنگەن، بۆیە، هەمیشە و تاکو ئێستا، بەردەوامن لەپیادەکردنی ئەم فەرهەنەگەدا و بوون بەبار بەسەر خەڵکی کوردەوە. چونکە، بەو هەموو توانا و تاقەتە خەیاڵییەی سامان و عیلم و مەعریفەوە، نەیانتووانیوە خۆیان لەدەستی ئەم بیرکردنەوەیە ڕزگار بکەن.
هەنوکە، پەکەکەش، کەهێزیكی کوردییە، هەمان دەردی هەیە و ئەویش خاڵی نییە لەو بیردۆزەیە. لەهەر ڕێگایەکەوە بۆی بلوێت، دەیەوێت وەك تاکە حاکمی ناوچەیی و تاکە ڕزگارکەری نەتەوەیی خۆی بسەپێنێت. لەم نێوانەشدا، بەهۆی ئەوەی پارتی، بەسەرۆکایەتی مەسعود بارزانی، وەك بنەماڵەیەك، کەفەرهەنگی خێلایەتیان پەرەپێدەدەن، دەیانەوێت، ببنە زامنی نەتەوەی کورد و بەردەوامیش خۆیان وەك باوکی نەتەوە و زۆر شتی لەو چەشنە پێناسەدەکەن. هەربۆیە، بەپشتیوانیی تورکیا، دەمی خۆیان لەهەنگوینی سامان و ناوی گەورەی ڕابردوویان گیرکردووە و ناتوانن هەزمی هێزێکی نوێگەری وەکو پەکەکە بکەن.
یەکێتی، کە پێشتر، بەهۆی لێجوێبوونەوەی بزوتنەوەی گۆرانەوە، لاواز ببوو، بەڕێکەوتنی لەگەڵ کۆرپەکەیدا و هەناسەهەڵکێشانێکی ئاساییەوە، گوڕوتینی داوەتە خۆی، تاکو بتوانێت جارێکی تر بێتەوە ناو ململانێکان. لەبەختی خۆشیان، تاڵەبانی، کە تەواوی کەیسەکانی حیزبەکەی لەبن هەنگڵی خۆی قایم کردبوو، نەخۆش کەوت و دوور کەوتەوە. بەمە، توانیان، پەلە بکەن، لەکۆمەڵکردنی ئەرکەکانیاندا و لەجیاتی تەنها کەسێك، دەیان کەسیان هاتنە پێشەوە. ئەم هاوکێشەیەی دەستەجەمعییە، تەواو ئاسانکاری بۆ یەکێتی کرد کە دیدەشاراوە و حساب بۆنەکراوەکانی دەربکەوێت. لەوێشەوە، بازێکی توندی دا و لەکەمترین کاتدا، پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی خۆی چاك کردەوە و ناوخۆی ڕێك خستەوە.
یەکێتی، بەهۆی ئەوەی پشتی بەئێران ئەستوورە و هەموو هاوکێشەکان، بەهۆی زەمینەی فراوانبوونەکانی ئێرانەوە وگرە و لەسەر عێراق، کە بەدیوی ئێراندا گوزەر دەکات، توانی باوێشكێك بدات و لەخەو هەستێت. یەکەم نیشانیشی ئەوەبوو کە نێوانی تورکیا و پەکەکەی کرد. بەهۆی ئەزموون و مێژووی هەڵوێستەکانیەوە لەگەڵ تورکیا و پەکەکەدا، توانیی گرەو لەپارتی بباتەوە و بەشێوەیەك لەشێوەکان، نزیك بەدەرکردنی پارتی لەناو زەمینەی پەیوەندیی نەتەوایەتی لەنێوان باکور و باشووردا بۆتەوە. هەرچی پارتیشە، لەبەر گوێڕایەڵیی بەردەوامی بۆ تورکیا و دژایەتیکردنی پەیەدە لە ڕۆژئاوا، نەیتوانی متمانە بەدەست بهێنێت. کەچی یەکێتی، سەبارەت بەداخستنی سنوورەکان بەسەر کوردانی ڕۆژئاوادا و هاوکارینەکردنیان لەلایەن پارتییەوە، شەڕی پەرلەمانی و جەنگی نەفسیی لەگەڵ پارتیدا کرد.
ئێستا، پارتی خاوەنی دەسەڵاتە و بەهەموو پێوەرەکانیش، یەکێتی پاشکۆیەکی لاوازی دەزگاکانی بەڕێوەبردنن و تاکە بڕیاربەدەست، پارتی دیموکراتی کوردستانە. هەربۆیە، یەکێتی تاکەلایەنی یەکلاییکەرەوەی پرسەکانە لەناوچەکەدا. چونکە، چ هاوسەنگیی هێز لەناوەوەی کوردستان و چ لەناو عێراقدا، هەر یەکێتی رایگرتووە. نمونەش بۆ ئەمە، لەکاتی ئۆپەراسیۆنی دیجلەدا، پارتی یەك مانگ پێشتر هێزی ناردە بەردەم دیجلە، کەچی هیچ دەنگۆیەکی ئەوتۆی لێنەکوتەوە و نەیتوانی ببێتە دەنگ. لەبەرامبەردا، لەیەکەم جوڵەپێکردنی هێزەکانی یەکێتییەوە بۆ ناوچەکانی کەورکوك و خانەقین، نەك بووە دەنگ، بەڵکو، پرسەکەی یەکلایی کردەوە و لەتەواوی دنیادا دەنگی دایەوە و پارتیش، بەسفرێکی چاوزەردەوە هاتەوە بۆ هەولێر.
یەکێتی، سیاسەتی حەکیمانە دەکات. هەرچۆن بزوتنەوەی گۆڕانیش، سیاسەتێکی فرەمیمبەری حەکیمانە دەکات و تەواوی هێزەنەیارەکانی بەئاینی و عیلمانییەوە لەبەرەیەکدا یەك خستووە. کەچی، پارتی، بەوپەڕی توانایەوە لەهەوڵی مانەوەدایە و جەنگی مان و نەمان دەکات. ئیتر، هێزێکی لەو شێوەیە، چۆن دەتوانێت ببێتە مایەی دڵخۆشی و متمانەی هێزێکی شۆڕشگێڕی وەکو پەکەکە، وەکو خۆیان بڵاویان کردەوە، ئەندامەکانیان لەلایەن حیزبێکی دەستکردی بارزانییەوە لەکوردستانی ڕۆژهەڵات، تەسلیم بەتورکیا دەکرێنەوە؟