ڕێبوار ڕەشید : مافی مرۆڤ، خەباتی ئازادیخوازیی و دەسەڵات لە ژێر ڕۆشنایی ”جنێڤا کاڵ Geneva Call

0

rebwarمافی مرۆڤ، خەباتی ئازادیخوازیی و دەسەڵات

لە ژێر ڕۆشنایی ”جنێڤا کاڵ  Geneva Call̏

ڕێبوار ڕەشید

پێشنینە:

جنێڤا کاڵ “Geneva Call” ڕێکخراوەیەکی ناحکومەتیی و سڤیلیە کە ساڵی ٢٠٠٠ لە جنێڤ بە پشتبەستن بە سێ خاڵی ̋جاڕنامەی نێونەتەوەیی مافی مرۆڤ̏  و پاشان کارکردن بۆ پیادەکردنی ئەو خاڵانە، لەلایەن خەڵکانێکی مرۆڤدۆست و ئاشتیخواز، دامەزراوە.

جنێڤا کاڵ  Geneva Call̏  دەیەوێت لە ڕێگای گفتوگۆ و دیالۆگی ڕاشکاو و ئەرێنییەوە کاریگەریی لە سەر ڕێکخراوگەلی خاوەن چەک و چەکدار دابنێت کە ڕێز لە مافی زیندانیان کە لای خۆیانن، بۆ نموونە کاتێک لە شەڕدا دەگیرێن یان دەکەوێتە دەستیان، بگرێت و مافیان بپارێزێت. ڕێز لە مافی ژنان، لە یەکسانیی ژنان و پیاوان بگرێت، و خۆ لە بێڕێزیی نیشاندان بەرامبەر بە ژنان وەدوور بگرێت، و هەموو جۆرە دەستدرێژیی و سووکایەتیپێکردن و هەڵاواردنێک بە ژنان لە ناو فەزای دەسەڵاتی خۆیدا مەحکوم بکات و پێش بە روودانی بگرێت و هەوڵ بۆ چارەسەر کردنیان بدات.

جنێڤا کاڵ  Geneva Call̏  هەروەها دەیەوێت کە رێکخراوگەلی خاوەن چەک و چەکدار هەموو مافێکی منداڵان بپارێزێن، کە بە پێی پێناسەی ئەم رێکخراوە، منداڵ ئەو کەسەیە کە هێشتا پێی نەناوەتە تەمەنی ١٨ ساڵ. منداڵ تا پێ نەنێتە ناو تەمەنی ١٨ ساڵیی بۆی نەبێت لە سەر داوای خۆیشی چەک هەڵبگرێت و نابێت چەکی پێ بدرێت، کە خودئاگا و بە پلان نەخرێتە ناو بازنەی جەنگ و نەخرێتە ناو هەموو ئەو بارودۆخانەوە کە پێوەندیان بە جەنگ و بە شەڕ و بە جۆری زەبرگیرییەوە هەیە. کە خودئاگا و بە پلان هەوڵ بدرێت لە فەزای ئاشتیخوازانە و خوێندن و فێرکردن و وەبارهێنانی مرۆڤدۆستانە بەخێوبکرێن و کە لە مافی خۆیان بۆ ئازادیی و سەربەخۆیی حاڵیی ببن.

هەروەها پێداگرتنی جنێڤا کاڵ  Geneva Call  لە سەر بەردەوامبوون لە ڕێگاگرتن لە بەکارهێنانی “مین”ی کەسیی و هەوڵدان بۆ پەیگیریکردن و زیادکردنی هەرچی زیاتری ئەکتەرگەلە بۆ ناو ئەو هاوپەیمانییەتیە.

”جنێڤا کاڵ  Geneva Call̏  ١٣-١٤/١٢/٢٠١٢

ڕۆژانی ١٣-١٤ /١٢/٢٠١٢، واتە سێ مانگ لەمەوبەر پێنج (٥) ڕێکخراوی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، سازمانی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران (کۆمەڵە)/ حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، حیزبی دیموکراتی کوردستان و حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، دیارە بە ئامادەیی سەرۆکایەتی و نوێنەرانی جنێڤا کاڵ) لە جنێڤ بوون بۆ ئیمزاکردنی ئەو بڕیارنامانەی کە ڕێکخراوی ناوبراو جەختیان لە سەر دەکات و ئەو خاڵانەی لەو پێشەکیەی سەروەدا ئاماژەم پێ کردوون.

من هەر ئەو دەم لە خودی کۆبونەوەکەدا عەرزی بەشداربووانم کرد کە بایەخی ئەو خاڵانەی جنێڤا کاڵ بۆ من لەوەدا نیین کە بۆ من نوێ بن، بەڵکو بایەخەکە دروست لەوەدایە کە جنێڤا کاڵ دۆخی نالەبار و ناهەموار و فرە وەحشەتناکی نەتەوەی کورد دەهێنێتەوە بیری من. هەروەها ئاماژەم بە زیندانیانی سیاسیی لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرد و جەختم لە سەر منداڵانی کورد کە تەمەنیان زۆر خوارتر لە ١٨ ساڵە و تورکیا بە تۆمەتی تیرۆریست و هاوکاریی تیرۆریستان زیندانی کردوون.

من سپاسی ئەوانم کرد کە دروست بە هێنانە ئارای ئەو خاڵانە دووبارە کورد تێ دەگات کە برینی چەندقووڵە و کە چەندە پێویستی بەوە هەیە خەباتی ئازادیخوازیی خۆی روون بکاتەوە و دەنگ و هاواری خۆی سەبارەت بەو چەوساندنەوەیەی لە سەریەتی بیگەیەنێتە جیهان.

بۆ نموونە لە بڵاوکردنەوە و چاندنی ملوێنەها مین، لە کوشتن و بڕین، لە زیندانکردنی گۆترە، لە دەستدرێژیی سیکسی و لێدان و شکەنجە، لە هەموو شێوەکانی هەڵاواردن و لە بڵاوکردنەوەی ترس و دڵەراوکێ و پشێوی و باوەڕبەخۆنەبوون و هەموو ئەو شتانەی دیکە کە خراپن و کە دژ بە مرۆڤ و مرۆڤایەتیین و کە ڕۆژانە لە هەموو بەشێکی کوردستان ڕوو دەدەن.

من هەمیشە پێموابووە کە تا مرۆڤی کورد و کۆمەڵگای کوردستان زیاتر ڕێز لە مافی تاکەکەس، لە فرەمەزهەبیی و فرەئایینی، لە پلورالیزمی سیاسیی، لە ئازادی بەیان و لە مافەکانی مرۆڤ بە وردەکارییەکانیەوە بگرن، زیاتر دەتوانن پێ لە سەر وەرگرتنی مافی نەتەوەیی دابگرن و خەباتی ئازادیخوازییان پەرە پێ بدەن. ئەوانەش، بەتایبەتی حیزبەکان،کە پێ لەسەر دیموکراسییبوون و سۆسیالیستبوون و دروشمی ئاڵوواڵای لەو شێوە دادەگرن، بە حوکمی دروشمی خۆیان، دەبێت و ئەرکی سەرشانیانە لە هەر کەس زیاتر، نەک کەمتر، پارێزەری ئەو مافانە بن.

کەواتە ڕێزگرتن لە هەموو ئەو خاڵانەی جنێڤا کاڵ، تەنانەت بەرامبەر بە زیندانیانی دوژمنان و داگیرکەران، لە ڕاستییدا کاتێک لە پراکتیکدا دەتوانرێت ئەنجام بدرێن کە هەموو مرۆڤێکی کورد هەوڵ بدات ڕێز لە خۆی و لەوی بەرامبەر و لە هاوگەڕەک و هاوشار و هاووڵاتیی خۆی بگرێت و بۆ مافی مرۆڤایەتی ئەوان و بۆ پاراستن و هێشتنەوەی ئەو مافانە خەبات بکات.

وەبیرهێاننەوە

دڵنییام کەسانێکی بەئەژمار لە ناو کورددا هەن کە ئیمزاکردنی ئەو ڕێککەوتننامەیەیان بە هەند وەرنەگرتووە. هۆیەکان دەتوانن جیاواز و فرە بن. سەرەڕای ئەوەی ئەو هۆیانە چی بن، من پێمخۆشە وەبیر هەموو تاکەکەسێکی کورد بهێنمەوە کە ئەو خاڵانەی سەبارەت بە مافی مرۆڤ و پاراستنی ئەو مافانە و ئەوەی کە بە هیچ شێوەیەک نابێت پێشێل بکرێن، هەم ئەرکی سەرشانی هەموو هاووڵاتییەکە کە بەردەوام چاودێری رەچاوکردن و بەکردەوە گەیاندنی ئەو خاڵانە بن و هەم، دیارە بە پلەی یەکەم، ئەرکی سەرشانی ئەو لایەنانەیە کە ئیمزایان کردووە.

ئەو لایەنانەی کە ئیمزایان کردووە دەبێت، واتە بە پێی ئیمزا و بەڵێنی خۆیان، پیادەکاری سەرتاسەری ئەو خاڵانە بن. هەموو تاکەکەسێکی دەرەوەی ئەو ڕێکخراوانە دەبێت ئەو زانیاریانە بڵاو بکەنەوە و بیگەیەنن بە دەست زیاترو زیاتر لە خەڵک. مرۆڤی هۆشیار نابێت ڕێگا بە دەستدرێژیی و هەڵاواردن و شێوەی دیکە لە چەوساندنەوە و مافخواردن و درۆ و ساختەبازیی سیاسیی بدات.

تۆیەک کە دەبینیت مافی مرۆڤ بە شێوەی جیاواز پێشێل دەکرێت یان شتێک دەبینیت کە پێشێلکردنی ئەو خاڵانەی سەرەوە دەگرێتە خۆی، دەتوانیت زووبەزوو بە شێوەی نووسراوە و تۆمارکراو پێوەندیی بە بەرپرسانی ئەو لایەنەوە بگریت و داوای وەڵام و ڕوونکردنەوە و چارەسەری دەستبەجێ و گەرماوگەرمیان لێ بکەیت. ئەو لایەنانە مەجبور بە وەڵامن و دەبێت وەڵامی دروست و کۆنکرێت بدەنەوە.

خۆئەگەر لە ماوەی کاتی دروست و گونجاودا وەڵامێکت وەرنەگرتەوە، دەتوانیت بەو بەڵگانەوە کە لاتن پێوەندیی بە جنێڤا کاڵ ـەوە بگریت و زانیاریان پێ بدەیت. نابێت لەبیرمان بچێت کە هەموو جۆرە پێشیلکردنێک لە مافی مرۆڤ، زوو یان درەنگ، زەرەری گەورەی بۆ هەمووان تیادا دەبێت.

نزیکەی ٧٥ ساڵ لەمەوبەر، ئەدۆلف هیتلەر لە ناوەڕاستی مارسی ساڵی ١٩٣٨ لە ئوتریش، لە جۆرگەلێک لە پێشێلکردنی زۆر سادەی مافی مرۆڤەوە دەستی پێ کرد. ٧ ساڵ دوای ئەوە، نیوەی جیهان و سەراتاپای ئوروپا لە خوێن و لە ئاگردا بوو.

هەمیشە فاشیزم لە بچووکترین پێشێلکردنی مافەوە دەست پێ دەکات. هەندێک جار ئەو پێشێلکردنە بە بەرگی دروشمی ئاڵوواڵا و رەنگینکراوی دروشمی گەورە داپۆشراوە و بە هاسانیی نابینرێت.

مافی مرۆڤ کۆڵەکەی سەقامگیر و سەرەکی خەباتی ئازادیخوازییە. دەسەڵاتیش لە هەموو روویەکەوە لە گۆشت دەچێت، خوێناویی و سوورییەکەی بەجێی خۆی، بە چرکە چاوی لێ خافڵ بکرێت، بۆگەن دەکات.

تۆ بەشێک لە مێژووی دروستی پاراستنی مافی مرۆڤ و ڕاگرتن و پێشخستنی بە!

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com