پارتی و یەکێتی، پرسی کورد لەباکور.‌. رێبوار رەشید: ڕەنگە جیاوازیەکان دابەشکردنی ڕۆڵ و بەرپرسایەتی بێت

0

پارتی و یەکێتی، پرسی کورد لەباکور.‌.rebwar

رێبوار رەشید: ڕەنگە جیاوازیەکان دابەشکردنی ڕۆڵ و بەرپرسایەتی بێت

لەوەڵامی ئەو پرسانەی لەبارەی پرسی کورد لە باکوری کوردستان هەن و سەبارەت بەو رایانەی کە پێیان وایە و دەڵێن ” گۆڕەپانی نەتەوەیی کورد ئێستا بەدەست یەکێتییەوەیە و ئەو حزبە هەوڵەکانی سود بەخشن بۆ پرسی نەتەوەیی کورد” ڕوون نییە رای فەرمی ئەو حزبەیە یان یەکیەتی لە کوێ وای گوتوە. بە هەرحاڵ، گوترابێت یان نا، یەکیەتی ڕێکخراوەیەکی جێدیار و پایەدار و خاوەن ڕۆڵی سیاسیی و هاوبەشی حکومڕانییە لە حکومەتی هەرێمی کوردستاندا و لەبەرئەوە حەتمەن هەڵوێستی یەکیەتی شایانی باسە و دوور لە کاردانەوە و کاریگەریی سیاسیی نییە و نابێت. بۆ هەموو ئەوانەمان کە نەتەوەیین و کە لە خەباتی ئازادیخوازیی خەڵکی کوردستاندا بەشدارین ئەوە جێی خۆشحاڵییە کە یەکیەتی وابیر بکاتەوە و جێیەکی وا بگرێت و هەوڵ بدات بەرپرسیارانە وەڵام بە پێداویستیەکانی ئەو خەباتە ئازادیخوازییە بداتەوە. بۆ نموونە کە ئێستا لە باکووردا پێویستە، وەکوو پێداگرتن لە سەر ئازادکردنی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجەلان، بە ئاشتی و سیاسیی چارەسەرکردنی کێشەی کورد، و هاوسەنگەریی و هاوپشتیی ڕاشکاو لەگەڵ باکووری کوردستان و بەشەکانی دیکە.
هەڵوێستی یەکیەتی نیشتیمانیی کوردستان، بەتایبەتیی هەڵوێستی کاک مەلا بەختیار، شایانی باسە و جێی پێزانینە و شایستەی پشتگیریکردن و بەرفراوانکردنە و بە بێگومانییەوە کاریگەریی زۆر پۆزەتیڤی لە سەر سەرئەنجامی رووداوەکان و گۆڕانکارییەکان هەیە.

سەبارەت بەو رایەی کە پێی وایە ”رەدفعلی ئەوانە لە نزیک بونەوەی پارتی و تورکیا، یان هاوبڕوایی و هاو ئامانجی ئەوان و یەکێتی یە کە ئێستا ئەو لایەنانەی باکور نزیکن لەیەکێتی؟“
پارتی ئاشتی و دیموکراسی و پارتی کرێکارانی کوردستان زۆر بە باشی ئاگاداری ئەو پێوەندیە نزیکەن کە ناوی ”پارتی“ لێدەنرێت و من پێموایە دروستەکەی ”حکومەتی هەرێمی کوردستانە“. یەکیەتی نیشتیمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان پێکەوە هاوپەیمانی ستراتیژیان هەیە و حکومڕانی کوردستانن. ئەوە بەو مانایە دێت کە ناکرێت ئەوان لە سەر پرسی وا گرینگ هاوڕا و هاودەنگ و هاوخەت نەبن.
لەبەرئەوە ئەو پێوەندیە ”نزیکەی“ ئاماژەی پێ دەکرێت لە تەوەرەکەدا نزیکایەتیەکی حیزبیی نییە، بەڵکو بە رای من هی حکومەتی هەرێمە. دیارە ئەوە بەو مانایە نایەت کە پارتی دیموکراتی کوردستان وەکوو پارتێکی سەربەخۆ یان یەکیەتی نیشتیمانیی کوردستان وەکوو ڕێکخراوەیەکی سەربەخۆ خاوەنی سیاسەتیی تایبەتیی خۆیان نیین. تەنیا بەو مەبەستە دێت کە لەو پەیمانە ستراتیژییەی هەیانە لە سەر پرسی گرینگی وەکوو نەوت، سامانە سرووشتییەکان، مووچە، بەرگریی، ئینفراستروکتور، سیاسەتی دەرەوە و هتاد دەبێت بە ڕەسمیی هاوڕا و هاودەنگ بن.
ڕەنگە بە شێوەیەک دابەشکردنی ڕۆڵ و بەرپرسایەتی هەبێت.
بە ڕای من ئەوە زۆر گرینگە کە هاوکات ئێمە هاوپشتیی و هاوسەنگەریی لەگەڵ باکوور و ڕۆژئاوا نیشان دەدەین و لە پراکتیکدا دەیکەین، شەرعیەت و پێگا و جێگای حکومەتی هەرێمی کوردستان بەهێز بکەین و هاوپەیمانی ستراتیژیی نێوان یەکیەتی و پارتی تا ئەو کاتەی خۆیان لێی ڕازین، بەرەو باشترکردن هان بدەین.
ئەوە دژگۆییەکی لەگەڵ هاوسەنگەریی و هاوخەباتیی بەشەکانی دیکەدا نییە. ئەڵبەت تاکەکەسی کورد دەتوانێت لایەکیانی زیاتر خۆش بوێت و وەفاداریی بۆ لایەک زیاتر یان کەمتر نیشان بدات.

وەک دەڵێن ئایا ئەوەی کە ئێستا هەیە لەپەیوەندی نێوان یەكیتی و لایەنەکانی باکور، غیابی پارتی یە یان گرنگی نەدانی پارتی بەو پرسە. و بە پارتە کوردیەکانی باکور؟
وەکوو  ئاماژەم بۆکرد، پێموانییە پارتی دیموکراتی کوردستان لەو پرۆسەیەدا غیابی هەبێت. سەرۆکی هەرێمی کوردستان، کاک مەسعود بارزانی و سەرۆکی حکومەتی هەرێم کاک نێچیروان بارزانی نە کەمتر لە دەیان جار لە سەر ئاستی کوردستان و نێونەتەوەیی و هەروەها لە ناوخۆی تورکیا، پێیان لە سەر حەتمیەتی چارەسەرکردنی کێشەی کورد لە تورکیا بە شێوەی ئاشتیی و سیاسیی داگرتووە، هەروەها ئامادەیی خۆیان بۆ ناوبژیی و میوانداریی لە تورکیا و لە پ ک ک دەربڕیوە. پارتی دیموکراتی کوردستان ئەوەش بە زیادەوە دەزانێت کە نەشیاوە حکومەتی هەرێم بتوانێت پێوەندیی سەرکەوتووی بازرگانیی و دراوسێیەتی لەگەڵ تورکیا هەبێت، ئەگەر پرسی کورد لەو بەشە بە جیددی چارەسەر نەکرێت.
من پێموایە هەموو پشتگیریی و هاوسەنگەرییەک لەگەڵ باکوور زیاتر لە قازانج زەرەری بۆ باشوور تێدا نییە. بە پێچەوانەوە قازانجەکانی زۆرن. کورد هەر دەبێت وەڵام بە داگیرکەریی و دوژمنایەتی تورکیا بداتەوە. کورد نابێت ئەو کۆیلەیەتیە قبوڵ بکات کە تورکەکان لە ٥٠٠ ساڵی ڕابردوودا سەپاندوویانە.  تورکەکان هەر دژ بە باکوور نیین. ئەوی مێژووی تورکیای خوێندووەتەوە دەزانێت کە تورکیا دژ بە هەموو جۆرە هەبوونێکی کوردە. ئەگەر باکوور و هێزی گەریلا و خەباتی باکوور نەبێت، تورکیا باشووری کوردستان لە رەگوڕیشەوە دەردەهێنێت. ئەمە ڕاستیەکە دەبێت لێی تی بگەین. لە قوبرس بڕووانن و بڕووانن تورکیا چۆن دژایەتی خەڵکی کورد لە سووریا دەکات. تەنانەت ئامادەیە چەتەکانیش جەکدار بکات و بیانکات بە گژ کورددا .
بەڵام تورکیا دراوسێی کوردە و زوو یان درەنگ دەبێت وەڵامی جیددی بە پرسی کورد بداتەوە. لە ئەگەری وەڵامی دروست و پۆزەتیڤدا تورکەکان دەبن بە دراوسێی نەتەوەیەکی تازەنەفەس و عەوداڵی ئاوەدانکردنەوە و بازرگانیی و پێوەندیی جۆراوجۆر کە هەروەها خاوەنی نەوت و گاز و کشتوکاڵ و ئاوی شیرینە و شارستانیەکی سەقامگیر و خۆگر و خۆڕاگری هەیە. کورد سەلماندوویەتی کە ئاشتیخوازە و کار بۆ سەقامگیریی ستراتیژیی دەکات.
ئێمەی کورد بە سیاسەتی دروست دەتوانین هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەراست بە کوردستانەوە ببەستینەوە. دەبێت ئەو وڵاتانەی چواردەور لەم راستییە تێبگەیەنین و حاڵییان بکەین کە کوردستان کلیلی سەرەکییە بۆ یەکیەتیەکی لە شێوەی یەکیەتی ئوروپا بۆ ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست. ئەوی لەم راستییە نەگات وەدوا دەکەوێت. من پێموایە لە ماوەیەکی نە زۆر دووردا ئێمەی کورد دەبێت بیر لە شێوەیەکی فیدراڵیی یان کۆنفیدراڵیی بۆ نموونە لە شێوەی ئەڵمان بۆ خودی بەشەکانی کوردستان لەگەڵ یەک، بکەینەوە.
هەر لەبەرئەوە پێداگرتن لە سەر ئازادکردنی خەباتگێڕانی باکوور و ڕاوەستاندنی شەڕ و هەوڵدان بۆ ڕێکوپێککردن و یەکخستنی ماڵی کورد ئەرکی سەرشانی هەموومانە. بەڵام ئەمە بەو مانایە نایەت کە ئیتر پارتە سیاسییەکان و ڕێکخراوەکانی کوردستان لە ئایدیۆلۆژیی و خەتی سیاسیی و هەڵوێست و کاری مەیدانیدا نابێت جیاواز بن. بێگومان جیاواز دەبن و ئەو جیاوازیەشە کە دیالێکتیکی مێژوو بە زیندوویی ڕادەگرێت. لەبەرئەوە زۆر ئاساییە کە لە کاتی جیاوازدا بە شێوەی جیاواز کەمێک ساردتر و گەرمتر لە پرسەکان بڕووانین.

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com