پارتی و یەکێتی، پرسی کورد لەباکور.‌. خالد ڕەنجدەر: لە ھەندێك ھەڵوێستدا یەكێتی وەك ئۆپۆزیسیۆن مامەڵە لە گەڵ پارتی دەكات

0

xalid2پارتی و یەکێتی، پرسی کورد لەباکور.‌.

خالد ڕەنجدەر: لە ھەندێك ھەڵوێستدا یەكێتی وەك ئۆپۆزیسیۆن مامەڵە لە گەڵ پارتی دەكات

كوردی باشور پردێكە بۆ دیالۆگی نێوان توركیا و پەكەكە نەك لایەنێك

كێشەیەكی وەك كێشەی كورد لەھەر پاچەیەكی كوردستان بێت، چارەسەری بە تەنھا لای كورد خۆی نییە و، ھیچ پارچەیەكی كورد بۆ ئەوەی تریان ناتوانێت ببێتە لایەنێك لە چارەسەر، یان دەستەبەر وھەڵگری وێنەیەك لە ڕێكەوتننامەكان و لە كاتی ناكۆكیدا بگەڕێنەوە لای و ببێتە مەرجعێك.

كوردی باشور ساڵانێك لەمەوبەر ھەوڵیاندا بكەونە نێوان ئێران و لایەنەكانی كوردی ڕۆژھەڵات و بگەنە ڕێكەوتنێك، بەڵام ئێران لە فەرمانگەی ئیتلاعات پێشوازی لێ دەكردن نەك لە وەزارەتی دەرەوە و سەرۆكایەتی حكومەت. گفتوگۆكان ژێرزەمینانە ڕۆیشتن و میللەت و تەنانەت ئەندام و لایەنگرانی لایەنەكانی كوردی ڕۆژھەڵات نەیانتوانی بە وردی لە چارەنوسی خۆیان بگەن.

ئێستاش گفتوگۆكانی نێوان توركیا و پەكەكە كە بە باشوری كوردستاندا تێدەپەڕێت ھەر ھەمان سیناریۆی تێپەڕینی گفتوگۆكانی ئێران و لایەنەكانی كوردی ڕۆژھەڵاتە، باشور تەنھا پردی دامەزراندنی دیالۆگی نێوان توركیایەكی بێدەنگ و پەكەكەیەكە كە ھەنگاوەكانی زۆر قورس ھەڵدێنێتەوە و چارەنوسی بەستراوە بە چەكی شانیەوە. باشترین بەڵگەمان بۆ ئەوە، ئەوەیە كە ئەردوغان دوپاتی كردۆتەوە كە لێبوردن بۆ پەكەكە دەرناكات.

ئەگەر كوردستانی باشور بیەوێ دەستەبەریی ئەو گفتوگۆیانە بكات و ببێتە مەرجعێك بۆ توركیا و پەكەكە، لە كاتی دروستبونی ناكۆكی لەسەر بڕگەكانی ھەر ڕێكەوتننامەیەك كە واژۆی دەكەن، دەبێ یەكدەست بن. سەردانی شاندی كوردی باشور پێش چونە لای پەكەكە بۆ لای لایەن و پارتەكانی باشور بە جیا، نیشانەی بەمردویی لەدایكبونی ئەو چارەسەرەیە كە بیری لێكراوەتەوە.

یەكێتی نیشتمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان ھەرچەندە ڕێكەوتننامەی ستراتیژییان لە نێواندایە، بەڵام ھەر ڕێك نین و لە ھەندێك ھەڵوێستدا یەكێتی وەك لایەنێكی ئۆپۆزیسیۆن مامەڵە لە گەڵ پارتی دەكات. كەواتە ئەم دو حیزبە ئەگەر بشبنە بەشێك لە گفتوگۆی نێوان توركیا و پەكەكە ھەریەكەیان لە ڕوانگەی سیاسی خۆیەوە بەشداری دەكات. ئەمەش بە واتا نێگەتیڤەكەی نایڵێم، بەڵكو ئەمە ڕاستەیەكە لای ئەو دو حیزبەش ئاشكرایە.

سەبارەت بە لایەنی ئۆپۆزیسیۆنیش كە گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی و یەكگرتوی ئیسلامیە، بۆ دەبێ ئەم شاندەی باكورە یەكە بە یەكە سەردانیان بكات؟! نەدەكرا ئەو سێ لایەنە یەك لیژنە لە ئەندامانی سەركردایەتی خۆیان دروست بكەن و شاندەكەی باكور پرس و ڕایان پێبكات. ئەمەش خۆی لە خۆیدا مانای وایە وەك پارتی و یەكێتی بەجیا پێشوازیان لەو شاندە كرد ئەوانیش ھەمان سیناریۆیان دوبارە كردەوە و، لەو نێوانەدا ھەوڵ و پرۆژەی باكور پەرت و بڵاو بۆتەوە و تەنانەت نھێنیە ورەدكانیش پێش گەیشتنی نامەكەی ئۆجەلان بە قەندیل، بۆ ھۆیەكانی راگەیاندن دزەیان كرد، بۆ نمونە باسكردن لەوەی ئاگربەست لە نەورۆز رادەگەیەنرێت، لە كاتێكدا كە توركیا دارعاساكەی ڕۆناڵد ڕیگان لە پەكەكە ڕادەوەشێنێت و فڕۆكەكانیشی بەردەوامن لە بۆردومانكردنی قەندیل و بارەگاكانی پەكەكە.

پرسیار لێرەدا ئەیەوە: ئەگەر توركیا و پەكەكە ڕازی بون بە ڕۆڵ بینینی كوردی باشور لەو پرۆسە گەورە و چڕەدا، ئایا سبەینێ ئەگەر سستیەك دروست بو ھەردوكیان، بە تایبەتی توركیا، دەگەڕێنەوە بۆ رای كوردی باشور؟ من بەش بەحاڵی خۆم بروا ناكەم. بەڵام با پێش روداوەكان نەكەوین و چاوەڕێ بین.

لە كۆتاییدا دەڵێم: لە سەر ئاستی كێشەی بە گشتی من پێموایە كورد ناتوانن ببنە زامنی وڵاتانی دەوروپشت بۆ یەكتر. كێشەی كورد لەسەر ئاستی كوردستانی گەورە و، لەسەر ئاستی یەكە بە یەكەی وڵاتانی دراوسێ، پێویستی بە بونی ڕێكخراوێكی نێودەوڵەتی وەك نەتەوە یەكگرتوەكان ھەیە و، لەسەر ئاستی دەوڵەتانیشەوە پێویستی بە دەوڵەتێكی وەك ئەمریكا ھەیە، كە سبەینێ وڵاتانی دەوروپشتی كورد لەبەردەم ئەواندا بەرپرسیار بن و پەشیمان نەبنەوە. ھەر لەبەر ئەوەیە دەڵێم ئەو باوەش كردنەوەی باشور بۆ گفتوگۆكانی باكور جموجوڵێكی سیاسییە و ھەر لایەنەو حەز دەكات شاندەكە بە ئوتومۆبێلی ئەوان سەردانی قەندیل بكەن.

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com