خێزان وەکو دەوڵەتێکی بچووک

0

بەهرە حەمەڕەش

ئەگەرچی خێزان لە زانستی کۆمەڵناسیدا، وەک یەکەیەکی گرنگی پێکهاتەی کۆمەڵ لێی دەڕوانرێت، کاریگەری و رۆڵی لە سەر پەروەردەی کۆمەڵ بەرچاوە، بەڵام لە سستمی خێڵدا خاوەن گرنگییەکی ئەوتۆ نییە و بۆ پەروەردەی خێزان نابێتە کەناڵێک. هەمیشە ئەم یەکە گرنگە، کە بنچینەی دامەزراندنی کۆمەڵگەی تەندروستە پشتگوێ خراوە.

خێزان لە کۆمەڵگە دواکەوتووەکاندا، وەکو تاک لە بۆتەی بازنەیەکی گەورەتری سستمی خێڵ و عەشیرەتدا تواوەتەوەو گرنگی پێویستی پێنادرێت. تاک و خێزان لە سەر فڵان و فیسار عەشیرەت ئەژمار دەکرێن و بەتەنیا وەکو بابەتێکی حساب بۆ نەکرا و دێنەبەرباس. بەتایبەتیش ئافرەت و گەنج، کە دوولای گرنگی هێزی پێشکەوتنن وەکو دوو تەوژمی کەم عەقڵ مامەڵەیان لە گەڵ دەکرێت. بەرای ریشسپیانی بەڕێوەری دیوەخان، نەوەی نوێ، ناتوانێ لێکدانەوەی دروستی هەبێت و خاوەن ئەزمون نین. هەروەها ئافرەت بونەوەرێکی لاوازە و “عەقڵی لە کۆشیدایە”، ناکرێت گوێی لێبگیرێت! بۆیە هەمیشە لەم سستمەدا عەقڵی کۆن سەردەستە.

کاتێک کۆمەڵگەیەک بیەوێت بەشێوەیەکی تەندروست بەرەو گۆڕانکاری و کرانەوە هەنگاوبنێت، دەبێت گرنگی بە ئاراستەکردنی تاک و خێزان بدات، چونکە پێناسەی هەر کۆمەڵگەیەک، لە تاک و خێزانەوە دەست پێدەکات.

لە نوێترین داهێنانی عەقڵی کۆن بۆ خێزانەکان، چاولێکردنی مۆدێل و دیاردەکانە، لە دەرەوەی ئەو ئاست و قۆناغانەی تێیدا دەژین.

ئەو کۆمەڵانەی، کە عەقڵی کۆن بەڕێوەیان دەبات، تووشی پارادۆکس دەبن، کە سەرلێشێواوی و چەوساندنەوەی تاک و خێزانی تێدایە هەندێ جاریش سەردەکێشی بۆ بوونە قوربانی. بۆ نموونە، عەقڵی کۆن جۆرەها بەربەست بۆ خوێندنی کچان دروست دەکەن و دەیانەوێ لە ماڵەکان بمێننەوە چاوکراوە نەبن. هەمیشە وەکو ئامرازی خزمەتکردن و گوێڕایەڵی ئەم عەقڵە بمێننەوە، بەڵام کاتێک کچ و ژنەکانیان نەخۆش دەکەون، لە دکتۆر و سستەری ژن دەگەڕێن تا چارەسەریان بکات!

ئەمڕۆ هەندێ شت ناراستەوخۆ لە ژێر دەسەڵاتی عەقڵی کۆن دەرچووە. ئەمەش لە ژێر فشاری تەکنەلۆژیا و گۆڕانکارییە خێراکانە لە جیهاندا، کە ئەستەمە بەر بەبڵاوبوونەوەی بگیرێت، چونکە ئەو ئافرەتەی، کە لەماڵەوە سنوردارکراوە دەتوانێ لە رێگەی مۆبایلەکەی دەستییەوە ئاگاداری گۆڕانکارییەکانی جیهان و پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی بێت. ئەگەر ئەندامانی خێزان، ئەندامی هوشیار و سەربەخۆ بن، ئەم خێزانە وەک بازنەیەک گەورە دەبێت. هەروەها لە کۆمەڵگەدا بەهەمان عەقڵ رۆڵ دەبینێت و کاریگەردەبێت.

لە هەموو ئەو کۆمەڵگایانەی، کە پێشکەوتوون و ئێستا بوونە نموونەی دادپەروەری لە کۆمەڵگە، تا خۆیان لە عەقڵیەتی کۆن و کەنیسە رزگارنەکرد، نەیانتوانی کۆمەڵگەیەکی تەندروست و سستماتیک دامەزرێنن، ئەوروپا دوای بەزاندنی سنوری ئەو پیرۆزیانەی قەشەکان بۆ خەڵکیان دانابوو، توانی لە عەقڵی رەش و سپییەوە بەرەو فرە دەنگ و رەنگی بچن.

یابان، لە سەردەمی میجی1868  ــ 1912، ململانێ لە نیوان شارستانیەت و بەربەریەت هەبوو، بەڵام لە کۆمەڵگەی ئێمەدا شەڕ و ململانێ لە نێوان (مورتەد و موئمن) یان کافر و باوەڕدارە، لە کلتور و عەقڵیەتی لە مجۆرەدا، کەڵەکەبوونی ئەزمون نابێتە فاکتەرێک بۆ پێشکەوتنی کۆمەڵگا، بەڵکو لە ناو بازنەیەکی بەتاڵ دەسوڕێنەوە.

ئەمڕۆ کۆمەڵگەی ئێمە پێویستی بە عەقڵێكی کراوە و مۆدێرن هەیە، کە بتوانێ پەردە لە سەر عەقڵیەتی تاریک لابدات، چونکە ئێمە دەبیننین، ئەوەی لەم ناوچەیە بەناوی ئاینەوە روودەدات، دەمانگەڕێنێتەوە قۆناغی چەرخی تاریکی ئەوروپا/ سەدەی ناوەراستی ئەوروپا. راستە ئێستا هەوڵ و کۆشس بۆ گۆڕانکاری لە کۆمەڵەگە هەیە، بەڵام ئەم هەوڵانە لە کات و شوێنی هەڵەدان، لە بەرئەوە بەرهەم لە ئاستی خەبات و ماندووبوون نییە.
هەروەها ئەم هەوڵانە لە سەر بنەمای کارکردن بۆ هوشیاربوونی تاک و هەوڵدان بۆ بنیاتنانی خێزانێکی تەندروست و کراوە، کە بتوانێ سود لە پێشکەوتن و گلۆبال وەرگرێت نییە، کە بە کۆمەڵگەی زانیاری ناودەبرێت.

کۆمەڵگەی دواکەوتوو، ئامراز و مۆدێلێک وەردەگرێت، کە بە بنەماو رەگ و ریشەی ئاشنا نییە. بۆیە تا دەستنیشانی نەخۆشییەکانی کۆمەڵ نەکرێت، ناتوانین میتۆدی گۆڕانگاری و کارکردن بدۆزینەوە. هەڵبەت ئەویش بریتییە لە ئاوڕدانەوەیەک بۆ تاک و خێزان.

راستە رۆشنبیرانی کورد بە تایبەت لە بواری شعردا، خەباتێکی باشی بۆ هوشیارکردنەوەی کۆمەڵگە و مافی چارەی خۆنوسین، لە سەر ئاستی سیاسی، شۆڕش و تەڤگەرەکانی کورددا کردووە. هەوڵیداوە بەرێگەی هێزی رەق مافی خۆی وەرگرێت، بەڵام نە رۆشنبیر و نە سیاسی، روناکی ئەوتۆیان نەخستۆتە سەر پەروەردە و گرنگیدان بە تاک و خێزان.

بۆیە تا کۆمەڵگە خێزانێکی تەندروست و هوشیاری تێیدا پەروەردە نەکرێت، ناکرێت چاومان لە ئامانجی گەورەتربێ و تەونی کۆمەڵایەتی و بنەماکانی دەوڵەت دروست نابن، چونکە پێکهاتەی خێزان بریتییە لە پێکهاتەی دەوڵەتێکی بچووک.

کاتێک کۆمەڵی کوردی باس لە بەشارستانیبوون و دروستکردنی دەوڵەتی سەربەخۆ بکات، دەبێت سەرەتا لە پەروەردەکردن و بنیاتنانی عەقڵی سەربەخۆوە دەست پێبکات، تەجاوزی ئاین و عەقڵی کۆن بکات، چونکە وەکو دوانەیەکی گەڕاندنەوەی کۆمەڵن بەرەو خەیاڵ و جەقبەستووی کۆمەڵایەتی و بوارە گرنگەکانی تری ژیان، کە دەکرێ بەهۆیانەوە کۆمەڵی مەدەنی دروست بێ.

دامودەزگا و دەوڵەت، وەکو پێکهاتە لەناو خێزاندا هەیە، لە ئەزمونی وڵاتانی پێشکەوتوودا دروشمێکیان بەرزکردەوە، کە “مرۆڤ پێوەری هەموو شتێکە/ پرۆتاگۆراس”، چونکە هەموو ئاین، مەزهەبەکان، میتۆد، رێچکە و رێبازە ئەدەبی و فەلسەفییەکان بۆ خزمەتی مرۆڤ هاتوون، بەداخەوە هەموو ئەوانە لە کۆمەڵی ئێمەدا پێچەوانەن. لە جیاتی مرۆڤی ئازاد و سەربەخۆ، شێخ و مورید و خوداوەند و عەبد هەیە.

هەڵبەتە ئەم عەقڵە نەک تەنیا غەدر لە خێزان دەکات، بەڵکو غەدر لە ئاین، نەتەوە و مرۆڤبوون بەشێوەیەکی گشتی دەکات. کۆسپی هەرە گەورەی رۆژهەڵاتی ناوین، کە خۆی لە تراژیدیادا دووبارە دەکاتەوە، گرنگی نەدانە بە تاک و خێزان. ئەم پشتگوێ خستنە، وایکردووە کۆمەڵگەیەکی بەرخۆربین نەک بەرهەمدار. کۆمەڵگەیەکیش، کە بەرهەمدار نەبێت، ناتوانێت سود لە کەڵەکەبوونی ئەزمون وەربگرێت.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com