پارتی و یەکێتی، پرسی کورد لەباکور.‌. محەمەد هەریری: ئێران لە ڕێگای یەکێتیەوە چاودێری ڕەوشی ئاشتی نێوان تورکیا و پەکەکە دەکات

0

mohamadپارتی و یەکێتی، پرسی کورد لەباکور.‌.

محەمەد هەریری: ئێران لە ڕێگای یەکێتیەوە چاودێری ڕەوشی ئاشتی نێوان تورکیا و پەکەکە دەکات، یەکێتی ناتوانێت لە ڕۆڵی بۆ دیارکراوی خۆی تێپەڕێت

هەڵوێستی یەکێتی و پارتی لە مەسەلەی ئاشتی پەیوەستە بە دابەشبونیان بۆ سەر دوو میحوەرە سەرەکیەکەی کە هەموو ناوچەکەی دابەش کردوە

پرسی ئاشتی نێوان تورکیا وپەکەکە، خەونێکە زۆربەی کوردستانیانی هەموو پارچەکان خەونی پێوە دەبینن، چونکە چارەسەری دۆزی کورد لە تورکیا گەورەترین بەربەست لادەدات لەبەردەم دۆزینەوەی چارەسەر لە پارچەکانی تر وشکاندنی ئەو تابۆیە.

وەک چاودێرێك ونوسەرێك بایەخێکی زۆرم داوە بەو دۆزە هەستیارە و دەیان وتار وبەرنامەی تەلەفزۆنی ووەرگێرانی وتارم کردووە لەو بارەیەوە، هەرچەندە بەو دواییە لەبەر گومانکردنم لە جدیەت وشێلگیری هەڵوێستەکانی ئەردۆگان وحزبی داد وگەشەپێدان ڕەشبینیەك بەرۆکی کوردێکی زۆری گرتوە، کە منیش لەناو ئەو ڕەشبینانەم، هەتا لەو ڕۆژگارەش کە لە گەرمەی ماراسۆنی هەوڵەکانی ئاشتیدا دەژین، هێشتا هەستی ڕەشبینی لە ناخی من وکەسانێک بەدواداچونیان هەبێت بۆ دۆزەکە چەکەرە دەکات. لێدوانەکانی ئەردۆگان لە ناسازیەکی سەرسورهێنەرن ڕۆژێك باسی ئاشتی دەکات، ڕۆژێکی تر دژی هەر جۆرە ئازادیەکە بۆ کورد هەتا لە دەروەی تورکیاش، وەک لێدوانەکەی لە دژی هەر ئەزمونێکی کوردی لە سوریا وهاندانی ئۆپۆزسیۆنی سوری لە دژی هەر مافێکی کورد. هەر ئەمڕۆ لە تازەترین لێدوانیدا ئەردۆگان دەڵێت: ئامادە نیە لێخۆشبوونی گشتی بدات بۆ ئەندامانی پەکەکە، چونکە تیرۆرستن، بۆیە هەرگیز لەو مرۆ کوژ وتیرۆرستانە خۆش نابێت؟!!
لە شەڕی چاڵدێرانەوە ١٥١٤ کورد هەمیشە دابەش بوە بەسەر دوو بەرەی باڵادەست لە ناوچەکە، کاتی خۆی عوسمانی وسەفەویەکان بوون، ئێستاش هەڵوێستی دوو حزبی دەسەڵاتداری کوردستانی عێراق، لەسەر بنچینەی ستراتیژیەتیەکی سەربەخۆ وڕوون وئاشکراو لەبەرژەوەندی باڵای کوردستان دانەمەزراوە، بەڵکو لەسەر بنچینەی ئەو دابەشبونە کۆنە نوێیە قوڵەی ناوچەکەیە بۆ دوو بەرەی سەرەکی: سونی: (تورکیا وخەلیج وئەمریکا) وشیعی (ئێران وسوریا وعێراقی شیعی وڕوسیا).
سیاسەتی پارتی لە سوریا وعێراق وتورکیاش رەنگدانەوەی هەمان سیاسەتی تورکیایە، کە رۆژ بە ڕۆژ هاوتەریبی زیاتر لە سیاسەتەکانیان ڕەنگدەداتەوە لە سۆنگەی ئەو هەموو بەرژەوەندە ئابووریەی کە لە نێوانیاندایە. سارد وسڕی پەیوەندیەکانیشی لەگەڵ پەکەکەش هەر گوزارش کردنێکی ڕاستەوخۆیە لە سیاسەتی تورکیا، وهەوڵدانیشی بۆ دروستکرنی گروپێکی چەکداری کوردی لە کوردستانی سوریا، هێندەی لە دژی پەکەکە بوو ولە بەرژەوەندی سیاسەتی تورکیا بوو، یەک لە سەدیشی لە بەرژەوەندی کوردانی سوریا نەبوو.
بە هەمان شێوەش ئەو هەموو هەرایە میدیایەی یەکێتی دەیکات لە کوردستانی سوریا وکوردستانی تورکیا، هیچ پەیوەندی بە ڕوحی گڕگرتووی کوردایەتی یەکێتی نیە، چونکە رۆژێك لە ڕۆژان هەمان یەکێتی لە دژی پەکەکە دەجەنگا، بەڵکو پەیوەندی بە هەڵوێستی ئێرانەوەیە دەرهەق بە پەکەکە وسوریا و تورکیا. ئێران بە هەموو توانایەکی بەرگری لە مانەوەی رژێمی سوریا دەکات ولەو پێناوەش دڵخۆشە بە جموجۆڵی پەکەکە لە ناوچە کوردیەکان وبەرهەڵستی کردنی هەوڵەکانی سوپای ئازادی سوریا بۆ خستنی کوردستانی سوریا بۆ ژێر ڕکێڤی خۆی، وبوونی جۆرێك لە تەبایی وهەماهەنگی لە نێوان چەکدارانی کورد وڕژێمی بەشار ئەسەد، وەك نوسەر ومیدیا کاری ئەڵمانی شتیفان بۆخن یش ئاماژە بەو هاوپەیمانیە بێ دەنگەی نێوان ئەسەد وپەکەکە دەکات.
بە هەمان ئاڕاستەی نزیکبوونەوەی ئێران لە پەکەکە لە دژی تورکیا وهاندانی بۆ سوپای ئازادی سوریا، یەکێتیش لەبەر جێ پێ هەڵگرتنی سیاسەتی میحوەری ئێرانی – ڕوسی لەو ماوەیەدا خۆی بە نزیک نیشان دەدا لە پەکەکە وکوردانی سوریا لە دژی تورکیا، ئەوە مایەی تێگەیشتنە بەڵام سەیر لەوەدایە ئەو هەڵوێستانە کە لە بازنەی تەبەعیەت دەخولێتەوە، دەیانەوێت وەک کوردایەتی بە خەڵکی بفرۆشنەوە، وتارەکەی مەلا بەختیاریش لە کۆنگرەی بەدەپە هەر لەو سیاقەدا بوو.
کەوابوو هەڵوێستی یەکێتی وپارتی لە مەسەلەی ئاشتی پەیوەستە بە دابەشبونیان بۆ سەر دوو میحوەرە سەرەکیەکەی کە هەموو ناوچەکەی دابەش کردوە بۆ دوو بەرەی سەرەکی نەک بە هەڵوێستێکی کوردایەتیەوە.
بەڕای ئێمە ئێران لە ڕێگای یەکێتیەوە چاودێریەکی نزیکی ڕەوشی ئاشتی نێوان تورکیا وپەکەکە دەکات ویەکێتی ناتوانێت لە ڕۆڵی بۆ دیارکراوی خۆیدا تێپەڕێت، ولەو بڕوایەش دانین ئێران وابەئاسانی بهێلێت ئەو هەوڵانە سەرکەوێت، هەر کاتەی وتەی کۆتایشی دەربڕی لەو بارەیەوە، یەکێتێش هاوهەڵوێستی دەبێت.
ڕەشبینی ئێمە لە سەرکەوتنی ئەو هەوڵەی ئاشتی لەوەوە سەرچاوە دەگرێت، کە تورکیا خۆی هێندە بە جیدی نابینرێت لەو پرۆسەیەدا، بۆردومان کردنی فڕۆکەکانی تورکیا بۆ قەندیل لە کاتی گەیاندنی پەیامی ئۆجەلان بۆ سەرانی قەندیل ئەو پەیامە نا جیدیە دەگەیەنێت، چونکە ئەردۆگان تارادەیەکی زۆر توانیویەتی دەزگای سەربازی بخاتە ژێر رکیڤ وچاودێری خۆی، لەوە ناچێت ئۆپەراسیۆنێکی وا توندوتیژ لەو کاتە هەستیارە بەبێ ئاگاداری ئەردۆگان کرابێت!
دووەم سوریا وئێرانیش زۆر دوژمنی ئەو هەوڵەن، چونکە لەلایەک سەری تورکیا سوک دەبێت بە دەست گەورەترین کێشەی ئیفلیجکەرەوە وەک داود ئۆغلۆ بەو جۆرە وەسفی دۆزی کوردی کرد لە تورکیا، لەلایەکی تریش کوردانی سوریاش دەچنە پاڵ شۆڕشگێڕانی سوپای ئازاد ئەوەش بێگومان رەورەوەی روخانی ڕژێمی ئەسەد خێراتر دەکات.
سێیەم: بەڕاستی ئەو داواکاریانەی ئۆجەلان لە زینداندا دەستنیشانی کردون ئەگەر ڕاست بن، لە ڕوانگەی زیندانیەکەوە پێشکەشکراوە، نەک کەسێکی ئازادی ئاگادار بەو هەموو گۆڕانکاریانەی بەسەر ناوچەکە و جیهاندا هاتوە. زیاتر لە داواکاری ڕیکخراوێکی فەرهەنگی گەلێکی مایکرۆنەیشن دەچێت، نەك لە داواکاری ٢٠ ملیۆن هاوڵاتی کورد، بۆیە دەڵێن باوەڕ ناکەین خەڵکی کورد داواکاریەکانیان لەو شەش خاڵە کۆ ببێتەوە، وەك لە میدیاکاندا بڵاوکرایەوە کە بریتی بوون لە:
–  دەرخستنی یاسایەک بۆ بە فەرمی ناساندنی زمانی کوردی.
– زەمینە خۆشکردن بۆ وەستاندنی جەنگ.
– کشانەوەی بە قۆناغی هێزەکانی پەکەکە لە تورکیا.
– سوککردنی سزای بەندیەکان وئازادکردنی هەندێکیان!
– گواستنەوەی ئۆجەلان لە زیندانەوە بۆ ئیقامەی جەبری لەناو ماڵی خۆیدا!
– کۆبونەوەی سەرکردەکانی پەکەکە لە هەولێر.
وەک گوتمان ئەوە لە پرۆژەی ئاشتی ناچێت، بەڵکو زیاتر لە داواکاری جەمعیەتێکی سەقافی دەچێت، بە دیوێکی تر لە مەرجەکانی خۆ بەدەستەوەدان دەچێت، تۆ کە بەو هەموو هێزەی قەندیل ئیمڕۆ وا بەوپەڕی عونجوهیەت ولوت بەرزی رەفتارت لەگەڵ دەکرێت لەلایەن تورکیاوە، ئەو کە بەبێ هیچ دەسکەوت وزەمانەتێک کێشاوەتەوە وبەبێ بوونی هیچ نێوەندێکی نێودەوڵەتی وەك شاهیدێك بەسەر ئەو بەناو پرۆسەی ئاشتیە؟!!
خۆزگە ئۆجەلان وەک خۆی بارمتەیە لە ژێر چنگی دەوڵەتی تورک، بڕیاڕی سیاسی کوردی بارمتە نەدەکرد بۆ خۆی، وئەرکی ئەو پرۆسەیەی دەدایە دەست چەند کەسایەتیەکی سیاسی کورد وچەند سەرکردەیەکی پەکەکە، چونکە ئەگەر ئەمڕۆ تورکیا لە زیندانەکەیەوە حسێبیکی بۆ دەکات، کە بە ئاسانی هەموو شتێکی دابەدەستەوە ئەوە دەبێت لەو دورگە زیندانە سەر بنێتەوە.

hariri66@yahoo.com

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com