پارتی و یەکێتی، پرسی کورد لەباکور..
زکری موسا: بەشێكی هەرە زۆری پڕۆسەی ئاشتەوایی بە حزوور و پێداگیریی پارتی بووە بە تایبەت لە مەسەلەی بەشداریپێكردنی ئیمڕالیدا
كێشەی كورد لەچاو ساڵانی ڕابردوودا چەند هەنگاوێك چووەتە پێش. سەرباری بوونی ئاستەنگی گەورەی دەرەكی و نێوخۆیی، هەوڵەكان بۆ گەییشتن بە چارەسەری ئاشتییانەی دۆزی ڕەوای كورد لە باكوور بەردەوامە.
گەییشتن بە ئاشتی بۆ دەستەڵاتدارانی ئێستای توركیا دەستكەوتێكی گەورە دەبێت لە مێژووی سیاسییاندا. ئاشتی و چارەسەری مەدەنیانە خەباتی گەلی كورد لەو بەشەی كوردستاندا دەباتە قۆناغێكی جدیترەوە و دەكرێ پاڵپشتی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتیش مسۆگەر بكات.
سەركردایەتیی سیاسیی كورد لە باشووری كوردستاندا، ڕۆڵی بەرچاوی هەبووە لە دەستپێكردنی گفتوگۆی نێوان حكوومەتی توركیا و لایەنە سیاسییە كوردەكانی باكوور و پ ك ك و ئیمڕاڵیدا. لەو پڕۆسەیەدا سەرۆكایەتیی هەرێم و حكوومەتی هەرێم، لە ماوەی چەند ساڵدا و لە قۆناغی جۆراوجۆر دەستیان هەبووە لە نزیككردنەوەی بۆچوونەكانی هەر دوولا، ئەگەرچی ناوە ناوە بە هۆی قەیرانی سیاسی و ڕووداوی لە ناكاو پڕۆسەی ئاشتەوایی تووشی بنبەست و بەدحاڵیبوون هاتووە.
گرنگ ئەوەیە پڕۆسەی ئاشتەوایی بووەتە ئەمری واقع و ڕەوتێكی بێگەڕانەوەیە و لایەنە سیاسییەكانی باشوور لەوەدا سەركەوتوون كار بكەنە سەر ڕەوتی ئاشتەوایی لە توركیادا. ئەو بڕوایە هەڵەیە پارتی لە پڕۆسەكەدا غایبە و یان بایەخ بە پرسەكە نادات، بە پێچەوانەوە بەشێكی هەرە زۆری ئەو پڕۆسەیە بە حزوور و پێداگیریی پارتی بووە بە تایبەتی لە مەسەلەی بەشداریپێكردنی ئیمڕالیدا، دەمێكە پارتی بۆچوونی ئەوە بووە كە چارەسەرەكان دەبێ بە ئیمڕالیدا تێبپەڕن.
هەوڵەكانی ئەو دواییەی لایەنە كوردییەكانی باشوور، بە تایبەتی یەكێتیی نیشتمانی بۆ ناوبژێویكردنی هەر دوو لایەن، جێگەی بایەخە و هەموو لایەك هیوای ئەوە دەخوازێ سەركەوتن بە دەست بهێنێت. بەو مەرجەی نەبێتە هۆی ئاڵۆزتركردنی كێشەكان و كەلێنیش دروست نەبێ بۆ ئەوەی هەندێ بەرژەوەندیی هەرێمایەتی بچێتە نێو هاوكێشەكانەوە، چونكە لەوەها دۆخێكدا پڕۆسەی ئاشتەوایی دەكەوێتە ژێر مەترسییەوە و ئاڵۆزتر دەبێت و ڕەنگە بە ئەنجامیش نەگات.
ئەو بۆچوونەیش هەڵەیە، وای ببینین كە نزیكیی پ ك ك و یەكێتی پەرچەكردار بێت لە بەرانبەر نزیكیی پارتی و توركیا. بەر لە هەموو شتێك حكوومەتی هەرێم نزیكییەكی باشی لەگەڵ هەردوو لایەنی حكوومەت و لایەنە كوردییەكان هەیە و هۆكاری سەرەكیی دەستپێكی پڕۆسەی ئاشتەوایی بووە، خاڵی دووەمیش بریتییە لەوەی یەكێتیی نیشتیمانییش نزیكە لە توركیا و پەیوەندیی نێوانیان باشە. سەفەری شاندی سەركردایەتیی یەكێتی بۆ توركیا و كۆبوونەوەیان لەگەڵ بەرپرسە باڵاكانی توركیا گەواهییەكی ڕوونە بۆ ئەو قسەیە. ئەگەر ئەو بۆچوونە ڕاست با ئەوا لایەنە كوردییەكانی توركیا لە یەكێتی دوور دەكەوتنەوە نەك نزیك ببنەوە.