پارتی و یەکێتی، پرسی کورد لەباکور.
هاوڕێ باخەوان: ئەو دوو حزبە تەنها لە بەرژەوەندیی خۆیاندا ئامادەییان لە پرۆسەی ئاشتەوایی تورکیا هەیە
پڕۆسەی “ئاشتەوایی”ی نێوان تورکیا و پەکەکە قسە و باسی زۆر زۆر هەڵدەگرێت، لێرە و لەوێ کەم و زۆر لەسەریم نووسیوە و گووتووە! ئەم پڕۆسەیە تابڵێی هەمە لایەنەیە، هەر لە لایەنی ناوخۆیی خودی تورکیا و باکووری کوردستانەوە، تا دەگاتە وڵاتانی دەوروبەر و پەیوەندیی لایەنە پەیوەندیدارەکان بە یەکێتیی ئەوروپا و ئەمریکاوە.
تەنها ترسی من لەم پڕۆسەیەدا ئەوەیە کە پەکەکە چەک دابنێت و ئەو بزووتنەوەیە وەکو ئەوانەی پێشووی باشووری کوردستانی لێبێت و زۆرترین پاشاگەردانیی لێبکەوێتەوە!
ئەم پڕۆسەیە بەشێوەیەک لە شێوەکان هێزکاری لەسەر هێزە کلاسیکییەکانی باشووری کوردستانیش کردووە، لەوانەش بەتایبەتی پارتی و یەکێتی..
ئەم جووتەی دوایی، ئەگەر شەڕەگوورزی دامەزراندنی بەڕێوەبەری بنکەیەکی کارگێڕییان هەبێت لە شارێکی وەک کەرکوکدا! ئەوا زۆر ئاساییە بیانەوێت بەهەر جۆرێک بێت، لەم پڕۆسەیەدا سنگی خۆیان دەربپەڕێنن!.
بیرکردنەوەی ئەم دوولایەنە و تەنانەت پەکەکەش بەو شێوەیەیە، کە بزووتنەوەی کوردایەتی بەبێ ئەمان، واتە هەریەک لەلایەن خۆیەوە، هیچ بەهایەکی نییە و لایەنەکانی تر هیچ نین و تەواو!
ئەم یەکێتی و پارتییەی ئێمەی باشوور، بەهەمان ئەڕۆگانتییەوە بیر لە گفتوگۆکانی نێوان تورک و پەکەکە دەکەنەوە! هەریەکەیان دەیانەوێت بیسەلمێنێت کە هێزکاری تەواو و ئامادەییان لەم پڕۆسەیەدا هەیە!.
من نازانم هەڵەم یان راست! بەڵام ئەوەی من هەستم پێی کردووە ئەم جووتەی لەمەڕ ئێمە تەنها ئامادەییان لە بەرژەوەندیی خۆیاندا هەیە! چۆن پێیان باش بێت لەو لایەنە نزیک دەبنەوە کە لە پڕۆسەکەدان.
پەکەکە و بەدەپەش وەک “دوو” لایەنی سیاسی، هەردەم پەیوەست بوون بە بەرژەوەندییەکانیانەوە! ئەمڕۆ لەوانەیە بەڕواڵەت لە یەکێتییەوە نزیک بن! بەڵام کەی بەرژەوەندییان پێویستی بەوەکرد کە لە پارتییەوە نزیک بن، ئەوا بەدڵنیاییەوە سێ و دووی لێناکەن!.
بۆ نموونە، ئەمڕۆ بەرژەوەندیی بەدەپە لەوەدایە کە گفتوگۆ هەبێت، ئیدی تورک قەندیل بۆردوومان دەکات و تەنانەت وەفدەکەشی لەترسی ئەو بۆردومانە ناوێرێت بچێتە قەندیل! ئەوە کێشە نییە، کێشە ئەوەیە کە بەرژەوەندییان واهی دەخوازێت، ئەگەرنا، هەردەبووایە لە یەکەم رۆژەوە وەفدەکە بگەڕانایەتەوە بۆ ئامەد!.
ئەم گفتوگۆیە، ئەگەرچی بووەتە رۆژەڤێکی گرنگ و من بەردەوام چاودێریی دەکەم، بەڵام هەردەم کە ئێمە هەنگاوێک دەنێین و تورکیش بۆمبامان پێوەدەنێت! بەیتە کوردییەکم بیردەخاتەوە کە دەڵێت: خۆشە دڵداری لە هەردوو سەربێت، نەک کوڕ بسووتێ و کچ بێخەبەر بێت!.. نازانم ئەگەر گفتوگۆکەی تورک و پەکەکە لە هەردوو سەربێت، بەڵام لەوە دەچێت ئێمە سووتابێتین و توورکیش بێخەبەر!.
لەم رۆژانەدا لە گووگڵدا بەدوای نموونەکانی گفتوگۆدا دەگەڕام تاوەکو بەراووردێک بکەم لەگەڵ ئەمەی تورک و پەکەکەدا، نەمبینی لایەنێک بڵێت ئێمە ئامادەین و لایەنی دووەمیش تەنها داوای چەکدانان بکات و زمانیشی تەنها ئێف شازدە بێت.. ئەمە تەنها لە ئێمە روویداوە.