پارتی و یەکێتی پرسی کورد لەباکور.. حەمەرەشید هەرەس: بەشداری ئەو حیزبانە لەم پرۆسەی ئاشتەواییە فڕی بەمەسەلەی نەتەوەییەوە نییە

0

harasپارتی و یەکێتی پرسی کورد لەباکور..

پرسی باکور و باشور و

وەڵامی نەتەوەیی

حەمەرەشید هەرەس

باوەڕ ناکەم ئەمڕۆ لە باشوری کوردستان هیچ حیزبێکی دەسەڵاتدار نەتەوەیی بن و لەو روانگەیەوە بڕواننە کێشەی کورد لە باکوری کوردستان. ئەوەی ئەمڕۆ لە گۆڕەپانەکەدا رو ئەدات گوریسراکێشانی چەند لایەنێکە، هەر یەکە و بەرژەوەندی خۆی رەچاو ئەکات و هەر بەشدارییەکی ئەو حیزبانە لەم پرۆسەی ئاشتەواییە، لە تاکتیکێکی رۆژانە بەولاوە فڕی بە مەسەلە نەتەوەییەکەوە نیە. بۆ؟

چونکە حیزبی نەتەوەیی ئەبێت کەسانی نەتەوەیی باوەڕپێکراو، جڵەوی کارە سیاسیەکەیان بە دەستەوە بێت. جا ئەگەر بە سەرزاری و بە قوڵیش سەیری ئەو حیزبانەی دەسەڵات بکەین، یەك تاکە کەسی نەتەوەیی نادۆزینەوە، کە لە تاقیکردنەوەی ستانداردێکی نەتەوەیی بڕوانامەیەکی لاوازیشی بە دەست هێنابێت.

پێناسەی نەتەوەیی بون هەروا ئاسان نیە، حیزبێك بۆ بەرژەوەندی خۆی لە سات و کاتێکی کورتدا بەخۆی رەوا ببینێت، نەتەوەیی بوون رابوردوە، ئێستایە، داهاتوە. رابوردوی هیچ حیزبێکیان ئەوە ناسەلمێنن، ئێستاشیان وەك وتمان تاکتیکێکی رون و ئاشکرایە، کەواتە ئەوەی ماوەتەوە داهاتوە ئەگەر هەرکامێکیان زەمینەی ئەو نەتەوەیی بونە بە کردار بسەلمێنن، جا ئەیسەلمێنن؟

مەسەلەی دەسەڵاتی تورك و حیزبە کوردییەکانی باکوریش بمانەوێت و نەمانەوێت، کەوتۆتە سەر کوردەکانی باکور خۆیان، چونکە مێژو سەلماندویەتی هەر هەمو فاشستەکانی چواردەوری کوردستان مل بۆ هێز نەبێت کە شۆڕی ئەکەن ئەگینا هیچ هەوڵێکی ئاشتیانە رەچاو ناکەن، بگرە پەکەکە بۆ بەرژەوەندی خۆشیان و باشوریش درێژە بە ململانیەکە بدەن زۆر لەوە ئابڕومەندانە ترە لەژێر پەردەی ئاشتی و برایەتیدا، پاشقول لەوان بگرن و دەستیشیان واڵا بێت بۆ لێدانی ئەم ئەزمونەی باشور.

زۆر لە نوسەرانی خۆشەویست، وا سەیری پرۆسەکە ئەکەن گوایە یەکێتی هەنگاوی نەتەوەیی ناوە و، بە پێچەوانەوی پارتیەوە کە هەنگاوی نانەتەوەیی ئەنێن. وەك لەپێشەوە باسمان کرد بە رای من تا ئێستا هیچ لایەکیان نە نەتەوەیین، نە هەنگاوی نەتەوەییش لە ئارادایە، جگە لە سیاسەتێکی کاتی بە دەقیقە و سەعات ئەشێت بیگۆڕن. بەڵام رەوای شیکردنەوەیە هەندێك راستی تیا باس بکەین: لە کاتی یەکێتی سۆڤیەتدا رۆژنامەنوسێك پرسیاری لە وەزیری دەرەوەی سۆڤیەت کرد وتی بۆچی ئێوە رۆژانە لایەنی دیپلۆماسی خۆتان لەگەڵ عیراق بەهیز ئەکەن و گەورەترین یارمەتی عیراق ئەدەن لە هەمو رویەکەوە، لە کاتێکدا رژێمی بەعسی عیراقی زیندانەکانیان پڕ کردوە لە کەسانی شیوعی و بەوەشەوە ناوەستنەوە، بە سەدەها شیوعیان کوشتوە و خنکاندوە و، هەمیشەش هەر بەردەوامن لە پاکتاو کردنی ئەو حیزبە؟

وەڵامی وەزیرەکەش ئەوەبو، وتی: ئێمە دەوڵەتین حیزبیش حیزبە، کاری دەوڵەت لەگەڵ کاری حیزب جیاوازی زۆرە، کاری ئێمە پێویستیمان بە دیپلۆماسیەت و بەرژەوەندی نێو دەوڵەتیە، کاری حیزبیش یارمەتی حیزبە شیوعیەکانی جیهانە. دەوڵەت جیایە و حیزب جیایە.

جا خۆزگە ئەم رەوشەی ئێستای دەسەڵاتی کوردی دەرهەق بە باکوری کوردستان هەمان شێوازی ئەو کاتەی سۆڤیەت بێت. هەڵسوکەوت وەك حیزب جیابێت لە هەڵسوکەوت وەك دەسەڵات و مەسەلەی بەرژەوەندی رۆژانە.

ئەگینا وەك مەسەلە نەتەوەییەکە و بەتایبەتیش لەم کاتەدا من هیچ لایەنێکیان بە نەتەوەیی نازانم و بگرە هەردو لایان دژایەتی جەماوەرە نەتەوەییەکانی خۆیان ئەکەن و خواخوایانە بە هەل و مەرجی نەتەوەییەوە، ناپاك دەرنەچن.

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com