پارتی و یەکێتی پرسی کورد لەباکور.. زاگرۆس رێباز: یەکێتی پەیوەندیەکانی لەگەڵ کورد لەباکور، لەسەر بنەمای ستراتیژی نەتەوەیی درێژەپێدا

0

zagrosپارتی و یەکێتی پرسی کورد لەباکور..

کورد و دەوروبەر

* زاگرۆس رێباز
کۆمەڵێک فاکتەر رۆڵیان گێڕا لەگۆڕینی شێوازی یەکلاییکردنەوەی دۆزی کورد لەباکور، بەجۆرێک کە ئیدی تورکیا جگە لە هەوڵەکانی بۆ رازیکردنی ئەوروپا بەقەبوڵکردنی وەک ئەندام لەیەکێتیەکەیان، هەوڵ دەدات پێگەی ئیقلیمیی خۆیشی بەهێزبکات و دەشزانێ کەبەحاڵەتی ئێستایەوە، بێ سەقامگیریی سیاسی و رازیکردنی کورد ناتوانێ ئەو ئامانجانە بێنێتەدی. بۆیە دەیەوێت هەرچۆنێک بووە دۆزی کورد چارەسەربکات و بەدڵنیاییشەوە هەوڵ دەدات لەو پێناوەدا خۆی کەمترین زیانی بەربکەوێت.
بەهاتنەوەی ئیسلامیەکان بۆسەر حوکم دوای کابینەی بولاند ئەجەوید، ئاماژەی نوێ دەرکەوتن لەوەی کە تورکیا دەیەوێت بازنەی گۆشەگیریی ئیقلیمی بپسێنێت و هەنگاو بەرەو کرانەوە بەڕووی جیهانی ئیسلامی بنێت و پەیوەندیەکانی لەگەڵ ئیسرائیل و رۆژئاوا بکاتە فیدای ئەو ئامانجە و تا ئێستاش لەسەر ئەم رەوتەی بەردەوامە.
ئەو زیانە سەربازی و مادیە گەورەیەی بزووتنەوەی چەکداریی کورد لەماوەی سێ دەیە گەیاندیە دەوڵەتی تورکیا، سەرەڕای رووخانی رژێمی بەعس وەک پشتیوانێکی تورکیا، گۆڕانە ناوخۆییەکانی هەر یەک لەوڵاتانی ئێران و دەرەنجامەکانی بەهاری عەرەبی، بەشێوەی ناڕاستەوخۆ رۆڵێکی گرنگیان بینی لەگۆڕین و پێشخستن و سەرخستنی خەباتی ئاشتیانەی کورد لەتورکیا.
هەرێمی کوردستان، وەک یەکەم ئەزموونی ئیدارەی کوردی، لەماوەی دوای رووخانی رژێمی بەعسەوە پەیوەندیێکی ئابووریی باشی لەگەڵ حکومەتی تورکیا هەیە. هاتنەوەی ئیسلامیەکان بۆسەر حوکم لەتورکیا هاوکات بوو لەگەڵ رووخانی رژێمی سەدام، ئیدارەی ئەمریکاش هیچ ئاماژەیەکی دیاری نیشان نەدا بۆ دژایەتیکردنی پەکەکە لەقەندیل، بەمەش بوونی پەکەکە وەک هێزێکی سەربازی دژەتورکیا لە ناو سنووری هەرێمی کوردستان کە خەریکە پەیوەندیێکی باش لەگەڵ تورکیا بنیات دەنێت ئەرکێکی سەختی خستەسەرشانی هێزە کوردیەکانی باشوری کوردستان. لەو نێوانەدا پەکەکە چالاکیە مەدەنیەکانی خۆی بەهێزکردو ئیدارەی زۆر لەشارە کوردیەکانی لەهەڵبژاردنی خۆجێیی شارەوانیەکان گرتەدەست و پاشانیش چووە ناو پەرلەمانی تورکیاوە.
پەیوەندیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وەک لایەنێکی بەهێزی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد لەباکور مێژووێکی درێژی هەیە. سەرەڕای ئەو ناکۆکیانەی لەکۆتاییەکانی شەڕی ناوخۆی هەرێمی کوردستان لەنێوان پەکەکە و یەکێتیدا هاتنەکایەوە تا گەیشتە پێکدادانی چەکداری، بەڵام جەماوەری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەو برینەی لەنێوان خۆی و پەکەکە زوو ساڕێژکرد کەرۆژگارێک هاوسەنگەری یەکدی بوون. لەساڵی 1998 دوای گیرانی عەبدولڵا ئۆجەلان، بەپێچەوانەی جەماوەری پارتی کە هاوپەیمانی تورکیا بوو و لەکۆتاییەکانی شەڕی ناوخۆ پشتیوانی بوو، جەماوەری یەکێتی لەناوچەی سەوز دژی گەلەکۆمەی دەستگیرکردنی ئۆجەلان بەشداریی رێپێوانەکانیان کرد. لەرووی بەرژەوەندیی سیاسیشەوە، یەکێتی پەیوەندیەکانی لەگەڵ بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد لەباکور لەسەر بنەمای ستراتیژی نەتەوەیی درێژەپێدا. پژاک کە باڵی پەکەکەیە چالاکیە چەکداریەکانی خۆی لەدژی ئێران سنووردارکرد، خەباتی کورد لەم قۆناغەدا بەهۆی شکستی بزووتنەوەی سەوز لەئێران، و سەرکەوتنی بەهاری عەرەبیەوە رووی لەسوریا کردو پەکەکە لەوێ بەرەیەکی نوێی بۆ دروست بوو، لەمەشدا راگەیاندنی یەکێتی زۆر جیاواز لەراگەیاندنی پارتی، پشتیوانی پەکەکە بوو. سەرەنجام بەشداریی یەکێتی و هەندێک لەهێزە هاوبیرەکانی خۆی وەک گۆڕان و زەحمەتکێشان لەدوایی کۆنگرەی بەدەپە، لەرێی وتاری مەکتەبی سیاسیەوە، پەیامێکی ئاشکرای راگەیاند کە ئەوان پشتیوانی لەخەباتی سیاسیی ئاشتیخوازانەی کورد دەکەن کەبەدەپە نوێنەرایەتیی دەکات و داوای ئازادکردنی ئۆجەلانیان کرد وەک هەنگاوێکی گرنگ بۆ گەیشتن بەچارەسەری ئاشتیانە بۆ دۆزی کورد.
لەبەرامبەردا پارتی دیموکراتی کوردستان، بەهۆی ئەوەی ناوچەی زەردی جاران سنوورێکی درێژی هاوبەشی هەیە لەگەڵ تورکیا و زۆربەی پەیوەندیە بازرگانیەکانی لەرێی تورکیاوەن، بە سەرهەڵدانی پرسی نەوت و زیادبوونی فشارو سزا نێودەڵەتیەکان لەسەر ئێران، پەیوەندیەکانی لەگەڵ تورکیا چوونە قۆناغێکی نوێوە. یەکێکی دی لەو فاکتەرانەی کە پارتی لەپەکەکە دوورتر خستەوە، نزیکبوونەوەی پارتی بوو لە تورکیا لەچۆنیەتیی مامەڵەکردن لەگەڵ عیراق و پرسی مالیکی و بەرکەنارکردنی سونەکانی عیراق کەلەلایەن حزبی ئیسلامیەوە نوێنەرایەتی دەکرێن و پەیوەندیێکی باشی هەیە لەگەڵ تورکیا.
شۆڕشی سوریا دژی بنەماڵەی ئەسەد، فاکتەرێکی دیکە بوو کە دیسان ناکۆکیی نێوان پارتی و پەکەکەی قوڵترکردەوە بەوەی کە لەبنەڕەتدا تورکیا دەیویست لەرێگەی ئیسلامی سیاسیەوە داخڵی سوریا ببێت و پەکەکە زووتر کۆنترۆڵی زۆربەی ناوچەئازادکراوەکانی کوردستانی رۆژئاوای کرد.
ئەم گۆڕانە جیاواز و پێکبەستراوانە سەرەنجام تابلۆیەکیان لەپەیوەندیە سیاسیەکان نەخشاند کەتیایدا یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وەک هێزێک دەرکەوت کە زیاتر لەپارتی لەگۆڕەپانی پرسە نەتەوەییەکاندا پێگەی هەبێت. بەڵام هەموو ئەم راستیانە، وێنەیەکی نەخوازراومان دەخەنە بەرچاو لەوەی کە هەموو ئەو پەیوەندیە نەتەوەیی و نیشتمانیانە دەبوو لەژێر سایەی پەرلەمانی کوردستان و بەنوێنەرایەتیی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچووبان نەک لەڕیی پەیوەندە حزبیەکانەوە، دواجار مامەڵەکردن لەگەڵ دۆزی کورد مەسەلەیەکی نەتەوەییەو بەرپرسیارێتیێکی گەورەیە، چونکە بەلەبەرچاوگرتنی پێگەو نفوزی ئێستای لەهەرێمی کوردستان، سەرکەوتنی ئەو پرۆسەیە بێ بەشداریی پۆزەتیڤی پارتی رەنگە دوابکەوێت.

* خوێندکاری خوێندنی باڵا لە زانستەسیاسیەکان لەئەمریکا

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com