پارتی و یەکێتی پرسی کورد لەباکور..
سیهام عبدالله: دەبوو لایەنە سیاسییەکانی باشووری کوردستان، بە ناوی حکومەت و پەڕلەمانەوە هەوڵیان دابا
ئاشتەوای لە باکوری کوردستان نەک تەنها بۆ باکور بەڵکو بۆ هەر چوار پارچەی کوردستانیش گرنگە، چونکە جگەلە پێگەی جیۆپۆلیتیکی، باکوری کوردستان لە ڕووی ژمارە و ڕووبەریشەوە دایکی بەشەکانیتری کوردستانە.
من لەو بڕوایەدام هەموو لایەنە کوردە خەمخورەکان لەگەڵ چارەسەری ئاشتیانەی کێشەی کوردن، لە هەر چوار پارچەکە و بەتایبەتیش لە باکور، کە ئێستا و لە دوای دەیان ساڵ ئینکاری کردنی هەبوونی کورد و نزیکەی سێ دەیەش لە شەڕی بەردەوامی نێوان پارتی کرێکارانی کوردستان و سوپای تورکیا ، کاتی ئەوە هاتووە هەردوو لایەن بزانن کێشەی کورد بە شەڕ و کوشتار کوتایی نایەت و چارەسەریش نابێت، هەر چەندە لەمەش جیاوازی لە نێوان دەوڵەتی تورکیا و (پ،ک،ک) دا هەیە و لە ناچاری و بۆ جێگیرکردنی ئاشتی پەکەکە دەستی بۆ چەک بردووە و ئەوەی تا ئێستاش وەکو پێویست ئامادەی چاسەری نییە لایەنی دەوڵەتە نەک کورد.
دیارە لە هەوڵە کوردستانییەکانیش بۆ ئاشتەوای لە باکوری کوردستان، من بە پێچەوانەوەی خەڵکانێک دەبینم، پێموایە هەردوو لایەنی یەکێتی و پارتی هەوڵ و ڕووڵیان هەیە بۆ بەرەو پێش بردنی پرۆسەی ئاشتی لە باکور، ئەگەر جیاوازیش هەبێت لە سەنگی ئەو ڕۆڵگێڕانەدا، ئەوە بۆ لاوازی دیپلۆماسییەتی کوردی دەگەڕێتەوە، بەڵام لە هەمان کاتدا کە سەرۆکی هەرێم ڕۆڵێک لەم بوارەدا دەگێڕیت، ئەوە بێگومان نوێنەرایەتی هەموو لایەنەکان دەکات نەک تەنها یەکێتی و پارتی، هەر هەوڵێکیش لە لایەن سەرۆکایەتی هەرێمەوە نووینەرایەتی هەرێم بە گشتی دەکات.
بەڵام دەبوایە زیاتر لایەنە سیاسییەکانی باشووری کوردستان، بە ناوی حکومەت و پەڕلەمانەوە هەوڵیان دابا ڕۆڵی خۆیان لە مەسەلەی ئاشتی نێوان پەکەکە و دەوڵەتی تورکیاد بگێڕن، چونکە ئەم حاڵەتە بۆ حکومەتی هەرێمیش دەبووە دەستکەوتێکیتر و دەبووە دانپێدانانێکی فەرمیش لە لایەن دەوڵەتی تورکیا وە بە هەرێمی کوردستان، بەڵام بەداخەوە وا هەست دەکرێ حزبە سیاسییەکانی کوردستان هەندێک جار هەوڵ دەدەن زیاتر دەستکەوتی حزبی بەدەست بێنن و وەکو دەست کەوتی نەتەوەیش مەمەڵەی لەگەڵ بکەن.