کاریگەری ئایدۆلۆژیا لە سەر ناسیۆنالیزمی کوردی

0

کوشتنی عەقڵ لە دووبارەبوونەوەی مێژوودا

بەهرە حەمەڕەش

ئەحمەدی خانی/ 1650 ــ 1707 لە شعرێکدا، باسی هەبوونی” ئیتیفاقەک” رێککەوتنێک لە نێوان کورد دەکات و دەڵێت”گەر دێ هەبوا مە ئیتیفاقەک ڤێگرا بکرا مە ئینتیقادەک، رۆم و عەرەب و عەجەم تەمامی هەمیا ژ مەرا دکر غولامی. تەکمیل دکر مە دین و دەولەت تەحسیل دکر مە عیلم و حیکمەت”.

کاوێس ئاغا/ 1889 ــ 1936 بە حەیران باسی دەردو خەمی کورد دەکات “چەمێ چەتەلێ” و دەڵێت: “کورد خائینە”. دوای سەدساڵ، کورد هەمان حەیرانەکەی کاوێس ئاغا دەڵێتەوە!!! گەلۆ بۆچی تا ئێستا ئەو دەردە قورسەی کورد دیاری نەکراوەو برینەکان سارێژ نەکراون؟ بۆچی هەردەم رستەی” مێژوو خۆی دووبارە دەکاتەوە” لەسەر زارمانە و کەسمان داوای پەنجە خستنە سەربرینەکان ناکەین؟ جگە لە تۆمەت و یەکتر شکاندن.

بۆچی فکرەی، خانی، نالی، مەحوی و حاجی قادر، پێشنەکەوتن؟ لە هەموو قۆناغەکانی مێژووی کورددا، خەڵکانێک هەبوون کە باس و خواسی ناسیۆنالیزمیان گەرم کردووەو ویستوویانە کاری پێویستی بۆبکەن، بەڵام سەرنەکەوتوون؟ چونکە تائێستاش هەوڵە رۆشنبیری و سیاسییەکان، هاوتەریب نین و هیچ پڕۆژەیەکی مەعریفی پێویست بۆ ئەم بابەتە نەبووە و نییە.

بزووتنەوە و میرنشینەکانی کورد یەک یەک لەناوچوون. هەموو ئەوانە رەهەندی جیاوازیان هەیە. بۆیە پێویستمان بە لێکۆڵێنەوەو توێژینەوەی وردو زانستی هەیە، کە لەسەر دەستی کەسانی پسپۆڕ ئەنجام بدرێت.

ئاشکرایە کاروکردەوەی سەرکردە سیاسی و حزبە کوردییەکان، لە ئێستاوە بۆ رابردوو، کەڵەکەبوونی مێژووەو قۆناغ بە قۆناغ لە تێگەیشتنی سیاسی و رۆشنبیری ئەوانەوە هەڵقوڵاوەو ئەنجام دراوە. کەم و زۆر شکست و سەرکەوتنەکانیان، پەیوەندی بە رەوشی فکریانەوە هەیە و جیۆپۆلۆتیکیش رۆڵی تێدابینیوە.

ئەوەی جێی داخە وێڕای دووبارەبوونەوەی “شکست، خیانەت، هەنگاو نان بەرەو دواوە” زیاتر لە بیست زانکۆ لە کوردستان هەیە کە بەشی زانستەسیاسییەکانیان هەیە، کەچی هیچ پانێڵ یان نوسین و لێکۆڵینەوەی پێویستیان لەم بوارەدا نەکردووەو ئەگەر بشکرابێت لە ئاستێکدا نەبووە، کە بتوانێت بە هەوراز و نشێوەکانی مێژووی کورددا بچێتەوەو بابەتیانە پەنجە لەسەر برینەکانیان دابنێت. چیتر نەڵێین “مێژوو خۆی دووبارە دەکاتەوە”، چونکە دۆخی بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد، تا ئێستا خولانەوەیەکی بێهودەیە، لە بازنەیەکی داخراودا.

یەک لە هۆکارەکانی کامڵ نەبووی ناسیۆنالیزمی کوردی، کاریگەری ئایدۆلۆژیایە لەسەر مرۆڤی کورد. لەبەر ئەوەی کلتوری کورد، بەردەوام کلتورێکی داگیرکراوە، هەمیشە داگیرکارانی کورد رەوشێکیان خوڵقاندووە کە کلتوری سەردەست کاریگەربێت. ئەم کلتورە بۆتە سەرچاوەیەک بۆ دروست بوونی تاکی راراو ئاڵۆز کە نەتوانێت بڕیاربدات و تەکانێک بەو رەوشە بدات کە کلتوری کوردی تێدایە و بەگژ زمان و ئەدەب و هەموو رەمزە رەسەنەکاندا چوون، کە مایەی سەرهەڵدان و بوژانەوەی ناسیۆنالیزمی کوردی بێت. هەر بەهۆی ئەو کاریگەرییەشەوەیە کە تائێستاش بەشێک لە کوردانی هەرچوارپارچە، بە زمانەکانی “تورکی، عەرەبی و فارسی” قسەدەکەن و بە کلتوری ئەوان کاریگەرن.

هەموو ئەو داگیرکاریانە، بوونەتە هۆی ئەوەی کە کاراکتەری مرۆڤی کورد کاراکتەرێکی لاواز و نا جێگیر بێت. بۆیە زۆرجار دەبینین کە کۆمۆنیستێک دەبێتە ئیسلامی و بە پێچەوانەشەوە. کاتێک کاراکتەر لاواز بوو، بۆ پەنایەک دەگەڕێ کە بە – بەهێزی دەزانێت و دەیەوێ ئەو هێزە بداتە پاڵ پێناسە و کەسایەتی خۆی. هەربۆیە کاتێک کوردێک ئایدۆلۆژیای چەپ یان ئیسلامی وەردەگرێت، زۆر ترسناک لە رەسەنایەتی و زمان و رەگەزی خۆی هەڵدەگەڕێتەوە و بەشێک لە کاری، دەبێتە دژایەتی رەگەز و ئەتنیکی خۆی.

لە رابردووەوە بۆ ئێستا، بەشێک لەو کوردانەی کە زۆر بە لاوازی کەوتونەتە ژێر کاریگەری ئایدۆلۆژیاکان، لە دەسەڵاتە داگیرکارەکان کەمتر دژایەتی ناسیۆنالیزمی کوردییان، نەکردووە. لەبەر ئەوەی کەرەستەکانی دروستبوونی حزبەکان بە دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنیشەوە هەمان کەرەستە و سەرچاوەیە، بۆیە دروستبوونی ئۆپۆزسیۆنیش نەک هەر کاریگەری نەبووە بەڵکو زۆرجار کاریگەرییەکەی نیگەتیڤ بووە. بۆنموونە یەکەم حزبی ئۆپۆزسیۆن/ 1975 جیابۆتەوە، خۆی لە قاڵبی ئایدۆلۆژیا داوەو یۆتۆپیایەکی دروستکردووە، کە لەواقیعی ئەم کۆمەڵگەیەدا نەبووە. بۆیە حزبە ئۆپۆزسیۆنەکانیش نەیانتوانیوە رۆڵی پێویست و کاریگەر لە ئاست قۆناغەکان ببینن.

ئەمە وێڕای ئەوەی پێویستە بزانین، کە دەستپێکردنی بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد، لە هۆشیارییەوە سەری هەڵنەداوە، بەڵکو بە هۆی ئەو چەوساندنەوە رەگەزییەبووە، کە تائێستاش بەردەوامە. بۆیە جێهێشتنی قۆناغی فیودالیزم و عەشیرەتی دەبێ لە فڕێدانی ماسک و شکاندن و داماڵینی پیرۆزی لە هەموو ئەو شتانەوە دەست پێبکەین، کە نەیهێشتووە کورد بگاتە قۆناغی ناسیۆنالیزم و خستوویەتییە ناو یۆتۆپیای ئایدۆلۆژیاکان، چونکە ناکرێت ئێستا جیهان گەیشتۆتە گلۆباڵ و بۆتە گوندێک. ئێمە پەیڕەوی دەوڵەتی شار دەکەین، کە دووهەزار ساڵ بەر لەئێستا هەبووە. بە عەقڵیەتی دەوڵەتی شار بێزار نین، بەڵام پێمانوایە مۆدیلی ناسیۆنالیزم نەماوە!!! بۆیە پێوسیەتە کورد قۆناغەکانی سروشتی ببڕێت و سەرەتا پرەنسیپەکانی ناسیۆنالیزم کامڵ بکرێت بە شێوەیەکی زانستی و دوور لە دەمارگیری حزب و ناوچەگەرێتی. لەبەرئەوەی عەقڵیەتێک هێشتا لە قاڵبی زاراوەو شار و ناوچەگەرێتی رزگار نەبووبێت، مەحاڵە بتوانێ هیچ سودێکی بۆ کۆمەڵگە هەبێت و بە پێچەوانەوە دەیگەڕێنێتەوە.

ئێمە ئێستا لەسەردەمێکین، کە رۆشنبیران رۆڵی “مەلا، شێخ و دەرەبەگی” جاران دەبینن و نەیانتوانیوە شتێکی نوێ پیشانی خەڵك بدەن، بەڵکو چەندین ساڵە هەمان قەوان لێدەدەنەوەو لەو فکرە سواوە دەرنەچوون، کە تەقلیدی بیست ساڵ بەر لە ئیستایە و پەیوەندی بە پێویستی ئەم قۆناغەوەنییە. ئەوەی رۆشنبیر و نوسەران بە خەڵکی دەکەن، هەمان کاری ئەو پیاوە ئاینییەیە، کە دنیای خەیاڵی بۆ گوێگرانی دروست دەکات و لە واقیع دایان دەبڕێت. ئەمەش برینێکی تری کوردە کە ئایدۆلۆژیا کاریگەری لەسەر داناوە.

هەربۆیە ئێستا دابڕانێکی گەورە، لە نێوان دەسەڵات و خەڵک و رۆشنبیران هەیە، چونکە وێڕای هەموو باسەکانیتر، نوخبەی رۆشنبیر دابەشی حزبە سیاسییەکان بووەو هەرکەس زوڕنا بۆ حزبێک لێدەدات دوور لە ئەرک و بەرپرسیارێتی دەنووسێت. ئەمەش خەڵکی گەیاندۆتە ئاستی بێهودەیی، کاراکتەرێک هەیە کە بەرهەمی رەوشێکی نامۆیە بۆیە دەرئەنجام دەگاتە توندڕەوەی لەسەر هەر بەرنامەیەک بێت (توندڕەوی ئایینی، حزبی، عەشیرەتی، ناوچەگەرێتی، زاراوە و…) بێهودەیی، وادەکات کە خەڵک بەدوای ئەلتەرناتیڤدا بگەڕێت، زۆرجار ئەلتەرناتیڤەکە دەگاتە ئەم سەرچاوانەی کە بەرهەمهێنەری توندڕەوین. لە ئەنجامدا رزگاربوون لە هەموو ئەم دەردانە، دەبێ لە دروستبوونی تاکی تەندروست و ئۆتۆنۆمەوە دەست پێبکرێت، کە خۆی درک بە واقیعی کۆمەڵگە بکات و چیتر خوێ بە برینەکاندا نەکاتەوە.

مرۆڤی بێهودە، زۆرجار دەکەوێتە داوی ئایین و هەندێجاریش ئینتیما بۆ عەشیرەت و قەبیلە، کە حزبەکانی ئێستا دیمەنێکی کەمێک پێشکەوتووتری دیوەخانی عەشیرەتەکانن و هەمان فۆرم و رۆڵیان هەیە، لە کاتێكدا حزب بەرهەمی مۆدێرنێتەیە، بەڵام لەو ئەزمونەشدا سەرکەوتوونەبووین.

بەداخەوە کۆمەڵگەیەک، کە مرۆڤی بێهودەی تێدا بەرهەم بێت، عەقڵ تێیدا رۆڵ نابینێت و بەڵکو هەوڵی کوشتنی عەقڵ دەدرێت. ئەوەندەی گرنگی بە دروشم و دروشم سازی دەدرێت، ئەوەندە خوێندنەوەی عەقڵانی گرنگ نییە.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com