
تەوەری نوچەنێت
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنی دیجلە
رێکار ئەحمەد سکرتێری گشتی حزبی رزگاریی کوردستان:
دامەزراندنی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی دیجلە ماددەی ١٤٠ بەرەو سڕینەوە دەبات، دەبێتە هۆکارێک بۆ بە سەربازگەکردنی شارەکان
دامەزراندنی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی دیجلە، خۆی لەخۆیدا گواستنەوەی کێشەو ململانێی نێوەخۆی پێکهاتەی عەرەبە بۆ ناو منداڵدانی کێشەکانی نەتەوەی کورد، تا بەوهۆیەوە تیراسای چاوی جیهانی عەرەبی لەسەر ململانێی نێوەخۆی عەرەبی عێراق لا بدەن و لەسەر کێشەی کورد جێگیری بکەنەوە.
وەک ئاشکرایە کورد لە باشووری کودستان کێشەی زەوی لەگەڵ عەرەبی سوننەدا هەیە، عەرەبە سوننەکان هێنراون یان هاتوون و لەسەر خاکی کورد نیشتەجێ کراون، ئیدی نوری مالکی کە رێبەرایەتی پێکهاتەی شیعە دەکات، دەیەوێ لەو رێیەوە سەرنجی عەرەبی سوننە بەلای خۆیەوە رابکێشێ و متمانەی ئەوان وەدەست بێنێ. تەنانەت دانانی ئەندامێکی پێشووی فیرقەی حزبی بەعس لە پۆستی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنی دیجلە، دیسانەوە بۆ وەدەستهێنانی متمانەی پاشماوەکانی حزبی بەعس ئەنجام دراوە، لەلایەکی دیکەشەوە بەهۆی دامەزراندنی ئۆپەراسیۆنی دیجلە، مالکی دەیەوێ رێککەوتنی نێوان کوردو لیستی ئەلعێراقیە هەڵبوەشێنێتەوە. هەروەها لەڕێی پێکهێنانی ئۆپەراسیۆنی دیجلەوە بۆ کۆنترۆڵکردنی پارێزگای کەرکوک، مالکی دەیەوێ پەروەندەی رێبەرایەتیکردنی عەرەبچێتی لەدەست عەرەبی سوننە دەربهێنێ و کێبەرکێکە بباتەوە.
لەوەتەی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی دیجلە دامەزراوە، زۆرترین قسەی لەسەر کراوە، هۆکارەکانی پرسنەکردن بەکورد قوت کراوەتەوە، بە شێوەی جۆراو جۆر باس لە دەستووری بوون و دەستووری نەبوون و مافی پێکهێنانی ئەو فەرماندەییە کراوە، کورد پێیوایە کە دامەزراندنی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی دیجلە نا دەستووریە، هەرچی دەوڵەتی یاساشە دامەزراندنی ئەو فەرماندەییە بە دەستووری دەزانێ، کەواتە بۆ یەکلایی کردنەوەی ئەو کێشەیە یان دەبێ پەنا بۆ دادگەی فیدراڵی ببردرێت، یان دەبێ کۆمیتەیەکی لێزان و دەستوورناس پێکبهێنرێ و قسەی ئەوان بە هەند وەربگیرێ. بێگومان ئێمەی کوردستانی دامەزراندنی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی دیجلە بە زیانبەخش لێکدەدەینەوە، چونکە لەلایەکەوە ماددەی ١٤٠ بەرەو سڕینەوە دەبات، لەلایەکی دیکەشەوە دەبێتە هۆکارێک بۆ بە سەربازگەکردنی شارەکان، هەروەها تۆی نائومێدی لەدڵی کەرکوکیەکان و کوردانی ناوچە دابڕێندراوەکان دەچێنێ، بۆیە نابێ کورد لێی بێدەنگ بێ.
هەر لە دوای ڕووخاندنی رژێمی بەعس، هێزە باڵادەستەکانی کوردستان دڵیان بۆ عێراقچێتی لێیدایەوە، خۆبەخشانە دەستیان بە دامەزراندنەوەی عێراق کردەوە، دەکرێ بڵێین خەمساردانە لە داهاتووی کوردستانیان روانی، پێیانوابوو کە ئیدی دەتوانن جڵەوی هەموو عێراق بگرنەدەست. بۆیە هێندە پەرۆش نەبوون بۆ جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠، دەنا کورد دەیتوانی رۆڵی کارا لە بەغداد بگێرێ. بۆ جێبەجێکردنی ماددەی ٥٨، کورد پشتی بە بەڵێنی غازی یاوەرو عەللاوی بەستبوو، دەیگوت زەمانەتمان لەوان وەرگرتوە، دوایی غازی یاوەر ناوی لەناوان سرایەوەو بەڵێنەکانی عەللاویش بوون بە بڵقی سەرئاو. دواتریش خەمساردێکی زۆر لەئاست جێبەجێ کردنی ماددەی ١٤٠ نواندرا، دەنا کێشەکە بەم رۆژە نەدەگەیشت. ئێمە لە رابردوودا لەو بارەیەوە زۆرمان نووسی و زۆرمان گوت بەڵام پێوانەی بۆ نەکرا.
هەڵبەت دامەزراندنی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی دیجلە مەترسی زۆری لەسەر دوارۆژی باشووری کوردستان دەبێ، ئەگەر لەگەڵ عێراق بمێنێتەوە ئەوە کێشەو ململانێکانی لەگەڵ بەغداد بەردەوام دەبێ چونکە هێشتا کێشەی نەوت، بودجەی هێزی پێشمەرگە و دەروازە سنووریەکان چارەسەر نەکراون، هەروەها ئەگەر هەرێمی کوردستان جیابوونەوەی خۆی رادەگەیەنێ و دەوڵەتی سەربەخۆ پێکدەهێنێ، ئیدی هێشتا کەرکوک و ناوچە دابڕێندراوەکان نەگەڕاونەتەوە، لەداهاتوو ئەو کێشەیە دەبێتە تیراوەو بە دەستی قەدەر دەسپێردرێ، ئەوەش بەرپرسیاریەتێکی مێژوویی لە ئەستۆی سەرکردایەتی و هێزە سیاسیەکان و سەرجەم کوردستانیەکان دادەنێ.
بۆ سڕکردن و بێڕۆڵکردنی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی دیجلە، بۆ جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ و گێڕانەوەی ناوچە دابڕێندراوەکان، هێشتا دەرفەتی گەورە هەیەو کارتی بەهێز لەدەست کورد ماوە ، ئەویش تەنیاو تەنیا بە یەکگرتوویی و بەیەکڕیزی نێوان هێزە سیاسیەکان و جەماوەر و بە یەکگووتاری کوردستانی بەئاکام دەگات.
پرسی نوچەنێت:
لە گەرمەی گرژییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا، حکومەتی نوری مالیکی دامەزراندنی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنی دیجلەی راگەیاند، بەپێی وتەی بەرپرسانی کورد راگەیاندنی ئەو فەرماندەییە، بە بێ رەزامەندیی پەرلەمان و پێهاتەکانی ئەنجوومەنی وەزیران بووە و لادانە لەدەستوری عێراق و پێشێلکردنی مادەی ١٤٠ ە، لە سەرەتای راگەیاندنی، ئەرکی فەرماندەییەکە لە ئەستۆگرتنی ئەمنیەتی هەریەك لەپارێزگای كەركووك و دیالە بوو، دواتریش بەفەرمانێكی دیوانی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق پارێزگاری سەلاحەددینیش بەسترایەوە بەئۆپەراسیۆنەكانی دیجلەوە. بەپێی ئەرکەکانی فەرماندەیی دیجلە، دۆسیەی ئەمنی لە پارێزگارو ئەنجومەنی شارەکان وەردەگیرێتەوە.
پارێزگاری کەرکوکیش لەو بارەوە دەڵێت، ئەو هەنگاوانە نا یاسایی و نا دەستورین و نابێت قبوڵبکرێت.
پرسی نوچەنێت بۆ رۆشنبیران لەو بارەوەیەوە ئەوەیە، کە ئاخۆ خوێندنەوەیان چییە، بۆ دامەزراندنی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی دیجلە و دەستبەسەرداگرتنی هەموو دەزگا ئەمنییەکانی کەرکوک، و ناوچە دابرێنراوەکان؟، ئایا فەرزکردنی ئەم فەرماندەییە سەربازییە بەسەر کەرکوک و ناوچە دابڕێنراوەکانی کوردستان، بەبێ پرسی کورد هۆکارەکەی چییە؟ غیابی کورد؟ لاوازی کورد؟ یان چی؟ مەترسی چییە؟.