تەوەر .. فەرماندەیی دیجلە .. هیدایەت مەلا عەلی: سەردەمی تەوافقی نیشتمانی یان دیموکراسی تەوافوقی کۆتایی هات و بەسەر چوو

0

تەوەری نوچەنێت
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنی دیجلە

هیدایەت مەلا عەلی: سەردەمی تەوافقی نیشتمانی یان دیموکراسی تەوافوقی کۆتایی هات و  بەسەر چوو

بەبڕوای من بۆ وەڵامدانەوەی پرسەکان لەمەڕ فەرماندەیی دیجلە، دەبێت دەست بخەینە سەر خاڵی سەرەکی و ئەو دیاردە سیاسیانەی ئەم واقیعەتەی هێناوەتە پێشەوە، پێکهێنان و هێنانی (فەرماندەیی ئۆپراسیۆنەکانی دیجلە) بۆ کەرکوک و ئەو ناوچانە کرۆکی مەسەلەکە نیە، بەڵکو یەکێکە لە دەرهاوێشتەکانی هەلومەجی سیاسی عێراق و پەیوەندی لەگەڵ هەرێمی کوردستان.

بەبڕوای من سەردەمی ئەوەی کە هێزە پێکهێنەرەکانی دەسەڵاتداریەتی عێراق پێیاندەوت (تەوافقی نیشتمانی) یان (دیموکراسی تەوافوقی) کۆتایی هاتووە بەسەر چووە، ئەم شیعار و بانگەوازانە هیچ نەبوو بێجگە پەردەپۆشکردنی حەقیقەتێکی شاراوەی چۆنیەتی پێکهێنانەوەی دەوڵەتی ڕوخاوی دوای بەعس لە عێراقدا بە هەرێمی کوردستانیشەوە، ئێستا هەلومەرجی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوریەکان، لەگەڵ ململانێی هێزە گەورەکان و جەمسەربەندی بۆ پاراستنی بەرژەوەندیەکان، هەنگاو بۆ ئەوە هەڵدەگرێت کە چارەنوسی مەسەلەکان و دەسەڵاتی سیاسی یەکلای بێتەوە، لە چوار چوارچێوەی ئەم یەکلابوونەوەشدا دەسەڵاتە ناوچەی و لۆکاڵیەکان دەگرێتەوە، ئێستا عێراق بەو قۆناغەدا دەڕوات کە هەرێمی کوردستان بەشێکە لێی.

من هەر لە سەرەتای ڕوخانی دەسەڵاتی (بەعس) لە ساڵی (٢٠٠٣) تاکو ئێستاش، بڕوام بەوە هەبووە، ئەوەی کە پێیان دەوت (ئەنجومەنی حوکم) یان ئەوەی ئێستا پێی دەڵێن( دەستور) یان مادەی (١٤٠) یان (حکومەت و پەرلەمان) ئەمانە هیچیان لە باری یاسایی و بەپێی سادەترین ستاندار، مانایەکی پراکتیکی نەبووە و نیە، بۆ وەڵامدانەوە بە کێشەکانی کۆمەڵگاو باشتر کردنی ژیانی هاوڵاتیان.

لە عێراقدا بەردەوام هەر هێزێک هێزەکەی بەرانبەی بە پێشێلکاری (دەستور) لە قەڵەم دەدات، (بارزانی دەڵێت مالکی دەستور پێشێل دەکات) بە پێچەوانەشەوە (مالکی) وا دەڵێت، (سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق) جێگری (سەرۆک کۆمار) لە سێدارە دەدات و (دەسەڵاتدارانی کوردستان) پەنای دەدەن، بەڵام ئەوەی لە کۆتایدا دەردەکەوێت کە بوونی نیە دەستور و یاسا و ئەو مادانەیە کە لەم دەستورەدا باس دەکرێن، ئەوەی کە ڕوو دەدات مەغزای سیاسی و ئاڕاستە کراوی خۆی هەیە.

ئەوەی حەقیقەتی پێکهێنان و هێنانی (فەرماندەیی ئۆپراسیۆنەکانی دیجلە) و دەیان دیاردەی هاوشێوەی ئەم هەنگاوە دەخاتە ڕوو ئەوەیە کە: هەموو هێزە پێکهێنەرەکانی سستەمی حوکم لە عێراق، ژێر بەژێر ڕێکەوتوون کە پەردەیەک بۆ دابەشکردنی داهات و هەمانکات ململانێکانی خۆیان دروست بکەن، لە ژێر ناوی جیاواز و ئۆرگان و یاسای جیاوازدا، بەڵام ئەوەی لە کۆتایدا دەتوانێت هاوکێشەکە بۆ بەرژەوەندی خۆی بشکێنێتەوە گۆڕینی هاوکێشەی هێز و قایمکردنی پێگەی سەربازی ئەو هێزەیە، بۆیە لە ئێستادا (مالکی) و هاوشێوەکانی خەریکن لە ڕێگای هێزەوە چارەنوسی سیاسی عێراق وەک ئەوەی خۆیان دەیانەوێت نەخشەی بکێشن پیلانەکانیان جێبەجێ دەکەن، پێکهێنان و هێنانی (فەرماندەی ئۆپراسیۆنی دیجلە) و (٩) فەرماندەی سەربازی تر لە عێراق زەخیرەی ئەو هەنگاوەیە.

بۆیە دەمەوێت ئەوە بڵێم کە (فەرماندەی ئۆپراسیۆنی دیجلە) دیاردەیەکی کێشەیەکی گەورترە کە سەرجەم هێزە پێکهێنەرەکانی دەسەڵاتداریەتی عێراق بەرپرسن بەرانبەری، لە کوردستان (یەکێتی و پارتی) بەرپرسی یەکەمن، لەو هەموو ئەگەرە ترسناک و چارەنوسە نادیارەی کە خەڵکی کوردستان ڕووبەڕویان دەبێتەوە.

پرسی نوچەنێت:
لە گەرمەی گرژییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا، حکومەتی نوری مالیکی دامەزراندنی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنی دیجلەی راگەیاند، بەپێی وتەی بەرپرسانی کورد راگەیاندنی ئەو فەرماندەییە، بە بێ رەزامەندیی پەرلەمان و پێهاتەکانی ئەنجوومەنی وەزیران بووە و لادانە لەدەستوری عێراق و پێشێلکردنی مادەی ١٤٠ ە، لە سەرەتای راگەیاندنی، ئەرکی فەرماندەییەکە لە ئەستۆگرتنی ئەمنیەتی هەریەك لەپارێزگای كەركووك و دیالە بوو، دواتریش بەفەرمانێكی دیوانی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق پارێزگاری سەلاحەددینیش بەسترایەوە بەئۆپەراسیۆنەكانی دیجلەوە. بەپێی ئەرکەکانی فەرماندەیی دیجلە، دۆسیەی ئەمنی لە پارێزگارو ئەنجومەنی شارەکان وەردەگیرێتەوە.
پارێزگاری کەرکوکیش لەو بارەوە دەڵێت، ئەو هەنگاوانە نا یاسایی و نا دەستورین و نابێت قبوڵبکرێت.
پرسی نوچەنێت بۆ رۆشنبیران لەو بارەوەیەوە ئەوەیە، کە ئاخۆ خوێندنەوەیان چییە، بۆ دامەزراندنی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی دیجلە و دەستبەسەرداگرتنی هەموو دەزگا ئەمنییەکانی کەرکوک، و ناوچە دابرێنراوەکان؟، ئایا فەرزکردنی ئەم فەرماندەییە سەربازییە بەسەر کەرکوک و ناوچە دابڕێنراوەکانی کوردستان، بەبێ پرسی کورد هۆکارەکەی چییە؟ غیابی کورد؟ لاوازی کورد؟ یان چی؟ مەترسی چییە؟.

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com