تەوەر .. فەرماندەیی دیجلە .. چاودێرێک: دیجلە وەڵامی مالیكی و یەكێتی بوو بۆ بارزانی

0

فەرماندەی هێزەکانی دیجلە

تەوەری نوچەنێت
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنی دیجلە

چاودێرێک: دیجلە وەڵامی مالیكی و یەكێتی بوو بۆ بارزانی

ناوچە دابڕێندراوەكانی كوردستان، لە عێراق هێڵی گەرمی هەموو ڕوداوەكانە و دەمێكە نازناوی بەرمیلە باروتی لێنراوە، كە باسكردنی لێرە تەنیا گێڕانەوەی چیرۆكەكانە، بەڵام ئەوەی ئێستا هەمووانی سەرقاڵكردووە، دیوی هێزی ئۆپەراسیۆنی دیجلە و هەڵسوكەوت و رەفتار و بوعدە سیاسی و عەسكەرییەكانی پشت ئەم هێزەیە.

هەر كەسێك ورد تەماشای ئەم جوڵە سەربازییانەی مالیكی و سەرەتاكانی بێدەنگ بوونی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بكات، تێدەگەین لەوەی جۆرێك لە رێككەوتن هەیە، چونكە لە كاتی دامەزراندنی فیرقەی 12ی سوپای عێراق هەر بێدەنگ بوون، لە كاتی راگەیاندنی دیجلەش بەڕێز تاڵەبانی بەڵێنیدا بوو دیجلە رادەگرێت، ئەمەش وەك سیاسەتێك بوو بۆ ئەوەی ئەو هێزە رووبەڕوو نەبێتەوە لەگەڵ هەڵوێستە توندەكانی كورد، ئەوە بوو رێگەیەكی زۆر باش خۆشكرا.
با كەمێك شرۆڤە بكەین بۆ ئەو لایەنگرییەی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و بەڕێز تاڵەبانی لەبارەی پێكهێنانی دیجلەوە، كاتێك بەڕێز بارزانی سەرۆكی كوردستان فشارەكانی لەسەر مالیكی توند كرد، یەكێتی و بەڕێز تاڵەبانی زۆر هەوڵی ئەوەیاندا، كورد رووبەڕووی دیكتاتۆرییەتی مالیكی نەبێتەوە، بەتایبەتی پەرۆشینامەكەی مەلا بەختیار بەڵگەیەكی حاشا هەڵنەگرە، كە یەكێتی هاوكار و ئاسانكارییەكی باشیان بۆ دامەرزاندنی هێزی ئۆپەراسیۆنی دیجلە كرد، لەوانەیە: بگوترێت: جا ئەمە كەی پێوەندی بەو بابەتەوە هەیە، بگەڕێنەوە بۆ ناوەڕۆكی پەرۆشینامەكەی ئەمەی ئێستای دیجلەی بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ تێدا دركاندووە، كە ئێمە دەبێت بەدەم مالیكەوە بچین نەك سووننەكان. لایەكەی دیكەیش چەند ساڵێك پێش ئێستایش بەهەمانشێوە لەبەرامبەر كشانەوەی پێشمەرگە لە سەعدییە و جەلەولا یەكێتی پارەیەكی باشی وەرگرت لەبەڕێز مالیكی و ئەو دەمە لە میدیاكانیشدا باسكرا.
من نامەوێ تاكلایەنانە یەكێتی بكەمە پاڵەوانی ئەم وەزعە، دڵنیام پارتی دیموكراتی كوردستان بەهۆی پێداگیری و سوربوون لەسەر رێككەوتنی ستراتیژی زۆرجار نەیتوانیوە وەك پێویست رووبەڕووی ئەو جۆرە شتانە بێتەوە، ئەگەرنا دەبوو پارتی ئەم رێگەی ببڕێت.
ئێستا ئێمە قسە لەسەر شتێك دەكەین تازە روویداوە، دڵنیام ئەگەر لەڕووی عەسكەرییەوە رووبەڕووی نەبینەوە، هیچ كاتێك ئەم هێزە كاڵ نابێتەوە و ئامانجی هێناكەیشی روونە رێگرتنە لە هەوڵەكانی كورد بەتایبەتی بەڕێز بارزانی، چونكە جوڵاندنی هێز لە زوومماریش هەر لە چوارچێوەی هەمان مەبەستی مالیكی بوو.
ئاخۆ كەس پرسیاری كردووە، لەوەی: چۆن پارێزگاری شارەكە بێدەنگی هەڵبژاردووە؟ ئەرێ ئەوە خێر بوو یەكێتی دوای دامەزراندنی هێزەكە دەستی كرد بە قسە؟ ئەرێ لەراگەیاندنەوە چەند بەڵێنێكیان بە خەڵكداوە، كە رووبەڕوویان دەبنەوە دەیبنە سەر.
من ئەم هێزەی مالیكی و ئەم رێككەوتنەی یەكێتی و تاڵەبانی بەوە دەبینیم كە جۆرێكە لە فشار هێنان و وەڵامدانەوەی بارزانی و پارتی كە ئەگەر دەست هەڵنەگرن لە رەتكردنەوەی بەرەی ئێران، ئێمە هێز بەكاردەهێنین، بەتایبەتی كە بارزانی لە میانی رووبەڕوبوونەوەكەی لەگەڵ مالیكی، ئاماژەی بە دوو خاڵی گرنگدا كە ئاماژە گەلی باشی تێدایە بۆ قسە كردن:
یەكەم: گوتی تەحمولمان نەما بەرامبەر بە جێبەجێنەكردنی ماددەی 140 ئەمە جەرگبڕترین فشار بوو بۆ مالیكی، كە بترسێت هێز لەو ناوچانەدا كۆبكاتەوە كە دەكەوێتە چوارچێوەی 140.
دووەم: بابەتی پڕچەككردن و ترسان لەوەی كە بارزانی لەگەڵ گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە بڕیارە بدات و بگەڕێتەوە بۆ رای میللەت، كە جیابوونەوەیە و یەكێتی نیشتمانی كوردستان و خودی بەڕێز تاڵەبانیش دژی ئەم هەڵوێستە بوون و دەبن، وەك وەڵامی تاڵەبانیش هەر بەمشێوەیە بووە.
هیچ گومانم نییە دیجلە وەڵامی یەكێتی مالیكیە بۆ بارزانی.

پرسی نوچەنێت:
لە گەرمەی گرژییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا، حکومەتی نوری مالیکی دامەزراندنی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنی دیجلەی راگەیاند، بەپێی وتەی بەرپرسانی کورد راگەیاندنی ئەو فەرماندەییە، بە بێ رەزامەندیی پەرلەمان و پێهاتەکانی ئەنجوومەنی وەزیران بووە و لادانە لەدەستوری عێراق و پێشێلکردنی مادەی ١٤٠ ە، لە سەرەتای راگەیاندنی، ئەرکی فەرماندەییەکە لە ئەستۆگرتنی ئەمنیەتی هەریەك لەپارێزگای كەركووك و دیالە بوو، دواتریش بەفەرمانێكی دیوانی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق پارێزگاری سەلاحەددینیش بەسترایەوە بەئۆپەراسیۆنەكانی دیجلەوە. بەپێی ئەرکەکانی فەرماندەیی دیجلە، دۆسیەی ئەمنی لە پارێزگارو ئەنجومەنی شارەکان وەردەگیرێتەوە.
پارێزگاری کەرکوکیش لەو بارەوە دەڵێت، ئەو هەنگاوانە نا یاسایی و نا دەستورین و نابێت قبوڵبکرێت.
پرسی نوچەنێت بۆ رۆشنبیران لەو بارەوەیەوە ئەوەیە، کە ئاخۆ خوێندنەوەیان چییە، بۆ دامەزراندنی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی دیجلە و دەستبەسەرداگرتنی هەموو دەزگا ئەمنییەکانی کەرکوک، و ناوچە دابرێنراوەکان؟، ئایا فەرزکردنی ئەم فەرماندەییە سەربازییە بەسەر کەرکوک و ناوچە دابڕێنراوەکانی کوردستان، بەبێ پرسی کورد هۆکارەکەی چییە؟ غیابی کورد؟ لاوازی کورد؟ یان چی؟ مەترسی چییە؟.

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com