مۆڕاڵی دیالۆگ

0

بەهرە حەمەڕەش

دیالۆگ، لە کارە هەرە پێویستییەکانی کۆمەڵگەیەکی مەدەنی و سەردەمە. بەتایبەت لەسەروەختی هەبوونی کێشەو قەیران، چونکە هەمیشە مرۆڤە ژیرەکان بۆ دۆزینەوەی رێگەچارە، کێشەکان دەخەنە سەرمێزی دیالۆگ.

دروستکردنی کەشی دیالۆگ، لە قۆناغە ئاڵۆزەکاندا، کەسایەتی بەتواناو کاریزمای پێویستە. ئەوانەی لە دۆخە ناهەموارەکاندا زمانێک بۆ گفتوگۆ و لێک تێگەیشتن دەخوڵقێنن، لە ریزی هەرە پێشەوەی مرۆڤە بیر فراوانەکانن. چونکە داخستنی دەرگای گفتوگۆ نەمانی زمانی هاوبەش و دروستکردنی گرێکوێرەی ترە.

نەتوانینی دروستکردنی کەشێک بۆ شەن و کەوکردن و گفتوگۆ، سەرچاوەی کێشەو نەهامەتی زیاترە، بۆیە پێویستە کار بۆ ئەم ئامانجە بە فەرهەنگسازی و روانینی فراوان و وردتر بکرێت، چونکە هەمیشە لە کەشی پێچەوانەدا، کرۆکی کێشە لە بیردەکرێت و شتە لاوەکییەکان دەبنە چەقی باس. بۆیە بیرمەندان دەڵێن، گفتوگۆ بەشێکە لە زاتی مرۆڤ، گرنگترین روی مەدەنیەت و مرۆڤایەتییە.

دۆزینەوەی زمانی لێک تێگەیشتن لەسەر مێزی گفتوگۆ دێتە ئاراوە، لەبەرئەوەی تەنیا ئاڵوگۆڕی فکر و زانیاری نییە، بەڵکو کارێک دەکات، کە بۆچوونەکان لەیەک نزیک بکاتەوەو خاڵی هاوبەش بۆ روانین و کێشەکان دەدۆزێتەوە.

کە مۆڕاڵی دیالۆگ هەبوو، بێ گومان ئەنجامی باش بەرهەم دینێت، چونکە دیالۆگ لە پێناوی دیالۆگ و بۆ کات بەسەربردن و هەڵخەڵەتاندن نابێت، ئەوکاتە کەس لێی ناترسێت. بەدرێژایی مێژوو ”کورد قسە لەسەر یەکتر دەکات، ئێستا کاتی ئەوەهاتووە ئەو خەسڵەتە دزێوە بگۆڕن بۆ قسە لەگەڵ یەکتر کردن”. کردنەوەی ئەم دەرگایە لەم قۆناغە ئاڵۆز و لێکگیرکردنەدا، دەمانباتە قۆناغێکی باشتر، بەلای کەم دەتوانین گوێ لەیەکتر بگرین و ئامانجی هاوبەش بخەینەوە بەرچاو، کە دروشمی هەموانە.

دوورکەوتنەوەی ئامانجی هەر حزب و گروپ و قەوارەیەک لە ئامانجی خەڵک و کۆمەڵگە، ئەو دەزگایە بەرەو لەناوچوون دەبات، چونکە ئەم دوورکەوتنەوەیە هاوکات دروستکردنی مەودایە لە نێوان خەڵک و نەهێشتنی زمان و ئامانجی هاوبەشە. هەروەها دروستکردنی کلتورێکە، کە خۆشویستنی تێدا دەکوژرێت و هەموان فێر دەکرێن رقیان لە یەکتر بێت.

مەترسیدارترین دۆخ، کە ئیستا چاوەڕوان دەکرێت، نەمانی ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی و یەکتر قبوڵکردن و نەمانی زمانێکە، کە مرۆڤەکان بەرەو خۆشەویستن و خزمەتکردن ئاراستە بکات، چونکە کەشێک دروستکراوە، کە بەبێ هۆکار خەڵک فێری بەگژ یەکتردا چوون و رق لێبوونەوە کراوە. لە کۆمەڵگەیەکدا، کە ئاشتەوایی نەکرێتە فەرهەنگ، تاوانی جۆراوجۆر تێیدا سەرهەڵدەدات.  دەکرێت چاوەڕێی هەموو ئەو کارە قێزەوەنانە بین، کە لە رابردوودا نەکراوە.

بۆیە سیستەمی سیاسی و ئابوری، بەبێ چاکسازی کۆمەڵایەتی و نەبوونی کۆمەڵگەیەکی کارا و دەوڵەمەند بە فەرهەنگی گفتوگۆ و حساب بۆ بوونی ئەویتر، پێش ناکەوێت و ناتوانێ بە باشترین کەرەستەی حوکمڕانی کۆمەڵگەیەکی وێران بەڕیوەببرێت.

ئەگەر دەسەڵاتداران بیانەوێت، بڕۆنە قۆناغێکی تر لە حوکمڕانی و کۆمەڵگەیەکی بەرهەمدار، دەبێت زەمینەسازی بۆ دروستکردنی فەرهەنگ لە کۆمەڵگە بکەن. کۆمەڵگەیەک،  کە بزانێ چۆن خاک، وڵات و یەکتریان خۆش بوێت و میکانیزمەکانی خۆشویستنی وڵات چین و چۆن دەتوانین ئینتیما دروست بکەین. ئەوکاتە دەشتوانین ئیدارەی قەیرانەکان بکەین و بەرامبەر هیچ گرفتێک دەستەوستان نەبین. لە کاتی ئاڵۆزییەکاندا لە جیاتی یەکتر شکاندن، کار بۆ دۆزینەوەی رێگاچارە بکەین.

زۆرجار فەرهەنگ یاسا دروست دەکات، بەپێچەوانەشەوە.  بۆیە ئەگەر جێبەجێکردنی یاسا لە وڵاتێکدا لەجێی خۆی نەبوو یان لاوازبوو، ئەوا ئەو کۆمەڵگەیە لە یاسا گرنگتر پێویستی بە فەرهەنگ سازییە.

دروستکردنی ئیتیما و خزمەتکردنی بەرهەمهێنانی زمانی گفتوگۆ، دەبێتە هۆی بەرهەمهێنانی تاکێک، کە زمان و کلتور و نەتەوەی خۆش بوێت. تاوانبارکردنی یەکتر، بەتایبەت لە کاتی قەیرانەکاندا لەو هۆکارە بنەڕەتییانەیە، کە کورد ناتوانێ پەند لە رابردوو وەرگرێت و هەمیشە لە بازنەیەکدا دەخولێتەوە. لەجیاتی گەڕان بەدوای رەهەندی شکستەکان، پەنا بۆ تاوانبارکردنی یەکتر دەبەن، کە ئاسانترین کارە لە کاتی دۆڕان و شکستدا.

مرۆڤی سەردەم و مەدەنی، بە ئاسۆیەکی فراوانتر لە بیرکردنەوە، بیر لە شکست دەکاتەوە. بیرکردنەوەیەک، کە لە دەرەوەی عاتیفە و سۆز جوڵاندنەوە، کە دەتوانرێت چاو و گوێی عەقڵی تێدا کارابکرێت.

هەر مەیدانێک عەقڵ تێیدا غیاب بێت، عاتیفە باڵا دەست و دەبێتە مەجلیسی دیوەخان. مرۆڤی کورد دەبێ لە کلتوری خێڵ و دیوەخان دەرچێت، ئەگەر بیەوێ لە چەوساندنەوە شکست رزگاری بێت، لە جیاتی پەرەدان بە کلتوری دیوەخان، کار بۆ بنیاتنانی کەسایەتی تاک بکرێت. لەجیاتی ئەوەی تاکەکان فێربکرێن دوای قەرەباڵخی بکەون، بیربکەنەوە خۆیان ببنە خاوەن بڕیارو بیرکردنەوە. لە کۆتایی دا، تا لە کۆمەڵگایەکدا تاکی ئۆتۆنۆم پەیدا نەبێت، کۆمەڵگایەکی وشیار و تەندروست پەیدانابێت.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com