تەوەر .. فەرماندەیی دیجلە .. شاخەوان برایم عەبدوڵڵا: دروستکردنى فەرماندەى دیجلە دەرئەنجامى تەنازولاتەکانى یەکێتییە

0

تەوەری نوچەنێت
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنی دیجلە

شاخەوان برایم عەبدوڵڵا: دروستکردنى فەرماندەى دیجلە دەرئەنجامى تەنازولاتەکانى یەکێتییە بەرانبەر مالیکى
دواى وتارەکەى بارزانى لە نەورۆزى ئەمساڵدا، ئیدى بارودۆخێکى جیاوازتر لە عێراق و هەرێمدا هاتە ئاراوەو زۆر نهێنی نێوان لایەنە سیاسییەکان بۆ هاوڵاتیان ئاشکرابوون، گرنگترینیان ئەوەبوو هاوپەیمانێتى نێوان پارتى و یەکێتى لە ئاستێکى لاوازدایە، بەڵگەش ئەوەیە کاتێک بارزانى رابەرایەتى ئەو تەیارە نەیارەى دەکرد، کە ئیشیان لەسەر لێسەندنەوەى متمانە لە مالیکی دەکرد، تاڵەبانى و یەکێتى بە جۆرێک لە جۆرەکان پاڵپشتیان لە مالیکى دەکرد، لەو کات و ساتەشدا مالیکى هەوڵیدا لە رێگەى هێزى چەکدارییەوە فشار بخاتە سەر پارتى و ئەوەبوو لە ناوچەى زوومار مالیکى لەشکرکێشى کرد و بارزانیش رێگەى نەدا هێزەکانى مالیکى بێنە ناو خاکى هەریمەوە.
بەوپێیەى ئەو ناوچانەى فەرماندەى دیجلەى لێ دروستکراوە لەرووى رێژەى جەماوەرەوە زۆرینەى یەکێتییە، ئەمەش لەکاتێکدایە هێشتاکە وەکو پیویست نێو ماڵى کورد رێکنەخراوە، بۆیە بەرپرسیارێتى یەکەم لە کەرکوک و ئەو ناوچانەى دەکەونە ناو ئۆپەراسیۆنەکانى فەرماندەى دیجلەوە لە ئەستۆى یەکێتیدایە، ئەمەش لە کاتێکدایە مالیکى زۆر باش ئەو راستییەى زانیوە هەمیشە یەکێتى موجامەلەى مالیکى کردوە لە مانەوەیدا، کەواتە دروستکردنى ئەو فەرماندەیە دەرئەنجامى تەنازولات و موجامەلەکانى یەکێتى و بەتایبەتى تاڵەبانییە هاتۆتە ئاراوە، رەنگە یەکێتییەکان لەم قسەیە نیگەرانبن، بەڵام ئەمە راستییەو نکۆڵى لێ ناکرێت، چونکە مالیکى پێشووتر هەمان مەبەستى هەبووە لە زوومار، بەڵام بەرگرییەکانى پێشمەرگەو فشارەکانى بارزانى و رەتکردنەوەى لەشکرکێشى مالیکى لەناوچەى زوومار تا ئاستى پێکدادانى سەربازى نێوان هەریم و بەغدا وایکرد، مالیکى لە نیەتەکەى پاشگەز بێتەوە، ئەوەتا تاکو ئێستاکە ئەو مەسەلەیە بە هەڵپەسێردراوى ماوەتەوە.
ئەوەى من لە نیەتى مالیکى گەیشتبم لە بارەى دروستکردنى فەرماندەى دیجلەوە دەست بەسەرداگرتنى کەرکوک و ناوچە کوردییەکانى ترە کە بەناحەق بەناوچەى دابراو هەژمارکراون، ئەم نیەتەى مالیکیش تەنیا بە فشارى میدیایی و دیالۆگەوە پوچەل ناکریتەوە، بەڵکو پێویستە هەنگاوى بەهیزى لەبارەوە بنرێت و فشارى سەربازى بخریتە سەر هێزە چەکدارەکانى فەرماندەى دیجلە تا ئاستى رێگریکردن لە ئۆپەراسیۆنەکانى ئەو فەرماندەیەوە، ئەمەش بەوە دەکرێت کە هیزێکى هاوبەشى کوردى زۆر بەهێز رەوانەى ناوچەکە بکرێت و بەمەش جۆرێک دیالۆگى دیکە دێتە ئاراوە، ئەگەر مالیکى یاخود ئەمریکییەکان داواى ئەوەیان لە لایەنى کوردى کرد هێزەکانى خۆی بکێشنێتەوە، ئەوا کوردیش قسەى خۆى هەیە با مالیکش فەرماندەى دیجلە هەڵوەشێنێتەوە، ئەوکاتە بارودۆخەکە بە جۆرێکى تر دەکەوێتەوەو لایەنى بەهێزى کورد نیشان دەدات.

پرسی نوچەنێت:
لە گەرمەی گرژییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا، حکومەتی نوری مالیکی دامەزراندنی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنی دیجلەی راگەیاند، بەپێی وتەی بەرپرسانی کورد راگەیاندنی ئەو فەرماندەییە، بە بێ رەزامەندیی پەرلەمان و پێهاتەکانی ئەنجوومەنی وەزیران بووە و لادانە لەدەستوری عێراق و پێشێلکردنی مادەی ١٤٠ ە، لە سەرەتای راگەیاندنی، ئەرکی فەرماندەییەکە لە ئەستۆگرتنی ئەمنیەتی هەریەك لەپارێزگای كەركووك و دیالە بوو، دواتریش بەفەرمانێكی دیوانی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق پارێزگاری سەلاحەددینیش بەسترایەوە بەئۆپەراسیۆنەكانی دیجلەوە. بەپێی ئەرکەکانی فەرماندەیی دیجلە، دۆسیەی ئەمنی لە پارێزگارو ئەنجومەنی شارەکان وەردەگیرێتەوە.
پارێزگاری کەرکوکیش لەو بارەوە دەڵێت، ئەو هەنگاوانە نا یاسایی و نا دەستورین و نابێت قبوڵبکرێت.
پرسی نوچەنێت بۆ رۆشنبیران لەو بارەوەیەوە ئەوەیە، کە ئاخۆ خوێندنەوەیان چییە، بۆ دامەزراندنی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی دیجلە و دەستبەسەرداگرتنی هەموو دەزگا ئەمنییەکانی کەرکوک، و ناوچە دابرێنراوەکان؟، ئایا فەرزکردنی ئەم فەرماندەییە سەربازییە بەسەر کەرکوک و ناوچە دابڕێنراوەکانی کوردستان، بەبێ پرسی کورد هۆکارەکەی چییە؟ غیابی کورد؟ لاوازی کورد؟ یان چی؟ مەترسی چییە؟.

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com