تەوەر …. فەرماندەیی دیجلە … ئازا حەسیب قەرەداغی : ئەوخۆسازکردنە سەربازییە ئیلغاکردنەوەی فیدراڵییەتی کوردستانە

0

تەوەری نوچەنێت
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنی دیجلە
ئازا حەسیب قەرەداغی : ئەو خۆ سازکردنی سەربازییە ئیلغاکردنەوەی فیدراڵییەتی هەرێمی کوردستان و دەستووری عێراقە
گونجاوترین وەسف بۆ ئەم فەرماندەییە ئەوەیە کە نیچیرڤان بارزانی بۆی کردوو شوبهاندی بەو دەسەڵات و توانایانەی کاتی خۆی سەددام حوسێن بەخشی بە علی کیمیاوی. ئەوی ئێستا روودەداتەوە خۆ سازکردنی سەربازییە بۆ بڕیارێکی سیاسی کە ئیلغاکردنەوەی ماددەی ١٤٠ ە، لە هەنگاوی یەکەمدا و لە ترۆپکیشدا ئیلغاکردنەوەی فیدراڵییەتی هەرێمی کوردستان و دواجار ئیلغاکردنەوەی دەستووری عێراقە بەوجۆرەی کە هەیە و دامەزراندنەوەی عێراقی یەکگرتووی سەنترالیزمە.
گرەوی ئێستای مالیکی لەسەر پیاهەڵشاخانی سەربازیی نێوان هێزی پێشمەرگە و هێزەکانی فەرماندەیی دیجلەیە، لەرێی ئیستیفزازکردنی پارێزگاری کەرکووک و هێزەکانی پۆلیس و ئاسایشەوە.
ئەمە ئەو داوەیە کە پیویستە کورد خۆی لێ دوورخاتەوە و دەستپێشخەر نەبێ لە روودانی، پێویستە درێژە بە هەوڵە سیاسییەکان بدرێ، هاوپەیمانەکانی مالیکی لە دەوڵەتی یاسا بخرێنە بەردەم بەرپرسیارێتیان لە رووبەڕووبوونەوەی ئەم مەترسییانە، ئەمریکا بخرێتە بەردەم ئەو راستییە نەگریسەی کە دەیسەلمێنێ ئەو وەکوو زلهێزێک خەریکە دەبێتە زلهەڵەکەر و لەبەر خاتری ئارامی هەڵبژاردنەکان و سەرکەوتنەوەی ئۆباما چاو لە گەورەترین مەترسی بۆ سەر گەلانی عێراق و کوردستان دەپۆشێ و گوایە بۆ ئەوەی عێراق نەچێتە خولگەی ئێران و سووریاوە و بێ لایەن بمێنێتەوە لەم رەفتار و سەرکێشی و کردەوە نادیموکراسییانەی مالیکی خۆ ی نەبان دەکات، لە کاتێکدا هەموو ئەوانە لەسەر ئەرزی واقیع روویانداوە و مالیکی خۆی لە میحوەربەندی ناوچەکەدا یەکلاکردۆتەوە و ماوەتەوە لە لەحزەی پێویستا ئەو چەکانەی لە ئەمریکا کڕیونی دژی ئەمریکا و دۆست و هاوپەیمانەکانی بەکاری بهێنێ.
نوچەنێت:
لە گەرمەی گرژییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا، حکومەتی نوری مالیکی دامەزراندنی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنی دیجلەی راگەیاند، بەپێی وتەی بەرپرسانی کورد راگەیاندنی ئەو فەرماندەییە، بە بێ رەزامەندیی پەرلەمان و پێهاتەکانی ئەنجوومەنی وەزیران بووە و لادانە لەدەستوری عێراق و پێشێلکردنی مادەی ١٤٠ ە، لە سەرەتای راگەیاندنی، ئەرکی فەرماندەییەکە لە ئەستۆگرتنی ئەمنیەتی هەریەك لەپارێزگای كەركووك و دیالە بوو، دواتریش بەفەرمانێكی دیوانی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق پارێزگاری سەلاحەددینیش بەسترایەوە بەئۆپەراسیۆنەكانی دیجلەوە. بەپێی ئەرکەکانی فەرماندەیی دیجلە، دۆسیەی ئەمنی لە پارێزگارو ئەنجومەنی شارەکان وەردەگیرێتەوە.
پارێزگاری کەرکوکیش لەو بارەوە دەڵێت، ئەو هەنگاوانە نا یاسایی و نا دەستورین و نابێت قبوڵبکرێت.
پرسی نوچەنێت بۆ رۆشنبیران لەو بارەوەیەوە ئەوەیە، کە ئاخۆ خوێندنەوەیان چییە، بۆ دامەزراندنی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی دیجلە و دەستبەسەرداگرتنی هەموو دەزگا ئەمنییەکانی کەرکوک، و ناوچە دابرێنراوەکان؟، ئایا فەرزکردنی ئەم فەرماندەییە سەربازییە بەسەر کەرکوک و ناوچە دابڕێنراوەکانی کوردستان، بەبێ پرسی کورد هۆکارەکەی چییە؟ غیابی کورد؟ لاوازی کورد؟ یان چی؟ مەترسی چییە؟.

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com