
تەوەری نوچەنێت
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنی دیجلە
خالد ڕەنجدەر: دامەزراندن و سەپاندنی فەرمادەیی ئۆپەراسیونەكانی دیجلە ڕێز نەگرتنی كوردە
بە پێی گۆڕانكاریەكانی دوای ڕزگاركردنی عێراق و بە پێی دەستوری عێراقی نوێ، كورد پێكھاتەیەكی گرنگی عێراقە و لە ھاوڵاتی بونیدا ھیچ جیاوازیەكی نیە لە گەڵ ھاوڵاتیەكی عەرەبی عێراقدا. بە پێی خەباتیشی دژی ڕژێمە دیكتاتۆرەكانی عێراق مافی ئەوەی ھەیە لە عێراقی نوێدا بۆ ھەمو گۆڕانكاریەكی ھەستیار و چارەنوس ساز پرسی پێ بكرێت و نرخ و بەھا بۆ ڕاكانی دابنرێت. لە لایەنی موراڵیشەوە دەبێ دەسەڵاتدارانی بەغداد ئەوە بزانن كە كورد ھاوخەباتیان بوە و جوان نیە بۆ ئەوان بە پێچەوانەی ویستی كوردەوە ڕەفتار بكەن و تاك لایەنانە بڕیار لەسەر مەسەلەكان بدەن.
دامەزراندنی فەرمادەیی ئۆپەراسیونەكانی دیجلە و ناردنی بۆ ناوچە دابڕێنراوەكان و دەست بەسەراگرتنی دەزگا ئەمنیەكانی كەركوك و دانانی ئەفسەرێكی كۆنە بەعسی لە لوتكەی فەرماندەیی ئەو ھێزە سەربازیەدا، ئاراستەكردنی ھەڕەشەیە بۆ سەر كورد بە گشتی و ھەرێمی كوردستان بە تایبەتی. ھەروەھا زیندوكردنەوەی ئەو ترس و بیمەیە كە ساڵانێكی زۆر بەعسیەكان بە تایبەتی سوپا و دەزگا ئەمنیەكان لەسەر كوردیان دروست كردبو. ئەگەر دامەزراندنی ئەو فەرماندەییە دۆستانە بوایە دەبو ئەفسەرێكی پەرێز پاك لە كورد یان عەرەب بكرایە بە فەرماندەی.
من پێموایە ئەمە سەرەتای ھەوڵی ناردنەوەی سوپای عێراقە بۆ خاكی كوردستان و دوبارە كردنەوەی سەركوت كردنی میللەتی كورد. ھەمو ھاتنەوەیەكی سوپای عێراق و دەزگا ئەمنیەكانی حكومەتی ناوەند بۆ كوردستان لە ھاتنەوە بۆ كەركوك و خانەقینەوە دەستی پێكردوە. دەسەڵاتدارانی ئینگلیزیش لە ساڵانی بیستەكانی سەدەی رابوردودا ھەر لەو دو شارەوە ھێزەكانیان ڕەوانەی كوردستان كردوە و داگیریان كردوە. ھەروەھا بە ھەمان بیانوش بوە كە گوایە بۆ ئەوە ھاتون ھەڵگەراوەكان لە یاسا و حكومەتی ناوەند تەمێ بكەن و كۆتاییان پێ بێنن.
ڕێزی كورد لەوەدا بو كە ئەو فەرماندەییە بە ھاوبەشی و ھاوكاری حكومەتی ھەرێم و حكومەتی بەغداد دابمەزرایە و ھەردولا پێكەوە بارودۆخی ئەمنیەتی ناوچە دابڕێنراوەكانیان دابین بكردایە. بەڵام ئەوەی جێگەی گومان و داخە ئەوەیە كە ھەندێك لە سەركردایەتی كورد زۆر خەمساردن بەرامبەر بەو ترسە گەورەیە و باكیان نیە لەوەی ئەو ھێزە بێتەوە كوردستان، چونكە ھاتنەوەی ئەو ھێزە بۆ ھەرێم كەوتنی ناحەزەكەیانی تێدایە.
من پێموایە دەسەڵاتدارانی ھەرێم لە لایەنی سیاسی و سەربازی و جەماوەرەوە لاواز نین و دەتوانن ئەو ھێزە ناچار بە پاشەكشە بكەن، یان ناچار بە ھاوكاریكردن بكەن لە گەڵ ھێزەكانی ھەرێمدا. ھۆكاری پێشڕەوی ئەو ھێزە لە ناوچەكانی كەركوك غیابی كوردە و غیابەكەشیان لەبەر ناتەبایی ناوخۆیانە. ھەندێك پێیان وایە ئەو ھێزە لایەنێكی كوردی دەخات و بە قازانجی لایەكی تر كۆتایی دێت. بەڵام من دڵنیام بە زیانی ھەمو لایەنە سیاسیەكانی كورد و میللەتی كورد بە گشتی كۆتایی دێت.
نوچەنێت:
لە گەرمەی گرژییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا، حکومەتی نوری مالیکی دامەزراندنی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنی دیجلەی راگەیاند، بەپێی وتەی بەرپرسانی کورد راگەیاندنی ئەو فەرماندەییە، بە بێ رەزامەندیی پەرلەمان و پێهاتەکانی ئەنجوومەنی وەزیران بووە و لادانە لەدەستوری عێراق و پێشێلکردنی مادەی ١٤٠ ە، لە سەرەتای راگەیاندنی، ئەرکی فەرماندەییەکە لە ئەستۆگرتنی ئەمنیەتی هەریەك لەپارێزگای كەركووك و دیالە بوو، دواتریش بەفەرمانێكی دیوانی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق پارێزگاری سەلاحەددینیش بەسترایەوە بەئۆپەراسیۆنەكانی دیجلەوە. بەپێی ئەرکەکانی فەرماندەیی دیجلە، دۆسیەی ئەمنی لە پارێزگارو ئەنجومەنی شارەکان وەردەگیرێتەوە.
پارێزگاری کەرکوکیش لەو بارەوە دەڵێت، ئەو هەنگاوانە نا یاسایی و نا دەستورین و نابێت قبوڵبکرێت.
پرسی نوچەنێت بۆ رۆشنبیران لەو بارەوەیەوە ئەوەیە، کە ئاخۆ خوێندنەوەیان چییە، بۆ دامەزراندنی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی دیجلە و دەستبەسەرداگرتنی هەموو دەزگا ئەمنییەکانی کەرکوک، و ناوچە دابرێنراوەکان؟، ئایا فەرزکردنی ئەم فەرماندەییە سەربازییە بەسەر کەرکوک و ناوچە دابڕێنراوەکانی کوردستان، بەبێ پرسی کورد هۆکارەکەی چییە؟ غیابی کورد؟ لاوازی کورد؟ یان چی؟ مەترسی چییە؟.