
تەوەری نوچەنێت
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنی دیجلە
سەڵاح مەزن: دامەزراندنی ئەو فەرماندەییە، بەرەنجامی لاوازی دەسەڵاتی کوردییە
دامەزراندنی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی دیجلە شاری کەرکوک، هەنگاوێکە کە رەوشێکی نائارام و توندوتیژی لێدەوەشێتەوە، ئەو هەنگاوە ناکۆکە لەگەڵ بەندەکانی ماددەی 140، چونکە هەنگاوێکی لەو چەشنە دەبو رەزامەندی گشت پێکهاتەکانی کەرکوک بە تایبەتی کوردی لەسەر بوایە، واتە تەوافوقی لەسەربوایەو بە یاسا رێکخرابایە، هەروا پشتبەستن بە کۆنە بەعسییەکان بە تایبەتی گەر تاوانبار بن، ئەوە تەواو ناکۆکە لەگەڵ یاسای لێپرسینەوە لە پاشماوەکانی رژێمی گۆڕ بە گور .
هەروا دامەزراندنی فەرماندەیەکی لەو چەشنە بێرێزکردنی سەروەری ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوکە، کە دەبێ گشت دەزگاکانی ئەمن و پۆلیس لە ژێر کۆنتڕولی پارێزگاری کەرکوک یان ئەنجومەنەکەی بن.
لەسەرێکی دیکەشەوە، ئەوە بەرەنجامی لاوازی دەسەڵاتی کوردییە لەو شارەدا، کە بەهۆی ناکۆکی و ململانێ نەیانتوانیوە پرۆژەکانی پەرەپێدان و خزمەتگوزارییەکانی تێدا ببوژێننەوەو هاوڵاتیانی شارەکە هەست بە هاوڵاتیبون، بەختەوەری و ئاشتی کۆمەڵایەتی بکەن، لە چەند ساڵی رابردو وێنەیەکی نێگەتیڤ لە ئیدارەکردن بینراوە، بۆیە دەسەڵاتی ناوەندی دەرفەت لەو بۆشاییە وەردەگرێ و بەبیانۆی جیاجیای پەیوەند بە گۆرانکاری و پێشوەچونەکانی عێراق، هەرێم و ناوجەکەوە.. ئەو هێزەی جێگیرکردوە!
گەورەترین مەترسی ئەو هێزە لە کەرکوک پیادەکردنی تاکڕەوی و وەلانانی تەوافوقی میتۆدی نیشتمانییە ، هەروا کۆسپ دروستکردنە لەبەردەم جێبەجێکردنی بەندەکانی ماددەی 140، ئەمجار دروستکردنی رەوشی نائارامە لەو شارە ، مەترسی ئەوەش هەیە، کە نێوانی هەرێم و ناوەند زیاتر ئاڵۆزبکات، بۆیە پێویستە لە لایەن رای گشتی و دانیشتوانی کەرکوک رەت بکرێتەوەو دەنگی نارەزایی لەبەرانبەر سەرهەڵبدات، داوا بکرێت بە زوترین کات ئەو هێزانە بکێشرێنەوە، لە رەوشێکی ئاساییدا ،پاراستنی ئاسایشی کەرکوک تەنها لە ئەستۆی دامەزراوە یاساییەکانی سەر بە پارێزگای کەرکوکە.
نوچەنێت:
لە گەرمەی گرژییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا حکومەتی نوری مالیکی، دامەزراندنی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنی دیجلەی راگەیاند، بەپێی وتەی بەرپرسانی کورد راگەیاندنی ئەو فەرماندەییە، بە بێ رەزامەندیی پەرلەمان و پێهاتەکانی ئەنجوومەنی وەزیران بووە و لادانە لەدەستوری عێراق و پێشێلکردنی مادەی ١٤٠ ە، لە سەرەتای راگەیاندنی ئەرکی فەرماندەییەکە لە ئەستۆگرتنی ئەمنیەتی هەریەك لەپارێزگای كەركووك و دیالە بوو، دواتریش بەفەرمانێكی دیوانی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق پارێزگاری سەلاحەددینیش بەسترایەوە بەئۆپەراسیۆنەكانی دیجلەوە. بەپێی ئەرکەکانی فەرماندەیی دیجلە، دۆسیەی ئەمنی لە پارێزگارو ئەنجومەنی شارەکان وەردەگیرێتەوە.
پارێزگاری کەرکوکیش لەو بارەوە دەڵێت، ئەو هەنگاوانە نا یاسایی و نا دەستورین و نابێت قبوڵبکرێت.
پرسی نوچەنێت بۆ رۆشنبیران لەو بارەوەیەوە ئەوەیە، کە ئاخۆ خوێندنەوەیان چییە، بۆ دامەزراندنی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی دیجلە و دەستبەسەرداگرتنی هەموو دەزگا ئەمنییەکانی کەرکوک، و ناوچە دابرێنراوەکان؟، ئایا فەرزکردنی ئەم فەرماندەییە سەربازییە بەسەر کەرکوک و ناوچە دابڕێنراوەکانی کوردستان، بەبێ پرسی کورد هۆکارەکەی چییە؟ غیابی کورد؟ لاوازی کورد؟ یان چی؟ مەترسی چییە؟