پێویستە کورد، لە ناوچە جێناکۆکەکان بەرژەوەندی حزبی وەلا بنێ

0
پێی حزبایەتیی، ھێڵی سووری کوردایەتیی!
ھۆی سەرەکی سەرنەکەتنەکانی پێشوو، نەبوونی رێکخستن وبیری گشتگیری حزب بووە! ئەوەی لە خەبات و بەربەرەکانیی و وتووێژ و تێکۆشانی دیپڵۆماسیی وەک شانازی لە بەرچاومانە بەشی ھەرە زۆری دەگەڕێتەوە بۆ بوونی حزب! دەتوانین بەئاسانیی لە بیری باووباپیرانیشمانەوە ھەڵیھێنجین کە حزبایەتیی بە گشتی و لە سەر یەک بۆ سێ ئامانج پێکھاتووە: 
ئامانجی داڕشتن و بەڕێوەبردنی پڕۆسەی پلانیی ئازادیی و رزگاری.
– ئامانجی لە خۆگرتنیی بەرینترین پانتایی جوغڕافیایی و ھێنانەدەری ھزری نەتەوەیی لە دەست دەسەڵاتی لۆکاڵ و ناوچەیەکی بچووک.
– ئامانجی کۆتایی دەستەبەرکردنی ئاکامی تێکۆشان و گەیشتن بە چڵەپۆپەی سەربەستی. لەم کورتە روانینەوە دەبینین، کە ئەگەر حزب باشە بەو مانایە نی یە، کە تاکحزب لە گەڵ رووحی ھاوبەندیی و بیری شووڕایی و بە گشتی پۆلۆرالیزم یەک دەگرێتەوە! بۆیە تاکە حزبێک، ناتوانێ بەدێمۆکڕاسی ھەموو ئەرکەکانی خەبات بەڕێوە بەرێ! کەوابوو ھەبوونی یەک ودوو و چەند حزب: فرەچەشنی، فرەرەھەندیی، فرەبۆچوونیی و فرەرێگای چارەسەرە; بۆ کێشەکان و پیرۆزە! ئەم تایبەتمەندی یە کە دەیان ساڵە ئاوێتەی خەباتیی نەتەوەیی کوردستان بووە، ئەویش لەو ھەڵکەوتە جوغڕافیاییەی کوردستانیی تێدایە(رۆژھەڵاتی نیوەڕاست) یەکێک لە دیارترین شانازی یەکانی گەلی کورد و کوردستانی یە! لە گەڵ ئەوەش دا رۆژ نی یە، لە میدیا، رۆژنامە، وتووێژی رادیۆیی و تی ڤی یەکان، نەبیسین و نەبینین کە ئەوەی باس دەکرێ و بە تایبەتیی نوێنەری حزبەکانیی بە خۆیەوە مەشغووڵکردوە،کۆمەڵێک چەمکی ھاکەزایی و بێ بنەما زیاتر نی یە! سناریۆیی ئەو حزب ئەڵێ چی؟! با من ئەوە نەڵێم وشتێکی تر بڵێم! یان پێ بە پێی توندەو شلەکردنی ئەم حزب ، حزبێکی تر توند بە توند و شل بە شل وەڵام بداتەوە! بووەتە بەرنامەی کاری دەمڕاستی حزبەکان! کێ ھەیە بتوانێ بەڵگە ی جیا بەدەستەوە بدا کە ئەو شێوە ئیش و کارە بەرھەمی خۆپارێزیی، مەسڵەحەتپەرستیی نی یە و سەری نەکێشاوەتە، تەفەنون و حیرفەیی بوونەوە! ئێستا لە رووانگەی ئەم جۆرە حزبانەوە، پاراستنی دەسەڵاتی لۆکاڵی، پاراستنی بەرژەوەندی تاک و ئێلیتی حزب و درێژەی کەڵەوەکێشی بۆ شکاندنی کەسان وحزبەکانی تر، بنەمایە! نەک لە بەر چاوگرتن و گەیشتن بەو سێ ئامانجەی سەرەوە کە کۆکراوەی بوون و فەلسەفەی حزبە!
ئەم رەوتە مەترسیھێنەر و خەتەرناکە! وفاشیزمی فیکری لێ شیندەبێتەوە! بۆ راستکردنەوەی ئەو دۆخە با لە باشوورەوە نموونە بێنینەوە! راوەستان لە بەرانبەرکەڵەکەبوونی بەرژەوەندیی و لەبیرچوونەوەی ھیزری نەتەوەیی، ئەرکی رووناکبیری کوردە! بە پێچەوانەوەش کارەسات لەم وەزعە دەکەوێتەوە! راشکاویی و سەراحەتیی گوفتار و تەنانەت کرداری حزبەکانی باشوور گەیشتۆتە ئەو ئاستە، کە یەکیان لە خۆی راببینێ بەوی تریان بڵێ :”ھەرچی ئەو بیکا ئێمە پێچەوانەکەی بە باش دەزانین!” بەڵام ئەگەر لە یەک رستە دووبارە بگەڕێینەوە بۆ دوواوە; بۆ کاتیی دامەزرانی حزب! دەبینین کە حزبایەتیی باشوور نەک ھەر ئامانجی خۆی کە یەکڕێزکردن و وێکخستنیی بەرژەوەندی گشتیی یە، نەپێکاوە، بەڵکە، حزب کارێکی کردووە کە گەل زیاتریش لێک ھەڵببڕێ و پڕژەبڵاوتریش ببێ ! ئەوەش گەڕانەوەیە بۆ بەرلە سەرھەڵدانەکانی پێش حزبایەتیی!
ئەرکی دژایەتیکردنی ئەم رەوتە چەوتە، کە بەرھەمی فرەحزبی ناسالمە لە باشوور(رۆژھەڵات باشتر نابێ کاری بۆ نەکەین) ھەر بە تەنیا ناکەوێتە سەر شانی رووناکبیری دەرەوەی حزبەکان، بەڵکە ئەو ئەرکە بەر لە ھەر تاکێکی تر ; دەکەوێتە سەر شانی ئەندام و لایەنگرانی حزبەکان! حزبی یەکان ئەبێ لە خۆیان بپرسن : بۆ؟ چۆن؟ کەی؟ لەبەرچی؟ وەدوای ئەو حزبانە کەوتوون؟ یەکێک لە باسە ھەرە گرینگەکانی ئەمڕۆ باسی ھەڵبژاردن و دیاریکردنی نوێنەر بۆ پارلەمانەکانی کوردستان و عێڕاقە!
لە رەوتی ھەڵبژاردنی باشوور دا، سێ رێچکەی سەرکەوتن ھەیە:
حزبێک ھەوڵی بەدەستھێنانی زیاترین کورسی پاڕلێمانی کوردستان بدا، ئەوە رەوایە! حزبێک یا دوو حزب پێکەوە بچنە ھەڵبژاردنی عێڕاقەوە ئەوەش رەوایە!
بەڵام دەزانین کە لە سێ نەتەوەی سەرەکیی کورد و تورکمان و عەڕەب ; دووانیان واتە عەڕەب و تورکمان ھەر کامەیان بە لیستی تایبەت بە خۆیان، واتە یەک لیستەوە ئەچنە کێ بەرکێی ھەڵبژاردنەوە; بۆ بردنەوەی زۆرترین کورسی ئەو شوێنانەی پێی ئەڵێن ناوچە جێ ناکۆکەکان! باشە کورد بۆ نابێ بە یەک لیست بچێتە ئەو کێ بەرکێ یەوە؟ کورد بۆ ئەبێ ئیزن بدا تا ئەوڕادەیە، نەتەوە مونافسەکانیی بە درزی سیاسیی و کەلێنی ھیزری نەتەوەیی بزانن؟ چۆن؟ و کێ دەزانێ کە ئەگەر کورد یەکبن، لەنەتەوەکانی تریش دەنگی پێ نادەن؟
بۆیە لەو ریگایەوە داوا لە بڕیاردەری حزبەکان دەکرێ، ئەم پێیەی درێژی ئەکەن و، بۆ بەرژەوەندی حزبیی خستوویانەتە پێڵاوەوە بیکێشنەدواوەو لە سەر بەرژەوەندی خۆیانی دابنێن، لە بری ئەوە بیخەنە سەر بەرژەوەندی نەتەوەیی! پێ و پێڵاوی حزبایەتیی بکەوێتە سەر بەرژەوەندیی گشتیی واتە کوردایەتیی ئەوە ھێڵی سوورە ! ئەو ھێڵە بۆ کەس و بۆ ھیچ حزبێک نەھاتووە بیبەزێنێ! لە ئێمە گوتن و لە ئێوە گوێگرتن، بە پێچەوانە مێژوو لێمان خۆش نابێ!
جەعفەر حامیدی، بەرپرسی پێشوی سکرتاریەتی حزبی دیموکرات
Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com