حزبەکان لە بەردەم بەرپرسیارێتی ئەخلاقی و مێژووییدان

0

بەهرە حەمەڕەش

دۆخی کورد، لە ناوخۆ لەوپەڕی پەرتەوازەیی دایە. لە کاتێکدا عیراق بەرەو هەڵبژاردن دەڕوات. کەچی هەموو حزبەکان بەرژەوەندی حزبییان خستۆتە پێش بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان. ئایا سەردەمی ئێستا کاتێک جیهان، لە پێشبڕکێی بەرژەوەندییەکاندایە و لۆژیکی بەرژەوەندی حوکم دەکات، کورد جارێکی تر دەتوانێ لە شکست راست بێتەوە؟

بە گەڕانەوە بۆ مێژوو دەردەکەوێت، کە هەمیشە هۆکاری یەکەمی شکستەکان، ناکۆکی ناوخۆیی و خیانەت بووە، بەڵام لەسەردەمی جیاوازدا.

بە واتایەکی تر، بەرژەوەندییەکان وەکو زنجیری بەیەکەوە بەستراون، شکستی ئەزمونی باشوری کوردستان بە دڵنیاییەوە شکستی هەموو حزبەکان دەبێت. ئەم لێک دووری و ناکۆکییەی ئێستا هەیە، هەڕاج کردنی بەرژەوەندییە نیشتیمانییەکانە، کە هیچ حزب و گروپێک بەدەر لەم بەرپرسیارێتییە نییە. بۆچی کورد ناتوانێت بە لۆژیکی بەرژەوەندی قسەبکات؟ وەڵامی هەموو ئەو پراسیارانە رەهەندی سیاسی، ئابوری، کۆمەڵایەتی و جوگرافی هەیە. هاوکات دەستەوستان بوون بەرامبەر ئەم دۆخە و ئاوڕنەدانەوە بۆ بەرژەوەندی گشتی، جارێکی تر میللەت دەخاتەوە بەر رەحمی داگیراکاران و ئەوەش تەنیا حزبە کوردییەکان لێی بەرپرسیارن.

ئایا کورد بەم حاڵەوە بچێتە هەڵبژاردنەکانەوە ئەنجامەکەی چی دەبێت؟ گەلۆ شکستی کورد لەم هەڵبژاردنەدا شکستی هەموو لایەنە سیاسییەکانیش نابێت؟ بە مانایەکی تر غەرق بوونی ئەم ئەزمونە، غەرق بوونی لایەنە سیاسییەکانیش نییە؟

عەرەب و تورکمان بە هەموو ناکۆییەکانیانەوە، لە هەڵبژادنەکانی ” ناوچە جێ ناکۆکەکان” بە یەک لیست بەشداری هەڵبژاردنەکان دەکەن؟ بۆچی کورد ناتوانێت ئەوە بۆ سنوری ماددەی/١٤٠ بکات کە خاک و خەڵکی خۆیەتی؟  

ئەوەی لە دۆخی سیاسی ئێستا، لەسەر ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتیش دەخوێندرێتەوە، کورد دەبێ بە هەموو کارتەکانی خۆی پارێزگاری خۆی بکات، چونکە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست خوانی بەردەم زلهێزەکانەو کێ بەهێزتر دەربکەوێت ئەو دەکرێتە ئامرازی راگرتنی باڵانسی مەرامەکانیان. تەنیا کارتی بەهێزیش بەدەست کوردەوە، یەکریزی و یەک گوتاری نێوخۆییە. ئەگەر لە ناوخۆش رکابەری حزبی هەبێت، دەبێ لە دەرەوە یەک گوتار بن.

لە ئێستادا کورد دوو خیاری لەبەردەستە. یان ئەوەتا دەبێ هەموو بەیەک دەنگی بایکۆتی هەڵبژاردن لە ناوچە جێناکۆکەکان بکەن. یان دەبێ بە یەک لیست بەشداری بکەن. بەپێچەوانەوە بەهێزترین کارت دەدەنە دەست نەیاران و گرەنتی سەرکەوتنیان دەدەنێ، لەلایەکی تر پرسی کورد بۆ پەنجا ساڵی تر لەم ناوچانە دوادەخرێت. بۆیە هەمووحزبەکان لەبەردەم بەرپرسیارێتییەکی ئەخلاقی، مرۆیی، نیشتیمانی و مێژوییدان.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com