بەسەرهاتی راستەقینەی کچێک

0

کچانی بێناو

ڕێگا ڕووف

خەریکی سەعی کردن بووم کاتێک دایکم بانگی کردم، ھەستە کچم ئەو ناو ماڵە کۆکەرەوە وا نیوەڕۆیە! ئەوە قاپەکانیش ھەر لەویایە!؟ گورج چووم بەلای ناو ماڵ و قاپ شۆردنەوە تا زوو تەواوی بکەم و بگەڕێمەوە سەر سەعیەکەم، ئەمڕۆ تاقیکردنەوەم ھەیەو با بیانوویان نەبێت. ئاھ.. کە دەرسێکی ناخۆشە، مێژووی ئیسلام. لەبەری کەو تەواو، لەبەر خۆمەوە بەخۆم دەڵێم. لاپەڕەی ٤٥ ، ئیسلام و شەڕی ئوحود….

ئەی باوکە کات چەند درەنگە! بەپەلە خۆم بگۆڕم و بڕۆم بۆ دەوام.

دوای تاقیکردنەوە ھاتمەوە ماڵەوەو خێرا چوومە ژوورەوە خۆم بگۆڕم، فریا نەکەوتم باسی تاقیکردنەوەکەی ئەمڕۆیان بۆ بکەم کاتێک باوکم ھاتە ژوورەوەو بە قایشەکەی پشتی کەوتە لێدانم. ڕامکردە حەوشە، ھاوارمکرد توخوا باوکە چیم کردووە؟ ئای ئای، توخوا توخوا، تۆبە، بەخوا ھیچم نەکردووە!

باوکم بەدەم لێدانەوە ھاواری ئەکرد، قەحبە ئەو سترێجە چیە لەبەرتایە! نەمووت نابێ پانتۆڵ لەپێ بکەی؟ پێم وتی چی؟ ھا؟ لەئێستاوە بەڕەڵا ئەبیت؟ زرم شەقێکی یا لەناو سکم، لەئیسقانی قاچم.

ئای، یای، یای، مردم باوکە گیان، توخوا بەسە. لەناو ھاوارو زریکەو گریانمدا هانام برد بۆ دایکم، دایکە گیان فریام کەوە!. دایکم بەپرتەو بۆڵە گووتی: قەحبەی بێناموس بەقسەی منت نەکرد، دەبخۆ دەردت بێت.

ھەستم کرد قایشەکان کەمتر بەرم دەکەون و منیش بەپێوە خۆم بۆ ناگیرێت، شل و کوت بووم بەلێدان و ئیتر وردە وردە ئەخشکێم بەعەرزا بەرەو سووچی ژوورەکە، بەرەو لای مەعرەزی نوێنەکە، بەرەو “قوژبنی ئارامی”. بەدەم ھەنسکەوە گوێم لە کرێچیەکەمانە کە لەھات و ھاواری من ھاتۆتە خوارەوەو دەستی باوکمی گرتووە. گوێم لێیە بە باوکم ئەڵێ بۆ وا لەو کچە ئەکەن، چی کردووە ھەی بێویژدان. ئەگەرچی سوکنایی بەدڵما ھات کە ئەو ژنە میھرەبانە بەو گەنجیەی خۆیەوە بەرەنگاری باوکم بۆوە کەتەمەنی نزیک بە شەست ساڵ دەبێ، ھاوکات نەمدەتوانی بیر لەوە نەکەمەوە کەچەند تەریق بوومەوە. چەن خەجاڵەتم کێشا کە حەیام چووە. دراوسێکان پێیان زانیوە کە پانتۆڵە تازە جوانەکەی ئەمڕۆم بەدزیەوە لەبەرکردووەو باوکم بۆیە لێم ئەدات، خۆی خەتای خۆشم بوو کە بەقسەیانم نەکرد. بەدەم نووزە نووزی گریانەوە. کرێچیەکەمان، دەستی ھێنا بەسەرماو وتی: بەداخەوە، چیبکەم لەوە زیاترم پێناکرێت، بەڵام ئەگەر ئەمجارە دەستی بەرزکردەوە، وەرە بۆقاتی سەرەوە بۆلای من ناھێڵم دەستت بۆ بەرن. لەو جارەوە ھەستم دەکرد ئەو کرێچیە پشت و پەنایە بۆمن، ھەندێجار قسەی دڵی خۆمم بۆ ئەکردو گوێی بۆ ئەگرتم. باسی ئەو کوڕانەم بۆ ئەکرد کەلە ڕێی مەکتەب، چاو چاوێن و نامەی دڵداریم ئەدەنێ. باسی دراوسێکەمانم بۆ ئەکرد کە نەیدەزانی بە خانمە ئەکتەری تورکی بڵێ ماڤی، و ئەیوت ماپی، باسی قووتابخانەو هاورێکانم کە چەند ژیانیان لەمن خۆشترە. ئای چەند پێکەنین پێکەوە بەو قسانە. باسی ژنانی گەڕەکمان ئەکردو سوعبەت و نوکتەکانمان فرمێسکی لەچاومان ئەڕژان. قاقا پێ ئەکەنین. ئەو ڕۆژانە بیرم چووبۆوە کەباوکم و دایکم چەند خراپن، بیرم چووبۆوە کە لێدانەکەی باوکم نەیھێشت تا سێ ڕۆژ بڕۆمەوە مەکتەب، چوونکە ھەموو گیانم شین بووبۆوەو ئەیەشا. ئەزانی، کەلەدڵەوە پێ ئەکەنی بۆ لەحزەیەک بیرت نیە کە تۆ چەند لەتاڵی و سەختیدا ئەژی؟ ئەزانی ئەو کاتانە تەنانەت وام ھەست ئەکرد ئیتر باوکم لێم نادات، چونکە حەیامان ئەچێ. کرێچیەکەمان پێی زانیو، دەروو دراوسێ هاتۆتە سارمان.

ھاوینێکی گەرم بوو وابزانم مانگی حەوت بوو، بەپەلە و بەڕاکردن بەسەر قادرمەکانا ڕامکردە قاتی سەرەوەو دیسان ھانام برد بۆ کرێچیەکەمان. کرێچیەکەمان، دەرگای کردەوەو ئاھێکم پیا ھات کەلە ماڵەوەیە بەدڵی پڕەوە چوومە ژوورێ. گوتی چیبووە؟ بۆ وا شڵەژاوی؟

گوتم کاکم ھاتووە! کاکم کەماڵ و مناڵ و ژنی هەیە.

سەیرێکی کردم وتی ئێ؟ چیبووە؟

پێچێکی ناخۆش ھات بەناو سکماو یەکسەر دڵم پڕ بوو لەگریان. وتم با لێرە بم تا ئەڕوات. کرێچیەکەمان چوو دەرگاکەی داخست، وتی نەکا بێتە سەرەوە، ھاتەوەو وەکو ئەوەی تێگەیشتبێ لە پێچە ناخۆشەکانی ناو سکم و ھەنسکەکانم. وتی دەستت بۆ ئەبات؟ هه راسانی سێکسی و قسەکەی تەواو نەکرد دامە پڕمەی گریان، بەدەمیەوە ھەرچۆنێک بێت تێمگەیاند کە قسەکەی ڕاستەو بۆیە ناوێرم بڕۆمە خوارەوە تا دایکم یان باوکم دێتەوە.. ئای چەند ناخۆش بوو دەربڕینی ئەو نھێنیە گەورەو ئەو تاوانە. ئای چەن بە ئازار بوو ئەو ئیعتیرافە. ئای چەن ناخۆش بوو کەسێکی بێگانە پێت بزانێ کە برای خۆت ھەراسانی سێکسیت بکات. دایکم هەموو جارێک ئەیوت ڕۆح لە شوێنێکی سەختەو دەرنایەت، نەمدەزانی یانی چی بەڵام کە کرێچیەکەمان پرسیاری کردو گووتی ئەی بۆ بەدایکت ناڵێیت؟ ئەو کاتە زانیم یانی چی. چوونکە دایکم پشت و پەنام نەبوو، بگرە کە پێم گوت برا گەورەکەم چیم لێدەکات، تەنیا پێی گووتم ووسبە کچێ چاوی لێ سوورکردمەوەو گوتی ؛ ئەتەوێ خوێنی کوڕەکەم بکەیتە کاسەوە؟.

چەند ڕۆژێک بوو ھەر لەماڵەوە بووم، وەک ڕۆژانی تر قاپ شتن و ماڵ پاکردنەوە، جل شتن و سەرشتنی برا بچوکەکانم سەرقاڵیان کردبووم. لەدڵی خۆما زۆر بیرم ئەکردەوە تاکەی وابم؟ کێ فریام کەوێ؟ چۆن ئاوا بژیم؟ ھاوینان ناخۆشترین کات بوو چونکە مەکتەب نەبوو ئیتر ھەر لەماڵەوە زیندان بووم. ئەو ھاوینە بووم بە ١٧ ساڵ، بیرم نایەت حەڤدە جار دڵم خۆش بووبێت. ئێوارە باوکم دوای نوێژ ھاتەوە ماڵەوەو لەخۆیەوە ڕووی خۆش بوو. وتی وەرە کچم. بەپەلە ڕامکردە بەردەمی وتم بەڵێ باوکە گیان فەرموو. گوتی ئیتر تۆ ١٧ ساڵیت و ناچیتەوە مەکتەب، ئەتدەم بەشوو. سبەینێ دێنە داوات.

دونیا ڕەش بوو لەبەر چاوم، دەمم قفڵ بوو، یەک وشەم بۆ نەوترا ئەگەرچی ھەزار پرسیارو ھەزار لێکدانەوەم ھەبوو. دامە پڕمەی گریان، و بەدەم گریانەوە ھەندێ بۆڵەم لێوەھات کە باوکم ھیچ گوێی لێنەبوو، تەنھا وتی ھەستە لاچۆ. ئەو شەوە تا بەیانی خەو نەچووە چاوم، ھەندێجار بەدەم ھیلاکیەوە کە وەنەوسم ئەداو خەبەرم ئەبۆوە بەخۆمم ئەوت بەشکەم خەو بێت؟ بەشکەم بەیانی دڵی بگۆڕێت، بەشکەم بەساقەو بەقوربانی بم دڵی نەرم بێت و نەمدا بەشوو چوونکە من دەمەوێ زانکۆ تەواو بکەم، دەمەوێ ببمە محامی یان هیچ نەبێت شەشی ناوەندی تەواو بکەم. یانی تۆ بڵێی بەو قسانە دڵی چاک نەبێ! دڵی خۆمم خۆش ئەکرد کە نا باوکم ھیجگار ئەوەنەش خراپ نیە، بەشێکی خەتای خۆمە کە ھەموو شتێک بەدڵی ئەو ناکەم. با بەیانی ڕۆژ بێتەوە خۆم ئەزانم دڵی نەرم ئەکەم. بەدەم زەردەخەنەیەکی وشکەوە خەو بردمیەوە. کاتێک خەبەرم بۆوە نان و چایی بەیانیەو بەپەلە ھەستام فریای خۆم بکەوم لای باوکم. کە چووە سەر سفرە و دەم و چاوی باوکمم بینی نوتقم نەکرد. وەک بڵێی ئەیزانی نیازی ئەوەم ھەیە دڵی نەرم بکەم، بۆیە زۆر توڕە دیاربوو، ئاگری لێ ئەباری.

دەمەو عەسر بوو باوکم ھێشتا لەنوێژ نەھاتبۆوە چوومە حەوشەی پشتەوەو جوان خۆم گۆڕی. پانتۆڵە سترێجەکەم کە یەکجار لەبەرم کردبوو کردمە بەرم، قەمیسێکی تازەشم ھەبوو زۆرم حەز لێبوو ئەویشم لەگەڵیا لەبەر کرد. تەنکە موکیاجێکم کرد و لە ئاوێنەکەدا سەیرێکی خۆمم کرد وتم: ئەمڕۆ دێنە داوات، ئەبیت بە ژن، شوو ئەکەیت، مناڵت ئەبێ.. نانا خراپیش نیم جوانم. دەبە نەوتەکەم گرت بەدەستمەوەو بەبێ وەستان لەسەرەوە تا پێم خۆم پێ تەڕکرد، شقارتەکەم داگیرساند. ئیتر ئازاری جەستەو ڕۆحم تێکەڵاو بوو، هەڵئەبەزیمەوە ڕامکردە حەوشەی پێشەوە، هاوارم ئەکرد، وایییییییی تا تاریک بوو بەرچاوم. ئیتر هەستم بەئازار نەدەکردو بۆ ھەتا ھەتایە چاوم نوو‌قاند.

تێبینی: ئەم نوسینە لە ڕووداوێکی ڕاستەقینەوە وەرگیراوە.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com