ئیرەیی، نەخۆشییەکی دەرونی یان بارێکی کۆمەڵایەتییە؟

0

دکتۆر رێدار  ئەمین

ئیرەیی(حەسودی) چەند پێناسەیەکی هەیە. یەک لەوانە خۆزگەی ئەوە بخوازی کەسەکەی بەرامبەرت هەموو نازونیعمەتەکانی لەدەست بدات.

پێناسەیەکی تری هەیە دەڵێت، هەمیشە حەزبکەی تۆ لەبەرامبەرەکەت بەرزتربی. یان بەپێچەوانەکەی ئەو لە تۆ نزمتر بێ.

ئەگەر سەیری پێناسەی یەکەم بکەی، ئەوا دەبینین ئیرەیی، سیفەتێکی زۆر نەرێنییە، چونکە ئاسودەیی خۆی بە نا ئاسودەیی کەسانی تروە پەیوەست کردووە. لەپێناسەی دووەمدا، زیاتر لە ململانێ و بەربەرەکانێ و پێشبڕکێ دەچێت. بۆیە بەشێک لە ئەرێنی تێدایە، چونکە پێشکەوتنی مرۆڤ لە بەربەرەکانی و ململانێ و خۆ نوێکردنەوەدایە، بەڵام لێرەدا نابێت ئەم بەرەوپێشچوونە  لەسەر خۆشبەختی و داهێنان و دەستکەوتەکانی ئەویتربێت.

لەم پێناسەیەوە دەردەکەوێت کە ئیرەیی، بریتییە لە بارێکی کۆمەڵایەتی نەک دەرونی! واتە ئەگەر مرۆڤێک بە  تەنیا لە جەنگەڵستانێک بژی ئەوا هیچ هەست بە ئیرەیی ناکات! چونکە نەخۆشی دەرونی پەیوەست بە خودی مرۆڤ و شێوازی بیرکردنەوەو رەفتاریەتی. واتە ئەگەر بە تەنیاش بژیت ئەگەری تووشبوون بە خەمۆکی ، دڵەڕاوکێ، فۆبیاو شیزۆفینیا … لەئارادایە، بەڵام لە ئیرەییدا دەبێت لەناو کۆمەڵگە بژیت.

ئەو کەسەش لە ناو هەمان کۆمەڵگەدابێت لەگەڵ تۆدا. مرۆڤ هەرگیز ئیرەیی بە کەسێکی دوور لە خۆی و لە وڵاتێکی تر نابات.

بۆیە ئیرەیی بە نەخۆشی دەرونی دانانرێت. بەڵکو پەتایەکی کۆمەڵایەتی دزێوە، لە ئەنجامی شێوازی بیرکردنەوەو پەروەردەی هەڵەوە دروست دەبێ. ئەم هۆکارانەی خوارەوە دەبنە هۆی سەرهەڵدانی ئەم دیاردەیە:

١.گەورەبوون لە خێزانێکی پڕ لە ئیرەیی. کاتێک هەمیشە دایباب باس لە نزاو نیعمەتی خەڵک دەکەن. هەمیشە خۆیان پێ بێبەشەو  خەڵکی تریان پێ بە بەخت و بە شانسە.

٢.هەمیشە دایباب، هۆکاری شکست هێنان و ناخۆشییەکانی ژیانی خۆیان، دەخەنە ئەستۆی کەسانی دوروبەریان و والە منداڵەکانیشیان دەگەیەنن، ئەو کەسانە چاویان پیسەو حەسودن.

٣.کاتێک نا دادپەروەری لە کۆمەڵگەدا بڵاوبۆوە، کەسانی بەهرەمەندو بلیمەت بەلاوە دەنرێن و کەسانی دۆڕاو و نەزان، لەسەر بنەمای لایەنگری حیزب و بەرپرس شوێن و پێگەی بەرز وەردەگرن. ئەمەش جۆرێک لە زوڵمی کۆمەڵایەتی دروست دەکات. پێچەوانەکەشی کاتێک کەسێکی کەم ئەزمون و بێ بەهرە، ئیرەیی بە کەسانی بلیمەت و زیرەک دەبات و دەیەوێت لەسەر بنەمای نا ئەخلاقی بەربەرەکانی بکات.

٤.کاتێک خودی کەسەکە خۆی کۆمەڵێک گرێی دەرونی هەیە، وەک هەستی خۆ بەکەم زانین. گرفتی کەسایەتی، نەرگسیەت.. بەبێ هیچ هۆکارێک پێیوایە خەڵک ئیرەیی پێ دەبەن!

کەواتە هەندێک خەڵک هەن، بەهۆی ئەوەی خۆیان کێشەو گرفتی دەرونیان هەیە، هەمیشە وادەزانن خەڵکانی تر ئیرەییان پێدەبەن. بۆیە هەمیشە شکست و دۆڕانەکانیان، دەخەنە پاڵ ئەوان.

وەلێ ئەگەر وەک دەرونناسێک، ئەم کەسانە بدوێنی، بۆت روون دەبێتەوە کە ئەوان کێشەی دەرونیان هەیە، نەک کەسی بەرامبەر. ئەمانەش میکانیزمی دەرونی بەکاردەهێنن بۆ راگرتنی باڵانسی دەرونیان.

(خۆی ئیرەیی هەیەو حەزدەکات، قەناعەت بێنێ کەوا خەڵکی ئیرەیی پێدەبەن!)  ئەمەش لەسەر بنەمای یاسای دەرونییە کە دەڵێت(سروشتی مرۆڤ وایە. هەمیشە گلەیی لە خەڵکانی تردەکات بۆ هەڵەکانی خۆی)!

تێبینی ئەوەمان کردووە، کە زۆرجار ئیرەیی رێژەی سروشتی خۆی تێپەڕاندووە.ئەمەش بەهۆی ئەو پەروەردە نادروستەی ناو خێزان و ئەو نادادپەروەرییە، کە لەسەرەوە ئاماژەمان پێکرد، بەڵام دەکرێ هۆکارێکی تریشی هەبێت. ئەویش حەزی کەسەکانە بۆ دەستەبەرکردن و دابینکردنی زۆر شت. واتە کەسەکان حەزدەکەن هەمووشتیان هەبێت، پێیانوایە (کەسایەتی، خۆشبەختی، رێز، تەندروستی، هاوسەنگی دەرونی) لە دەستەبەرکردنی زۆترین شتە ماددییەکانی ژیانە.

بۆیە پێت سەیر نەبیت بەرپرسێک ببینی حەزبکات وەک هەشت پێ، بژیت! ئەو بەرزترین بڕوانامە، زۆرترین و گەورەترین خانو، زۆرترین ژن، زۆرترین و زۆرترینی هەبێت. ئەو دەیەوێ ئەمانە هەمووی قەرەبووی نا هاوسەنگی ناخی بۆبکەنەوەو بگاتە ئاسودەیی، بەڵام کاتێک ناگات، لەسەرەتادا هەوڵی زیاتر دەدات. زۆرتر، بەرزتر… کەچی هەر پێی ناگات!

لە شێواوی و نا حاڵی خۆی، خەڵک تۆمەتبار دەکات بەوەی ئیرەیی پێ دەبەن. ئەوان هۆکاری بەدبەختییەی ئەون… چارەسەر چییە؟

دەکرێ مرۆڤ خۆی لە دەردی ئیرەیی رزگاربکات. ئەویش بەوەی هەوڵ بدات شێوازی بیرکردنەوەی بگۆڕێت، نەک هەوڵی تۆمەت نانەوە بداتە پاڵ خەڵکی تر!

هەوڵ بدات تەنها شتەکانی پەیوەست بە جەستەی خۆی، بە ناخی خۆی، بکاتە سەرچاوەی خۆشبەختی نەک ئەو شتانەی کە بەشێک نین لەو، بۆ نمونە، ماڵ، سامان، خانوو، ئۆتۆمبیل، ئەوانە بەشێکی بوونی مرۆڤ نین. دەکرێ مرۆڤ بەبێ هەموو ئەوانە بەختەوەر بێت. دەکرێ هەموو ئەوانەشی هەبێت و خەفەتباربێ. ئەم شتانە شتی لاوەکین و دەکرێ هەرکاتێل بڕۆن. بەدبەختی مرۆڤ لەوەدایە کاتێک ئەوانە بکاتە پێوەر بۆ خۆش گوزەرانی و بەختەوەری.

لە رووی دەرونییەوە ئاستێک هەیە کەم کەس پیی دەگەن. ئەویش قۆناغی شاهانەیە. لەم قۆناغەدا کە زیاتر لەدوای چل ساڵییەوە، ئاماژەکانی سەر هەڵدەدەن، بەڵام رەنگە لە تەمەنی زووتریشدا بێ مرۆڤ بۆی گرنگ نییە لە ئارگۆمێنت و گفتوگۆدا سەردەکەوێ یاننا، ئەگەر بەرامبەریشی هەڵەبوو بەڵام پیی داگرت ئەوا ئەو پاشەکشە دەکات، لای گرنگ نییە ئەوی بەرامبەری خۆی پێ براوەیە، یاخود ئەو خودی خۆی بە دۆڕاو سەیردەکرێ، ئەگەر کەسێک درۆی لەگەڵ بکات، ئەو زۆر هەوڵ نادات درۆکانی ئاشکرابکات. لای گرنگ نییە. کێشەکان وەک تەمی بەیانی یان بڵقی سەر ئاو سەیردەکات. لێ ناگەڕێ هەموو ئەو رۆژەی لێ تاڵ بکەن. هەندێکی و ئەویش بە گرفتەکانی ژیان ناڕەحەت دەبێت، بەڵام ئەوە کاتییەو خۆی لە هەمان قۆناغ دەدۆزێتەوە!

زۆر ئاسودە دەبێت. کاتێک ئەو خۆی لەو هەموو ململانێ و کێبڕکێ و ئیرەیی و هەڵخەڵەتاندنی خەڵک بەیەکتری بە دوورگرتووە، سوپاسگوزارەکە ئەویش وەک ئەوان نییە.  بزەی دێتێ کە دەبینێ خەڵک لە پێناو زۆر شتی پڕوپوچ و بێ مانا، لەو شتانەی کە دەکرێ ئەوڕۆ هەبن و سبەی نەبن شەڕ و ململانێیانە. ئەو دەزانێ بەختەوەری راستەقینە لە ناخەوەیە.

دەزانێ کاتژمێرەکەی دەستی بە سێ هەزار بێت یان سی هەزار، هەر بۆ زانینی کاتە. ئۆتۆمبیلەکەی هەربۆ گەیاندنیەتی بۆ شوێنی کار، ماڵەکەی هەر بۆ پشوە. پێخەفەکەی بۆ نوستنە. ئەو دەخوات بۆ ئەوەی بژیت، نەک بژیت بۆ ئەوەی بخوات…

ئەگەر مرۆڤ ئەم قەناعەتەی بۆ دروستبوو، ئەوا گرنگی بە گوزەرانی خەڵک نادات. لە ململانێ و بەربەرەکانیدا ناژیت. تووشی ئیرەیی نابێت، ئەگەر ئیرەیشی پێ ببەن لای گرنگ نییە.

مرۆڤ ئەگەر هەموو کات نازونیعمەتەکانی خۆی هەست پێکرد و خۆی بەراورد نەکرد لەگەڵ خەڵکی تر، ئەوا خۆشبەختترینە و ئیرەیی روو لەو ناکات.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com