هزری حیجاب و حیجابی هزر

0

بەهرە حەمەڕەش

کاتێک لە مهاباد، لەگەڵ هاوڕێیەکم بەیەکەوە بۆ شوێنێک دەردەچووین. لەگەڵ گەیشتنمان بۆ ماڵ، یەکەم کاری زۆر بە بێزارییەوە چارشێو و لەچکەکەی فڕێدەدا. بە پرتەپرت لە ژێر لێوەوە هەندێ جنێوی دەدا.

ئەمە کاری جارێک و دووانی نەبوو. لەگەڵ هەر چوونە دەرەوەیەکیش دایکی تکای لێدەکرد، کە کێشەیان بۆ دروست نەکات و حیجابەکەی بە جوانی بکات، چونکە کچە هاوڕێکەی من چەندین جار بەو بێزارییەوە دژی سەپاندنی حیجاب لە ئێران، لە سەر شەقام حیجابەکەی فڕێدەدا. یانیش لەچکەکەی تا نیوەی سەری دەخزاند. بەو هۆیەوە “وەلی ئەمر” ی باوک و برای، تووشی لێپرسینەوە دەبوون.

لە مانگی رەمەزاندا لە هەولێر، ژنێک تەلەفۆنی بۆ یەکێک لەو رادیۆیانە دەکرد، کە هەموو ساڵێ لەم مانگەدا ژنان فێردەکەن چۆن تامی خواردن بکەن بەڵام قوتی نەدەن، تا رۆژووەکەیان نەشكێ… دەیگوت، مامۆستا من لەگەڵ کراسی درێژ، پانتۆڵ لە پێ دەکەم، بەڵام دەڵێن، ئەگەر پانتۆڵەکە زنجیری پێوەبێ حەرامە، پێویستە زنجیرەکە بگۆڕم یان ئاساییە؟

سەپاندن و چەپاندنی مێشکی کۆمەڵگە و کارکردن لەسەر عەقڵیان، سەرەتا مەشغوڵ کردنیانە بە شتە لاوەکییەکانەوە. ئەو شتانەی، کە مافی سەرەتایی خەڵکە و نابێت کەس بچێتە ئەودیوی سنوری ئەو ئازادییە. گرنگیدان بە رواڵەت و روکەش، وەکو گرنگترین پرەنسیپی ژیان، گەوجاندنی خەڵکە و کارکردنە لەسەر شێوازی بیرکردنەوە و سڕکردنیەتی بەو ئایدۆلۆژیایە، کە ئیجازە لەجیاتی تاک بەتاکی مرۆڤەکان، بەخۆی دەدات، بیربکاتەوە.

خولانەوە لە بازنەیەکی داخراودا، کاری ئایدۆلۆژیا چەپ و راستەکانە. خزاندنی مرۆڤە بۆ ناو ئەو دونیا ئیسراحەتەی، کە تۆ پێویستت بە تێکۆشان و پرسیارو گومان نییە، چونکە لەگەڵ “باشترین و راستترین” حزب یان ئایین و بەرنامە کاردەکەی.

ئەو خەیاڵی “باشترین و راستترین و نایابترینە” مرۆڤ دەخاتە ناو یۆتۆپیایەک، کە بۆ دەرچوون لێی پێویستت بە راچڵەکینێکی هزرییە.

راچڵەکینێک، کە بتخاتە ناو دنیای واقیع و رەتکردنەوە. فێربی چۆن رەت بکەیتەوە و بڵێی “نا” ئەو نایەی، کە ئامانجدارت دەکات بە گەڕان و هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی گرێکوێرەکان، ئەو پرسیارانە، کە هەمیشە لای خەڵک قەدەغە و حەرام کراون.

شکاندنی بتە پیرۆزەکان. بە شکاندنی یۆتۆپیای ئایدۆلۆژیا دەست پێدەکات. تا بتوانی بڵێی نا، دەبێ لە چوارچێوەی هیچ بەرنامەیەکدا قەتیس نەبی. سەرەتای هەموو یاخیبوونەکان گوتنی” نا” یە. “ئەو نایەی، کە ئیبلیسی لە فریشتەوە کردە شەیتان و بووە سەرەتای یاخیبوون”. یاخیبوونێک، کە رێگە بۆ تێڕامان و وردبوونەوە خۆش دەکات. لەجیاتی بە نەفرەتکردنی ئەو فریشتە شەیتانییە، بپرسین کە بۆچی دەسەڵاتدارەکان بە گوتنی “نا” بێزارو توڕە دەبن؟

بە گوتنی “نا” مرۆڤ دەچێتە خانەی یاخیبوان، یان بۆ دروستبوونی پرسیار و لەوێوە سەرکێشی بۆ گومان دەچێت؟

بیرمەندە گەورەکانی مرۆڤایەتی، گرنگییان بە رواڵەت نەداوە، ئەوان سەرقاڵی دۆزینەوەی پرسیارەکان و دروستکردنی گومان بوون(دیکارت). لە هەر وەڵامێک پرسیار و لە هەر پرسیارێک گومانێک لە دایک بووە. بۆیان گرنگ نەبووە، کە چەند کەس رێبازەکەی ئەوان بە دروست دەزانێ، بەڵام گرنگییان بە فێرکردن لەسەر بنەمای تێڕامان و بیرکردنەوە داوە. بۆیە هەمیشە کەوتونە بەر هەڕەشەی دەسەڵاتدارانی ئاینی و سیاسی.

کەسانی لە چوارچێوەدراوی ئایدۆلۆژیا، نە پرسیار و نە گومان بە خەیاڵیاندا نایەت، ئەوان دژی رێژەیی بوون و پرسیارکردنن، بۆ ئەوان هەمیشە فکری “راستترین و نایابترینەکە” ئاسانترە. تا دەگاتە ئەو جێگا ترسناکەی کە ئامادەن تیرۆر و کوشتاری بۆ بکەن. ژیانیان لەبەرچاو بکەوێت و شانازی بە مردنەوە بکەن. بۆ مردن درێژە بە دەسەڵات و فکری تاکڕەوی دەدات. ئەو فکرەی هەمیشە راهێنان لەسەر ئالودەبووەکانی دەکات، بۆ درێژەدان بەو دەسەڵاتە رەهایەی کە لە سایەی ئەم سڕبوونەدا بە دەستی هێناوە.

تێ نەکۆشان بۆ تێگەیشتن، کۆمەڵگەیەک دروست دەکات، کە بە عاتیفە رۆدەچێتە قوڵایی ئایدۆلۆژیاکان، یانیش زۆرجار بە رێکەوت داوی دەبێت بە داویەوە، کە سەرلێشیواوییەک دروست دەکات و دیمەنێک دەخوڵقێنێت، پارادۆکس و کۆمیدیایەکی تراژیدی پیشان دەدات. کەسانی سەر بە حزبی شیوعی نوێژ دەکەن و ئیسلامییەکان دەچنە هەڵبژاردنی دیموکراسییەوە، ئازادی لە بەرەڵڵای و بەرەڵڵایی بە ئازادی دەبینن!

کێشەکانی ئەمڕۆی ئێمە جل و بەرگ و روپۆش نییە، بەڵکو روپۆشی هزرێکە- کە عەقڵیەتی کۆمەڵگەی ئیفلیج کردووە و دەیەوێ رێگە لە گەشە سەندنی عەقڵ بگرێت و هەموو زانستێک بخاتە ژێر رکێفی خۆی.

بۆیە بۆ رزگاربوون لە روکەش پەرستی، دەبێ سەرەتا هەوڵی لادانی ئەو روپۆشە هزرییە بدرێت، کە کۆمەڵگەکانی جیهانی سێیەمی گیرۆدە کردووە.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com