فرسەت سۆفی: تائێستا هیچ لایەنێک دژی پڕۆژەیاسای چاکسازی نییە

0

نوچەنێت

ئەندام پەرلەمانێکی کوردستان رایدەگەیەنێت، تائێستا هیچ کەس و لایەنێک دژی پڕۆژەیاسی چاکسازی نییە. دەشڵێت “ئەم پڕۆژەیاسایە قابیلی پێداچوونەوە و هەموار کردنەوەیە و ماددە گۆڕیینە”.

رۆژی شەممە ٣٠-١٢-٢٠١٧، پڕۆژەیاسای (چاکسازی لە خانەنشینی و موچە و دەڕماڵە) کە لە ٢٠ ماددە پێکهاتووە، بە بڕیاری ژمارە ١٢٩ی ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی کوردستان بە سەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی پەسەندکرا، و ئاراستەی پەڕلەمانی کوردستان کراوە.

بەپێی ئەو یاسایە، خانەنشینی نایاسایی و بەخشینەوەی پلەو ناونیشانی نایاسایی بەخەڵکی ناشایستە ناھێڵدرێت و عەدالەت لەو بوارەدا پەیڕەو دەکرێت.

ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان رایدەگەنێت، بەپێی بڕیارەکە، کە واژۆی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکومەتی کوردستانی لەسەرە، لە ٩٠ رۆژی یەکەمی ساڵی ٢٠١٨ دا دەبێت ئەو یاسایە بکەوێتە بواری جێبەجێبکردنەوە.

لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، فرسەت سۆفی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی زەرد، سەبارەت بە پڕۆژەیاسای چاکسازی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: ئەو پڕۆژەیاسایەی، کە حکومەت ناردبوویە پەرلەمانی کوردستان، خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کراو و رادەستی لیژنە پەیوەندیدارەکان کراوە و لە ماوەی هەفتەی داهاتوو، کۆبوونەوەی لەسەر دەکڕی لە لایەن لیژنە پەیوەندیدارەکانەوە، بۆ ئەوەی راپۆرتی لەسەر بنوسرێت، تاکو لە ماوەیەکی کەم بێتە ناو هۆڵی پەرلەمان خوێندنەوەی دووەمی بۆ بکرێ. گفتوگۆی لەسەر بکرێت و دواتر پەسەند بکرێ.

لەبارەی دەنگنەدانی هەندێک پەرلەمانتار لەسەر پڕۆژەیاساکە فرسەت سۆفی گوتی، تائێستا نەمبیستووە کەس لە پەرلەمان دژی بێ و هەروەها فراکسیۆنەکان هەر هەموویان پشتیوانی چاکسازین. دەشڵێت “ئەم پڕۆژەیاسایە قابیلی پێداچوونەوە و هەموار کردنەوەیە و ماددە گۆڕیینە، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی پشتیوانی هەیە و دەنگی لەسەر دەدرێت و پەسەند دەکرێت”.

ئەو پەرلەمانتارە گوتیشی “گرنگی هەر یاسایەک لە جێبەجێ کردنەکەیەتی، ئەوەش لە سەر دەسەڵاتی جێبەجێکردن دەوەستێتەوە، هەروەها چاودێری پەرلەمانی چەندە چالاکە بۆ ئەوەی چاودێری حکومەت بێ بۆ جێبەجێکردنەکەی، بۆیە یاسا دەرکردن چەند گرنگە، ئەوەندەش گرنگە کە جێبەجێ بکرێ. 

فرسەت سۆفی لەبارەی ئەوەی، کە ئایا فراکسیۆنەکان جددین لە سەر پڕۆژەیاساکە بۆ پەسەندکردنی و چاودێریکردنی، دەڵێت “ئەوە لەسەر داهاتوو دەوەستێت، ناکرێت ناکرێ پێش بکەوین، بەڵام یاسا دەردەکەین جێبەجێ کردنیشی زۆر گرنگە.   

پەرلەمانتارەکە پێیوایە، کە تائێستا هێچ ئاستەنگێک بۆ پڕۆژەیاساکە دروستنەبووە، بەڵام روونە هەموو پڕۆژەیەکی چاکسازی ئاسان نییە و دژ و ئاستەنگی خۆی دەبێت، بەتایبەتی حزبە سیاسییەکان، کە هەندێک قوربانی پێویستە بیدەن، بەڵام ئێستا گەیشتووینەتە قۆناغێکی مەترسیدار و هیچ چارەسەرێکمان نییە و دەبێ چاکسازی بکەین یان ئەو ئەۆخەی، کەهەیە لەوە خراپتر دەبێ، کە هەیە. 

ئایا حکومەت دەتوانێ بە بێ گەڕانەوە بۆ پەرلەمان پڕۆژەیاسای چاکسازی جێبەجێ بکات، فرسەت سۆفی گوتی “لە پڕۆژەیاساکە، هەندێک ماددە هەیە پێویستی بە یاسا هەیە، بۆ نموونە کەسێک، کە بە یاسا سێ چوار موچەی وەرگرتووە، دەبێ بە یاسا دەتوانی ئەو کەسانە سەرپشک بکەی یەکێک لە موچەکانی هەڵبژێرێت، یان هەندێک بابەت هەیە، کە دەبێ بە یاسا دەستکاری بکرێت. هەندێکی بە بڕیاری دەسەڵاتی جێبەجێکاری.

فرسەت سۆفی ئەوەشی خستەڕوو، کە ئەگەر لە پەرلەمان فراکسیۆنەکان پشتیوانی لە پڕۆژەیاساکە بکەن، بە دڵنیاییەوە یاساکە هێزی زیاترە و پشتیوانی حکومەت زیاترە و توانای هێزە سیاسییەکان دەسەلمێنی بۆ چاکسازی، بۆیە ئەگەر حکومەت بیهەوێت جێبەجێ بکات، ئێمە بە یاسا پشتیوانی بەکەین، تاکو بەهێزتر جێبەجێ بکرێت. 

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com