ئەزموونەتاڵەکان بە ئاشتی و یەکڕیزیمان دەگەیەنن

0

نوچەنێت

 رۆژی شەممە بەر لە کۆتاڕۆژی نوێبوونەوەی ساڵی ٢٠١٨ زاینی پڕۆژەیاسای چاکسازیی لە خانەنشینی و موچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازەکانی دیکە لە هەرێمی کوردستان، لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی کوردستانی باشوورەوە پەسندکرا و بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیران واژۆیکردوو، بڵاوکرایەوە. ھەر لە ئێستاوە چەند حیزب و کەسایەتییەک و لە نێو ئەوان دا چەند نوێنەرێکی پەرلەمانی دڵسۆزی سەر بە بەرەی زۆر بە گلەیی، دەستخۆشی ئەم پڕۆژەیەیان بە تۆڕەکۆمەڵایەتی یەکاندا بڵاو کردۆتەوە! پێدەچێ ئەم پڕۆژەیاسایە شێمانەیەکی باش بێ بۆ ئەوە، کە دەسەڵاتی کوردی دەیەوێ پاکسازیی و چاکسازی بکا! لە گەڵ دەستخۆشی لە داڕێژەرانی ئەم پڕۆژە یاسایە و سوپاس بۆ دڵسۆزیی کەسایەتی، حیزب و نوێنەران، کە بە پیر بە پڕۆسەکردنی ئەم پڕۆژەیەوە ھاتوون.

بە دوو ھۆ حەز ناکەم بچمە سەر شیکردنەوەی وورد و بڕگە بە بڕگەی پلانەکە: لە لایەک لە ئەوروپا دانیشتووم و (ھەرچەند زۆر بە دڵەوە چاوەدێری دینامیزمی نێوخۆیی باشوور دەکەم) ئەو مافە بە خۆم نادەم، کە داوا بکەم چۆناوچۆن و بە وردی پڕۆژە یاساکە شی بکەنەوە و پەیڕەوی بکەن. ئەم ئەرکە بە ھی شارەزایەکی دانیشتووی کوردستان و دەرگیری راپەڕاندنی ئەرکی رۆژانەی خەڵک لە باشوور دەزانم. لە لایەکی ترەوە، نامەوێ وەک کوردێکی رۆژھەڵاتی کوردستان، دەست بخەمە ناو ئیش و کاری یاسایی و ئیجڕایی باشوور؛ بەڵام ئەرکی سیاسیمە وەک کەسایەتێکی نەتەوەیی لە سەر دۆخ و چارەنووسی کوردستانی باشوور ھەڵوێست بگرم. بۆیە ئیزن وەردەگرم ئەم ھەنگاوە باشە تەنیا بە بەڵگە بگرم، کە بۆ دەبێ لە زۆر بواری تریش دا، ھاریکاری دەسەڵاتی کوردی نەکرێ و پشتی نەگیرێ و لە ڕاپەڕاندنی ئیشی دەوڵەتداری دا بە کردەوە یارمەتی نەدرێ!؟ با لە ئێستاوە ئەو بەڵگە روونە ببێتە سەرەتای یەکڕیزیی، و پۆلۆرالیزمی سیاسیی لە کوردستان لێ بکەوێتەوە! ھەموو شارەزایەکی پرسی کورد لە وە ئاگادارن ; ئەوە بۆ ٢٧ ساڵی تەواو دەچێ کە کوردستان بە دەست زۆر نەھامەتی یەوە دەناڵێنێ. لەو ٢٧ حەوت ساڵە دا خۆخۆریی و خوێنرێژی کرا! فەلسەفەیەکیش لەم کارەساتە کەوتەوە; دژ بەیەکەکان سوێندی ھەتا سەریان خوارد بۆ شکاندن و رووخاندنی لایەنی “موقابیل” بەڵام سەرنەکەوتن. سەرئەنجام ئەمنیەت و ئاشتیی بردیەوە! دیارە لە ماوەی ئەم خۆکوژی یەش دا، ئیمتیاز ی ناڕەوای ماڵیی، زەوی و زار و معاشی بەلاش و بێ بارتەقای ئیشکردن; درا بە ھەزاران کەس. بە تایبەت لە نێو ئەو کۆمەڵە مفتەخۆرەدا دەیان و سەدان ویژدان لاوازی لە خەڵک بێخەبەر بە کەڵکوەرگرتن لە ھەستی عەشیرەگەریی، ( کە بەشێکی زۆری لاسایکردنەوە ی کلتووری عەڕەب و بە تایبەت سیاسەتی بەعس و سەدام بوو) ناوچەپاڕێزیی، و تەخشان و پەخشانکردنی بەشێک لەو سەروەتە گشتی یەی، پێ یان بڕا بوو; بە سەر دەست و پێوەندەکانیاندا; توانییان، وەک زەروو خوێنی چین و توێژەکانی کۆمەڵی کوردەواری لە باشوور بمژن! ئێستا دەبینین کە سەرکەوتنی ئەو زەرووانە، بە خۆشی یەوە لەقاودراوە و پێشی پێگیراوە! ئەم وەزع و دۆخە نالەبارە بوو بە ھۆی سەرھەڵدانیی کۆمەڵێکی زۆر لە خەڵکی ناڕازی! ھەر چەند لە گەڵ ھەموو ناڕەزایەتی یەکانی رووناکبیرانی ناڕازی بووم و زۆریشم پشتگرتوون; بەڵام نایشارمەوە کە ھەتا ئێستاش ھەرگیز دوو شتی زۆر سەرەکیم لە بارەی ئەوانەوە، بۆ لە یەک جیا نەبۆتەوە: یەکەم ئەوە کە نەمتوانی میدیا و رۆژنامە و رووناکبیری ئەھلی و سەربەخۆ وەک تەیفێکی بەرین بەدی بکەم! چونکە وەک تاک رووم لە ھەر ئەھلییەک کردووە، دەرکەوتووە کە گرێدراوی نائەھلییە، یان باشتر بڵێم نا ئەھلیەکە! دووەم ھەرگیز و ئێستاشی لە گەڵ بێ، نەمتوانی ستراتێژییەک لە دروشم و ھەڵوێست و بەرنامەکانی رەوتی جەماوەری ناڕازیی یان ئۆپۆزیسیۆن ببینمەوە! دۆخی ناڕەزایەتی زۆر جار ھێندە بەرز دەبوویەوە، کە ھەموو بەرژەوەندییەک بە تایبەت بەرژەوەندی نەتەوەیی دەخستە ژێر پێ وە! نەش دەتواندرا لەوە تێبگەی کە ئەو خۆشەویستانە چۆن خۆیان پێناسە دەکەن! بەڵگەم بۆ ئەو ووتەیەم ئەوەیە کە سیاسەتیان لە سەر بنەمای دروشمی ناڕەزایەتیی شەقام دادەنا! ئەوەش نامۆیە لە گەڵ داڕشتنی ستراتیژی نەتەوەیی و کاڵ و کرچ لە ئاو دێتەدەرێ! شەڕی خۆکوژی ئەنجامی نەدا، دزیی و درۆزنی و گەندەڵی، ئەنجام ناداتەوە! کێشە و شەڕە سیخورمەو سوتاندن و شەھیدبوونی سیڤیلیش، ھەر چەند بە داخەوە بوو بە ھۆی ئەوە کە نائەمنی بکەوێتە نێو بەشێک لە کۆمەڵەکەمان; وەک دەبینین خەریکە سەرئەنجام سەر لە ئاشتی دەردێنێ! ھەموو ئەوانە ئەو واقیعە دەردەخەن کە لێھاتووییەکی نەتەوەیی و ھێزێکی بە موشوور و خەمخۆر ھەیە، کە بە سەر ئەو ھەمووە نەھامەتیانە دا زاڵ دەبێ! ئەو ھێزە خەمخۆرە کە زۆر و کەم لە ھەموو ناوچەکان و لە نێو رێزی ھەموو حیزب و رێکخراوو نیھادەکان داھەیە; دەبێ پشتیی بگیرێ و بە ھێزتر بکرێ! توند و تیژیی و دژایەتی و بوغز و قین لە یەک کێشان، باوی نەماوە، ناوچەکەش دەکوڵێ و ھەڵگری کۆمەڵێک گۆڕانکاریی شوێندانەر و ئەوڕۆ یی یە! لەم وەزعەدا نایشارمەوە، بە بێ معاشی، و بە بێ دەرەتان و توانای کڕینی پێداویستیی رۆژانەش بین، لە پێناوی دەرھێنانیی بەڕە شڕەی کورد لەو قوڕاوە، ھەر ئێمە بەرەندە دەبین! بالەوەش ئاگادار بین کە میلەتانی دیکەش بۆ گەیشتن بە ئازادیی پڕۆسەی برسیبوونییان بڕیوە! با زۆریش خۆشبین نەبین، ئەگەر ساڵی رابردوو پێش بە دووباربوونەوەی شەڕی خۆکوژی گیرا، و بەڕێز مەسعود بارزانی کەسی یەکەم بوو کە پێش بە براکوژی دوای بە دەستەوەدانی کەرکوک بگرێ، و ئەوەش تا ئێستا دڵخۆشی کردووین، بەڵام راوەستان لە بەرانبەر گەندەڵی دا و کورتکردنەوەی دەستی زاڵمانی مفتەخۆری مافیا سفەت ھەر تێئۆری یە و بە کردەوە نەکراوە! لەولای تریشەوە لە توندترین ئاستی موخالەفەت و بەرھەڵستی ئۆپۆزیسیۆن دا، دەیان و سەدان پێکدادانی بچووک و گەورە دەتوانین بەدی بکەین کە بە داخەوە ماڵوێرانیی و تەنانەت شەھیدیشی لێکەوتۆتەوە. ئەوەشی لێ زیاد بکەم کە بە داخەوە تازەترین و کۆتا بڕیاری رێبەریی ئەم ناڕەزایەتییانە، چوونی ھەیئەتیانە بۆ بەغدا. بە بێ ئەوە( تا ئەو جێ یە لێی ئاگادار بم) پرسێک بە دەسەڵاتی کوردیی لە ھەولێر بکەن! چوونی ھەیئەتی ئۆپۆزیسیۆن بۆ بەغدا لە لایەک و چوونی ھەیئەتیی حکوومەت لە لایەکی ترەوە، دوودەستەیی، دووباڵیی وتەنانەت دووفاقیشی لێ دەکەوێتەوە! بۆیە دروسترەکەی ئەوەیە کە لە پێناوی بە کردەکردنی ئەو پڕۆژەیە، حەق ئەوە دەخوازێ، زیاتر بە پیر یەکڕیزی یەوە بچین تا خۆ بەماڵی سەردەستداکردن! بمانەوێ و نەمانەوێ دەسەڵاتی ناوەندی وەک ھێزی سەردەست رووانگەیەکی دوژمنکارانەی لە گەڵ ھەرێم ھەیە! ئەوەش ئاشکرایە کە دەسەڵاتی ناوەندیی بە ھیچ پێوانەیەک نە پاکتر و نەخۆییتر دەبێ لەدەسەڵاتی کوردیی! رۆژی خۆی قاسملووی نەمر گوتی” خراپترین دیموکراسیم پێ باشترە لە باشترین دیکتاتۆری، (مەبەست دیکتاتۆری پرۆلیتاریا بوو)” . منیش ئەڵێم لاوازترین حکوومەتیی بەڕێوەبەری کوردیم پێ باشترە لە پاکترین و خاوەن سیستمترین دەسەڵاتی (ناوەندگەرای) بێگانە! ئەگەر ئەو پڕۆژەیاسایە بە کردەوە بکرێ، ئەگەر ئۆپۆزیسێۆن بە دەنگەوە بێ بۆ داڕشتنەوەی زیاتری قەوارەی دەوڵەتداریی، ئەگەر بەدیلی خەمخۆری ستراتێژی ببێتە شوێنگرەوەی ھەموو مەخالەفەتەکانی پێشوو، ئەگەر یەکدەنگ بەرەو ھەڵبژاردنیی ماوەنزیکی کوردستان حەرەکەت بکرێ; کێ دەتوانێ پشتی کورد لە عەرز بدا! ؟ ئەم دووپاتەکردنەوەیە کە” ئەزموونەتاڵەکان بە ئاشتی ویەکڕیزیمان دەگەیەنن! ” بە پێویست دەزانم! *

*ئەم ووتارە ناکرێ ژێرنووسی بۆ بنووسرێ بەڵام پێشوازی دەکرێ لە ووتاری بەرابەر! جە عفەر حامیدی

٠٤-٠١-٢٠١٨

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com