کولتوری یەکتر تاوانبارکردن

0

موحسین عوسمان

ئایا دەتوانین بە تاوانبارکردنی یەکتر، خۆمان لە راستییە مێژوییەکان بشارینەوە؟ ئەگەر بڕوانینە هەندێک قۆناغی مێژوویی گەلی کورد، راستە برینی کاریگەری لەسەر ورە و ئیرادەی کورد جێهێشتوە، بەڵام نەمانتوانیوە لێکۆڵینەوە لەسەر ئەو قۆناغانە بکەین و تەنها کارمان ئەوەبووە یەکتری تۆمەتبار بکەین. ئەگەر بگەڕیینەوە بۆ ساڵی 1994 ــ 1966، چەمکی “جەلالی و مەلایی”، لەساڵی 1975 چەمکی “ئاشبەتاڵ و نسکۆ”، لەساڵی 2017 چەمکی “کەللەرەقی و خیانەت”، سەری هەڵدا.

یەکێک لە گرنگترین ئەرکەکانی ژیان “دەسەڵات و بەرپرسیاریەتییە” بۆیە ناپیلیۆن پۆناپارت دەڵێت: “من بەرپرسیارم لەسەرجەم ئەو روداوانەی فەرەنسا، لە رۆژانی پۆنابێرت تا دەگاتە رۆپیسپیری هەڵدەگرم”([1]).

بەڵام ئێمە وشەی نەشیاو دژی یەکترین بەکار دەهێنین، با رەخنەمان لە خۆمان بگرتایە تا بەلای کەم بەشێک لە مێژووەکەمان خۆی دووبارە نەکاتەوە. لەجیاتی یەکتر تۆمەتبارکردن پێویستە لەسەر بڕیار و لێکدانەوە هەڵەکانی خۆمان هەڵوەستەمان بکردایە، چونکە لە کۆنەوە کورد گوتویەتی “نەزانێ نەگوهدار” بە کورتی راستە بەرپرسیارێتی دۆخی ئەمڕۆی گەلی کورد، دەکەوێتە سەرشانی هەمووان، بەڵام پشکی سەرەکی ئەو تاوانانە دەکەوێتە ئەستۆی سەرکردە و بەرپرسەکان.

خاڵی هاوبەشی ئەمڕۆی کورد “شکستی ئەخلاقییە” و هەموان ئازار لەو شکستە دەبینین. بۆیە کە ناتوانین هەموو ئەو قۆناغ شکستە مێژوییانە بکەینە ئەزمون، ناکرێت کەس و لایەنێکی تر تۆمەتبار بکەین و دەبێت پێش هەمووشتێک، رەخنە لە خۆمان بگرین. بۆیە کە ئەڵمانیا لە دۆخێکی وەها دا بوو لەو سەردەمەدا کانت لە پێشەکی کتێبەکەیدا (رەخنەی پاک/ 1781) دەنووسێت (رەخنە دروشمی ئەم سەردەمەیە، دەبێت هەرشتێک، فەلسەفە، هزر، سیاسەت و…) بکەوێتە بەردەمی رەخنە، بۆیە بەڕاستی ئەم دروشمە دەرمانی دەردی ئێمەشە.

بۆچی ئەفلاتون، دەیویست فەیلەسوفەکان لە دەوری کۆمارەکەی کۆببنەوە؟ بۆ ئەوەبوو کە خەڵکی نەکەونە داوی نەزان و بێ پلانەوە! کۆیلایەتی عەقڵ، وای لە مرۆڤی کورد کردووە خۆش باوەڕبێت. هەموو دوژمنان و ناحەزانمان دەڵێن، سەرکردەکانی کورد “لادێی” گوندین، ئەو وتەیە زۆر دور نییە لە راستییەوە، چونکە مێژووی ئێمە ئەوەیە و زۆربەی ئەو سەرکردانەی بەهەڵەدا بران، ئەوەیان سەلماند!

دەبێت ئەو گۆڕانکاری و ریفۆرمانەی ئەمڕۆ دەکرێن، لە دوژمنانی ناوخۆیی و نەزان و خۆشباوەڕانی کۆنەوە دەست پێبکرێت، چونکە ئەوانەی ناهۆشیاریی ئێمەیان وێنا دەکرد، ناتوانن لەگەڵ ئەمڕۆی ئێمە بگونجێن. هەربۆیە دەبێت پێش هەموو شتێک گۆڕانکاری لەو وێنانەدا بکەین. ئەگەر وەک هاوکێشەیەکی ماتماتیکی لە مێژووی خۆمان لەدوای جەنگی دووەمی جیهانی بڕوانین، بۆمان دەردەکەوێت چەند ئەو هزرەیان زاڵ بێت ئەو خەونەکانمان لەناودەچن. بەو هۆیەوە هەموو هەڵەکانی مێژوومان لەسەر “ئەگەر و ئەرگۆمێنت” بونیات بنرێن، ئەوا نە تەنیا رابردووی پڕ مەینەتیمان، ناتوانێت ئەمڕۆمان روناک بکاتەوە، بەڵکو سبەینێشمان تاریک دەکات.

بە گشتی دۆخی دوای ریفراندۆم، گەلێک خاڵی لاوازی هزری سیاسی کوردی دەرخست، مرۆڤ دەتوانێت بە سەرنجدانە ئەو روداوانە هەموو مێژوی کورد بزانێت، عەقڵیەتی کۆن ناتوانێ دوژمن بکاتە دۆست، بەڵام دەتوانێ دۆست بکاتە دوژمن! ئەو خەڵکانەی کە لە هەر سەرکەوتنێکدا دەست بەسینگیانەوە دەگرن و وەک “قارەمان خۆیان پیشان دەدەن” بەڵام لە کاتی شکستدا کەموکوڕییەکانیان دەخەنە ئەستۆی کەسانی دیکە، بەدرێژایی مێژووی ئێمە، رابەرایەتی کورد، بەم عەقڵە ئەرگۆمێنتییە، خەڵک فریودەدەن. بۆیە بەم دۆخ و پاشخانەوە هەموو تراژیدیاکانی مێژوو دووبارە دەبنەوە.

بەداخەوە گەلی کورد، زیاتر لەدوژمن دوژمنی خۆیەتی. ئەمە سەدان ساڵە دەردی کوردە، بە تایبەتی لەم سەردەمەدا و بە دواکەوتویی دۆخی کۆمەڵگە و بەرەپێشچونی بەجیهانیبوون، بونەوەری لاستیکی و هاوشێوە، تەمبەڵ و هەست لاوازی بەرهەمهێناوە، لەبەرئەوە گوێ لە دەنگی لۆژیک و عەقڵ ناگرن. دەبێت چیتر لە ئاست و قۆناغی “تەحەمول و گوێڕایەڵی” دەربازی بەهای هاوڵاتیبون و دەستپێشخەری مۆڕاڵ و لێبوردن بین. تەنها ئەوە دەتوانێت ریفۆرمی سیاسی و پێشکەوتن ئەنجام بدات.

بۆیە بەو شێوەیە ئێمە پێویستمان بە رێبازێکی عەقڵانی هەیە، کە بتوانێت واتای دیاردە (کۆمەڵایەتی، ئابوری و ئاینی) لە خۆ بگرێت و لێی تێبگات. ئیتر چاوخشاندێک بە رابردوو، خاڵە لاوازەکانی ئەمڕۆمان بۆ دەردەخات. بەوەش بەردەممان بۆ ئەمڕۆ و پاشەرۆژێکی باشتر رون دەبێتەوە.

ئەمڕۆ پێویستمان بە تێگەیشتنێکی نوێ لە مێژوو و هزری مرۆڤی کوردە، چونکە رەوشی کۆمەڵایەتی لە سێ رەهەندی “سۆسیۆلۆژیای مێژوو، نوێبونە و نوێ کردنەوەی سیاسی و رۆشنبیریی سیاسیدا” خۆی دەبینێتەوە. نوێکردنەوەی سیاسی بە تایبەتی بەهایەکی میتۆدی دەداتە راڤەکردنی کۆمەڵایەتی، بۆیە لاوازی مۆدێرنیتەی سیاسی لە ناو عەقڵی تاک و تانوپۆی کۆمەڵگەدایە، چونکە میراتگری ناخۆشییەکی ئامادە و کارتێکەرە کە رێگەی لە پێشکەوتنی کۆمەڵگەی تەندروست گرتوە، بڕواننە پرۆژەی دەوڵەتی نەتەوەیی لە رۆژائاوا،لە رووی “سیاسی و مێژوویی” و نۆژەنکردنەوەی “سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابوری” هەبوو. بەڵام خەڵکی ئەم ناوچانە هێشتا لە سەر بنەمای سوڵتانیزم دەژین.

دەوڵەت خۆی وەکو پێکهاتەیەکی رۆشنبیری و سیاسی، گرێدراوی سەرخانی کۆمەڵگەی مۆدێرنن. بەکورتی لەو ناوچەیە هێشتا بە “قوڵی و وردی” کار لەسەر هەرسێ ئاستی دەوڵەتی/ سیاسی “تەکنینک، بیرۆکرات و ئەخلاق”ی ئەنجام نەدراوە. لێرە بەمجۆرەیە کە “سیاسەتی مت بوون” ناودەبرێ.

لەکۆتاییدا، جارێکی تر ئەزمونی دڵتەزێن بە رابەرانی کوردی گوت، کە دەبێت، تەنها پشت بە میللەت گەرم بکەن. ئەم رەوشەی کە ئێمە پێیدا تێدەپەڕێن، بەداخەوە وەک هزر، لۆژیک و عەقڵ، عەقڵیش ناشیرین کرا.

بەم شێوەیە ناتوانین لە کاودانی سیاسی و کۆمەڵایەتی ناوخۆ بگەین. راستە ئەزمونمان هەبوو، بەڵام بەبێ هوشیاری. چونکە هەمیشە چاولێکەریمان کردووە. هێشتا لە هیچ بوارێکدا دەستمان پێنەکردووە. لەبەرئەوە ئەمڕۆ دەستپێکردن گرنگە. پێویستە بڵێین، ئەو سەردەمە دەستپێشخەری و بزووتنەوەی بێ پڕٶژەو بێ هزربوون. لەبەر ئەوە تووشی ئەم دۆخە بووین. لەئەنجامدا ئەوە بەرەڵاییەی ئینتیماو ئیلتزامی گەلی ئێمە لە بێ پلانی و نەبوونی ئاراستەیە. لەبەرئەوە ئینتیماو خۆشەویستی کورد بۆ خاک و وڵاتی، لە سنوری چاولێکەری و سۆز نەچوونە ناو بواری عەقڵ و لۆژیک.

گۆڕینی بۆ شێوەزاری سۆرانی: بەهرە حەمەڕەش

[1]) ملیکة بن دودة ـــ فلسفة السیاسة عند حنة آرندت ـــ منشورات الاختلاف، ط1، بیروت ــ لبنان، 2015 ص111.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com