نوچەنێت
رۆژی شەممە ٣٠-١٢-٢٠١٧، پڕۆژەیاسای (چاکسازی لە خانەنشینی و موچە و دەڕماڵە) کە لە ٢٠ ماددە پێکهاتووە، بە بڕیاری ژمارە ١٢٩ی ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی کوردستان بە سەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی پەسەندکرا، و ئاراستەی پەڕلەمانی کوردستان کراوە.
بەپێی ئەو یاسایە، خانەنشینی نایاسایی و بەخشینەوەی پلەو ناونیشانی نایاسایی بەخەڵکی ناشایستە ناھێڵدرێت و عەدالەت لەو بوارەدا پەیڕەو دەکرێت.
ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان رایدەگەنێت، بەپێی بڕیارەکە، کە واژۆی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکومەتی کوردستانی لەسەرە، لە ٩٠ رۆژی یەکەمی ساڵی ٢٠١٨ دا دەبێت ئەو یاسایە بکەوێتە بواری جێبەجێبکردنەوە.
پیشەوەران، کاسبکاران، گەنجانی بێکار، مامۆستایان و موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، ئومێدیان لەسەر پەسندکرنی پڕۆژەیاساکە هەڵچنیەوە و پێیانوایە، ئەگەر ئەم بڕیارە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە کاریگەری ئەرێنی لەسەر ژیانی هاوڵاتیانی کوردستان دەبێت و بازارەكان بوژانەوە بەخۆیانەوە دەبینن.
شاهۆ عوسمان، دانیشتوی قەزای سەیدسادق، گەنجێکی بێکارە و ماوەی سێ ساڵە کۆلێژی تەواوکردووە و تائێستا نەیتوانیەوە کارێك بدۆزێتەوە، دەڵێت، بەهۆی نەبوونی بێکاری سەدان گەنجی ئەم شارە روویان لە وڵاتانی ئەورووپاکردووە و ژیانیان خستووەتە مەترسی، ئەگەر هەلی کار هەبێت گەنجان بیرلە جێهێشتنی وڵاتەکەی خۆیان ناکەنەوە و لێرە کاردەکەن.
شاهۆ عوسمان، هاوڵاتییەکی تری کاسبە. چاوەڕوانی جێبەجێکردنی پڕۆژەی چاکسازییەکەی حکومەتەو رایوایو، ئەگەر حکومەتی هەرێم دەستبکات بەبڕینی مووچەی نایاسایی و بندیوار و خانەنشینی نایاسایی، پارەیەکی باش بۆ حکومەت دەگەڕێتەوە. بەمەش دەتوانێت موچەی فەرمانبەرانیش دابینبکات، ئەمەش وادەکات پارە بکەوێتە بازاڕەوە و هەنگاوێکی باش دەبێت بۆ ڕەخساندنی هەلی کار بۆ گەنجان.
قەیرانی دارایی، گاریگەری زۆری لەسەر خاوەن حانوتەکانی ناو خوێندنگاکانیش هەبووە، چونکە بەهۆی نەبونی موچەی مامۆستایانەوە خوێندنگاکان لەکاتی بایکۆت چۆڵ دەبن، ئاراس عومەر ماوەی چەند ساڵێکە کاری هەبوونی حانوتە لەناو قوتابخانە، رۆژانی دەوام بەیانیان زوو لەخەو هەڵدەستێ بۆ ئەوەی بڕوات لەسەمونخانە سەموونی تازە بکڕێت، تاوەکو لەفەی گەرم بۆ قوتابیانی ناو قوتابخانە کە ئامادەبکات، بەڵام بەهۆی بایکۆتی مامۆستایان ئێستا کارەکەی وەکوجاران نەماوەو دەڵێت، بەهۆی بایکۆت کردنەوە زیانی زۆرم پێگەیشتووە ئەگەر وابڕوات زیاتر زرەر دەکەم، ئەگەر پێشتر رۆژانە بایی چوارسەد هەزار دینارمان بفرۆشتایە ئێستا نیوەی ئەوە نافرۆشین. بۆیە پێموایە، ئەم پڕۆژەیە سەد لەسەد کاریگەری باشی دەبێت لەسەر بازاڕی ئێمە، هیوادارم مامۆستایان موچەکانیان وەربگرن و بگەڕێنەوە هۆ ڵەکانی خوێندن.
ئەگەرچی شاهۆ حوسمان کاسبە، بەڵام وەکو شێکارێکی سیاسی قسەدەکات و باس لە کاریگەرییەکانی پڕۆژە چاکسازییەکەی حکومەت دەکات” دەستخۆشی لە بڕیارەکەی ئەنجومەنی وەزیران دەکەم و ئومێدم وایە زوو بڕواتە بواری جێبەجێکردنەوە. ئەگەر ئەو هەموو موچەخۆرە نایاسایی و بندیوارە، ببڕێت پارەیەکی باش دەگەڕێتەوە بۆ حکومەت و دەتوانێت موچە دابینبکات، بازاڕی ئێمەش پەیوەندی بە مامۆستا و موچەخۆرەوە هەیە، ئەگەر مووچە خۆر و مامۆستایان پارە وەربگرن، دوام ئاسایی دەبێتەوە و خێزانەکان پارە بەمنداڵەکانیان دەدەن، ئەوانیش لەقوتابخانە پارە خەرج دەکەن و بازاڕی ئێمە باشتردەبێت”.
ئارام عوسمانی، کاری بەستنی سەقفی خانووە. بەهۆی قەیرانی دارایی و بێکارییەوە ماوەیەکی زۆرە بێ ئیش و بێکار کار لەماڵەوە دانیشتووە، وەکو خۆی دەڵ:ێءت، ئەم بارودۆخە کاریگەری زۆری لەسەر کاری ئەوان داناوە”بەهۆ بارودۆخی موچەوە بە چەند مانگێک ناتوانین خانویەك بدۆزینەوە ئیشی تێدابکەین، چونکە ئێستا خەڵک پارەی پێنیە، ئەوەشی کە پارەی هەیە نایەوێت خرجی بکات. بەهۆی ترسیان لەم دۆخە خراپەی ئێستا، ئەگەر کار وابڕوات دەبێت کەرەستەکانی پیشەکەم بفرۆشم بۆ دابینکردنی بژێوی رۆژانەی مندالەکانم. ئەگەر ئەم بڕیارە وەکوخۆی جێبەجێبکرێت، سودی زۆر دەبێت چونکە پارە دەگەڕێتەوە بۆ حکومەت و حکومەتیش دەتوانێت موچەبدات، ئەگەر موچەبدرێت ژیانی خەڵك باشدەبێت و بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان دەبوژێتەوە و خەڵكیش ترسیان لەوەنابێت پارە بدەن بە کردنەوەی خانوو، بازاڕی ئێمە باشتر دەبێت، ئێمە هیوادارین حکومەتی هەرێم گەنگاوی باشتر بنێت بۆچاکسازی”.
فەرهاد ئەحمەد، نزیکەی حەو ساڵە مامۆستایەو دەڵێت، ناتوانم بەگیر فانی بەتاڵ و دەرونێکی خراپەوە بچمە بەردەم خوێندکارەکانم، ئەو پارەی کە وەری دەگرم دەبێت بیدەم بەقەرزو کرێی هاتووچۆ و کرێ خانو، بۆیە ئومێدەوارم ئەم بڕیارە، پارەی باش بۆ حکومەت بگەڕێنێتەوە بۆئەوەی موچەی ئێمەبدات، دڵنیام ئەم هەنگاوە سەرەتایەکی باشە و دەشتخۆشی لەو بڕیارە دەکەم هیوادارم زوو بچێتە بواری جێبەجێکردن، ئەمە ئەو بڕیارە قورس و هەنگاوە جدییەیە کە پێویستبوو حکومەت بدات، ئەگەر حکومەت ئەمە بکات بێگومان دەتوانێت پارەی مامۆستا و موچەخۆر دابینبکات.
بەپێی نوسراوەکەی حکومەت،ئامانجەکانی دەرکردنی ئەم پڕۆژە یاسایە بریتین لەمانەی خوارەوە:
یەکەم:بەرجەستەکردنی یەکسانی و دادپەروەری لە خەرجکردنی مووچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازاتە داراییەکانی تر لە هەرێمی کوردستان و راگرتنی سوودمەندبوونی ناشایستە لە بودجەی گشتی.
دووەم:خاوێنکردنەوەی ناوی سوودمەندان لە بودجەی گشتی لە کەسانی ناشایستە و کەمکردنەوەی خەرجییەکانی تەرخانکراوی مووچە و دەرماڵە.
سێیەم:رێگەگرتن لە سوودمەندبوون لە بودجەی گشتی بۆ زیاتر لە جارێک.
چوارەم:بەدامەزراوەییکردن و یەکخستنی بەڕێوەبەرایەتی و فەرمانگە جیاجیاکانی خانەنشینی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی خانەنشینی لە وەزارەتی دارایی و ئابووری و چالاککردنی سندووقی خانەنشینی.
پێنجەم:رێکخستنەوەی خانەنشینی خاوەن وەزیفە باڵاکان و پلەتایبەتییەکان لەسەر بنەمای گەیشتن بەتەمەنی یاسایی دیاریکراو بۆ خانەنشینی و ساڵانی خزمەت.
پشتبەست بە ئەحکامی ماددەی هەشتەم لە یاسای ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ژمارە (3)ی ساڵی 1992 هەموار کراو و، لەبەر رۆشنایی کۆنووسی کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجوومەنی وەزیران ژمارە (39) لە رێکەوتی 21-12-2017 بڕیاردرا بە:
یەکەم:پەسندکردنی پڕۆژەیاسای (چاکسازیی لە خانەنشینی و مووچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازەکانی دیکە لە هەرێمی کوردستان- عێراق) ، کە وێنەیەکی هاوپێچی ئەم بڕیارەیە و، رەوانەکردنی بۆ پەرلەمانی کوردستان لە رێگەی بەڕێز وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان بە مەبەستی گفوتگۆکردن و بڕیاردان لەسەر پڕۆژەیاساکە.
دووەم:وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان ئەم بڕیارە جێبەجێ دەکەن.