نوچەنێت: تایبەت
پهرلهمانتاركی یەکگرتوو رایدەگەیەنێت، پڕۆژە یاسایی چاکسازی لە خانەنشینی و موچە و دەرماڵە، پڕۆژە یاسایەکی باشە و تەحەدیاتی گەورەی لەبەردەمدایە، بۆیە دەبێت ئەوەی، کە راستە بەرگری لێبکەین.
رۆژی شەممە ٣٠-١٢-٢٠١٧، پڕۆژەیاسای (چاکسازی لە خانەنشینی و موچە و دەڕماڵە) کە لە ٢٠ ماددە پێکهاتووە، بە بڕیاری ژمارە ١٢٩ی ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی کوردستان بە سەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی پەسەندکرا، و ئاراستەی پەڕلەمانی کوردستان کراوە.
بەپێی ئەو یاسایە، خانەنشینی نایاسایی و بەخشینەوەی پلەو ناونیشانی نایاسایی بەخەڵکی ناشایستە ناھێڵدرێت و عەدالەت لەو بوارەدا پەیڕەو دەکرێت.
ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان رایدەگەنێت، بەپێی بڕیارەکە، کە واژۆی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکومەتی کوردستانی لەسەرە، لە ٩٠ رۆژی یەکەمی ساڵی ٢٠١٨ دا دەبێت ئەو یاسایە بکەوێتە بواری جێبەجێبکردنەوە.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، د. شێرکۆ جەودەت، ئەندامی فراکسیۆنی یەکگرتوو لەپەرلەمانی کوردستان، لەبارەی پەسەند کردنی پڕۆژەیاسای چاکسازی لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمەوە رایگەیاند “هێشتا پڕۆژە یاساکە نەهاتووەتە پەرلەمانی کوردستان، دەبێت چاوەڕێ بکەین تاکو نوسخەی کۆتایی پڕۆژە یاساکە دەگاتە پەرلەمان و هەرکاتێکش هات قسەی لەسەر دەکەین”.
د. شێرکۆ جەودەت ئاماژە بەوە دەکات، سەرەڕای ئەوەی تێبینیمان هەیە لەسەر پڕۆژەیاساکە، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی پڕۆژە یاسایەکی باشە.
شێرکۆ جەودەت دەڵێت “پڕۆژە یاساکە تەحەدیاتی گەورەی لەبەردەمدایە، چونکە بابەتە، کە چاکسازی و پاکسازییە لە خانەنشینی نایاسایی، بندیوار و فرەموچەیی، کە ژمارەیان زۆرە، ئەمانە تەحەدان و بە ئاسانی تێپەڕێت، بۆیە دەبێت بە هەموو لایەکەوە ئەوەی، کە راست و دروستە بەرگری لێبکەین”.
بە گوتەی شێرکۆ جەودەت، وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێم دەڵێت “ئەم پڕۆژەیاسایە مانگانە ئەتوانێت پارەیەکی باش بگێڕێتەوە بۆ خەزێنەی حکومەتی هەرێمی کوردستان”.
ئامانجەکانی دەرکردنی ئەم پڕۆژە یاسایە بریتین لەمانەی خوارەوە:
یەکەم: بەرجەستەکردنی یەکسانی و دادپەروەری لە خەرجکردنی موچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازاتە داراییەکانی تر لە هەرێمی کوردستان و راگرتنی سوودمەندبوونی ناشایستە لە بودجەی گشتی.
دووەم: خاوێنکردنەوەی ناوی سوودمەندان لە بودجەی گشتی لە کەسانی ناشایستە و کەمکردنەوەی خەرجییەکانی تەرخانکراوی موچە و دەرماڵە.
سێیەم: رێگەگرتن لە سوودمەندبوون لە بودجەی گشتی بۆ زیاتر لە جارێک.
چوارەم: بەدامەزراوەیی کردن و یەکخستنی بەڕێوەبەرایەتی و فەرمانگە جیاجیاکانی خانەنشینی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی خانەنشینی، لە وەزارەتی دارایی و ئابووری و چالاککردنی سندوقی خانەنشینی.
پێنجەم: رێکخستنەوەی خانەنشینی خاوەن وەزیفە باڵاکان و پلە تایبەتەکان لەسەر بنەمای گەیشتن بە تەمەنی یاسایی دیاریکراو بۆ خانەنشینی و ساڵانی خزمەت.
پشتبەست بە ئەحکامی ماددەی هەشتەم لە یاسای ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ژمارە (3)ی ساڵی 1992 هەموار کراو و، لەبەر رۆشنایی کۆنووسی کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجومەنی وەزیران ژمارە (39) لە رێکەوتی 21-12-2017 بڕیاردرا بە:
یەکەم: پەسندکردنی پڕۆژەیاسای (چاکسازیی لە خانەنشینی و موچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازەکانی دیکە لە هەرێمی کوردستان- عێراق)، کە وێنەیەکی هاوپێچی ئەم بڕیارەیە و، رەوانەکردنی بۆ پەرلەمانی کوردستان لە رێگەی بەڕێز وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان، بە مەبەستی گفتوگۆ کردن و بڕیاردان لەسەر پڕۆژەیاساکە.
دووەم: وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان ئەم بڕیارە جێبەجێ دەکەن.