تایبه‌ت: نوچه‌نێت
په‌رله‌مانتارێكی پارتی له په‌رله‌مانی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، حكومه‌تی هه‌رێم جدییه له جیبه‌جێكردنی پڕۆژه‌ی چاكسازی له موچه نایاسایه‌كان و خانه‌نشینكراوه پله باڵاکان.
رۆژی شەممە ٣٠-١٢-٢٠١٧، پڕۆژەیاسای (چاکسازی لە خانەنشینی و موچە و دەڕماڵە) کە لە ٢٠ ماددە پێکهاتووە، بە بڕیاری ژمارە ١٢٩ی ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی کوردستان بە سەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی پەسەندکرا، و ئاراستەی پەڕلەمانی کوردستان کراوە.
بەپێی ئەو یاسایە، خانەنشینی نایاسایی و بەخشینەوەی پلەو ناونیشانی نایاسایی بەخەڵکی ناشایستە ناھێڵدرێت و عەدالەت لەو بوارەدا پەیڕەو دەکرێت.
ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان رایدەگەنێت، بەپێی بڕیارەکە، کە واژۆی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکومەتی کوردستانی لەسەرە، لە ٩٠ رۆژی یەکەمی ساڵی ٢٠١٨ دا دەبێت ئەو یاسایە بکەوێتە بواری جێبەجێبکردنەوە.
له لێدوانیكی تایبه‌ت به نوچه‌نێت، فه‌رحان جه‌وهه‌ر په‌رله‌مانتاری پارتی له په‌رله‌مانی كوردستان، له باره‌ی جددی بونی حكومه‌تی هه‌رێم بۆ جێبه‌جێكردنی پڕۆژه چاكسازییه‌كه‌ی له بواری ده‌رماڵه و موچه رایگه‌یاند، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، زۆر جدییه له جێبه‌جێكردنی پڕۆژه چاكسازییه‌كه‌ی له بواری هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی موچه نایاساییه‌كان و ئه‌وانه‌ی به ناشایسته موچه‌ی باڵایان بۆ بڕدراوه‌ته‌وه.
فه‌رحان جه‌وهه‌ر دەڵێت، هه‌ر كات په‌رله‌مان پڕۆژه‌كه‌ی په‌سه‌ندكرد، هه‌موان جدیه‌تی حكومه‌ت بۆ چاكسازی كردن له موچه نایاسایی و خانه‌نشینكراوه باڵا ناشایسته‌كان، ده‌بینین.
بەرای ئەو پەرلەمانتارە، ئه‌م پڕۆژه‌یه دادپەروەرییەکی زۆری تیدایه و پاره‌یه‌كی زۆریش بۆ حكومه‌ت ده‌گێڕێتەوە. هه‌رچه‌ند ئه‌م پڕۆژه‌یه موناقه‌شه‌ی زۆری له په‌رله‌مان لەسەر دەکرێت، ره‌نگه گۆڕانكارییه‌كی كه‌می تێدابكرێت.