مەلابەختیار
خۆپیشاندانەكان دامركانەوە، بەڵام هۆكارە سەرەكییەكانی سەرهەڵدانەوەی ماوون. هەرە كاریگەریان كێشەی ئابورییە. لەم دۆخە ئابوریو سیاسییەی عیراقو كوردستاندا، ئاسۆی چارەسەركردنی كێشە ئابورییەكان دیار نییە. ئەگەر دانوستانیش دەستپێبكات، دەستبەجێ چارەسەر نادۆزرێتەوە. دیاریشە حكومەتی بەغداد، خەمساردە لەچارەسەری بودجەو مووچە!!
پار، بەندە لەكۆبوونەوەی سەرجەم حزبە كوردستانییەكانو ئەمساڵیش، لەهەمان كۆبوونەوە، هەروا لەكۆبوونەوەی یەكێتیی و پارتی، لەگەڵ سەرۆكی حكومەت و جێگرەكەشی، جەختم كردۆتەوە، كە وا:
ئەگەر ناتوانن قەرز لەبانك و دەوڵەتەكان بۆ چارەسەركردنی قەیرانەكان بكەن، تاقە چارەسەر فرۆشتنی ئەرزو موڵكو باخو خانووی بێ تاپووە. مەزندە دەكرێ ملیارەها دۆلار، لەم هەموو موڵكە تاپۆ نەكراوە، لەخانەقینەوە تا زاخۆ، دەستبكەوێ. تا ئێستا ئەم كارە بۆ نەكراوە، سەرم سوڕماوە؟!
ئەوەی من بیستومە گوایە، یاسای بۆ پەسەند نەكراوە، سەیرە!
حكومەتەكەمان دەیان هەزار پێشێلكاری یاسایی قبوڵ كردوە، بەڵام چارەسەرەكەی لەقازانجی موچەی خەڵك، بۆ نەهێشتنی پێشێلكارییەكان، ناكات.